یادێک لە مامۆستا ماملێ، قوڕگێک تەژی لە ئەڤین بە نیشتمان و ئازادی

0
24

ڕۆژی کورد:

محەممەد ماملێ (لەدایکبوون ١٩٢٥ – کۆچی‌ دوایی ١٩٩٩) ھونەرمەندی گۆرانیبێژ، مەقامبێژ کورد، خەڵکی مەھاباده.

ماملێ لە ساڵی ١٩٢٥ز بەرامبەر بە ١٣٠٤ی هەتاوی لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری مەهاباد بە ناوی (خڕێ) لەدایکبووە. ماملێ ناوی محەممەد کوڕی سەعید کوڕی عەلییە. خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی پەهلەوی و سەعادەت لە مەهاباد تەواو کردووە.

مامۆستا محمد ماملێ کە ناودارترین هونەرمەندی دەنگخۆشی بنەماڵەی ماملێ بووە، لە ساڵی ١٩٢٥ی زایینی لە شاری مەهاباد لە گەڕەکی خرێ هاتە سەر دونیا.

بە پێی ئەو زانیارییانەی کە مامۆستا سید محمد صمدی کۆی کردوونەتەوە، مامۆستا محمد ماملێ یەکەم گۆرانی خۆی لە ساڵی ١٩٣٨ی زایینی بە فەرمی چڕیوەو یەکەم گۆرانییەکی کە گوتبووی بە ناوی “ڕۆیی بە جێی هێشتم”ناسراوە.

محەممەد ماملێ پیاوێکی لەسەرخۆ و هێمن و لێبووردە بووە و زۆر بە وەفا بووە بەرامبەر خزم و دۆست و ناسیاوەکانی.

ماملێ وەک خۆی دەڵێت کە ئەوەندە ئاشنای گۆرانییەکانی ڕەفیق چالاک بووە بە خۆشی ئەوەوە کوڕێکم ناونا چالاک. ماملێ چوار برای هەیە ناویان (حەسەن، حوسەین، موتتەلیب و جەعفەر)ـە وە خوشکێکی هەیە ناوی تووبایە.

یەکەم گۆرانی کە دەرگای هونەری پێ کردەوە گۆرانی (ڕۆیی بەجێی هێشتم)ـە.

سەعید ماملێی باوکیشی هەر دەنگی خۆش بووە. ڕەحمانی براشی واتە مامی محەممەد ماملێ ئەوەندە دەنگی خۆش بووە دانیشتوانی قەڵادزێ ئەوەی هاوسێی بوون و لە دووریش دەهاتن شەویان لەلای ڕۆژ کردووەتەوە. محەممەد ماملێ لە سەردەمی ڕژێمی پاشایەتیدا چەند جارێک بەند و دەست بەسەر کراوە و دوور خراوەتەوە.

ماملێ لە ساڵی ١٩٦٣ هاتووەتە قەڵادزێ و چەند ئاهەنگێکی گێڕاوە و پاشان چووە بۆ شاری سلێمانی و سەرچنار و لەوێش چەند ئاهەنگێکی گێڕاوە. ماملێ زۆر ئاشنای خەلیلی سەددیقی وڕەفیق چالاک بووە وە گۆرانییەکانی تایەر تۆفیق و عەلی مەردان و سەید عەلی ئەسغەر کوردستانی و محەممەد عارف و تەحسین تەهای زۆر بە دڵ بوون. لە هەڵبەستیشدا هەڵبەستەکانی (وەفایی و سڵێمانی شاوەلە و مارف ئاغا و گۆران و هەژار و هێمن)ی لا پەسەندە و لە زۆر گۆرانیدا بەکاری هێناون. ماملێ خاوەنی زیاتر لە ٧٠٠ گۆرانییە.

ماملێ کەسێکی نەتەوەیی بوو و هیچکات خۆی لە نەتەوەکەی و ئازارەکانیان دوور نەکردەوە.

مامۆستا محمد ماملێ لە هزر و کردەوەدا نەتەوەیی بوو. ڕێزی لە هەر تاکێکی کورد بە بێ لەبەرچاوگرتنی ڕادەی دارایی و زانایی و ڕەچەڵەکی دەگرت. کوردستانی بوو و ئەڤیندارانی کۆڵنەدەری ڕێبازی نەتەوەیی لای ئەو زۆر خۆشەویست بوون. هەرکات پاڵپشتی لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەکەی لە هەر شوێنێک دەکرد. یەک لە جوانترین کۆرپەکانی بە ناوی گیانبەخت نەجات ماملێ دەگەڵ کۆمەڵێک لاوی بێتاوانی دیکەی شاری مەهاباد ئێعدام کران. هەر چەند کە ئەو هیچکات گەرەکی نەبوو لەدەستدانی گیانبەخت نەجاتی کوڕی بپەژرێنێ، بەڵام ماملێ سەرەڕای پەژارەیەکی زۆر، لە بەرانبەر سیستەمی جەنایەتکاری کۆماری اسلامی ایران نەچەمێوە و هیچ بایەخ و شرعییەتێکی بەو حکومەتە دژە مرۆڤییە نەدا. ئەو هیچکات ئامادە نەبوو کە لە سەر تێلێویزیۆنی ئەو حکومەتە دۆگماتیستە گۆرانییەک بخوێنێ و هەر بۆیە لە دڵی نەتەوەکەیدا ماوە.

ماملێ لە هونەریشیدا کوردایەتی خۆی دەنواند و جارجار کە بەرهەمێکی لە نەتەوەیەکی دراوسێ وەردەگرت، ڕۆحییەکی کوردانەی پێ دەبەخشی. بۆ وێنە گۆرانییەک کە پێشتر بە فارسی گوترابوو لە دواییدا لە لایەن مامۆستا محمد ماملێ لە سەر شێعری مامۆستا هێمنی موکریانی گوترابۆوە. مامۆستای هونەرمەند کاک عزیز شاڕوخ لەم پێوەندییەوە فەرمووبووی:  “کاک محمد بە لەوتێکی وەها مامۆستایانە و بە هێز بە تواناییەوە گوتوویەتی کە حاڵەتی گۆرانی کوردی و مێلۆدی کوردی داوەتێ “.

املێی نیشتمانپەروەر چەندین جاران لە لایەن حکومەتی دژە مرۆڤی پاشایەتی محمد رضا سوادکوهی بە دیل گیرابوو کە زۆرینەی سەرچاوەکان تەنیا باسی زیندانی ورمێ دەکەن، بەڵام ئەو لە شاری مەهابادیش زیندانی دیبوو. جارێکیان لە بەرواری ٢٩ی ٢ی ١٩٤٧ی زایینی لە سەر ئەوە بەدیل گیرابوو کە شێعری بەناوبانگی لایە لایەی مامۆستا هەژاری موکریانی بە گۆرانی گوتبوو. یەک لەو بیرەوەرییانەی کە لە مێشکی مامۆستا جعفر ماملێ ناسڕێتەوە ئەوە بوو کە مامۆستا محمد ماملێ پاش ڕووخانی کۆماری سەربەخۆی کوردستان بە دیل گیرابوو. ماملێ ئەو جارەیان لە سەر تاوانی شاردنەوەی ئاڵایەکی کوردستان زیندانی کرابوو کە هیچکات نەکەوتە دەست ڕێژیمی ایران.

مامۆستا محمد ماملێ لە ناو کۆمەڵگادا تێکەڵ بە هەموو خۆشی و ناخۆشی و گرفتەکانی خەڵکی خۆی بوو. ئەو هەرکات دەگەڵ خەڵک هاودەرد بوو. کاتێک کە تیمی تۆپێنی پێی فارس و ترکان دەهاتن تا خۆیان لە بەرانبەر قارەمانانی مەهابادی تاقی کەنەوە، ماملێ لە گۆڕەپاندا ئامادە دەبوو و ورەی بە شار و یاریزانان دەدا. خۆی بە هیچ شێوەیەک پێ زۆر نەبوو و بزەی سەر لێوی پێشکەش بە هەموو چین و توێژێکی کۆمەڵگا بە گەورەو بچووکەوە دەکرا. کاک هیوا قارەمانی کە لەم پێوەندییەوە زەحمەتی دیمانەیەکی زۆری کێشاوە، لە زمان دۆستانی نزیکی ئەو هونەرمەندە نازدارە نووسیوێتی:

” تایبەتمەندییەکانی کاک محمد لە باری کەسایەتی ئەو ئینسانەوە ڕوون و ئاشکران…..ئینسانێکی زۆر گەورە بووە، هەروەها زۆر بە ڕوحم بووە و سەرەڕای ئەوانە ”عزت نفس”یشی هەبوو، بە ڕاستی کاک محمد شەڕەف و پیاوەتی خۆی هیچکات و بە هیچ قیمەتێک نەفرۆشت “.

یەک لەو فاکتەرە گرنگانەی کە لە بنەماڵەی ماملێدا پێویستە سەرنج و بایەخی پێویستی پێ بدرێ، شوێن و کاریگەری ژن لەو بنەماڵە دایە. دایکە حەبیب کە هەرکات ماملێکان زۆر بە جوانی قسەی لە سەر دەکەن، یەک لە ژنەکانی میرزا سعید ماملێ بوو کە هیچ منداڵێکیان بە یەکەوە نەبوو. دایکە حەبیب ئەڤینێکی وا ڕاستەقینەی بە منداڵەکانی میرزا سعید بەخشیبوو کە هەموویان وەک دایکی خۆیان سەیریان دەکرد و حوڕمەتێکی تایبەتییان بۆی هەبوو. ئەو کەسێک بوو کە پاش کۆچی دوایی میرزا سعیدی دەنگخۆش، یاریدەدەری منداڵەکان بوو تا گۆرانییەکانی باوکیان بە دروستی بڵێنەوە. ڕەخنەگر و ساغکەرەوەیەکی دڵسۆز بوو و توانی منداڵەکان ڕا بهێنێ تا هونەر و شێوازی ماملێ تەمەن درێژ بمێنێتەوە. ژن بە گشتی لە ناو بنەماڵەی ماملێدا جێگە و پێگەی تایبەت و بەرچاوی هەیە. ئازادی و بوێری لە فاکتەرە سەرەکییەکانی کچان و ژنانی ئەو بنەماڵەیە بووە. ئەوە ژنانی ناو بنەماڵەی ماملێ بوون کە پشتیوانی بێچاوەڕوانی پەرە سەندنی هونەری ماملێکان بوون. لە بواری هەڵوێستی نەتەوەییشەوە وێنە زۆر بۆ هێنانەوە لە بەر دەستدا هەیە.

لێ مخابن، سەرەرڕای ئەوەی کە بنەماڵەی ماملێ پێشینەیەکی بەرزی هونەریان هەیە، لە ئێستادا کەسێکی ئەوتۆ لە ناو ئەو بنەماڵەیە هەڵنەکەوتووە و نیە کە توانیبێتی، ڕێچکەی باوک و باپیرانی ئەو بنەماڵەیە، درێژە پێبدات، هەندێک لایان وایە، ماملێ ئەوەندە بەرز بوو کە دوای خۆی، هیچ کام لە ئەندامانی بنەماڵە و تایفەکەی، نەیانتوایوە خۆی لە قەرە بدەن و بە ناچاری کۆڵیان داوە.

ناوەندی ڕۆژی کورد، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی ئەو هونەرمەندە مەزنەی گەلی کورد و خولیای ئازادی و سەروەریی کوردستان، هاوڕاز و ئاواڵی پێشمەرگە و خەبات، سەرەخۆشی لە ماڵبات و لایەنگرانی و سەرجەم گەلی کورد دەکەین. یادی بەرز و هەرماو.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌