گەشەکردن و پێشکەوتنی سیاسی لە گرەوی پاراستنی “ئەخڵاق” دایە

0
406
مەجید حەقی
مەجید حەقی

نووسینی: مەجید حەقی

یەکێک لەو پرسیارە سەرەکیانەی کە، ئێمەی کورد دەبێ لە خۆمان بکەین ئەوەیە کە بۆچی لە ماوەی 150 ساڵی رابردوودا جیهانی رۆژئاوا لە رووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە رۆژ بە رۆژ پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و ئێمەی کورد گۆڕانکاریەکی بەرچاو لە ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووریمان بەسەردا نەهاتووە و هەموو جارێ کە تەنگەژەیەکی ناوچەیی و جیهانی روو دەدات بە جیاتی کەلک وەرگرتنی بەهینەیی لەو دەرفەتانە، کێشەکانمان قووڵتر دەبنەوە و لێکترازان و دژبەری لە ناو کوردا زیاتر دەبێت؟

لە دەسپێکی هێرشی ئیسلام بۆ سەر ناوچەی کوردستان و دواتر پێکهێنانی ئیمپراتۆرە جۆراوجۆرەکانی هەرێمی و دوایین ئەوان ئیمپراتۆری عوسمانی و پادشاکانی ئێران، پرۆسەی داپلۆسێنەری کۆلۆنیالیزمی کورد بە ناوی ئایینەوە ئەوەندە بە قووڵی کاری کردۆتە سەر کورد کە کەمتر هەستی بە بوونی کۆلۆنیالیزم و سیاسەتی تواندنەوەی دەسەڵاتداران و داگیرکەرانی کوردستان بووە. ئەم بێ ئاگاییە کەم کەم لە سەردەمی شێخ عوبەیدوڵا نەهری، سمایل خانی سمکۆ و شێخ مەحموودی حەفید و پێشەوا قازی محەمەد بەرهەلەستی لە بەر کراوە و هەرکام لەو رێبەرانە لە هەوڵی ئەوەدابوون کە کورد لە چەوساندنەوە و چەوسێندران ئاگادار بکەنەوە. بە بڕوای ئەوان هۆی بندەستی گەلی کورد بە نەبوونی وشیاری نەتەوەیی و ئاگاداری لە مافەکانی خۆی دەگەرێتەوە و بۆیە ئەوان لە سەردەمی خۆیاندا هەوڵیانداوە بە پێکهێنانی ناوەندی فێرکردن و پەروەردە کورد هەستی نەتەوایەتی و هۆشیاری کورد بەرز بکەنەوە. لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەم کەسانێکی وەک میقدد بەدرخان هەوڵێکی زۆریان دا تا کورد لە نەبوونی نەخوێندەواری، کەم بوونی رۆشنبیری گشتی ئاگادار بکەنەوە و هاندەری نەتەوەی کورد بن بۆ فێربوون و خۆ پەروەردەکردن.

لە بەرامبەردا لە ماوەی نزیک بە دووسەدەی رابردوودا ئورووپاییەکان، خەڵکی رۆژهەڵاتی ئاسیا وەک کۆریای باشووری، چین و ژاپۆن رۆژ بەرۆژ ئاستی پێشکەوتن و دەستکەوتە نەتەوایەتیەکانیان زیاتر بووە و بەشێکی زۆر لەو نەتەوە ئورووپاییانەی کە هاوکات لە گەڵ کورد ژێر دەست بوون، ئەمرۆ لە ریزی هەرە پێشەوەی پێشکەوتنی سیاسی، ئابووری، تەکنۆلۆژی و کۆمەڵایەتیدان.

یەکێک لە هۆیەکانی هەرە بنەڕەتی بۆ پێشکەوتنی ئەو نەتەوانە گرێدراوەیی ئەوان بە یاسا و ریسا هاوبەشەکان و پەسەندکراوەکانن. مێژووی ئەو نەتەوانە نیشان دەدات کە گەشەکردنی کۆمەڵگای مەدەنی لە پرۆسەی خەباتی نەتەوایەتی ئەو نەتەوانە رۆڵێکی گرینگی هەبووە لە پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و بەدەست هێنانی سەرکەوتن. ئەو نەتەوانە بە پێچەوانەی خۆمان پێرەوی لە هەڵسوکەوتی ئاغا، پاشا، سەرۆک عەشیرە و هتدیان نەکردووە بەڵکوو ئەوان ئەو یاسا و ریسایانەیان رەچاو کردووە کە حیزب و ریکخراوەکانیان لە کاتی خەباتی نەتەوایەتی و لە چوارچێوەی رێکخراوە مەدەنیەکانی سەردەمدا پەسەند کراوە.

بێگومان لە کۆمەڵگانی سەرەوە باس کرا، شایستە سالاری و رێزگرتن لە پسپۆری و شارەزایی کەسان رۆڵێکی گرینگی هەبووە لە بەرەوپێش بردنی کارەکان و گەندەڵی سیاسی و تەشکیلاتی لە ئاستی زۆر نزیمی رێکخراوەکانیان بووە. لەو کۆمەڵگایانەدا ئێستاشی لە گەڵ بێت پێویست نەبووە مرۆڤ ببێتە دەروێشی دەسەڵاتداران بۆ ئەوەی قۆناغەکانی پلە سیاسی و تەشكیلاتیەکان تێپەر بکات، بەڵکوو ئەوەی بەدەست هاتووە لە رێگای شیان و توانای کەسانەوە بووە.

حیزب و رێکخراوەکانی کوردستان خاوەنی بەرنامە، پێرەو و ریزە یاسا و ریسایەکن کە زۆرتر وەک دیکۆری رێکخراوەکان دەبیندرێت تا ستانداردێکی ئەخڵاقی و بەرێوەبردنی کارو بار. پرەنسیبەکانی حیزبی لە ناو حیزب و رێکخراوەکاند زۆر بەدەگمەن رەچاو دەگیرێت. ئەوەی پێوانەی هەڵسوکەوتی ئەندامان و لایەنگرانی حیزبەکانی کوردستانیە بریتیە لەوەی کە ئەندام یان لایەنگر تا چەندە بە دڵی بەرپرس یان خاوەن بڕیار هەڵسوکەوت دەکات نەک یاسا پەسەندکراوەکان. یاسا و ئاییننامەکان لە راستیدا چوارچێوەی ئەخلاقی رێکخراوەیین، کاتێک ئەم چوارچێوانە دەشکێندرێن لە راستیدا بنەماکانی ئەخڵاقی رێکخراوەش پێشێل دەکرێن. ئەم پێشێلکاریە بەتایبەت لە کاتی لێکدابڕانەکان و کێشەکانی ناوخۆییدا بەرچاوترە. کێشەکەش لێرەدا دەست پێدەکات، کە بە هۆی کولتووری عاتفی و خێلەکی زۆرجار “رووناکبیرانیش” دەبنە بەشێک لە کاروانی پێشێلکاری ئەخڵاقی بنەماکانی هەڵسوکەوتی سیاسی و بە جیاتی یارمەتیدان لە چارەسەری کێشەکاندا دەبنە بەشێک لە قووڵتر کردنی کێشەکان.

ئەخڵاق و پێرەوی لە بەها رێکخراوەیی دەشێ ببێتە بنەمای هەموو هەڵسوکەوتێکی سیاسی و  رێکخراوەیی بۆ ئەوەی ئەندامانی کۆمەڵگا و رێکخراوەکان دڵنیایی ئەوەیان هەبێت “ئەمنیەت”یان لە لایەن رێکخراوەوە پارێزراوە و لا کاتی کێشەکاندا لەلایەن بەرپرسان و کاربەدەستانەوە بە مەیلی خۆیان ناکەونە بەر هێرش و تانە لێدان. لە کاتێکدا کە ئەندامانی کۆمەڵگا دڵنیایی ئەوەیان بەدەست هێنا کە بە ڕەچاوکردنی یاسا و ریساکان و ئەنجامی ئەرکەکانیان ئەو ماف و پێناسانەی کە لە یاساکانی رێکخراوەییدا پێناسەکراون بۆیان مسۆگەر دەکرێت دەتوانن بە هەست بە بەرپرسایەتیەکی بەرزترەوە کار بۆ بەرەو پێش بردنی  رێکخراوەکە و ئامانجەکانی ئەنجام بدەن. ئەمەش پێویستی بە بوونی سیستەمێکی پەروەردە لەو رۆژەوە کە کەسان وەک لایەنگر خۆیان بە رێکخراو دەناسێنن تا ئاستی هەرە بەرزی بەرپرسایەتی لە رێکخراودا دەکات. ئەخڵاقیش وەک هەموو کۆدە کۆمەڵایەتیەکان بە پێی سەردەم پێویستی هەیە بە نووژەن بوون و بەرۆژکردن. گرینگ ئەوە مکانیزمی رێزگرتن لە ئەخڵاق و بنەماکانی رێکخراوەیی بۆ هەمووان وەک یەک بێت و جیاوازی و هەڵاواردن لەو پێوەندیەدا لە نێوان ئاستەکانی جیاوازی ئەندامان و جێندەری ئەوان دانەنرێت.

پێشکەوتنی رێکخراوەیی پێویستی بە دوورخستنەوەی ئەو کەسا و “راوێژکارانایە” کە بە دڵی بەرپرسان و بڕیاردەران کاری چاپلۆسی و چەواشەکردنی راستیەکان دەکەن و ئەو زانیاریانەی کە بڕیاردەران پێویستە بە گوێی ئەوان ناگەیەنن بەڵکوو ئەو زانیاریانەی کە بەدڵی بڕیاردەرانە دەگێرنەوە. کولتوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و نەمازە کولتووری کوردی پڕە لەو جۆرە کەسانە کە کاریان خۆشیرین کردن و نان بە نرخی رۆژ خواردنە. ئەو جۆرە کەسانە هەموو هەوڵیان ئەوەیە لە لایەک یاساکان جێبەجێ نەکرێن و لەلایەکی دیکەوە بە ڕاندخواری و پێوەندیە ناڕەواکان ئامانجەکانی تایبەتی خۆیان بەسەر یاسادا زاڵ بکەن و بۆخۆیان ببنە یاسا. ئەمەش دەبێتە هۆی زۆربوونی کەسانی نابەرپرس و لە کاتێکدا کە کەسانی وا بۆ رێبەری و بەرپرسایەتی هەلبژێرن، ئەو کەسانە خۆیان لە بەرامبەر هیچ یاسا و هەڵبژێراوانی خۆیان بەرپرس نازانن و گەورەتر دەبن لە تەواویەتی رێکخراوەکە.

گەشەکردنی ئەخڵاق و پەروەردەی ئەخڵاقی بوو بە هۆی پێشکەوتنی رۆژئاوا و کۆمەڵگاکانی پێشکەوتووی ئاسیای رۆژهەڵات. پەروەردە و گەشەکردنی ئەخڵاق لە ناو رێکخراوەکاندا لە لانی کەمی حاڵەتی خۆیدا دەتوانێت هاوکاری رێکخراوەکان بێت بۆ بەرەوپێش بردنی ئامانجەکانیان بۆ ناو قووڵایی کۆمەڵگا و بەهێزکردنی هێزی بڕوا لە ناو کۆمەڵگادا.

لە ماوەی دووسەد ساڵی رابردوودا جگە لە سەردەمی ئیمپراتۆری ناپلئۆن و هیتلەر رۆژئاوا، نزیک بە هەمووکات لە سەر پەروەردەی بنەماکانی ئەخڵاقی لە هەموو ئاستەکانی ژیاندا کاری کردووە و ئەنجامەکەشی پێشكەوتنی هەمەلایەنەی کۆمەڵگا بووە. ئێمە ئاگاداری ئەو راستیەش هەین کە نەیاران و داگیرکەرانی کوردستان هەموو رێگاکانی سەرکوت و لەناو بردنی کورد بەتایبەتی لە رووی رەوشت و ئەخلاقەوە ئەنجام داوە. بەو حاڵەش ئەمە ئەرکی ئەو رێکخراوانەیە کە رێبەری کۆمەڵگا دەکەن لە خەباتی رزگاری خوازانەدا بنەماکانی ئەخڵآقی و پاراستنیان بکەنە بنگەهی کار و چالاکیەکانیان و تابلۆی ئەخڵاق وەک نەڤیگاتۆری هەموورۆژەی هەڵسوکەوتی ئەندامان و لایەنگرانی خۆیان بەکار بێنن و بکەنە چرای رێنوێنی کار و چالاکیەکانیان. بەوە زۆر لە کێشە و تەنگەژەکان زووتر چارەسەر دەکرێن و جەستەی خەباتی نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتی کورد لە بەرامبەر نەخۆشیەکانی پێوەندیدار بە قەیرانی بڕوا بەهێزتر دەبێت.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت