کۆتایی بە کەڵکاژۆوەرگرتن و خۆهەڵواسین بە ڕووداوەکانی ناوخۆ بێنن

0
29

ڕوانگەی ڕۆژی کورد

ڕۆژی سێ شەممە، ١٣ی خەرمانانی ١٣٩٦ـی هەتاوی، خەڵکی بانە، بەپێی ڕاگەیێندراوی چالاکانی مەدەنیی ئەو شارە، دوای کوژرانی دوو کۆڵبەری تەمەن ٢١ و ٤٥ ساڵانی ئەو شارە، دەستیان بە مانگرتن و ڕێپێوانێکی مەدەنیانە کرد کە بە هۆی هاتنی هێزێکی لە ڕادەبەدەری سەربازیی ڕژیم، بوو بە تێکهەڵچوون و بەپێی زانیارییەکان ١١ کەس بریندار و لانیکەم ٤ کەس دەستبەسەر بوون.

ئەو ناڕەزایەتییە بەربەرینە وایکرد کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی خەرمانان، بەرپرسی دادگای سەربازیی پارێزگای سنە هاتە سەر خەت و گوتی ٥ کەسی تاوانبار بە کوشتنی ئەو کۆڵبەرانە، دەستبەسەر کراون، کە ئەوە دەکرێ وەک سەرکەوتنێک بۆ خەڵکی ئەم شارە تۆمار بکرێت.

بە ڕاشکاویش دەبی بگوترێ، ئەوەی کرا هەوڵی خەڵکانێک بوو کە لە ماوەی شەش مانگ لەوەی پێشەوە لە هەوڵ دان و جاری یەکەم جێ بە جێ نەبوو و خەڵک بە دەنگیانەوە نەهاتن بەڵام ئەم جارەیان سەرکەوتوو بوون، حیزبەکان دەورێکی ئەوتۆیان نەبووە و ئەگەر بنەماڵەی قوربانیان، ڕۆژێک پێشتر کۆنەبووبانەوە، ئەوا خەڵکیش بە دەنگیانەوە نەدەهاتن، کێشەی سەرەکی ئەوەیە کە حیزبەکان ناتوانن و نەیانتوانیوە ئەو دەرفەتانە بقوازنەوە و بیانکە بە بزاڤ و شۆڕشی بەردەوامی کۆمەڵایەتی و ئەوەش خۆی خەسارناسی خۆی گەرەکە.

بەڵام لێرەدا دوو خاڵی سەرەکی هەیە کە دەبێ لێیان ڕابمێنین و وەردیان دەینەوە:

یەک: چما کورد نەیتوانیوە، ئەو جم و جۆڵە ناڕەزایەتییە بە گوڕە لە چرکەوە بگوازێتەوە بۆ زەمەن و لە کاتی بوونەوە بیانکاتە جووڵە بزاڤێکی مەدەنیی بەردەوام و شارەکانی تر چما نایەنە سەر هێڵ؟

دوو: هەڵسووکەوتی ئەندامانی فەیسبووک نشینی حیزبەکان و دەوریان لەو کاتانەدا و ئاژاوەگێڕییەکانیان بە مەبەستی بە حیزبی کردنی ڕووداوەکانیان و قواستنەوە بۆ شاردنەوەی لاوازییەکانی حیزبەکانیان و یانیش بۆ پەرەپێدان بە دەم بە دمەی حیزبی و بەتاڵ کردنی کوڵ و بوغزە تاکەکەسییەکانیان و ئەوەی کە ناویان بێتە ناو ناوان.

یەکەم: ئەوەی وا لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی ڕابردوو لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەبیندرێ، وەک لە مەریوان بیندرا، وەک لە مهاباد و ڕووداوی هوتێل تارا بینیمان و وەک ئەوەی لە بانە بیندرا، هیچیان تایبەتمەندیی جووڵانەوەیەکی مەدەنییان لە خۆ نەگرتووە، هەرچەند مەریوان تاڕادەیەک جیاوازترە. بزاڤی مەدەنی یان کۆمەڵایەتی، دەبێ بەردەوام بێ، لە چرکە و ڕۆژ زیاتر بێ و لە هەر کاتدا ئەگەری هەڵەسوونی هەبێتەوە و هیوای بەردەوام بوونی هەبێ، نەک ئەوەی کە بە هەر سەرکوتێک، بنیشێتەوە و سیاسییەکانیش چاوەڕوان بن ئاخوا کەی لە شوێنێکی تر سەرهەڵبداتەوە، وەک ئەوەی کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، جارجارێک سەرهەڵدانێکی یەک ڕۆژی دەبێ و دوای چەند گرتن و کوشتنێک کۆتایی پێدێ.

ئەوەی ڕوونە، نەبوونی پلان و بەرنامە، نەبوونی ژووری فکر و هزر، نەبوونی هێزی پشتیوان، نەبوونی میدیا، نەبوونی پەیوەندی لەنێونا چالاکانی مەدەنیی شارەکان لە ناوخۆ، لە ناو چوونی هەستی یەکگرتوویی لە ناوخۆ وەک لە دەرەوەش زۆرە و ڕاگەیاندنی کوردییە هەم لە ناوخۆ و هەم لە دەرەوە. زۆربەی چالاکییەکان و نووسینەکانی کوردانی ڕۆژهەڵات لە فەیسبووکە کە ئەویش “پەیامی من بە گوێی ئەو دولبەرە نازدارە ڕاناگا” و لە ناوخۆ، وەک زۆربەی ڕایەڵە ئینتێرنێتییەکان، فیلتێرە.

دوو: دۆینێ لە یەکەم چرکەساتەکانی ئەو ناڕەزایەتییە جێگای شانازی و دەست خۆشییەی بانەوە، چاوەدێریی هەڵسوکەوتی ئەندامانی ئوروپا و تاراڤگەنشینی حیزبەکانمان کرد. لە یەکەم چرکەوە دوو دەستە دەکەوتنە بەرچاو. دەستەیەک کە کوردانە و بێ هیچ شتێ، دەستیان کردبوو بە بڵاوکردنەوەی زانیاری و هان دان، دەستەی دووهەم کە بەپێچەوانەی ئەو دەستەی یەکەم کە زۆربەیان لە ناوخۆ یان دەرەوە، ئەندامی ساکاری حیزبەکانن، دەستەی بەناو ڕووناکبیر و ئەندامی چالاکی حیزبەکانن، هەمان ئەو حیزبانەی کە لە دەڤەری باڵەکایەتی بە پانەوە هێرشیان کرایە سەر و ڕاونران و هەمان ئەو ڕووناکبیرانەش لە جیاتی بەرگری دەستیان کردبوو بە دژایەتیی کەسانی بەرگریکار و باسیان لە یەکگرتوویی نەتەوەیی، بەرژەوەندیی نەتەوەیی و پێویستیی پاراستنی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان و بێدەنگ بوون لەو پێناوەدا دەکرد.

هەوڵەکان بریتی بوو لەوەی کە، ئەو جووڵەی مەریوان هی حیزبی ئەوانە، هی گوتاری ئەوانە، دۆینێ سەری هەڵداوە، ئەوان نەبوانا قەت نەدەبوو. کەچی هەر ئەوانیش نەیانتوانی ئەو ناڕەزایەتییە بگەیێنە سەقز و بانە و مهاباد و ….تاد.

لەلایەکی ترەوە، هەندێ لایەن و حیزب لە پڕێکەوە بوون بە کوڕێک و وەک کارگە کەمای بەهاری بە برووسکێک هەڵتۆقین و ٢٥٠٠ چەکدار و پێشمەرگەیان لە فیلمە کۆرییەکان هێنا و هەڵقوڵاند و ئامادەی هێرش بوون. ڕێک ئەو کاتە تەیرەن ئەبابیلمان هاتە بەر چاوان.

هێزێکی تری کوردی، بەردەوام بانگەشەی هێرش بۆ سەر بانە و ساوانی دەکرد و چاوەڕوان بووین هاکا، هەواڵی گیرانی یەکەم شاری کوردستانی ڕۆژهەڵاتمان بۆ بێت و بە شانازییەوە مارشی سەرکەوتن لێدەین و سروودی “واهاتن پێشمەرگەی مە” بڵاو بکەینەوە، و بە دەنگی بەرز هاوار بکەین “بانە، بوو بە دەروازەی ڕاپەڕین و ئازاد کرا”، “سرنج بدەن، سرنج بدەن، بانە ئازاد کرا”.

مخابن، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات لە ژێر تیغی غەزەب و قینی هەمان کەسانی تاراوگەنیشین، لەت وپەت بوون و تا ئێستاش لە ژێر تیغی غەزەبی ئەواندا یەک ناگرنەەوە، تا دێت بایەکی ڕەحمەت هەڵکا، ئەوا تۆفانی غەزەبیان بە یەک پۆست و کۆمێنت، تەشەنە دەکا و زامی کورد تەژی دەکات لە خوێ و دەیکۆڵێتەوە. ئەوانیش لە شوێنی خۆیان دەژین و قارەمانانە شمشێری دژبەری دەسوون. هەندێ پۆستی فەیسبووکیی دۆینێ بۆ ئەوە دەبوو، نووسەرەکانیان لەلایەن حیزبەکانیانەوە، بدرێنە دادگای سەربازی و بە تاوانی دژ بە گەل بوون، سزا بدرێن لێ مخابن!! چما وسا نینە؟ خودێ دزانە ئو مە هاگا لێ نینە.

لە هەمان کاتیشدا، ڕۆژی ڕابردوو، وەک لێکۆڵینەوەیەک لە ناوەندی ڕۆژی کورد و دەزگای لێکۆڵینەوە ستراتژییەکانی ئەو ناوەندە، نزیک بە ١٥٠ پۆستی هاووڵاتییان و تەنانەت ئەندامانی حیزبەکانمان تۆمار کردووە، کە بە ئاشکرا باس لە نەبوونی حیزبەکان دەکەن و داوا دەکەن پشتیوانی خەڵک بن و دەشڵێن “نا حیزبەکان غایبن”.

وشیار ئەحمەدی، چالاکی سیاسیی کورد، یەکێک لەو ڕەخنەگرانەیە کە ڕاشکاوانە و بە شێوەیەکی ئاوێتە لەگەڵ تەنز نووسیویەتی: ئاغەی ماڵم جەماعەتێ حیزبیمان ھەن، خۆیان نەبێ کەسیان پێ حیزبی و خەباتکار نیە!

ھەندێ شتیان بەگوێدا چرپاندوون، تووتیوار بەردەوام ئەیڵێنەوە و دەمکوتی ھەر ھەموو ئەوانەی پێ ئەکەن کە وەک ئەوان قورمیش نەکراون! ئەم نەریتە قورمیشکارانەیە ھی دوژمنە نەک ھێزی شۆڕشگێڕ. ئەوە ھەر ئەو نەریتە پاوانخوازانەیە کە پتر لە ٧٠ ساڵە حیزبی دیمۆکرات و ھێزە پێشکەوتنخوازەکان دژی وەستاونەتەوە.

کورت و پوخت، پێویستە ئەو مرۆڤە قورمیشکراوانە بزانن کە حیزبی دیمۆکرات بریتییە لە تێگڕای قەبارەکەی بە پێشمەرگەو تەشکیلاتی نھێنی و ئاشکراوە و ھەر کامەشی لای حیزب بەڕێزە و گرینگی تایبەتی خۆی ھەیەو بە پێی ئەساسنامە و پەیرەوە ناوخۆییەکانی حیزب ڕێکخراون و بەشێکی کاریگەریی حیزبی دیمۆکراتن، نەک تەنیا ئەوانەی کە تووتیوار قورمیش ئەکرێن…”.

لەبیرمان نەچێ، ئەو کوردە ڕۆژهەڵاتییانەی کە لە میدیاکانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتیش کار دەکەن و ڕوانگەیەکی خەستی حیزبێکیان هەیە، لەو پێناوەدا بێ کاریگەری نین، ئەو ڕستەیە بە نموونە دێنینەوە کە ئەندامی ڕێبەریی یەکێک لە حیزبەکان دایناوە:  لەسەر دەستوری کاک خالید عەزیزی هاتوینە سەر شەقام ئەو فەرمانی داوە ئەو خەڵکە کۆوەبن و داوای مافەکانیان بکەن”.

وتەی کۆتایی:

ئەو جۆشە نەتەوەییەی ئێستا بوونی هەیە، چەخماخەکەی ٧٥ ساڵ لەوەی پێش لێدراوە، با خەباتی خۆمان بەرتەنگ و بچوک نەکەینەوە و نەیکەین بە ئی ئەمشەو و دۆینێ، ئەوە خۆی خیانەت و چەواشەکاریی خەباتی کوردە، کوردی ڕۆژهەڵات لە ژێکافەوە پێی گرت، هەرچەند ئەوە بە واتای نکوڵی کردن لە هەستی بەرزی نەتەوایەتیی سمایل ئاغا و تەنانەت شۆڕشی نەهریش نیە.

لە جیاتی بە حیزبی و تاکەکە کەسی کردنی خەبات و خولیاکان، با هەوڵ بدەین پشتیوانییەکە بەربەرین بێ، با هەموومان یەکدەنگ بین.
هەڵبەت، هەندێ لە لێدوانەکانیش کە دێنە ئاراوە، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە زۆربەمان هێشتاش لە واتای ڕاستەقینەی خەباتی مەدەنی هەر تێنەگەیشتووین و پێویستمان بە خوێندنەوە هەیە.

وەرن با بەرژەوەندیی نەتەوەییمان بخەینە پێش هەر بەرژەوەندییەکی تر.

فەەیسبووک لە تونێس و میسر، شۆڕشی لێکەوتەوە، لە ناو ئێمەی کورددا بۆتە دژەشۆڕش.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت