یادگارییەکانی تاهرێ سەعیدێ عەبۆ

0
527

تاهێرێ سەعیدێ عەبۆ بەناوی “تاهێر ئەفەندی سەعید زاخۆلی” ناسراوە. لەساڵی “١٨٩٦”، لەگوندی “دێرگۆلێ”، لەباکوری کوردستان لەدایک بووە. بەشی هەرەزۆری ژیانی خۆی لەشاری “زاخۆ” بەسەر بردووە. بنەماڵەکەیان بە دوو ناو ” باتی” یان ” قوچەلی” ناویان دەرکردووە بەڵام زیاتر بەناوی ” قوچەبەگی” ناسراون. لەسەرەتای سەدەی بیستەم و بەهۆی ئاڵۆزی بارودۆخی ئابووری و سیاسی، بنەماڵەی ناوبراو وەکوو بەشێکی زۆریتری خەلکی جەزیرەی بۆتان روویان لە شاری زاخۆ کردووە. بەهۆی ئەوەی کە ناوبراو خێزان دار بووە و لەبەر دەست کورتی و پێویستی بە دابین کردنی پێداویستیەکانی ژیان، کاری بڕین و فرۆشتنی داری ئەنجام داوە و هەندێک جاریش خۆی بە کاری باخەوانییەوە سەرقاڵ کردووە.

لەتەمەنی گەنجیدا هاوسەرگیری کردووە و گرێبەستی هاوسەرگیری لەگەڵ هاوسەرەکەی “خەجیجا” بەستووە. لەژیانی هونەری خۆیدا وەکوو زۆرێک لەهونەرمەندانی تر، رووی لەشاری بەغدا کردووە و بەپێی زانیارییەکان لە کۆمپانیایەک ٤قەوان یان ٨ گۆرانی تۆمار کردووە. قەوانی یەکەمی لەساڵی “١٩٢٨” بەناوی ” ئیسکانۆ و ئەمان زەکییا” لەبەغدا لەلایان کۆمپانیای ” پۆلیفۆن” تۆمار کردووە و دوابەدوای ئەو لەهەمان ساڵدا، قەوانی دووهەمی بەناوی ” لێ لێ ئەمینێ و مەلی مەلی” تۆمار کردووە. دواتریش، لەساڵی ١٩٣٤ جارێکی تر لەشاری بەغدا قەوانی سێهەمەی بەناوی ” شەمسی خان و تەنگا بانکێ” لە کۆمپانیای “ئەبۆلگەلب” تۆمار کردووە. دیسان لەهەمان ساڵدا قەوانی چوارەمی بەناوی ” چەتۆ و نێری” لە کۆمپانیای “ئەبۆلگەلب” تۆمار کردووە. بەکورتی و بە کوردی ناوبراو یەکێک لە کۆنترین گۆرانیبێژە کوردەکانە کە ناوی خۆی لە مێژووی موزیکی کوردیدا تۆمار کردووە و تا ئیستاش چوار گۆرانی، لە کۆی هەشت گۆرانییەکەی لەبەردەستن.

گۆرانیبێژ ” تاهێرێ سەعیدێ عەبۆ”، ڕۆژی “١٢-٢-١٩٦٥”، لەشاری زاخۆ ماڵئاوایی لەژیان کردووە و لە گۆڕستانی زاخۆی کۆن بەخاک سپێردراوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت