خەڵاتی ساخارۆف بە دوو کچە کوردی ئێزیدی پێشکەش کرا

0
298

ڕۆژی کورد: ڕۆژی سێ شەممە ٢٣ی سەرماوەزی ١٣٩٥ی هەتاوی، نادیە موراد و لەمیا بەشار، دوو کچە کوردی ئێزیدیی ڕزگار بوو لە دەست ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، لە پەرلەمانی ئەوروپا خەڵاتی ساخارۆفیان پێبەخشرا .

ئەو خەڵاتە لە ڕێوڕەسمیکی تایبەتدا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە ستراسبۆرگ، بەو دوو کچە کوردە ئێزیدیە بەخشرا كه نرخەکەی 50 هەزار یۆرۆیە.

مارتن شۆڵتز، سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی ئوروپا لەو ڕێورەسمەدا لە گوتارێکدا لە پەرلەمانی ئەوروپا ڕایگەیاند: “خەڵاتی ساخارۆڤ دەدەینە دوو کچی کوردی ئێزیدی، ئەوان دوو پاڵەوانێکی گرنگن و لەلایەن داعشەوە، تووشی ناخۆشی و تاوانی زۆر بوون”.

سەرۆکی پارلەمانی یەکێتیی ئوروپا هەروەها گوتیشی: “نادیە و لەمیا دوو کچی کوردن، ئەوان کار بۆ ئازادی و دادپەروەری دەکەن و دەبێت جیهان بزانێت کە چیان هاتووە، دەبێت هەموو جیهان چیرۆکەکانی ئەو دوو کچە لەگەڵ داعش بزانێت”.

لە درێژەدا هەروەها گوتیشی: “ئێمە لە پەرلەمانی یەکێتیی ئوروپا، شانازی بە نادیە و لەمیا دەکەین و بەناوی هەموو پەرلەمانی ئەوروپا و بەشانازییەوە ئەو خەڵاتەیان پێدەبەخشین.”

لەو رێوڕەسمەدا لەمیا و نادیە کە بە جلی ڕەسەنی کوردانی ئێزیدی لە ڕێوڕەسمەکە ئامادە ببوون،  بە جیا، بە زمانی کوردی بۆ ئامادەبووان ئاخاوتن و باسیان لە ئازار و مەینەت و چیرۆکی ژیانی خۆیان لە دەست چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرد. لە بەشێک لە لێدوانەکانی ئەو دوو کچە کوردەدا، ئامادەبووانی ناو هۆڵی پەرلمانی یەکێتیی ئوروپا بە بیستنی ئازارەکانی ئەو دوو کچە کوردە ئێزیدیە، گریان.

لەمیا بەشار، وەرگری خەڵاتی ساخارۆڤی یەکێتیی ئوروپا لە لێدوانەکەی خۆیدا  گوتی: “سوپاستان دەکەین کە ئێمەتان بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتەدەستنیشان کردووە، ئێمە وەکو ئێزدی و مەسیحی، بووینە قوربانیی دەستی داعش، من وەکو کچێکی ئێزدی تەمەنم 18 ساڵە، لەتەمەنی 15 ساڵیدا بووم کە داعش هێرشیان کردە سەر گوندەکەمان و  هەموو پیاوانی گوندەکەمانیان کوشتن  و دایک و باوکم لەنێو کوژراوەکاندا بوون، چەکدارانی داعش کچەکانیشیان بەسەر خۆیاندا دابەشکردن و ئەوانی دیکەشیان دەفرۆشتن”.

لەمیا هەروەها باسی لە ژیانی خۆی لەنێو داعش کرد و گوتی: “من لە نێو داعش چوار جار فرۆشرام، ئەوەی دواجار منی کڕی، چەکدارێکی داعش بوو کە کاری چاندنی بۆمبی دەکرد  و دەبوو منیش هاوکاری بکەم، ناوی ئیسلام بوو، دەستدرێژی دەکردە سەر کچی تەمەن ٩ ساڵان و دەستدرێژی کردە سەر منیش، ئەو خەڵاتەی وەریدەگرم دەیبەخشمە ئەو کەسانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان لە ناو کامپەکاندا دەژین”.

نادیە مورادیش بەهەمان شێوە بەر لە وەرگرتنی خەڵاتەکە گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: “من خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم کە ئەمڕۆ لێرە لەگەڵ ئێوەدام بۆ وەرگرتنی ئەو خەڵاتە، ئەوە بۆ من شەڕەفێکی گەورەیە، ئێوە پشتیوانی ژنانن لە عێراق و سووریا”.

نادیە هەروەها گوتیشی: “داعش دەیانویست شەڕەفی ئێمە ببەن، بەڵام نەیانتوانی و شەڕەفی خۆیان لە دەستدا، ئەوان ئێمەیان ناچار دەکرد بەوەی کە یان دەبێت بمرین یان دەبێت ببین بە موسڵمان، ئەوان هەموو کەسێکیان دەکوشت و شوێنە پیرۆزەکانی ئێمەیان لەناودەبرد، ئەوان دژی هەموو کەسێکن کە لەگەڵیاندا نییە”.

نادیە مورادی کە ئێستا وەک باڵیۆزی نیازپاکیی نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکی دەکات، گوتیشی: “من لە دایک و باوکم و کۆمەڵگەکەماندا فێربووم چۆن لێوردەبم و رێز لە ئایین و پێکهاتەکان بگرین، بەڵام داعش ئەوەی قبوڵ نەبوو، ئەوان ئێمەیان کوشت و دەربەدەریان کردین، داعش هەموو شتێکیان لەناوبرد، کچێنیان لێبردم کە پیرۆزبوو، هەروەها هەموو شتێکی دیکەش کە ئێمە بە پیرۆزمان دەزانین وەکو: کولتوور و شوێنە پیرۆزەکان”.

نادیە موراد ئاماژەی بەوەش کرد، دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەوروپا کاربکەن بۆ ئەوەی دادپەرەوەری و ئازادی بێتەدی و “سوپاسیش بۆ ئەو خەڵاتە و، لێرەوە بەداعش دەڵێم، ئەگەر ئێوە کەڕامەت دەشکێنن ئەوا ئەوروپا شوێنی راگرتنی کەرامەتە”.

خەڵاتی ساخارۆف بە ناوی ئەندێری ساخارۆڤ، زانای ناوکیی ڕووسی ناونراوە كە ژیانی خۆی بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و بیری ئازاد لە سۆڤێتی جاران تەرخان کردبوو و بۆ یەکەم جار خەڵاتەكه بە هاوبەشی بەخشراوە بە نێلسۆن ماندێلا، سەرۆکی باشووری ئەفریقا و ئەنتۆنی تیخۆنۆڤیچی، نووسەر و بەرگریکار لە مافەکانی مرۆڤ لەساڵی 1988.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت