هەرەسی ئیدلۆژیک وداڕزانی ئەخلاقیی ڕژێم لە ئێران

0
31
جەلیل ئازادیخواز

ڕژێمی ئیسلامی ئێران ، وەک دەسەڵاتێکی ئیدۆلۆژیک کە پەلاماری کۆمەڵگای ئێرانی دا، بە خۆسەپاندنێکی ئیدلۆژیک کۆی ڕووبەڕووی ڕەهەندەکانی کۆمەڵگای ئێرانی داگیرکرد. هەرلە سەرەتاوە دیار بوو ئەم دەسەڵاتە تیۆکراتە ئیدۆلۆژیکە، نمونەیەکی هەڵخزانی کولتووری و کۆمەڵیەتیە کە لاپەڕەکانی مێژوو بۆدۆزینەوەی نموونەی زێرینی فۆرمەکانی خۆی بۆ ژیان و ژیار دەپشکنێ. فۆرمێکی بەمیژوو بوو، میژوویەکی ناسەرکەوتوو، دۆزینەوەو گێڕانەوەی بۆ سەدەمی هەنووکە، واتە دەرچوونە لە ژیان لەئێستادا /ناوهاوزەمەنیی ژین/ کە بە هەناو و فۆرم گەڕانەوەیەکی کۆنەپەرستانەی کۆنەخوازانەبوون، بۆ کۆمەڵگایەکی نوێ کە سەرەتاکانی دەسەڵاتی سیاسی مۆدێرنی لانی کەم لەساڵانی ١٩٠٨ ئەزموونکردبوو.

ئیدلۆژی وەک پێویستیەکی ڕامیاری لە ئاقاری سیاسی وکۆمەلایەتی و ئابووری دا، هەروەها لە ژیانی تاکەکەسی و هۆبەخشی بە ئاقاری تایبەتی لە چەقی کار و ئەندێشەی کاربەدەستان و بیرداڕێژەرانی دەسەڵاتدار بوو، لەئێراندا. گرێبەندکردنی ناسیۆنالیزمی کۆنەخوازی ئێرانی و ئایین، وەک ڕەگەزی سەرەکیی ئەم کۆنەخوازیە، هەڵگری پیرۆزکراوترین فۆرمی بوون و ژیان بوو، کە تائێستا دەسەڵات لەکۆمەڵگای ئێراندا پێشنیاری کردبوو.

هەرەسی ناسیونالیزمی بە لیبرالیزم ماکیاجکراوی سەڵتەنەت و داڕمانە یەک لەدوا یەکەکانی دینی لەئێراندا، هەر لە سەفەیەوە تا سەردەمی ولایەتی فەقێ، هەڵگری داڕشتنی زەرورەتی نویکردنەوەی ئایدۆلۆژیی ئێرانی بوو، بۆ دەستەبەرکردنی دەسەڵاتداریی ڕەوا و پەسەندی جەماوەری، بۆیە دەتوانم بڵێم ئەم ڕژیمە ئیدلۆژیکە ئێستا گریبەندی دین و ناسیونالیزمی خۆ بە تاقانەبینیی ئێرانیە بۆ پەڕاندنەوە و ڕزگارکردنی ئێرانی ناسیونالیست و دینخوازەکان، کە بەرئەنجامی بووە دەسەڵاتێکی ناسیونالیزمی دینی پیرۆزکراوی براو بۆسەرو ئەقڵ وئەقڵانیەت. هەموو یەکە و ڕووبەرەکانی ژیانی کۆمەڵگای ئێران چ بە زۆر و چ لەبەر بوونی زەوینەی زەینی و مێژوویی ئەم گرێبەندە، کرانە بەژێر وێرانی و گەندەلێ کۆنەخوازی ئەم فۆرمە لە سیاسەت و ژیان و ئابووری و کولتوور ،کە لەکۆی رەهەندەکان ولەرەوتی کۆمەڵایەتی خۆیدا ، کۆنە بوون و ناکارا بوون و دژە سەردەم بوونی خۆی سەلماند .

ماوەی نزیک بەچل ساڵە، ڕژیم لەسەر ئەم بەستێنە ئیدلۆژیە پیرۆزکراوە دەسەڵاتداری دەکات. کۆمەڵگای ئێران و بەشی زۆری ناوچەکەی تووشی قەیران و کارەساتی مرۆیی کردوە . ڕەوایەتی فکریی دەسەڵات ئیمپراتوری ناسیونالیزم و فەرمانرەوای مەزهەبە. هاوسازی و لێک ئاڵاویی هەردووکیان توانیان لەم ماوە ئاماژەپێکراوەدا ، کۆمەڵگای ئێران بکەن کۆمەڵگایەکی دواکەوتووی قەیراناوی، کە کولتووری پێشکەوتووخواز و هونەری ئینسانی و سیاسەت بە ڕووبەرە ئەخلاقی و مرۆیەکەیدا بکوژن.

ئاخێزی هەنووکەی جەماوەری ڕاپەڕیووی ئێران، لەڕاستیدا کارەساتێکی هەرئێستا خولقاونییە، کە لەسەر بەستێنی گرانی چەندکاڵای دیاریکراو کووتوپڕ خولقبێت وسەری هەڵدابێت . ئەم ڕاپەڕین و خورۆشانە بەرفراوانە جەماوەریە . هەرچەندەکە هێشتا بەتەواوی جێنی نێوەندو تووێژگەڵێکی کۆمەڵایەتی کۆمەلگا بەهەندێک هۆکاری ڕامیاری و ئابووری وکولتتوری بەتەواوی تێکەڵی نەبوون. بەڵام لەڕەوتی خۆیداو لە دەکرەوتنی ئاسۆگەکانی فکرو ئاراستە کۆمەڵایەتیەکانی خۆیدا ،ئەوانیش بەتەواوی هاوڕای خۆی دەکات. ئەم بەرخۆدانە ، شؤرش وداىرانێکی بنەمایی وبنەڕەتیە، کەمێژووی گەشە و مووتووربەبوون و چەکەرەکردنی دەگەڕێتەوە زەمەنی دەسەڵاتداری ئەم دەسەڵاتە و ئایدیافکریەکانی لەکۆی ڕەهەندەکانی ژیانی کۆمەلگای ئێراندا.

هەڵسەنگاندن و شرۆڤەی ئەم شؤڕشە مەزنە، لە سەربنەمای چەند دروشمی پەراوێز و نا ئیستراتیژیک . هەوڵدان بۆ دەست بەسەرداگرتن و کەمکردنەوە و دابەزاندنی بۆئاستی کۆ داوایەکی موجەڕەدی ئابووری و کولتووری، یا بەفۆلکلۆرکردنی داخوازی گؤرانی ڕێشەی و دژایەتی نەسازاوی فۆرمی ژیان و ئەندێشەی مرۆڤی ئەمرۆی کۆمەلگا ، لەگەل رژێم بۆ پینەکردنی بەئەم بەریان یا ئەو بەریانە، لەرووی کۆمەلناسی و سیاسی و فکریەوە هەوڵێکی هەڵەو نەزۆکە وبەرئەنجامی لێناکەوێتەوە . بەڕاشکاوی دەڵێم؛ ڕاپەڕینی خەڵک گەڕناوەی ئەقڵانیەتە لە برامبەر غیابی ئەقڵانیەت.

گەڕانەوەی هاوزەمەنیە لەبەرامبەر لە میژووی ڕابووردوودا ژیان . گەڕنەوەی ئازادییە لەبەرامەبەر کۆیلەیەتی دین و وەهمی سەروئەقڵ دا . لەیەک واتادا ؛ دژەیەتی جەماوەر دژایەتی کۆی ئایدیا و فۆرم و فیگور و نموونەپیشکەسکراوەکانی رژێمە ، بۆ ژیان لەکۆی رەهەندەکانی ژیاندا لەکۆمەلگای ئێراندا . ڕەنگە ئەم ئاخێزە سست بێت. ڕەنگە هەناسیەک ڕاوەستێ . بەڵام کۆتای نایەت . دژایەتی کۆن و نوییە ،لە سەرپاکی ژیانی کۆمەلگادا. بۆیە دەڵیم؛ ئەم دژایەتیە دژایەتی هاوسازنییە. دژایەتیەکی ئانتاگۆنیستیەو ئاشتبوونەوە وسازانی ماحاڵێکی ئەقڵانی و لۆژیکیە . کۆمەڵگای ئێران لەدابڕان و نوێبوونەوەیەکی بنەماییدایە، چوونکە کۆمەڵگایەکی نویی و لاو وئەقڵانی و کراوە لەبەرامبەر نائەقڵانی و کۆنەخوازی و پیری دا وەستاوە .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌