زمانی کوردی لە کوردستانی خۆرهەڵات لە بەرەبەری لەناوچووندا

0
352
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

کوردستانی خۆرهەڵات هەمیشە شانازی بە خۆیەوە کردووە کە مەکۆیەکی بەرز و پاقژی پاراستنی زمانی کوردییە، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا لە ناوخۆ بەدیدەکرێ ئەوە ناسەلمێنێ.

ڕاستە کوردستانی خۆرهەڵات، نووسەری باش و لێهاتووی هەیە و ساڵانەش ژومارەیەکی بەرچاو و باش پەرتووکی کوردی چاپ و بڵاو دەکرێتەوە بەڵام کە لە ناخی ئەو باسە رادەچی دەبینی کە زمانی کوردی و زانینی زمانی کورد (تەنانەت لە ئاستی ئاخاوتنیشدا)، بۆتە زمانی توێژێک و لە بەرانبەردا بە شێوەی گشتی، زمانی کوردی لەو پەڕی خراپی و لە دۆخێکی نالەبار دایە و لە ڕیزەی ئەو زمانانە دایە کە خەریکە لە ناو دەچن.

لە ئێستادا لە بەشێکی زۆری کوردستانی خۆرهەڵات وەک “ماکۆ، سەڵماس، خۆی، بەشێک لە ورمێ، ئیلام و کرماشان و بەشێک لە سنە” زمانی کوردی دەکرێ بڵێین لە لێواری لەناوچووندایە و لە ناویش چووە. لە بەشێکی زۆر لە پارێزگای سنەیش وەها تێکەڵاوی فارسی بووە کە هەست دەکەی کەسێکی فارس کە فێری زمانی کوردی بووە، قسەت لەگەڵ دەکات لە بەشیکی تریش کە ناوچەی موکریان بێت، وشە فارسییەکان وەهایان خۆ خزاندۆتە ناو زمانی کوردییەوە و خەڵک وەها فارسێندراو دەئاخۆون کە دەکرێ بڵێی لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا، بە دەردی ئێستای ناوچەکانی تر دەچی.

بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستییە دەکرێ سەرنج بدەین بە دوو بابەت:

یەک: ئاخاوتنی ڕۆژانەی خەڵک کە لیپاولیپە لە وشەی عەرەبی، فارسی و ئینگلیسی بۆ نموونە هاووڵاتییەک وەها دەدوا “مەسائیلێکی موتەعەدید بوونی هەیە کە موتمەئیننەن لە ئایەندەدا دەتوانی موشکلاتێکی پیچیدە فەراهەم بکات”، یەکی تر دەیگوت “مەزموونی ئەشعاری نالی و مەفاهیمێک کە لە ناو شیعرەکانیدا وجوودی هەیە بە ڕادەیەک پیچیدەن کە دەرکیان سەختە”، یەکی تر دەڵێ “موشکلاتی ئیجتماعی لە نێوان هەمسەرەکان وای لێهاتووە کە مونجەر بە تەڵاق دەبێ تەنانەت موشکلاتی سادەش”.

ئەوانە چەند نموونەیەک بوون کە لە کاتی لیدوان و قسە کردن لەگەڵ کەسانێک کە تا ڕادەیەک خۆیان بە کوردیزان دەزانن، وەک نموونە هەڵمگرتوون.

دوو: وتووێژ لەگەڵ تی ڤی ـیەکانی کوردستانی باشوور: ئەو دیمانە و وتووێژانە دوو دەستەن:

یەک: هونەرمەندان و خەڵکانی ئاسایی کە زۆربەیان بە پێشکەشکارەکان دەڵێن “ببەخشە حاڵی نەبووم تیکراری بکەنەوە چون کوردییەکی ئێمە و ئێوە زۆر موتەفاویتی”.

دوو: نووسەران و ڕۆژنامەوانان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی و ڕیفۆرمخوازانی ناوخۆ کە ئەو گرووپە، ڕستە و قسەکانیان لیپاولیپە لە وشەی ئینگلیسی و ئاڵمانی و فەڕانسەوی و عەرەبی و …تاد و ئەگەر کەسێک تەنیا لە زمانی کوردی شارەزا بێ، بێ گومان نیواونیو لێیان تێناگا.

سەرەکیترین هۆکار:

بەکارهێنانی زمان، گرێدراوە بە “پیویستی پێهەبوون” واتا تۆ کاتێک زمانێک بە کار دێنی کە پێویستیت پێی هەبێ. ئایا لە کوردستانی خۆرهەڵات، چەندە پێوسیتی بە بەکارهێنانی زمانی کوردی هەیە؟ نووسینی نامەی فەرمی، خوێندن، کاروباری ئیداری و …تاد، هەمووی بە زمانێکی داگیرکەرە، خەڵکانێکی زۆریش کوردی نووسین نازانن کە واتە بۆ نووسینی نامە و کاری تاکەکەسیش، بە سانایی فارسی بەکاردەهێنن، ئەوەی وایکردووە کە هیچ پێویستییەکان بە زمانی کوردی نەبێ.

لەلایەکی تریشەوە، میدیا کوردییەکانی پارچەکانی تریش و بەتایبەتی کوردستانی باشووریش، هیچ گرنگییەکیان بە فێرکاریی زمانی کوردی نەداوە و تا ئێستا بەرزترین کاناڵەکانیش، هیچ گرنگییەکیان بەو باسە نەداوە و هەر لە ئاستی هەواڵ و زانیاریدا ماونەتەوە چون ئەوان بە شێوەی پارچەیەکی ئازاد کار دەکەن و زیاتریش بواری ئابووری لە ئارادایە نەک هەستی نەتەوەیی و …تاد.

ڕێگاچارە:

پێویستە ڕێگاگەلیک بدۆزرێتەوە کە بەکارهێنانی زمانی کوردی لە ناو خەڵکدا بکا بە پێویستی کە ئەوە لە زۆر ڕێگاوە وەک هاندانی ئەندامانی حیزبەکان و چالاکنی ناوخۆ بۆ ئەوەی کە خەڵک ناچار بکەن بە کوردی نامەیان بۆ بنووسن و نامە بنووسن و تەنانەت ڕێکخراوە مەدەنییەکان هان بدرێن لە کاروباری ئاسایی نێوان خۆیان و تەنانەت لە ڕاگەیێندراوەکانیشیاندا، زمانی کوردیش بەکار بهێنن و بیکەن بە دابێک.

حیزبەکان و چالاکانی مەدەنی و سیاسی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی لە تلێگرام، گرووپ و کاناڵگەلێک بۆ ئەو ئامانجە پێک بێنن و لە رێگای ورووژاندنی باس و بابەتی ناسیاسی، وەک بابەتگەلی کۆمەڵایەتی و دەروونناسی و ڕۆشنبیری، خەڵکانی ناو ژوور و گرووپەکان هان بدەن بە کوردی بنووسن و بدوێن.

ئەنجام:

لە ناو چوونی زمان وەک پێکهاتنی زمان، ڕەوتێکە، ڕەوتێک کە لە زەمەندا شکڵ دەگرێ، بەو رادەیە کە ڕەوتی لەناوچوون درێژمەوداتر بێ، رەوتی چاک کردنەوە و ساغ کردنەوەش درێژخایەنتر و دژوارتر دەبێ، هەروەک دەبیندرێ ئێستاش لە کوردستانی باشوور، وشە عەرەبییەکان نەک نەسڕدراونەتەوە، بەڵکوو خۆیان خزاندۆتە ناو میدیا و ڕاگەیاندنیشەوە کە ئەوەش وایکردووە تێگەیشتن لەوان، زۆر جار بۆ کوردانی پارچەکانی تر، ئەستەم ببێ و یانیش خەڵکانی پارچەکانی تریش فێری وشەگەلێکی وەک” تەبعەن، موستەقبەل، بەسیت، سەیارە، بەس، مەزبووت” و …تاد ببن کە مافیان بەسەر زمانی کوردییەوە نیە.

لە کوردستانیڕۆژهەڵات ئەگەر دۆخەکە بە شێوەی ئێستا بەردەوام بێ و بچتە پێش، لە داهاتوودا ناچار دەبین وەک دۆخی ئێستای کوردستانی باکوور، بە حیزب و تاکەوە ڕوو لە کاری فەرهەنگی بنێین و هەوڵ بدەین سەرەتا هێما نەتەوەییەکان و لە پێش هەموویانەوە، زمان ساغ بکەینەوە و خەڵک بکوردێنینەوە دواتر بیر لە فراوان کردنی هزری ئازادی بکەین.

مخابن بەشێکی زۆر لە نووسەران و بەتایبەت کەسانی دەرەوە کە خۆیان لە نووسین و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، زمانی کوردی بەکار دێنن و دەیزانن، وەک کەو سەریان لە ژێر بەفر ناوە و وادەزانن هەموو خەڵکی ناوخۆش ئاوایە کە بەداخەوە پێچەوانەیە.

شێوەی هەڵسووکەوتی کەسانی کوردیزان لە دەرەوە لەگەڵ کەسانی کوردینەزان لە ناوخۆ و سەرکۆنەکردنیان بە هۆی نەزانینی نووسین و ئاخاوتنی باشی زمانی کوردی لە جیاتی دەست گرتن ودنەدانیان، خۆی یەکێکە لە هۆکارەکانی رەواندنەوەی خەڵک لە فێر بوون لە جیاتی هاندانیان کە لە جیاتی هاندان بە سەرکۆنە و لاتاو و مەحکووم کردن، دەست پێدەکات و بە ناخۆشی و قسەی ڕەق کۆتایی پێدێت کە ئەوە هەمێشە ئەنجام و دەستکەوتی نەرێنی و بێزرانی خەڵکی لێدەکەوێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت