تاووتوێ کردنی پرسی کۆنگرەی ١٦ی حدکا و ئەنجامەکانی/وتووێژ لەگەڵ رەزا فەتحوڵانەژاد

0
966

هەرچەند کاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی١٦ـەهەمی حدکا تا ئێستاش ڕوون نیە، بەڵام یەکێک لە ڕووداوەکانی چەند مانگی داهاتووی کوردستانی خۆرهەڵات، پێدەچێ بەستنی ئەو کۆنگرەیە بێ، هۆکاری گرنگییەکەشی دەگەرێتەوە بۆ بەردەوام بوون یان نەبوونی خەباتی چەکداری و پرسی یەکگرتنەوە حدکا و حدک و چەند پرسێکی تر، بۆ شەن و کەوی ئەو بابەتە، وتووێژێکمان لەگەڵ رەزا فەتحوڵانەژاد، چالاکی سیاسی، ساز کردووە کە لێرەدا دەخرێتە بەر دیدەتان.

ڕۆژی کورد: گرینگی کۆنگرەی 16هەمی حدکا چۆن دەخوێننەوە؟

ڕەزا فەتحوڵانەژاد
ڕەزا فەتحوڵانەژاد

فەتحوڵانەژاد: بێگومان کۆنگرەی هەر حیزب و ڕێکخراوێک، گرنگیی خۆی هەیە، بەڵام گرنگییەکە بەپێی سێ بگۆڕی سەرەکی، جیاواز دەبێ کە بریتین لە سەنگ و پێگەی حیزب یان ڕێکخراوەکە لە ئاستی جیاجیادا، دووهەم : قۆناخی زەمەنی و سێهە:م هەڵکەوتەی جوغرافیایی بیاڤی چالاکیی حیزب یان ڕێکخراوەکە. یەکەمیان کە دیارە تا چەند حیزبێک سەنگ و پێگەی زیاتر بێت، ئەوەندەش جێی بایەخداپێدانی کۆمەڵگا و لایەنەکانی دیکەی یاریکەری نێو بیاڤی چالاکییەکەیەتی. لەمەڕ دووهەمیان کە قۆناخی زەمەنییە ،دەکرێ نموونەیەکی دەرهەست بهێنینەوە، جاری وایە ڕوودەدا حیزبێک بە وەدەستهێنانی تەنیا دوو سێ کۆرسیی پارلمانێک و بەرپێکهێنان لەگەڵ حیزبێک کە زۆرینەیە بەڵام زۆرینەی کۆرسییەکانی بەدەست نەهێناوە، ببێتە هۆی پێکهێنانی کابینەی دەوڵەتێک، واتە ئەوە قۆناخە زەمەنییەکەیە گرینگی بە بڕیاڕی ئەو حیزبە بچووکە بەخشیوە ئەگینا ڕەنگە لە داهاتوودا هیچکات هەلی بەو جۆرەی بۆ نەڕەخسێتەوە. نموونەیەکی بەرچاویش بۆ بگۆڕی سێهەمیان’ ئەوەیە کە کۆنگرەی حیزبێک لە بریتانیا یان ئاڵمان گرینگترە لە هی حیزبێک لە مەغولستان، جا با بە ژمارە چەند بەرابەریان بێت.

کەواتە بەم پێشەکییەوە دەتوانین باشتر ئاستی گرنگایەتییی کۆنگرەی شانزدەهەمی حدکا هەڵسەنگێنین. لەمەڕ سەنگ و پێگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، تەنیا ئاماژە بە چەند خاڵ دەکەم. ئەم حیزبە لە ڕوژهەڵاتی کوردستاندا بە مەودایەکی زۆرەوە لەگەڵ سەرەکیترین ڕکەبەرەکانی لە ئاستی یەکەمدایە، چۆن؟ با لە ڕابردوو بگەڕێین کە چۆن هات و چۆن چوو و قسە لە ئێستا بکەین کە ئەم کۆنگرەی تێدا دەگیرێت’، لە ئێستادا بەپێی ڕووداوەکانی زیاتر لە یەک دەیەی ڕابردوو’’، هەر لە ناڕەزایەتییەکانی هاوینی 84 ڕا بگرە تا مانگرتنە ساڵ لە دوای ساڵەکانی  22ـی پووشپەڕ’، تا ژمارەی ئەو چالاکە سیاسییانەی پاش ئاشکرابوونیان ڕوویان لەم حیزبە کردووە، تا ژمارەی ئەو زیندانییە سیاسییانەی بە تاوانی هاوکاریکردن لەگەڵ حدکا بەند کراون و تا هاتنەسەر شەقامی خەڵکی هەندێ لە شارەکان بۆ دەربڕینی پشتیوانی لە پەیامی ڕاسانی ڕوژهەڵا،ت سەرجەمیان فاکتگەلێکن بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە. کە دێیتە سەر ژمارەی پێشمەرگەی ئامادە، دەبینی لە بەراورد لەگەڵ باقی حیزبەکاندا، نەتەنیا لە ژمارەدا بەرچاوترە، بەڵکوو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات هەر لە ماکۆوە تا کرماشانیان تێدایە، ڕەنگاوڕەنگییەک کە لە ڕێبەرایەتییەکەشیدا ڕەنگی داوەتەوە، ڕەنگاوڕەنگییەک کە ڕەنگە تەنیا لە نێو پژاکدا بتوانی هاوشێوەکەی بدۆزیتەوە. لە بواری بڕواپێکراویی نێونەتەوەییشدا هەر ئەوەندە بەسە بڵێین یەکەم: حیزبی دێموکرات نوێنەری کوردی ڕوژهەڵاتە لە ڕێکخراوی نەتەوە بێ نوێنەرەکانی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دووهەم: ئەم حیزبە ئامادە نەبوو خۆی لە چوارچێوەی ئینتێرناسیۆنال سۆسیالیستێکی ناچالاکدا ببەستێتەوە و لەگەڵ چەندین حیزبی پێشکەوتنخواز و خاوەن پێگە، ئالیانسی پێشکەوتوویان دامەزراند. هەر ڕووداوەکانی یەک ساڵی ڕابردوو و دەنگدانەوەی بێوێنەی ڕاسانی ڕوژهەڵات و پەرچەکردارە جۆراوجۆرەکانی بەرامبەری، بۆ خۆی پاڵپشتییەکی بەهێزە بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییە، کەواتە بلەمەڕبگۆڕی یەکەم  دەتوانین بڵێین گرنگیی کۆنگرەی حیزبی دێمۆکرات زۆر لەسەرەوەیە.

لەمەڕ بگۆڕی دووهەم، ڕووداوەکانی ناوچە بەگشتی و دەسپێکردنی قۆناخێکی نوێی بەرگریی چەکدارانە بە ناوی ڕاسان لە لایەن ئەم حیزبەوە بەتایبەتی، گرنگییەکی تایبەتییان بە کۆنگرەکە بەخشیوە. لەمەڕ بگۆڕی سێهەمیش کە پڕ ڕوونە حیزبێک بیاڤی چالاکییەکەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لەو ناوچەشدا لە ئێران بێت و خاوەنداری پرسی نەتەوەیی حەشیمەتێکی دە میلیۆنیی نیشتەجێ لە جوغرافیایەکی هاوسنووری تورکیە و عێراق بکات، بێگومان لەم ڕوویەشەوە کۆنگرەکە گرنگیی زۆر تایبەتی دەبێ. هەر بۆیە نەتەنیا خەڵکی کورد لە ڕوژهەڵاتی کوردستان، بەڵکوو دەکرێ بڵێین زۆر هێزی کوردستانی بەشەکانی تر، هێزە ئێرانییەکان و هێزە ناوچەییەکان بە گرنگیدانێکی تایبەتەوە دەڕواننە ئەو کۆنگرەیە و دیاریشە کۆماری ئیسلامی بە حەساسییەتێکی تایبەتەوە لێی دەڕوانێت.

هەروەها ئەم کۆنگرەیە کۆمەڵێک پرسی چارەنووسسازی لەبەردەمدایە وەک تاوتوێ کردنی ڕەهەندە جۆراوجۆرەکانی خەباتی نوێی ڕۆژهەڵات لەم هەلومەرجە هەستیارە زەمەنییەدا، پرسی پێکهێنانی کۆدەنگی لە نێوان هێزەکانی ڕۆژهەڵاتدا، پرسی کۆدەنگی لە نێو هێزەکانی هەر چوار بەشی کوردستان، گرێدانی هەرچی پتری خەباتی شاخ و شار لە ڕۆژهەڵات یان باشترە بڵێن هەرچی پتر بە کردەوە دەرهێنانی ئەو ئامانجە و هتد.

ڕۆژی کورد: وەک ئاماژەتان پێدا، کۆمەڵێک پرسی چارەنووسساز لە بەردەم ئەم کۆنگرەیەدایە، ئایا گۆڕانکارییەکان لەو کۆنگرەیەدا هەتا چ ڕادەیەک لە ڕاستای چالاکتربوونەوەی خەباتی کوردستانی ڕۆژهەڵات تیۆریزە دەکرێنەوە؟

فەتحوڵانەژاد: بە باشی ئاماژەتان پێکردووە، چالاکتربوونەوە نەک چالاکبوون، ئەمە بۆ خۆی بەرچاوڕوونییەکی باشە بۆ وڵامی پرسیارەکە. لە چەند کۆنگرەی ڕابردوودا، زیاتر دەگوترا چالاکبوون و هاتنەوە نێو هاوکێشە ناوچەییەکان و لەم کۆنگرەدا هەمووان قەبووڵیانە حدکا چالاک بووەتەوە و گەڕاوەتەوە نێو هاوکێشەکانەوە. کەواتە باشترین کارێک کە ئەو کۆنگرەیە لە دەستی دێت بیکات، سەرەتا پێداگرییە لەسەر ئەو سیاسەتانەی کە حدکا و بەگشتی ڕوژهەڵاتی کوردستانی گەڕاندەوە نێو هاوکێشەکان و دواتر داڕشتنی بەرنامەی گونجاوتر و تۆکمەترە بۆ پەرەپێدان و نزیککردنەوەی لە سەرکەوتن. بۆ ئەو مەبەستە، ئەو کۆنگرەیە بەرنامەکانی چالاکتربوونەوەی لە تیۆریدا لە دەوری دوو پرسی زانستی دەسووڕێتەوە، دیارە کە دەڵێین پرس، ئیدی بۆ خۆی زانستییەکەشی لەگەڵ دێت. ئێوە باش دەزانن لە زانستی سیاسییدا، گریمانە لە ڕەوتی تاقیکاری و هەڵەدا دەبێتە گریمانەیەکی زانستی، جا چ ئەو “تاقیکاری و هەڵەـیە ” لە ڕەوتێکی مێژوویی و لە نێو کۆمەڵگا داکرابێت، چ لە نێو تاقیگەی تایبەت بەم بوارەدا. ئەگەر سەرنجمان دابێ ڕێبەرایەتیی حدکا و بەتایبەت خودی کاک مستەفا هیجری لە ڕەوتی سەلماندنی لێڕوانینێکی تایبەتدا، زۆر لە ڕستەگەلێک کەڵک وەردەگرن وەک  “بەپێی ئەزموونی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی”، “بەپێی ئەزموونمان لە وتووێژ لەگەڵ ڕژیم”، “بەپێی ئەزموونمان لە بیست ساڵی ڕابردوو” و هتد. دوو قەزییەکە، یەکیان هەرچی زیاتر کارکردنە بۆ بەقەناعەتگەیاندن و کۆکردنەوەی هێز و خەڵکی زیاتر لە دەوری دروشمی ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و ئەوی دیکەیان بەقەناعەتگەیاندن و کۆکردنەوەی هێز و خەڵکی زیاترە لە دەوری خەبات یان بەرگری چەکدارانە. با تەوزیحێک لەسەر بەرگری چەکدارانە بدەم، بە بۆچوونم ئەگەر ڕۆژێک هێزێکی پێشمەرگە پایگایەکی ڕژیم لە کوردستان بگرێت، دیسان هەر دەکرێ پێی بگوترێ بەرگری، چونکە ئەوە کۆماری ئیسلامییە کە هێرشبەر و داگیرکەری کوردستانە. بۆ یەکەمیان حدکا بێگومان بەرنامەی دەبێ لە ئاستی جۆراوجۆری نێونەتەوەیی و ناوچەییدا کار بۆ جێ خستنی زیاتری ئامانجی ڕووحاندنی ڕژیم نەک خولانەوە لە نێو بازنەی چاکسازیی حکوومەتیدا بکات و چالاکتر دەربکەوێ، لە پێناو پێکهێنانی هاوپەیمانی یان لانیکەم کۆدەنگی هێزەکانی ڕۆژهەڵات و هێزەکانی نەتەوە بندەستەکانی ئێران و تەنانەت هەندێ لە هێزە سەرتاسەرییەکان تێبکۆشێ و ڕاسان چالاکتر و بەگوڕو بەبڕشتر بکات. بۆ دووهەمیشیان پێموایە کارەکەی ئاسانترە کە بەشی زۆری دەکەوێتە ئەستۆی خۆی.

ڕۆژی کورد: بابەتی بەرگری یچەکدارانە وێدەچێ باسێکی گەرمی ئەو کۆنگرەیە بێ . ئایا حدکا ئەو سیاسەتەی کە لە ژێر بیرۆکەی  “ڕاسانـدا ڕێبەری دەکا، لەو کۆنگرەیەدا چۆنی شی دەکاتەوە؟

فەتحوڵانەژاد: پێموایە وڵامی ئەم پرسیارە بەپێی پرسیار و وڵامەکانی پێشوو، تا ڕادەیەکی زۆر ڕوونە. سەرەتا بە وەرچەرخانێکی مێژوویی و ئەرێنی هەڵیدەسەنگێنێ، لە پێناو دیتنەوەی زیاتری خاڵە لاواز و بەهێزەکانی هەنگاو هەڵدەگرێتەوە و بە بەرنامەیەکی بەهێزتر و وردتر بۆ ڕاسان کۆتایی بە کۆنگرە دێنێت. هیچ نەبێ لە یەک ساڵی ڕابردوودا هەڵوێستی زۆر لە لایەنە کوردستانی، ئێرانی و ناوچەییەکان دەرکەوت. بۆ نموونە سەردەمانێک زۆر هەوڵ دەدرا خەباتی چەکداری بە کارێکی توندڕەوانە و دژە نۆرمی سەردەم لە قەڵەم بدرێت تەنانەت ئەگەر دژی ڕێژیمێکی سەرەڕۆ و دیکتاتۆری وەک کۆماری ئیسلامیش بوایە، ئەمە وای کردبوو ئەو ترسە پێک بێنێت کە ئەگەرچی خەباتی چەکداری ڕەنگە یەکێک لە شێوە هەرەکاریگەرەکان بێت بۆ خەبات دژی ڕژیمێکی سەرەڕۆ بەتایبەت لە ڕاکێشانی سەرنجی جیهانیاندا کاریگەری زیاترە، بەڵام ڕەنگە زۆر مەقبوول نەبێت و وڵاتە پێشکەوتووەکان پەرچەکرداریان نەرێنی بێت، بەڵام بینیمان ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەسەر ئێران بڵاو کردەوە کە بەشێکی شایانی سەرنجی تەرخان کردبوو بۆ ڕووداوەکانی کوردستان کە خەڵک بە ڕاسانی دەناسن، لەوێدا بە هیچ شێوەیەک ئاماژە بەوە نەکراوە کە پێویستە کوردەکان سەرەڕای ئەوەی لێیان لەسێدارە دەدرێ، دەست بۆ چەک نەبەن و بگرە لە ڕاپۆرتەکەدا زیاتر کۆماری ئیسلامی خراوەتە ژێر ڕەخنەی توندەوە کە نابێ ئەم بەرگرییە چەکدارییە بکاتە بیانوویەک بۆ پێشێلکردنی پتری مافی مرۆڤـ لە کوردستاندا. ئەم ئەزموونە و دەیان ئەزموونی دیکە کە هەمووان شاهیدیان بوون لەگەڵ ئەزموونگەلێک کە ڕەنگە نهێنی بن و ئێمە ئاگامان لێیان نەبێت، ئێستا لە بەردەم ئەم کۆنگرەدان.

ڕۆژی کورد: بە بڕوای ئێوە، کۆنگرەی 16هەمی حیزبی دێمۆکرات لەسەر وەسەریەکخستنەوەی خەباتی هێز و لایەنەکانی دیکەی کوردستانی ڕۆژهەڵات بڕیارێکی عەمەلی دەدا؟

فەتحوڵانەژاد: ئەگەر مەبەست لە بڕیاری کردەیی ئەوە بێت کە ئامادە بێت بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەهێز کە سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت سەرەکییەکانی لەخۆ بگرێ، ئەوە ئێستا ئەو بڕیارەی هەیە بەڵام لە لایەکەوە تەنیا بە ئامادەبوونی حیزبی دێموکرات بەرە پێک نایەت و پێویستە لایەنەکانی تریش ئەو ئامادەگیەیان هەبێ و لە لایەکی ترەوە خودی حیزبی دێموکرات ئامادە نیە لەگەڵ حدک بچێتە بەرەیەکەوە و دەڵێ ناوەکەمان وەک یەکە و ئەوە بە شتێکی نەگونجاو دەزانێ. بۆیە پێموایە لەو بارەوە ناتوانین چاوەڕوانی موعجیزەیەک بکەین کە لە کۆنگرە بە بەرنامەیەکی وا لە پێوەندی لەگەڵ پێکهێنانی بەرە بێتە دەرەوە کە هەموو لایەک پێی ڕازی بن.

ڕۆژی کورد: بابەتی یەکگرتنەوەی حدک و حدکا لە کۆنگرەی 16دا مەوزووعییەتی دەبێ؟

فەتحوڵانەژاد: بێگومان مەوزووعییەتی دەبێ، کاتێک لە کۆنگرەکانی پێشوودا هاتووەتە بەرباس، مەعقووڵ نیە لەم کۆنگرەدا بەو حەساسییەتەوە، بەو بەرنامانەی کە بۆ ڕاسانی دەبێ، بەو هەوڵانەی کە بە پێویستی دەزانێ بۆ پێکهێنانی کۆدەنگی و تەنانەت پێکهێنانی بەرە بیخاتە ڕوو و کاریان پێ بکات، بەو بەرنامەی کە دەیبێ بۆ دیپلۆماسی و زۆر خاڵی بنەڕەتیی دیکە، ئەم بابەتە مەوزووعییەتی نەبێ. دەکرێ پرسیار لەوە بکەین داخوا بڕیارێک دەدرێت کە چارەسەری کێشەکەی لێ بکەوێتەوە، ببوورن بۆیە دەڵێم کێشە چون لە ڕاستیدا وەکوو کاری ڕێکخراوەیی هیچیان لەسەر ئەوی تر پەکی نەکەوتووە، بەڵکوو شتەیەکە زیاتر باسی هەستەکی هەیە و گرێپووچکەیەک دروست کراوە. تا ئێستا لەبەر ئەوەی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات باوەڕیان بە “تاقیکاری و هەڵە” هەیە لە لایەن حدکەوە بە قەناعەت نەگەیشتوون کە یەکگرتنەوەی ئەمجارەیش دیسان ئینشێعابی لێ ناکەوێتەوە و بۆ خۆیشیان نەیانتوانیوە بەرنامەیەک بخەنە ڕوو هەر دوولا قەبووڵیان بێت، لە بەرامبەردا حدک نەیانتوانیوە لە ژێر باری ئێحساسات بێتەدەر و ئەندامانی ڕازی بکات بەدوای ڕێگەچارەی دیکەدا بگەڕێن. سەرەڕای هەموو ئەمانە پێموایە لەم خاڵەدا دەکرێ لە لایەن حدکاوە چاوەڕوانی موعجیزە بین، وەک چۆن پاش زیاتر لە بیست ساڵ دابەزین لە شاخ، حدکا بڕیاری گەڕانەوەی بۆ سەر سنوورەکان دا و بەرامبەر پەکەکە ڕاوەستا و شەهیدی دا بەڵام ئامادە نەبوو پاشەکشە بکات و کارەکە بە جۆرێک موعجیزە بوو، وەک چۆن پاش بیست ساڵ نەناردنەوەی هێزی پێشمەرگە لەو ئاستەدا کە دەنگدانەوەی جیهانی بەدواوە بێت، بڕیاڕی ڕاسانی دا و وەک موعجیزەیەک بوو، هەر بەو جۆرەش دەتوانین چاوەڕوانی موعجیزەیەک بکەین لە لایەنی حدکاوە، جا تا چەند حدکیش دەبێتە لایەنی دیکەی موعجیزەخولقێن و بتوانین سەرەنجامێکی باش و جێی پەسند بۆ هەر دوو لا وێنا بکەین، داهاتوو دەریدەخات، ئەو سەرەنجامە یان یەکگرتنەوە دەبێت، یان بە فەرمی ناسینی حدک لە لایەن حدکاوە دەبێ یان حدکا ئیمتیاز بە حدک دەدا کە پاشگر یان پێشگرێک بۆ وشەی دێمۆکراتەکە لە ناوەکەیاندا دابنێن.

ڕۆژی کورد: ئەگەر بابەتێک سەبارەت بەو مژارە هەیە دەتانهەوێ لەگەڵ خوێنەرانی ماڵپەڕی ڕوژی کورد باسی بکەن تکایە فەرموون.

فەتحوڵانەژاد: تکا دەکەم، سپاسی تایبەتی “ڕۆژی کورد” دەکەم کە ماڵپەڕێکی زۆر چالاکە و پرسۆنێلەکەی ماندوونەناسانە و بە شێوەیەک پڕوفیشناڵ خزمەت بە کورد و کوردستان دەکەن.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت