بانگەوازی چالاکانی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ نوێ کردنەوەی پەیمان لەگەڵ پێشەوا

0
928

بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنەی ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا و هاوڕێیانی، ڕاگەیندراوەیەک بڵاو دەکەنەوە.

ڕۆژی کورد: بەشێک لە چالاکانی مەدەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبۆنە ساڵڕۆژی لە سێدارەدانی پێشەوا قازی مەحەممەد و هاوڕێیانی ڕاگەیندراوێکیان بڵاو کردەوە و داوا لە خەڵکی شۆڕشگێڕی کوردستان دەکەن بە مەبەستی پەیمان نوێ کردنەوە لەگەڵ ڕێبازی پێشەوای نەمر و هاوڕێیانی ڕۆژی پێنج شەممە 9ی خاکەلێوە کاتژمێر 4ی ئێوەرە بە کاتی ڕۆژهەڵات لە شاری مەهاباد و لە سەر مەزاری پیرۆزیان کۆببنەوە.
ئەو چالاکانە بە هەمان مەبەست لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا کەمپەینێکیان لە ژێر ناوی ” کوردستان پەیمان نوێ دەکاتەوە ” لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەڕێ خستووە کە ئەندامانی کەمپەینە بە هاشتاگی کوردستان پەیمان نوێ دەکاتە وێنەکانی پێشەوا و هاوڕێیانی لەگەڵ بابەت و نووسراوەیەکدا بڵاو دەکەنەوە.
دەقی ڕاگەیندراوەکە بەم شێوەی خوارەوەیە

ڕاگەیەندراوی بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی کوردستانی ڕۆژهەڵات

خوشک و برایانی خۆشەویست!

مێژووی نەتەوەی کورد، لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لێوڕێژە لە گیانفدایی و پڕە لە خۆنەویستی بۆ بەگژاچوونەوەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی پەهلەوی لە کوردستان و بێگومان ئێستاکەش کە مێژووی جەنایەت و سەرکوتی بێبەزەییانەی حکومەتی لەناوچووی پەهلەوی دەخوێنینەوە، چاومان بە ئێعدام کردن و بێ‌سەروشوێن کردنی زۆرێک لە ئازادیخوازانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی ئێران دەکەوێ کە چڵەپۆپەی ئەو جەنایەتانە لە کوردستان، ئێعدام کردنی پێشەوای مەزنی کوردان، پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی لە دەی خاکەلێوەی ۱۳۲۶ی هەتاوی، لە مەیدانی چوارچرای مەهابادە، جەنایەتێک کە هیچکات لە بیر و زەینی نیشتمانپەروەران و ئازادیخوازانی کورد ناچێتەوە.

ئێمە بەشێك لە چالاکانی مەدەنی کوردستانی ئێران بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی هەرمانی پێشەوا و سەرۆک کۆماری کوردستان، نەمر قازی محەممەد، رۆژی پێنج شەممە، رێکەوتی 9ی، خاکەلێوە ساڵڕۆژی لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد و هاوڕێیانی بەدەستی دەسەڵاتدارانی حکومەتی پەهلەوی، لەسەر گڵکۆی ئەو نەمرانە کۆدەبینەوە.

کات: رۆژی پێنجشەممە 9ی، خاکەڵێوە
کاتژمێر 4ی، دوانیوەرۆ
شوێن: گڵکۆی پیرۆزی پێشەوا قازی محەممەد

چاوەڕوانی هاتنی ئێوەین

بەشێک لە چالاکانی مەدەنیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.