عیرفان ڕەهنموون: لە بنەڕەتدا، پرسی هەڵبژاردن پەیوەندی بە نەتەوەی کوردەوە نیە تا بابەتی بەشداریکردن بێتە گۆڕێ

0
1131

ڕۆژی کورد: عیرفان ڕەهنموون، چاوەدێری سیاسیی کورد، لە دیمانەیەک لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد لەمەڕ بایکۆت کردنی هەڵبژاردنەکانی ئەو خولەی سەرۆک کۆمار و شۆڕای شار و گوندەکان، بە شێوەیکی جیاواز لەم بابەتە دەڕوانێ و لای وایە، کورد پرسێکی نیشتمانی هەیە بە ناوی سەربەخۆیی و هەر بەو پێیەش ناتوانی وەک تاکتیکیش کەڵک لە هەڵبژاردنەکان وەرگرێت و دەشڵێ جێگای دڵخۆشییە کە هەندێک حیزب کە پێشتر لە خەیاڵاتی ڕیفۆرمخوازی دابوون، ئێستا دوای ٤ دەیە، کۆماری ئیسلامییان بە تەواوی ناسیوە و هەوڵی ڕووخانی دەدەن. ئەو وتووێژە لە خوارەوە دەخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: بە پێناسەیەک لە سیستەمی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەڵبژاردن لەو سیستەمەدا دەکرێ چۆن چاوی لێبکرێت؟ ئایا دەتوانین بڵێین لەو سیستەمەدا هەڵبژاردن بۆ هەڵبژاردنەو ئەنجامەکان ئە وئەنجامانەن کە خەڵک دەنگی پێداون یان نا ڕەوت و ئاسۆیەکی تری لەبەرە؟

 ڕەهنموون: پێش وەڵامدانەوە بەو پرسیارە، پێویستە بزانین کە سیستیمی سیاسیی ڕژیمی ئێران چ سیستمێکە و لەنێو کاتاگۆریی چ سیستمێکی سیاسی دا پۆلین دەکرێ. بەڕای من سیستمی زاڵ بەسەر ئێراندا، سیستمی “ ئۆلیگاریشیی ئاخوندییە، ” واتە تەنیا سیستمی توێژێکی کۆمەڵایەتییە کە تەنیا پارێزگاری لە دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانی ئەو توێژە کۆمەڵایەتییە دەکات. هەر بۆیە ئەو سیستمە نە کۆمارییە و نە دیموکراتیک تا پرسێک بە ناوی “ هەڵبژاردن “ مانا پەیدا بکات. هەربۆیە پرسی هەڵبژاردن لەو سیستمەدا، چ نیە جگە لە بەفیڕۆدان. لە سیستمی دیموکراتیک دا، هاووڵاتییەکان هەم مافی “هەڵبژاردنیان هەیە و هەم مافی هەڵبژێران“، بەڵام لە سیستمی ئۆلیگاریشیی ئاخوندیدا، هاووڵاتی تەنیا ئامرازی “دەنگدان “ و “ڕەوایەتیدانە“ بەو ئۆلیگاریشییە و هیچی دی. هەرچەند ئەو ڕژیمە هەمیشە بۆ خۆڵ لەچاوکردنی خەڵکی ئێران، جۆرێک لە کێبەرکێی درۆینە ساز دەکات بۆ ئەوەی پرۆسەکە، وەک پرۆسەیەکی نیمچە دیموکراتیک، بێتە بەرچاو. بەو هۆیەوە کە هیچ ناوەندێکی نێونەتەوەیی چاوەدێریی ئەو بەناو هەڵبژاردنانە ناکات، هیچ بەڵگەیەک لەدەستدا نابێ کە ئەو کەسانەی کە لەهەڵبژاردنەکەدا، سەردەکەون، ئەوکەسانە بن کە زۆرینەی بەشداربوان، دەنگیان پێیان داوە.

ڕۆژی کورد: بەشێک لە ڕیفۆرمخواز و هەروەها چالاکانی سیاسیی کورد کە ڕێژەشیان زۆر نیە دەڵێن دەبێ کورد پرۆسەی هەڵبژاردن بە قازانجی خۆی بەکار بهێنێت، دژبەرانیش دەڵێن ئەو گریمانەیە لەلایەن حیشمەتوڵا تەبەرزەدیشەوە هاتە ئاراوە و ئەنجامی نەبوو و لە ئەنجامدا تەنیا تەندووری هەڵبژاردن بۆ ڕژیم گەرم دەکات، ئێوە بە گشتی لاتان وایە، تەحریم دەتوانێ دەردێک دەرمان بکات؟

ڕەهنموون: پێش ئەوەی کە بێینە سەر باسی تەحریم کردن یان نەکردن، دەبێ بزانین کە “ئێمە کێین؟ “ و چ پێناسەیەکمان لە خۆمان هەیە. ئەو پێناسەیەیە کە دیاری دەکات کە بەشداری دروستە یان بایکۆت کردن. من پێموایە کورد نەتەوەیەکی سەربەخۆیە و” ئێرانی “ نیە و لەوەش بەولاوەتر لە بنەڕەتدا ئێمە نەتەوەیەکمان بە ناوی نەتەوەی “ئێران“ نیە. کورد نەتەوەیەکی بندەست و نیشتیمان داگیرکراوە و ئەرکی سەرەکیی ئێمەی کورد ئەوەیە کە نیشتیمانەکەمان لەژێر بندەستیی “فاشیزمی فارس“ ڕزگار بکەین. هەر بۆیە لە بنەڕەتدا هەڵبژاردنی ڕژیمی “ئۆلیگاریشی ئاخوندی“ کە نوێنەرایەتی “فاشیزمی مەزهەبیی نەتەوەی سەردەستی فارس“ دەکات، هیچ پەیوەندییەکی بە نەتەوەی کوردەوە نیە. وەک لە زانستی لۆژیک دا باسدەکرێ، ئەو پرسە “سالبە بە انتفای موضوع “ـە، واتە لە بنەڕەتدا، پرسی هەڵبژاردن پەیوەندیی بە نەتەوەی کوردەوە نیە تا بابەتی بەشداریکردن بێتە گۆڕێ. لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە کە ئایا ناکرێ وەک تاکتیک کەڵک لەو دەرفەتە وەربگیرێت؟ وەڵامی من بە دوو هۆ بۆ ئەو پرسیارە “نا“ یە. یەکەم، لەبەر ئەوەی ستراتیژی و تاکیک دەبێ پێکناکۆک نەبن و تاکتیک لە خزمەتی ستراتیژی دا بێ. ستراتیژیی بزاڤی کورد، ڕزگاریی نیشتیمانییە و تاکتیکی بەشداری لە هەڵبژاردن دا، ڕەتکردنەوەی ستراتیژییەکەیە. دووهەم ؛ ئەو تاکتیکە، تاکتیکێکی نەزۆکە و چەندە دەیەیە کەڵکی لێوەردەگیرێ و هیچ دەسکەوتێکی نەبوە و نابێت. وەها تاکتیکێک تەنیا لە ڕژێمی “نیمچە دیموکراتیک“ دا، دەتوانێ دەسکەوتی هەبێ. لەکاتێکدا کە ڕژیمی ئێران، ڕژیمێکی دیکتاتۆری و ئۆلیگاریشییەو و تەنانەت یەک تاکە ڕێسای دیموکراتیکی تێدا بەدی ناکرێ.

ڕۆژی کورد: پێدەچێت حیزبە کوردییەکان ئێستا لەسەر تەحریم زۆر هاودەنگ بن، لاتان وایە کاریگەرییەکانی چۆن دەبێت و بە گشتی ئایا تەحریم دەتوانێ دەنگی ناڕەزایەتیی کورد و نەتەوە بندەستەکانی تری ناو ئێران بە گوێی جیهان بگەیێنێ؟

ڕەهنموون: ئەوەی کە لەم خولەی هەڵبژاردنی سەرکۆماری و شووراکان دا، حیزبە کوردییە بەرهەڵستکارەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، یەکدەنگ و بەتێکڕا، ئەو شانۆسازییەی ڕژیمی ئاخوندیی ئێرانیان بایکۆت کردوە، جێگای خۆشحاڵییەو لێکەوتەی سیاسیی خۆی هەیە و بۆ ڕای جیهان ئاشکرای دەکات کە نەتەوەی کورد و پارتە سیاسییەکانی، سیستمی ئێران بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە و بە نادیموکراتیک و سەرەڕۆی دەزانن. بەڵام لەبەر ئەوەی کە لە ئێراندا هیچ چاوەدێرییەکی بێلایەن و نێونەتەوەیی، چاوەدێری بەسەر ئەو بەناو هەڵبژاردنانەدا ناکات و ئامارێک کە ڕژیمی ئاخوندی لەسەر ڕادەی باشداریکردن و بەشدارینەکردن، ڕایدەگەیەنێ، جێگای متمانە نیە و لەو ڕوەوە ناتوانێ نیشاندەری هیچ کردار و پەرچەکردارێکی سیاسی بێت. بەڵام ئەوەی کە لەم خولەدا، هەندێ لە پارتە کوردییەکان، لە “تەوەهوومی“ ئەگەری ڕیفۆرم لە ڕژیمی سەرەڕۆی ئێران هاتوونە دەرێ و پاش نزیکەی چوار دەیە، کۆماری ئیسلامییان ناسیوە، بە دیاردەیەکی ئەرێنیی دەبینم و هیوادارم کە بزاڤی کورد لە ئێستا بەدواوە، پێناسەیەکی دروستی لە بزاڤی کورد و ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانی خۆی هەبێ و نەبێتە پاشکۆی گوتاری “ فاشیزمی فارس “.

فاشیزمی فارسیش وەک ئێمەی کورد، دەزانن لە چوارچێوەی ڕژیمی ئێستای ئێراندا، هیچ ڕیفۆرمێک پێک نایە، بەڵام بە چەپ و ڕاستەوە بەو ئاکامە گەیشتوون کە لە ئەگەری ڕووخانی ڕژیمی ئاخوندی دا، ئیدی ئێران پارچەپارچە دەبێ و نەتەوە بندەستەکان بە مافەکانی خۆیان دەگەن. ئەوە ڕازی هاوئاهەنگیی فاشیزمی فارسە بە چەپ و ڕاست و گشت باڵ و لاباڵەکانیەوە. هەر بۆیە کورد نابێ بکەوێتە داوی گوتاری “پاراستنی یەکپارچەیی خاکی ئێران بە هەر نرخێکەوە“ و ئەوەی کە دەبێ بۆ کورد گرنگ بێت، خەبات بۆ تێپەڕاندنی قۆناخی ڕزگاریی نیشتیمانییە و ئەو پرسە، پرسی جوداکردنەوەی گوتار و ستراتیژیی و تاکتیکی ئێمەی کوردە لە فاشیزمی ڕاست وچەپ و مەزهەبیی نەتەوەی سەردەستی فارس

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت