دونیای مەجازی بۆ خەڵک خێر و بەرەکەت و بۆ کورد خۆرەیەکی گورچووبڕە

0
42

کورد، تاکی سیاسی زۆرە، دەکرێ بێژین کۆمەڵگای کوردی بە گشتی سیاسییە بەڵام، کورد چالاکی سیاسی کەمە، ڕاستە بۆی هەیە هەر تاکێکی کورد خۆی بە چالاکی سیاسی بناسێنێ و بەو ناونیشانەش لە ژێر زۆر تۆمار و نووسراوە واژۆ بکات بەڵام ئەوەی لە جیهانی واقعدا دەیبینین، ڕێژەی چالاکانی ڕاستەقینەی کوردی ڕۆهەڵات لە هەندەران، لەوانەیە لە قامکەکانی دەست و پلی مرۆڤ تێبەپەڕ نەبن.

جیاوازیی تاکی سیاسی و چالاکی سیاسی لەوەدایە کە کورد کێشەی سیاسی هەیە و بەو هۆیەش زۆر جار ڕاو دەنرێ، قاچاغ دەبێ یانیش کەڵکاژۆی لێوەردەگرێ بۆ هاتن بۆ هەندەران بەڵام چالاکی سیاسی کەسێکە کە خەریکی هەڵسووڕاویی سیاسی و تێکۆشان و چالاکی لەو بارەوەیە جا هەر کەس لە شوێنێک و بە شێوەیەک. بەو پێناسە کورت و ساکارە، نووسەرانی پۆست و بابەتە بەردەوامە فەیسبووکییەکان کە لە سەردەمی بێکاری، وەڕەزی یان بۆ کۆکردنەوەی کۆمێنت و لایک و خۆدەرخستن، شتێک دەنووسن، نەک وەک چالاکی سیاسی ئەژمار ناکرێن بەڵکوو بە جۆرێک ئانتی چالاکیی سیاسیشن و زۆربەی ئاژاوە، دووبەرەکی و لالووتی و لێک ترازان و یەکنەگرتنەوەی حیزبەکانیش دەگەڕێتەوە بۆ ئاوازی ناشازی ئەو خێڵە زەوەندە، هەرچەندیش ڕێژەی پۆست و بابەتەکانی ڕۆژانە و شەوانەی ئەو کەسانە زیاتر بێت، ئەوا تاوانبارترن.

شەریعەتی لەمەڕ کۆمەڵگای جیهانی سێیەم دەڵێ، کێشەی کۆمەڵگای جیهانی سێیەم ئەوەیە کە هەر هەمووی ڕەخنەگرە، کەس نیە پێشنیار بدات یان چاکسازی بکات. کۆمەڵگای کوردی ڕۆژهەڵاتیش ڕێک لەو دۆخە دایە و بەپێچەوانەی میسر و تونێس کە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان شۆڕشی جەماوەرییان لێکەوتەوە، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لێک ترازان و لێک هەڵبەزینەوەی لێکەوتۆتەوە. هەڵبەت بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی نزیک بە هەموی ئەو کەسانە لە حیزبەکان نزیکن یان ئەندامیانن، دەکرێ هەودایەکی تاوانەکە بگەڕێنینەوە سەر حیزبەکان کە تا ئێستاش نەیانتوانیوە بە شێوەیەک و میکانیزمێک، ئەو دۆخە چارەسەر بکەن و هەندێ جاریش کە بەشی سایبێری لە هەندێ لە حیزبەکان ساز بووە، بەپێچەوانە، لە جیاتی هەوڵدان بۆ چاکسازی، هەوڵدان بۆ هێرشی لێکەوتووەتەوە.

ئەو درێژدادڕییەمان بۆ ئەەوە بوو کە بێژین، ئێمەی کورد دەکرێ ئەو ژینگە مەجازییە خواپێداوە بکەینە دەرفەت بۆ خۆمان، تا ئێستا خواوڕاوەستان چەند کارێکی بەجێش کراوە بۆ نموونە لە کاتی مانگرتن لە خواردنی بەڕێز کەبودوەنددا یانیش بە تیرۆریست ناساندنی سپای تیرۆریستیی پاسداران کە ئەوەندە بەربەرین بوو، میدیا و ڕاگەیێنە فارسییەکانیش نەیانتوانی خۆی لێ ببوێرین.

گەلۆ، ئێستا مام ترامپ پێدەچێ گەیشتبێتە سەر ئەو بڕوایە کە چاری کۆماری ئیسلامی بە لێدان و بڕینی قاچ و قول و دەست و پێوەندییەکانی چارەسەر نابێ و وەک هەژدیهای حەوت سەر هەر ڕۆژە و سەرێکی تر لە شوێنێکی تر دەردێنێتەوە، هەر لە سووریە و عێراق و ئەفغانستان و یەمەن و بەحرەین و کشمیر و تاجیکستان و …تاد، بگرە بێ گومان دەستی لە سەرجەم هێرشە تیرۆریستییەکانی ئەو دواییانەی بارسێلۆنا و ئاڵمان و ..تاد ـیشدا هەیە، هەر بۆیە پێویستە خودی هێزی سەرەکیی ڕژیم کە سپای تیرۆریستیی پاسدارانە و لە بواری سەربازییەوە هاتوەتە بواری ئابووری و ئێستاش گەرەکیەسی باڵ بکێشێتە بواری ڕامیاریشەوە و هەر بۆیەش لێک هەڵبەزینەوەی ناو تاک و باڵەکانی ڕژیم دەبینین، کەواتە دەبوا ئێمەی کورد دیسان هەوڵێک بخەینەوە گەڕ تا پشتیوانیی بە کۆمەڵی خۆمان لەو هەنگاوە ڕابگەیێنین و زیاتر تین و هانیان بدەین.

ئالێرەدایە کوردی رۆژهەڵات دەبێ وشیار بێت. گەلۆ چ ژ دەست مە دێت؟ بەڕای ئێمە پێویستە حیزبەکان بە یەکەوە یانیش چەند تاکی کوردپەروەری بە ئەزموونی دەروەست و کارامە بە یەکەوە، دەست بخەنە ناو دەست یەکتر و پێکەوە بکەن ڕا و تەگبیر و هزر و توانای کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کۆکەنەوە سەر یەک و لە جیاتی دەمەتەقەی پیرۆت و باپیر، ئازارەکانی کوردەکان بە جیهانی بکەن کە لێرەدا گەرەکە لە جیاتی زمانی کوردی و فارسی، زمانگەلی ئینگلیسی و ئاڵمانی و فەڕانسەوی و ….تاد، بەکار بهێندرێ.

هەڵبەت لە کەسیش شاراوە نیە کە کەمپەینی کورد، بێ ئەوەی سەر بە هیچ لایەنێک بێت، ئامادەیە گۆڕەپانی خۆی و هێزی بەڕێوەبەرانی بخاتە خزمەت ئەو کەسانەوە و خۆیان تێیدا چالاکی بکەن، بێ ئەوەی هیچ چاوەڕوانییەکیش لێیان بکرێت یان هیچ کۆسپ و تەنگژەیەکیان بخرێتە بەر دەم، بەپێچەوانە لە بواری میدیایی و ڕاگەیاندنیشەوە یارمەتیی تەواویان دەکرێت.

فەیسبووک و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانی کورد تا ئێستا هەر ڕوویان لە خودی کورد و ناو ماڵی کوردی و لێک ترازان و لێکتری هەڵبەزینەوە بووە، ڕەخنە لە دوای ڕەخنە بێ هیچ پێشنیارێک یان سەرقاڵ بوون بە ئیسلاح تەڵەبەکانەوە، یان هێرش کردنە سەر شەهیدبوونی پێشمەرگە و بە بەفیڕۆدانی خوێن ناوزڕاندنی و دەیان کردەوەی تر کە ئەگەرچی نیەت پاکییان لە پشتە بەڵام ڕواڵەتیان ناکوردانەیە. کەواتە دەکرێ بەو شێوازانە کە خرانە بەر باس، جیهان و ژینگەی مەجازیی کورد ڕێک بخرێت و بەپێچەوانە واشی لێبکرێت ببێتە وزە و هێز. هەڵبەت دەشکرێ بە سازکردنی پەیوەندی لەنێوان چالاکانی سیاسیی کورد لە وڵاتانی جیاجیا، پلان بۆ بەڕێوەبردنی ڕێپێوان و کۆبوونەوەی نەتەوەیی و نیشتمانی ساز و ڕێکبخرێت.

سبەی ٢٨ی گەلاوێژە، ساڵڕۆژی فتوای خومەینی بە دژی نەتەوەی کورد، گەلۆ لە فەیسبووک هەموومان هێرش دەکەین، شیر و تیر دەسووین، بە دژی دەنووسین،هەڵبەت بە کوردیش، بەڵام لە دونیای ڕاستی و حەقیقیدا یەک کورد لە گۆڕەپاندا نیە، یەک کەس بابەتێک بە زمانێکی تر لە گۆڤارێک یان ماڵپەڕێک بڵاوناکاتەوە، جیا لەوەی کە هیچ کۆبوونەوە و ڕێپێوانێکیش لە هیچ کوێ ڕێک نەخراوە و کەس کاتی نیە بۆ ئەم باسە.

ئێمەی کورد دەبێ لە جوولەکە و ئەرمەنییەکان فێر بین کە هەر دەرفەت و دۆخێک بۆ ناساندنی نەتەوەکەمان و ئازارەکانی و داواکانی و ناساندی دەوڵەمەندیی وڵاتەکەمان و دڕندەبوونی داگیرکەرانمان بەکار بهێنین، ئەگینا وەک گوترا جیاوازییەکی زۆر لە ناو پەنابەرانی سیاسی و چالاکی سیاسیدا هەیە. پەنابەری سیاسی دوای ئەوەی پشتگیری لە حیزبەکان وەرگرت و ئیقامەی هاتەوە، کوردایەتی و ئەو لێک نامۆ دەبن بەڵام چالاکی سیاسی بروای قووڵی بە ئامانجەکەیەتی و لە هەر دەم و کات و ساتدا، لە شای و هەڵپەڕینا، لە کۆڕی ماتەم و گریان و شینا، نیشتمانی هەر لەبیرە. کەواتە با هەوڵ بدەین چالاکی سیاسی بین بە کردەوە و بە ناو و ئەو ئەرکەی لەسەر شانمانە بەڕێوەی ببەین ئەگینا لە داهاتووداا تەنیا شەرمەزاری لە هەمبەر نەوەی نوێمان پێدەمێنێ.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت