وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: چارەنووسی ئەسەد یەکلایی دەکەینەوە

0
733

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵدەرییەکان، ترامپ، ڕۆژی ڕابردوو، گەڵاڵەیەکی بە ناوی گەڵاڵەی “پەڕاندنی سەر” بە مەبەستی لەناوبردنی یەکجارەکیی بەشار ئەسەد لە ناو کۆشکی سەرۆک کۆماریی سووریە لە دیمەشقی پێتەختی ئەو وڵاتە تاوتوێ کردووە.

ترامپ و کابینەکەی و هەروەها بەشێکی زۆر لە وڵاتانی جیهان وەک ئاڵمان، فەڕانسە، بریتانیا، ئیسراییل، وڵاتانی عەرەبی و تورکیە، لەسەر ئەو بڕوایەن کە دەبێ ئەسەد تاوانی کاولکارییەکانی خۆی بداتەوە و چارەنووسەکەی یەکلایی بکرێتەوە.

لە هەمان کاتدا، ڕێكس تەيلرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕايگه‌ياند، واشنگتۆن بۆ یەکلایی کردنەوەی چاره‌نووسى ئه‌سه‌د،‌ چاوه‌ڕێى هه‌ڵوێستى هاوپه‌يمانه‌كانى ده‌كات و بە زوویی و به‌يه‌كه‌وه‌ چاره‌سه‌رى ئه‌و پرسه‌ ده‌كه‌ن.

تەيلرسۆن، هێرشی کیمایی ڕژیمی ئەسەد بۆسه‌ر شارۆچكه‌ى خان شێخۆنى به‌ هۆكارى سه‌ره‌كىی له‌ده‌ستدانى ڕەوایی سه‌رۆكايه‌تى به‌شار ئه‌سه‌د ناوبرد و گوتى: “پرسى مانه‌وه‌ى ئه‌سه‌د له‌سەر ده‌سه‌ڵات و چۆنێتىی لادانى، په‌يوه‌سته‌ به‌ بڕيارى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى بە دژى داعش.”

بڕیارە چوارشەممەی داهاتوو، تەیلسۆن سەردانی ڕووسیە بکات و داوایان لێبکات باشتر و قووڵتر بیر لە دەرەنجامەکانی پشتیوانی لە ئەسەد و مانەوە لەسەر کاری ئەسەد بکەنەوە و هەروەها لەو سەردانەدا، پرسى پابه‌ندىی ڕووسيە به‌ له‌ناوبردنى چه‌كى كيميايى سووريا ده‌خاته‌ به‌ر باس.

تەیلرسۆن هەروەها گوتیشی: “ڕووسیە، پێشتر به‌ڵێنى دابوو ده‌سته‌به‌رى به‌كارنه‌هێنانى چه‌كى كيميايى و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كى له‌ سووريا بكات و له‌و باره‌يه‌وه‌ پرسيار له‌ لاڤرۆڤى وه‌زيرى ده‌ره‌وه‌ى ڕووسيا ده‌كه‌ين تا چه‌ند ئه‌و پرسه‌ وە‌ديهاتووه‌.”

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەروەها گوتیشی: “به‌ دوورى نازانين رووسه‌كان له‌ لايه‌ن سوورياوه‌ ده‌ستخه‌ڕۆ كرابن و زانيارى هه‌ڵه‌يان پێ درابێت.”

تا ئێستا و سەرەڕای ئاڵۆزیی زۆری نێوان ڕووسیە و ئەمریکا لەسەر سووریە و هێرشی موشەکیی ئەمریکا بۆ سەر پایەگای ئەلشەعیرات، ڕووسیە بەردەوام پیداگری لەسەر بەردەوامیی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا دەکات، لەبەرانبەردا ئەمریکاش هیواخوازە پەیوەندییەکانیان بەردەوام بن و لە رێگای دانوستانەوە، کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بێت و لەمەڕ سووریەش بە ئەنجامێکی دڵخواز و هاوبەش بگەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت