وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە سەفەره‌كه‌ی خۆی بۆ ئێران ئەڵێت هەموو هەوڵێکمان داوه بۆ پاراستنی بەرجام

0
718

رۆژی كورد :
جەواد زەریف وتووێژی خۆی لە گەڵ هاوتای ئاڵمانی بە هەوڵێکی ئاشکرا ناوبرد و پێشوازی کرد لە نێوانجیگەری ئاڵمان و یەکیەتی ئۆروپا بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانیان لە گەڵ ئامریکا. هاوکات هایکۆ ماس ئاماژەی پێدا بەرتەسک کردنەوەی بەڵێنەکانی بەرجام لە لایەن ئێران و زیادبوونی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە لە بەرژەوەندی کەس دا نیە.

ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی حوزەیران وەزیری کاروباری دەرەوەی ئاڵمان لە سەفەرێکی فەرمیی بۆ ئێران گەیشتە تاران و لە گەڵ هاوتای ئێرانی خۆی جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران وتووێژ و چاوپێکەوتنی کرد. لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی هەر دوو وڵات بە بەشداری هەواڵنێران باس لە سەر بابەتەکانی پاراستنی بەرجام، ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، شەڕی ئابووری ئامریکا دژی کۆماری ئیسلامی ئێران و چاوەڕوانییەکانی ئێران لە یەکیەتی ئۆروپا کرا.
جەواد زەریف وەزیری کاروباری دەرەوی ئێران چاوپێکەوتن و وتووێژ لە گەڵ هاوتای ئاڵمانی خۆی بە هەوڵێکی ئاشکرا و درێژخایەن ناوبرد و ئاماژەی پێکرد وتووێژێکی زۆر باشمان لە گەڵ ڕێزدار ماس لە مەڕ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچە پێک هێنا و بەختەوەرین لەوەی کە بەڕێزیان پشتیوانی خۆیان دەربڕی لە وتووێژ لە سەر کەمکردنی کێشە و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە. هاوکات ئاماژەی کرد بە دەوری سەرەکی و گرینگی ئاڵمان و یەکیەتی ئۆروپا لە کۆتایی هێنان بە ئاڵۆزییەکانی ئێستای نێوان ئێران و ئامریکا و باسی ئەوەی کرد کە وڵاتەکەی پێشوازی ئەکات لەم دەورگێڕانەی وڵاتی ئاڵمان و بە گشتی یەکیەتی ئۆروپا.
جێگای ئاماژەیە وەزیری دەرەوەی ئاڵمان سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی حوزەیران بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتووەتە تاران. بەرلین ئارمانجی سەرەکی ئەم سەفەرەی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن و هەروەها ڕاکێشانی سەرەنجی ئێران بۆ لای بەڕێوەبردنی بەڵێنەکانی ئێران سەبارەت بە پەیمانی ناوەکی بەرجام ڕاگەیاندووە. وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ئێران ئاماژەی پێکردووە هەروەها بەرپرسی ئاڵمانی ڕێکخراوی ئینس تێکس (ڕێکخراوێک بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ئابووری و بازرگانی ئۆروپا لە گەڵ ئێران) لەم سەفەرەدا هاوڕێیەتی هایکۆ ماس وەزیری دەرەوەی وڵاتی ئاڵمان دەکات.
هایکۆ ماس پاراستنی پەیمانی ناوەکی بەرجامی وەکوو مەرجێکی سەرەکی پابەن بوونی هەموو لایەنەکان بە بەڵێنەکانیان ناوبرد و وتیشی ئاڵمان و یەکیەتی ئۆروپا هەموو هەوڵی خۆیان وەگڕ ئەخەن دەرچوونی ئامریکا لە بەرجام قەربوو بکرێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕایگەیاند ئەوان قەبووڵی ناکەن لە بەر ئەوەی یەکێک لە لایەنەکان بەڵێنەکانی بە جێ نەهێناوە لایەنی بەرانبەریش بەڵێنەکانی کەم بکاتەوە. هایکۆ ماس لە درێژەی وتەکانی دا وتی دەوڵەتی ئاڵمان هەموو هەوڵێکی خۆی ئەدات پابەند بێت بە بەڵێنەکانی لە پەیمانی بەرجام و بەڵێنەکانی بە جێ بهێنێت بەڵام ناتوانێت کاری سەیر و سەمەرەش بکات.
وەزیری دەرەوەی ئاڵمان لە دانیشتنی هاوبەشی خۆی لە گەڵ جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران جەختی لە سەر ئەوە کرد کە زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەرچوونی ڕاگرتنی بارودۆخەکە لە ئێستا دا لە بەرژەوەندی کەس نیە و لە چاوپێکەوتنەکانی من لە وڵاتانی ئۆردۆن، عێراق و ئەماراتی یەکگرتووی عەرەبی کەسێک خوازیاری زیادبوونی کێشە و ئاڵۆزییەکان نەبووە و ئەمە ڕاسپاردەیەکە کە من ویستم لە لایەن ناوچەکەوە بیگوازمەوە بۆ بەرپرسانی تاران.
زەریف تەنیا ڕێگای کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە ڕاگرتنی شەڕی ئابووری ئامریکا دەزانێت و ئەوەی زیاد کرد پێشنیاری ئێران بۆ پێکهێنانی ئەنجۆمەنی وتووێژەکانی ناوچەکە هێشتا لە جێگای خویدایە و هاوکات ئەوەشی زیاد کرد کە پارێزەرانی شەڕی ئابووری دژی میللەتی ئێران نابێت چاوەڕوانی ئەوە بکەن لە ئاسوودەیی بمێننەوە. ئێمە وەکوو یەکەم میراتگرانی ئەم ناوچە زیاتر لە حەوت هەزار ساڵە لەم ناوچەیە دەژین و زیاتر لەوانی دیکە نیگەرانی ناوچەکەین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.