وەزارەتی دەرەوی عەرەبستانی سعوودی لیستێک لە کردەوە تیڕۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو کردەوە

0
125

عەرەبستانی سعوودی:” ئێران دەستی لە تیڕۆری نەیارەکانی لەدەرەوەی وڵات هەیە. ساڵی ١٩٨٩ی زایینی عەبدولرحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵا قادری ئازەر تیڕۆر کران.

ساڵی ١٩٩١ هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی تیڕۆری شاپوور بەختیار دوایین سەرۆک وەزیرانی رێژیمی شایان دا. لەو کردەوەدا کەسێکی ئەمنیەتی و ژنێکی فەرانسەویش کوژران. لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی محەممەد سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سێ لە هاوڕیکانی بە ناوەکانی “فەتاح عەبدولی، هومایۆن ئەردەڵان و نووری دێهکوردی” گیانیان لە دەست دا”.

ئاژانسی هەواڵدەری عەرەبستانی سعوودی” واس ” لە ڕاپۆرتێکدا، کردەوە تیڕۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی ٣٥ ساڵ تەمەنی بڵاو کردەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە تیڕۆری رێبەرانەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران “شەهیدان کاک دوکتور قاسملوو و کاک دوکوتر شەرەفکەندی و هاورێکانیان” لە ساڵەکانی ١٩٨٩ و ١٩٩٢ی زایینی و ژمارەیەکی زۆریتری کردەوە تیڕۆریستییەکانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە جیهان کراوە.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان لە وتووێژێکدا بۆ ئاژانسی “واس” دەڵێ:”رێژیمی کۆماری ئیسلامی هەر لە ساڵی ١٩٧٩ی زایینیی بەملاوە خەریکی ئاژاوەنانەوە، دووبەرەکی و نائەمن کردنی جیهان بووە و لەو رێگایەشدا سەرجەم یاساکان، ڕێکەوتنامە نێوەدەوڵەتییەکان و هەموو بەهایەکی ئەخلاقی ژێر پێ ناوە”.

بەرپرسەکەی وەزارەتی دەرەوەی عەرەبستان دەشڵێ:” سیاسەتی دەرەوەی ئێران بەپێی یاسای بنەڕەتی ئەو وڵاتە و وەسیەتی خومەینی کە بەبایەخەوە لە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی دەڕوانێ. دارێژراوە. سیاسەتێک کە بە پێشێلکردنی ئاشکرای دەسەڵاتی حکوومەت و گەلانی جیهان و دەست تێوەردان لە کار و باری نێوخۆیی لەژێر ناوی پشتیوانی لە نەتەوە هەژار و ستەم لێکراوەکانی جیهان بە ئەژمار دەکرێ تا لەو ڕێگەوە هەوڵی ڕێکخستنی میلیشیا لە عێراق، لوبنان، سووریە و یەمەن بدات و بە شێوەی بەردەوام لە پێناو وەدی هێنانی پەناگایەکی ئەمن لە وڵاتەکەی پشتیوانی لە تڕۆریزم دەکات. هەروەها کۆماری ئیسلامی دەستی لەزۆربەی تەقینەوەکانی جیهان هەبووە کە بوونەهۆی گیان لێ ئەستاندنی ژمارەیەکی زۆری خەڵکی بێ تاوان. هەوڵی تیڕۆری دژبەرانی خۆی لە دەرەوەی وڵات داوە و زۆرجاریش حورمەتی شاندەکانی دیپڵۆماتیکی شاکندووە”.

ئەوەی خوارەوە لیستی بەشێک لە کردەوە تیڕۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامییە کە وەزارەتی دەرەوەی عەربستانی سعوودی بڵاوی کردۆتەوە:

١-رێژیمی ئێران یەکەم پشتیوانی تیڕۆریزم لە جیهانە. ژمارەیەک ڕێکخراوی تێڕۆریستی شیعەی لە نێوخۆ( سوپای قودس و ڕێکخراوەکانیتر) و دەرەوەی وڵات دامەزراندووە. حیزبوڵلای لوبنان، حیزبوڵلای حیجاز،عەسائیبی ئەهلی هەق لە حیجاز و زۆر لە تاقمە تیڕۆریستییەکانیتر لەو نموونانەن. هەروەها تاقمی سەربازی لە جۆری حوسییەکان لە یەمەنی دامەزراندووە. لەو بارەوە ئێران لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە مەحکووم کراوە و ئابڵوقەی خراوەتەسەر. جگەلەوانە کۆماری ئیسلامی یارمەتی تاقمی تیڕۆریستی تری وەک ئەلقاعیدە داوە کە تا ئێستاش ژمارەیەک لە سەرکردەکانی لە نێو ئێران دان.

٢- ساڵی ١٩٨٢ی زایینی ٩٢ هاووڵاتی بیانی لە لوبنان ڕفێنران کە ٢٥ کەسیان ئەمریکایی بوون. پەروەندەیەک کە بە قەیرانی بارمتەگرتن ناوی دەرکرد و ١٠ ساڵ درێژەی کێشا. زۆربەی کردەوەکانی ڕفاندنی خەڵک لە لایەن حیزبوڵلا و ئەو تاقمانەوە ئەنجام دراون کە کۆماری ئیسلامی یارمەتییان دەکات.

٣- ساڵی ١٩٨٣ باڵوێزخانەی ئەمریکا لە بەیرووت، لە لایەن حیزبوڵلای لوبنانەوە بە پێی بەرنامەیەکی داڕێژراوی کۆماری ئیسلامی ئێران، تەقێندرایەوە. لەو تەقینەوەدا لانی کەم ٦٣ کەس لە نێو باڵوێزخانەکەدا کوژران.

٤- ساڵی ١٩٨٣،ئێرانییەک بە ناوی” اسماعیل عسکری” کە ئەندامی سوپای پاسداران بوو، کردەوەیەکی خۆکوژی تیڕۆریستی لەنێو بنکەی هێزی دەریای ئەمریکا لە بەیرووت ئەنجام دا، کە بووە هۆی کوژرانی ٢٤١ کەس و بریندارکردنی زیاتر لە ١٠٠ کەس لە هێزی سەربازی و مەدەنی ئەمریکا. میدیاکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند کە ئەوە زۆرترین قوربانییانی ئەمریکایی لەدەرەوەی بەرەکانی شەڕ بووە.

٥- ساڵی ١٩٨٣ هاوکات لەگەڵ تەقاندنەوەی بنکەی هێزی دەریایی ئەمریکا، حیزبوڵلا بنکەی سەربازی فەرانسەی لە بەیرووت تەقاندەوە و ٦٤ کەسی سەربازی و مەدەنی فەرانسەیی کوژران.

٦- ساڵی ١٩٨٣هێزەکانی حیزبوڵلا و حیزبی ئەلدەعوەی شیعە کە کۆماری ئیسلامی پشتیوانی دەکردن، زنجیرە هێڕشێکیان بۆ سەر باڵوێزخانەکانی ئەمریکا، فەرانسە،پاڵاوگەی نەوت و گەڕەکێکی مەدەنی لە کوەیت ئەنجام دا کە پێنج کەس کوژران و هەشت کەسیش بریندار بوون.

٧- ساڵی ١٩٨٣ کەشتییە نەوت هەڵگرەکانی کوەیت لە کەنداو بۆمباران کران و ئەو وڵاتەش ناچار بوو ئاڵای ئەمریکا لەسەر نەوتهەڵگرەکانی هەڵ بکات.

٨- ساڵی ١٩٩٤ حیزبوڵلای لوبنان هێرشی کردە سەر نووسینگەی سەربە باڵوێزخانەی ئەمریکا لە خۆرهەڵاتی بەیرووت و لە ئاکام دا ٢٤ کەس کوژران کە ژمارەیەکیان خەڵکی ئەمریکا بوون.

٩- ساڵی ١٩٨٥ کاروانی شێخ جابر ئەحمەد سەباح” ئەمیری کوەیت” لە لایەن هێزەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی کرانە ئاماج و ژمارەیەک لە هێزە سەربازی و مەدەنییەکانی کەنداو کوژران و بریندار بوون.

١٠- ساڵی ١٩٨٥ کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵی ڕفاندنی فڕۆکەیەکی هێڵی ئاسمانی TWA دا و بووە هۆی بەبارمتە گرتنی ٣٩ مسافیری ئەمریکایی بۆ ماوەی چەند حەوتوو و کوژرانی یەکێک لە تفەنگدارانی هێزی دەریایی ئەمریکا .

١١- ساڵی ١٩٩٦ی زایینی، کۆماری ئیسلامی حاجییەکانی بۆ نانەوەی ئاژاوە لە ڕێورەسمی حەج هان دا و بووە هۆی کوژرانی ٣٠٠ کەس.

١٢- ساڵی ١٩٨٧ کارگەیەکی موجتەمەعی نەوتی تنورە لە خۆرهەڵاتی سعوودییە ، لەلایەن حیزبوڵلای حیجاز کە ئێران پشتیوانی دەکات، ئاگری تێبەردرا. هەر لەو ساڵەدا حیزبوڵلای حیجاز هەوڵی هێڕش بۆ سەر شیرکەتی “صدف” لە شاری سەنعەتی “جبیل” لە خۆرهەڵاتی سعوودییە دا.

١٣- ساڵی ١٩٨٧ کۆماری ئیسلامی هەوڵی تیڕۆر کردنی “مساعد الغدی” یەکێک لە دیپڵۆماتەکانی عەرەبستانی سعوودیەی لە تاران دا. هەر لەو ساڵەدا عەمەلیاتێکی قاچاخی تەقەمەنی بە کەڵک وەرگرتن لە حاجییەکانی ئێران، پووچەڵ کرایەوە.

١٤- ساڵی ١٩٨٧ی زایینی “رضا عبدالمحسن النزهە” سەرکونسوولگەری سعوودی لە تاران کەوتە بەر لێدان و بێ حورمەتی و دواتر هێزەکانی سوپای پاسداران قولبەستیان کرد و پاش وتووێژی ئیران و عەربستان ئازاد کرا.

١٥- لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، ژمارەیەک لە دیپلۆماتەکانی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە لوبنان ڕفێندران.

١٦- ئێران دەستی لە تیڕۆری نەیارەکانی لەدەرەوەی وڵات هەیە. ساڵی ١٩٨٩ی زایینی عەبدولرحمان قاسملوو سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و عەبدوڵا قادری ئازەر تیڕۆر کران. ساڵی ١٩٩١ هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی هەوڵی تیڕۆری شاپوور بەختیار دوایین سەرۆک وەزیرانی رێژیمی شایان دا. لەو کردەوەدا کەسێکی ئەمنیەتی و ژنێکی فەرانسەویش کوژران. لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی محەممەد سادق شەرەفکەندی سکرتێری گشتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و سێ لە هاوڕیکانی بە ناوەکانی “فەتاح عەبدولی، هومایۆن ئەردەڵان و نووری دێهکوردی” گیانیان لە دەست دا.

١٧- ساڵی ١٩٨٩ کۆماری ئیسلامی هەوڵی تیڕۆر کردن و کوشتنی ژمارەیەک لە دیپلۆماتەکانی ئەمریکای لە لوبنان دا.

١٨- لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٩ تا ١٩٩٠ کۆماری ئیسلامی تێڕۆری ٤ دیپلۆماتی سعوودی لە تایلەند رێبەری کرد بە ناوەکانی ” عبدڵلە الملکی، عبدللە البصری، فهد الباهلی و احمد السیف”.

١٩- ساڵی ١٩٩٢ی زایینی کۆماری ئیسلامی هەوڵی تەقاندنەوەی ریستۆرانی میکۆنۆس لە بێرلنی دا. دادستانی گشتی ئاڵمانی فیدرڕاڵ پاش ئەو رووداوە، حوکمی قولبەستکردنی عەلی فەلاحییان “وەزیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی” بە تۆمەتی دارشتن و چاودێری بەرنامەی تەقاندنەوەی ریستۆران و تیڕۆری ٤ کەس لە رێبەرانی کوردی، دەرکرد.

٢٠- ساڵی ١٩٩٤ی زایینی کۆماری ئیسلامی لە بۆینس ئارێس تەقینەوەیەکی ئەنجام دا و ٨٥ کوژراو و نزیک بە ٣٠٠ برینداری لێکەوتەوە. ساڵی ٢٠٠٣ پۆلیسی بریتانیا هادی پوور” باڵوێزی ئێران لە ئەرژانتینی بە تۆمەتی پیلانی تەقاندنەوەکە قۆڵبەست کرد.

٢١- ساڵی ١٣٩٤ وەزارەتی دەرەوەی وێنیزۆوێلا لە ڕاگەیەندراوێکدا قۆلبەستکردنی ٤ دیپلۆماتی ئێرانی بە تۆمەتی دەست تێدابوونی راستەوخۆ لە هەوڵی مەترسیداری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی “سیمۆن بۆلیۆر” لە کارکاس ڕاگەیاند. رووداوێک کە ئامانجی لەودا ناچارکردنی گەڕانەوەی پەنابەرانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەیان بوو.

٢٢- ساڵی ١٩٩٦ بورجەکانی نیشتەجێی هاووڵاتیان لە “الخبر”ی سعوودییە لە لایەن حیزبوڵای حیجازی سەر بە کۆماری ئیسلامی تەقێندرانەوە و لە ئاکامدا ١٢٠ کەس کە ١٩یان خەڵکی ئەمریکا بوون، کوژران.هەروەها کۆماری ئیسلامی هەوڵی پشتیوانی و دابینکردنی پەناگایەکی ئەمن بۆ خۆ حەشاردانی ئەنجامدەرانی ئەو کردەوەیەی دا. “احمد المغسل” هاووڵاتی عەرەبستانی کە ساڵی ٢٠١٥ بە پاساپۆرتی ئێرانییەوە گیرا، یەکێک لەو کەسانە بوو. لەو سەردەمەدا بەشی نیزامی ئێران لە بەحرەین چاودێری هێڕشەکەی دەکرد. ئەنجامدەرانی ئەو جینایەتە لە لوبنان و ئێران ڕاهێنانیان پێکرابوو و تەقەمەنییکەش لە لوبنانەوە لەلایەن حیزبوڵلاوە بە قاچاخ رەوانەی عەرەبستان کرابوو و بەڵگە و ئەسنادی ئەو کردەوەیەش لە دەستی عەرەبستان و ژمارەیەکی وڵاتی دۆست دایە.

٢٣- ساڵی ٢٠٠١ کۆماری ئیسلامی لە وڵاتەکەی خۆی دا پەناگایەکی بۆ سەرکردەکانی ئەلقاعیدە دروست کردووە، “سعد بن لادن و سیف بن لادن” لەو کەسانەن کە پاش هێرشی ١١ی سپتامبر پەنایان بۆ ئێران بردووە. ئێران لە ڕادەستکردنەوەیان سەرەڕای چەندین جار داواکاری وڵاتەکانیان ، خۆ دەبوێرێ.

٢٤- ساڵی ٢٠٠٣ ئێران پشتیوانی لە تەقینەوەکانی ریاز کرد کە بە دەستووری رێبەرانی ئەلقاعیدە ئەنجام دران. لەو تەقینەوانەدا ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتی سعوودی و بیانی و بەتایبەت ئەمریکایی کوژران و بریندار بوون.

٢٥- ساڵی ٢٠٠٣ پیلانێکی تیڕۆریستی بە مەبەستی بومبدانانەوە لە بەحرەین شکستی هێنا. هێزێکی تەشکیلاتی کە لە لایەن سوپای پاسدران و حیزبوڵلای لوبنانەوە پشتیوانی دەکران، دەستگیر کران. رووداوی هاوشیوە لە کاتی جیاجیادا لە کوەیت و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبیش دووپات بوونەوە.

٢٦- ساڵی ٢٠٠٣ کۆماری ئیسلامی تاقمە و شانەی سەربازی لە نێو حیزب و گرووپە شیعەکانی عێراق پێکهێنا و لەئەنجامدا بوونە هۆی کوژرانی ٤٤٠٠ سەربازی ئەمریکایی و دەیان هەزار هاووڵاتی مەدەنی و بەتایبەت سونیەکان لە عێراق. جیمس جێفری سەفیری پێشووی ئەمریکا لە عێراق دەڵێ کە کوژراوەکان لە لایەن تاقمەکانی سەربە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە گیانیان لە دەست داوە.

٢٧- ساڵی ٢٠٠٦ حکوومەتی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ئێران پشتیوانی لە تاڵەبان لە دژی هێزەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان دەکات. مەبەستی ئێران لەو کردەوەیە زەربە لێدانی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنووری ئێرانە و بۆ ئەو ئامانجەش یارمەتی تەسلیحاتی تاقمەکان لە رووی رەگەز و ئایینییەوە دەدات. کۆماری ئیسلامی هەروەها ١٠٠٠ دۆلاری وەک خەڵات بۆ کوشتنی هەر سەربازێکی ئەمریکایی تەرخان کردووە.

٢٨- ساڵی ٢٠٠٧ کۆنگرەی ئەمریکا لە بریارێکدا سوپای پاسدارانی وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناساند. ئەو گرووپە بەپێی یاسای دوای رووداوی ١١ی سپتامبری ٢٠٠١ لە لایەن جۆرج بوش و کۆنگرەی ئەمریکاوە ، بە گرووپێکی تیڕۆریستی ناسێندران.

٢٩- ساڵی ٢٠١١ کۆماری ئیسلامی هەوڵی تیڕۆری “حسن القحطانی” دیپلۆماتی سعوودی لە کەراچی دا.

٣٠- ساڵی ٢٠١١ ولایتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی تیڕۆر کردنی باڵوێزی سعوودیەی لە واشنگتۆن پووچەڵ کردەوە. دەست تێدابوونی ئێران لەو رووداوە سەلمێنرا. دادگای فیدڕاڵی نیۆیۆرک ناوی دوو کەس کە لەو عەمەلیاتەدا بەشداریان کردبوو، ئاشکرا کرد. یەکێک لەو دوو کەسە بە ناوی “منصور ارباب سیر” بە ٢٥ ساڵ زیندانی حوکم درا و کەسەکەیتر بە ناوی “غلام شکوری” ئەفسەری سوپای پاسداران کە لە ئێران دەژی، دادگای قەزایی ئەمریکا بە شوێنیەوەیەتی.

٣١- لە ئوکتۆبری ٢٠١٢ هاک کەرە ئێرانییەکانی سەربە سوپای پاسداران هێرشێکی سایبریان بۆسەر شیرکەتەکانی نەوت و گازی عەرەبستان و وڵاتانی کەنداو کرد .لیۆن پانیتا وەزیری بەرگری ئەمریکا ئەو هێرشەی وەک تێکدەرانەترین هێڕش بۆ سەر بەشی تایبەتی کرد. حکوومەتی باراک ئۆباماش ڕایگەیاند : ئەوان دەزانن کە ئەو هێرشە لە لایەن ئێرانەوە ئەنجام دراوە.

٣٢- ساڵی ٢٠١٣ پیلانی هێڕش بۆ سەر بەرپرس و دیپلۆماتە ئەمریکاییەکان لە باکۆ پێتەختی ئازربایەجان ئاشکرا بوو. لە پشت ئەو هێڕشەوە تاقمێکی شیعەی ئازربایەجانی بوون کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانیان لیدەکرێ و بە فەرمانی سوپای پاسداران کار دەکەن.

٣٣- ساڵی ٢٠١٦ دادگای سەزادانی کوەیت حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دوو کەس لە مەحکوومکراوانی پەروەندەیەک بە ناوی” هستە عبدلی” دەرکرد. ئەو دووکەسە بە دەست تێدابوون لە کردەوەگەلێک لە دژی یەکیەتی و ئاسایشی کوەیت و سیخوری کردن بۆ ئێران و حیزبوڵلای لوبنان مەحکووم کراون.

٣٤- مانگی یانواری ٢٠١٦ کۆماری ئیسلامی لە زمان “محمد علی جعفری” فەرماندەی سوپای پاسدارانەوە بە فەڕمی دیانی بەوەدا نا کە هێزێکی ٢٠٠،٠٠٠ (دووسەد هەزار) کەسی میلیشیا لە وڵاتانی سووریە،عێراق،ئەفغانستان، پاکستان و یەمن پێکهێناوە.

٣٥- نووسینگەکانی دیپلۆماتی کۆماری ئیسلامی هەوڵی دروستکردنی ڕایەلی سیخوری لە وڵاتان و ئەنجامدانی کردەوەی تیڕۆریستی دەدەن. ئەو وڵاتانەی کە شانەی تیڕۆریستی کۆماری ئیسلامیان لە وڵاتەکانیان ئاشکرا کردووە، بریتین لە ” عەربستانی سعوودی ساڵی ٢٠١٣ ، کوەیت لە ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١٥، بەحرەین ساڵەکانی ٢٠١٠ و ٢٠١١ ، کینیا ساڵی ٢٠١٥ ، میسر ساڵەکانی ٢٠٠٥، ٢٠٠٨ و ٢٠١١. ئوردون ساڵی ٢٠١٥ ، ئیمارات ساڵی ٢٠١٣، تورکیا ساڵی ٢٠١٢ و نیجیریا ساڵی ٢٠١٥ .

٣٦- جگە لە حیزبوڵلای لوبنان کە ریچارد ئارمیتاج وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وەک یەکەم گرووپی تیڕۆریستی جیهان ناوی لێ دەبا. کۆماری ئیسلامی ژمارەیەک ڕایەڵەی تیڕۆریستی لە عێراق و یەمەن و وڵاتانی تر پێکهێناوە و لەو گرووپانەش بۆ تێکدانی ئاسایش و ئەمنیەتی ناوچە کەڵک وەردەگرێ.

٣٧- هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ ڕاهێنانی میلیشیا شیعەکان دەچنە عێراق.

٣٨- کۆماری ئیسلامی گەورەترین بڵاوکەرەوەی مادەی IED لە جیهانە کە بۆ تەقاندنەوەی تانک و ئوتۆمبیل بەکاردەبرێ و تا ئێستاش بۆتە هۆی گیان لە دەستدانی سەدان کەس لە هێزی نێوەدەوڵەتی لە عێراق دا.

٤٠- کۆماری ئیسلامی پلەی یەکەمی هەیە لە هێرش بۆ سەر باڵویزخانە و دیپلۆماتە بیانییەکان، هەر لە سەردەمی هێڕش بۆ سەر باڵوێزی ئەمریکاوە لە ساڵی ١٩٧٩ و بە بارمتەگرتنی کارمەندەکانی بۆ ماوەی ٤٤٤ رۆژ و دوای ئەوەش باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودی لە ساڵی ١٩٨٧، باڵویزخانەی کوەیت لە ساڵی ١٩٨٧، باڵوێزخانەی رووسیا لە ساڵی ١٩٨٨ کەوتنە بەر هێڕش. دیپلۆماتێکی کوەیتی ساڵی ٢٠٠٧ کەوتە بەر هیڕش و لێدان. باڵوێزخانەکانی پاکستان لە ساڵی ٢٠٠٩ و بریتانیان لە ساڵی ٢٠١١ش کەوتنە بەر هێڕش. دوایین رووداویش هێڕش بۆ سەر باڵوێزخانەی عەرەبستانی سعوودییە لە تاران و کونسوولگەرییەکەی لە مەشهەد لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٦ی زایینی دا بوو.

٤١- عەرەبستانی سعوودی یەکەم وڵات نەبوو کە کۆتایی بە پێوەندییەکانی لەگەڵ ئێران هێنا. پێشتریش ئەمریکا و بریتانیا بە دوای هێرش بۆ سەر نوێنەرایەتییەکانیان،ئەو کارەیان کردبوو. هەروەها زۆر لە وڵاتان پێوەندییەکانیان وەک پەرچەکردار لە دژی هەوڵی شەڕخوازانەی ئێران پچریوە،کانادا و زۆر لە وڵاتانی ئەرووپایی و پێش لەوانیش ئەلجەزایر،تونێس، میسر،مەغریب و یەمەن لەو وڵاتانەن. ئێستاش بەحرەین، سوودان، سۆماڵی، جەزایر کۆمۆر و جیبۆتی کۆتاییان بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران هێناوە. ژمارەیەک لە وڵاتانیش باڵوێزەکانیان لە ئێران کشاندەوە. هۆکارەکەشی دەست تێوەردانی ئێران لە کار و باری ئەو وڵاتانە و پشتیوانی لە تیڕۆرزمە.

٤٢- لە کاتێکدا عەرەبستانی سعوودی لەگەڵ مەترسی هێرشی زۆری ئەلقاعیدە و داعش بەرەوروویە. کۆماری ئیسلامی نە لە لایەن ئەلقاعیدە و نە داعش هێرشی نەکراوەتە سەر. پرسێک کە گومانی زیاتر بۆ سازانی ئەو رێژیمە لەگەڵ تیرۆریزم و تیرۆریستەکان پێک هێناوە.

٤٣- ناوچەی عەرەبی نشین تا پێش لە شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ فیرقەگەرایی و مەزهەبی ئاشنایی نەبوو، تا ئەو کاتەی کۆماری ئیسلامی دەستی لە کار و باری لوبنان، سووریە، عێراق و یەمن وەردا ، تا شوێنێک کە “حیدر مصلحی” وەزیری پێشووی ئیتلاعاتی ئێران شانازی بە داگیرکردنی ٤ پایەتەختی وڵاتانەوە کرد.

٤٤- کۆماری ئیسلامی هەروەها هەوڵی هاندانی ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی وڵاتانی کەنداو بە کەڵک وەرگرتن لە هەستی مەزهەبییانی داوە. ئێران لە رێگای نایاسایی و لە وڵاتی سێیەمەوە هەوڵی داوە ئەو کەسانە بە جۆرێک کە نەناسرێن، بۆ ناو خاکی ئێران ببات. یا ئەوەی کە داوایان لێکراوە بە بەلەم خۆیان بگەیەنە ئاوی ئازاد و دواتر ئیدەعای ڕفاندنیان بکرێ، هاوکات ئەو کەسانەی بۆ ناوەندەکانی ڕاهێنان لەسەر ئەنجام دانی کردەوەی تیڕۆریستی پاش گەرانەوەیان بۆ وڵاتەکانیان ڕاگواستووە.

٤٥- کۆماری ئیسلامی بە هۆکاری لە ژێرپێنانی مافی مڕۆف لە لایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان مەحکووم بووە. پرسێک کە ڕاپۆرتی ٤١١/٤٠ ڕێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی ٦-١٠-٢٠١٥ سەلماندویەتی.

٤٥- بە پێی ڕاپۆرتەکانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٥ی زایینی ڕەوتی ئێعدام لە رێژەی ٣ حاڵەت لە رۆژێک دا تێپەریوە. ڕەوتی لەسێدارەدان لە ٧ مانگی سەرەتای ٢٠١٥ خێراتر کرا. هەروەها دیوانی باڵای قەزایی رەزامەندی خۆی لەسەر ئێعدامی ٢٧ چالاکی مەزهەبی سوننە، دەربریوە.

٤٦- ئێران مافی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی وەک عەرەب، کورد، بلووچ و هەروەها کەمایەتییەکانیتری نژادی و مەزهەبی پێشێل کردووە و رێگەری لە گەیشتن بە مافەکانیان دەکا.

سەرچاوە : العربییە – بەشی فارسی
وەرگێڕانی؛ ڕەشید زەرواوی

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

وەڵامێک بنووسە