وەرگێڕانی دیمانەی کۆتایی ڕۆمانە نوێیەکەی شارام قەوامی

0
309

کە بیر لە نیشتمانتان ئەکەنەوە، یەکەم شت چـی دێتە پێش چاوتان، هەست بە چ بۆنێک ئەکەن، چ دەنگێ ئەبیستن؟

یەکەم دیمەنێ دێتە پێش چاوم ئەو چیا جوانانەیە وا دەسەڵاتی تورکیە ڕۆژانە بوردمانی دەکات و کۆماری ئێران بە ئەنقەست ئاوری تێبەرئەدات. نیشتمان بۆ من بۆنی بازاری جوولەکەکانی سنە ئەدات وا دووکاندارە جوولەکەکان تیایدا بێئەژمار گژوگیای بۆنخۆشیان ئەفرۆشت ئەو دەمەی هێشتا مناڵ بووم. ئەو شتەی ئەیبیستم دەنگە ئەفسووناوییەکەی مەزنترین سترانبێژی کورد، سەی ئەسکەرکوردستانییە وا لەوانەبوو دەنگە سیحراوییەکەی بۆ هەمیشە وندا ببێ ئەگەر گرووپێکی ئاڵمانی بەر لە سەدەیێک ئەو چواردە سترانەیان لێ تۆمار نەکردبا.

شەهرام قەوامی

باسی وێزگە گرنگەکانی ژیانی خۆتان بکەن، لەبەرچـی مرۆڤ بۆ ئێوە گرنگ ئەبنەوە و  لەبیر ناکرێن؟

من لەو باوەرەدام کە گرنگترین قۆناخی ژیانی هەموو مرۆڤـێ سەردەمانی مناڵییەتی. ژیانی مناڵی من بەداخەوە کەوتە بەر لێشاوی شەڕ و ستەم. کە شەش ساڵم تەمەن بوو، کۆماری ئیسلامی ئێران کوردستانی دایە بەر پەلامار. لە شاری سنە، گەورەترین مەتەرێزی ڕاوەستانی ئەو سەردەمە، جەماوەر ماوەی ٢٤ ڕۆژان دژ بە هێزێکی پڕچەک خۆڕاگری کرد. ئەم بەرخۆدانە بە توندوتیژی تێکشکێندرا، بەڵام هەتا ماوەیێکی دوور ئەم شەڕە لە چیاکان و لە مێشکی گەورەکان و هەروەها مناڵانیشدا درێژەی بوو. دوور نەبوو ئێمەش ببین بە جیلی تۆڵەتینوو. بەڵام بەختەوەرانە ئەوە ڕووی نەدا. سەبارەت بە خۆم بە دڵنیاییەوە ئەتانم ئەوە بڵێم. هەرچەن گەلێک ئەزموونی ناخۆشم لە ماوەی ژیانمدا دیوە. لە کۆتاییەکانی خوێندنی زانکۆمدا لە بەر کێشەی سیاسی دەرکرام و زۆر جاران لە لایەن داموودەزگا ئەمنییەکانەوە کەوتمە بەر لێپرسینەوە و ئازار. سەرەڕای هەموو ئەمانەش هێشتا قینم لە کەس نییە،چونکە مرۆڤە ڕزگاری و دادخوازەکان کاریگەری زێدەتریان لە سەرم هەبووە.

ئێوە کتێبتان لێ بڵاو بۆتەوە، چەن ڕۆمان و کتێبێکیش لە سەر شیکردنەوەی ڕۆمان. ئەتوانن هێندێ باسی ئەو بەرهەمگەلەمان بۆ بکەن. کەی و لە کوێ لە چاپدراون، باسی چـی دەکەن؟

لە ساڵی 2001 یەکەم کتێبم بە ناوی> مێژووییتری زامی دایکم< لە چاپ درا. ئەم کتێبە لە 10 کورتەچیرۆک پێکهاتووە. لە ساڵی 200٣ یەکەم ڕۆمانمم بە ناوی سوەیلا لە چاپ دا. کەسێتی سەرەکی ئەم ڕۆمانە کەسێکی تووشبووی هێرۆئینە. لەبەر پێویستی نووسینی ئەم ڕۆمانە هەموو ئەو مۆڤەسڕکەرگەلەی ئەو دەم لە ئێراندا دەستئەکەوت تاقیم کردنەوە. لە ساڵی 2006 دووهەم ڕۆمانی خۆم بە ناوی بیربا لەچاپدا. تەوەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە نامومکین بوونی هەوڵی خۆکوژییە. ژیانم لە بەغداد، پاش داگیرکرانی لە لایەن ئامریکاوە بە تۆخی لەم بەرهەمەدا ڕەنگی داوەتەوە. لە ساڵی 2008 کتێبێکی ڕەخنەم لە چاپدا. لەم کتێبەدا هەوڵمدا بەرهەمێکی زمانی کوردی بە شێوەڕخنەی تایبەت بە خۆم> ڕاڤەکاریی پێگە< شیبکەمەوە. لەبەرئەوەی لەم کتێبەدا زۆرێ لە تەکنیکەکانی ڕۆماننووسینم خستۆتە بەرباس و هۆنەرە جۆربەجۆرەکانم لەگەڵ یەکتر بەراورد کردووە، زۆرجار وەک کتێبی تیۆری هۆنەر ناوی لێ ئەبرێت. لە ساڵی 2009 سێهەمین ڕۆمانمم لەژێرناوی پاڵتاوشۆڕ بڵاوکردەوە. تەوەری سەرەکی ئەم ڕۆمانە دەسەڵات و خەونەزای سەرۆککۆمارێکە کە مەترسی دەربەی لەسەرە. لە ساڵی 2010 پێش ئەوەی ئێران بەجێبێڵم کۆی شیعرەکانمم لە ژێر ناوی> تەنیا خەریکی پیر بوونین < لە چاپدا.

چۆن پێوەندیتان لەگەڵ هۆنەر، چاند و فەلسەفەی ئەورووپیدا سازدا؟ حەزی دەسپێکتان چۆن گەشەی کرد؟ کامەها لایەن بەهێزتر بوونەتەوە؟ لە کام بوارگەلا دوورکەوتنەوە ڕوویداوە؟

لە ساڵی 1988 شەڕی دە ساڵەی نێوان کۆماری ئێران و پێشمەرگەکانی کوردستان کۆتایی پێـهات. ئەم شەڕە خەساری زۆری لە خەڵکی کوردستان دا، ئەمن بۆ خۆم دوو برام لەم شەڕەدا لەدەستدا. دوای ئەم ئاشتییە ڕانەگەیێندراوە، کۆمەڵگای کورد بڕیاریدا بۆ شێوازێکیتری خەبات، کە  بە >  شۆڕشی پێنووس< ناوزەد کرا. ئەوەی بۆ من و مێرمنداڵانی هاوگەڕەکی من بگەڕێتەوە، ئەم بزاڤە ئاشتیخوازانەیە بە کۆبوونەوەی شاراوەی حەوتانەوە دەستیپێکرد. لەم کۆبوونەوانەیەدا زۆرێ لە نووسەرە ئەورووپییەکانم ناسی. لە 24 ساڵەی ڕابردوودا بێ پسانەوە خۆم بە هۆنەر و فەلسەفەی ئەورووپییەوە مژووڵ کردووە. چەتری زمانی ئاڵمانی گەلێک نووسەری باشی  وەکوو کافکا، هێرمان برووخ، تووماس مان، هاینریش بۆل و… لە ژێر خۆیدا خڕ کردۆتەوە ،بەڵام ئەوەی لەم کتێبخانەیەدا بەدی ناکرێت، ڕۆمانی وەکهەسگەرانە (ڕیالیستی)یە. بە پێجەوانەی زمانەکانی ڕووسی و فەرانسی و ئینگلیزی هەتا ئێستاش لە مێژووی وێژەی ئاڵمانیدا ڕۆمانێکی ڕیالیستی باشمان بەرچاو ناکەوێ. لەوانەیە ئەم قسەیەی دوایی من پووچ بنوێنێ، بەڵام من لەسەر ئەو باوەڕەم ئەگەر ڕۆمانی ڕیالیستی لە ئەدەبی ئاڵمانیدا نووسرابێت، ئەو ڕۆمانانەن وا کافکا نووسیویەتی. بۆ مۆسیقای ئاڵمانی بارودۆخەکە پێچەوانەیە. مۆسیقای کلاسیکی ئاڵمانی لە گەڵ سات و لە نێو زەمەندا گەشەی کردووە. لە باخ ەوە، هەتا موتسارت و بێتهۆڤێن و ڤاگنێر و… ئەمڕۆکە مۆسیقای ئاڵمانی گەورەترین ڕووبەری مۆسیقای کلاسیکی بۆ خۆی تەرخانکردووە، بەڵام ئەوەی لەم سامانی مۆسیقاییەدا نەبوونی دیارە، مۆسیقای پۆست کلاسیکە. من جێگەی کەسێکی وەک میکیس تیودراکیس لە مۆسیقای ئاڵمانیدا زۆر خاڵی ئەبینم. بەڵام مێژووی فەلسەفەی ئاڵمانی مێژوویێکی جوان گەشەکردووی  ڕەوتی ئەندێشەیە. ئەم ڕەوتە بە چوار پرسیارە گرنگەکەی کانتەوە دەستیپێکرد. ئەو جیهانبینیە وردبینانەیەی لە سەر ئەزموون و تێڕوانین دامەزراوەی کانت قەرەبووکردنەوی مێژوویێکی مەیلەودەسەڵاتی دووهەزار ساڵەی بەرهەمهاتووی ئەفلاتوون و ئەرەستوو بوو. دوابەدوای کانت گەلێک فیلسووفی ئاڵمانی تر دەرکەوتن کە کاریگەریێکی زۆریان لە سەر مێژووی فەلسەفە بووگە. شیکاری وردبینانەی چەمکگەلێکی گرنگی وەک تێڕوانین، دیالکتیک، خواستەناو “Willen” وربوون”Dasein” لە ڕاستیدا پێشوەچوونێ بوو لە ڕەهاخوازییەوە بەرەو  زانینناسی، لە جیهانێکی داخراوەوە بەرەو جیهانێکی کراوە. لە دیرۆکی فەلسەفەی ئاڵمانیدا بەردەبینای مەزنی وەک شۆپێنهاوێر و مارکس بەدی ئەکرێن، بە بێ ئەوان کۆشکی فەلسەفە قەت وەها پڕشکۆ نەیدەنواند.

ئەکرێ باسی سونەتی ڕۆماننووسی کوردیمان بۆ بکەن. چۆن ئەتانەوێ سونەتی ڕۆماننووسی کوردی لەگەڵ سونەتی ئەورووپـی پێکەوە گرێ بدەن؟ سنوورەکانی ئەم دوو سونەتە کامەن؟ ئەگەر ئەم ئاراستەیە گونجاوە، چۆن ئەکرێ تێکەڵ یان زوڵاڵ بکرێنەوە؟

شیکاریێکی وا لە سەر ڕۆمانی کوردی زۆر دژوارە، هۆکارەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەو بارودۆخە ئابووری، کۆمەڵایەتی و ڕامیارییەی کاریگەرییان لە سەر زمانی کوردی هەبووە. بە پێچەوانەی شیعر کە تا بووگە بەشی بووگە لە سونەتی وێژەیی کورد و ڕەگی لە وێژەی زارەکی و فولکۆلوردایە، بۆ دەرکەوتنی ڕۆمانی کوردی، وەرچەرخانێکی زمانی پێویست بووگە. شاعیرە کلاسیکە خۆرئاواییەکان و لە نێویاندا شاعیرە کوردەکانیش ئەبوایا ئەو کەسگەلە بوونایا وا ئەکەوتنە بەر بڕووسکەی ڕووداوە سەیر، هەرەجوان و بەهێزەکانی جیهانی دەرەوە  یان سروشتی ناو(دڵنواڕی) ەوە و توانیویانە ئەم بەرکەوتنەیان بە زمانی پڕهەست و سۆز دەرببڕن. بە پێچەوانەی شیعر، بۆ نووسینی ڕۆمان زمانێکی زەینی(سوبجێکتیو) پێویستە کە بۆ نوویسکارێکی کوردی سەدەی نۆزدەیەم لە بەردەست نەبوو. ئەوە ڕێکەوت نەبووە کە یەکەمین ڕۆمانی کوردی نەک لە چوار بەشە گەورەکەی کوردستان،بەڵکوو لە بچووکترین بەشی کوردستان، کوردستانی ئەرمەنیستان کە ئەو کات لە ژێر دەسەڵاتی سوڤیەت بۆو بە دەستی کوردێکی ئێزەدی، عەرەب شەمۆ، لە ساڵی ١٩٣٥هاتۆتە نووسین. لەو کاتەدا کوردگەل لە گەورەترین پارچەی کوردستان، کوردستانی تورکیە، تەنانەت لە ماڵی خۆشیاندا بۆیان نەبوو بە زمانی خۆیان قسە بکەن، هەتا سێ دەیە لەوەو پێشیش ئەو دۆخە هەر درێژەی هەبوو، لە پارچەکانی دیکەشدا بۆیان نەبوو لە قوتابخانەی فەرمی یان تەنانەت نافەرمیشدا فێری خوێندن و نووسینی زمانی خۆیان ببن، بۆیە نووسەرانی ئەو سەردەمە نەیاندەتوانی هەستەزمانی خۆیان پەڕەپێبدەن و لە ڕێگەی بەکارئانینەوە بیکەن بە نەستەزمانێ کە بۆ داڕشتنی جیهانبینی و نووسینی ڕۆمان دەوری سەرەکی ئەگێڕێت. لێرەدا ڕستە بەناوبانگەکەی کانت تان وەبیر دێنمەوە (ئەو واتایانەی وا بە کەڵک وەرگرتن لێیان ئەزموون ئەکەین، بۆ خۆیان ئەزموونکراو نین، بەڵکوو پێشمەرجی ئەزموونکردنن)  لە حەفتاکاندا، پاش ئەوەی کوردگەل لە پارچەیێکی کوردستان، کوردستانی عیراق، لە قوتابخانە فەرمییەکاند فێری زمانی کوردی ببوون، بزاڤێکی فەرهەنگی دەستیپێکرد و زۆرێک بەرهەمی پڕبایەخی لێکەوتەوە بەڵام نەک لە ئەدەبی ڕۆماننووسی، بەڵکوو لە هەمان سونەتی ئەدەبیی پێشینەدار واتە شیعردا. ڕۆماننووسەکانی ئەو سەردەمە دەبوایا کۆڵی وەها لە ئەستۆ بگرن کە بۆ هیچ ڕۆماننوسێک نایێتە هەڵگرتن. ئەوان خۆیان دەکردە کەرەسەی خۆزیا رامیاری و زمانییەکان. زۆرێک ژانری ئەدەبی وەکوو ڕۆمانی بەرگری، ڕۆمانی دژەدەسڵات و ڕۆمانەشیعر هاتەئاراوە، بەڵام هیچ ڕۆمانێکی بایەخدار نەهاتە ئافراندن، هێندێ حیکایەتی مەیلەو دەسەڵات و هەراڵەدان نەبێ.

لە دەوری بیست ساڵی لەوەو پێش، شەپۆلێکی ڕۆماننووسین لە پارچەکانیتری کوردستان دەستیپێکرد. ئەم شەپۆلە فرەچەشن و بگۆڕ و ڕخنەگرانەن. لە درێژەی ئەم گۆڕانکارییانەدا زمانی پارچە و پچڕی کوردی گۆڕا بۆ زمانێکی پۆختە و واتادەربڕ. بە هۆی دەستلێنەدراوی توخمە داستانییەکان و نەستی مێژووی نەگێڕدراوی ئەم زمانە، توانامەندیێکی زۆر دەرکەوتووە کە ئەکری لە لایەن نووسەرانەوە کەڵکیان لێ وەربگیردرێت.

ئێوە یەکەم ڕۆمانی ئاڵمانی خۆتان نووسیوە. ئەکرێ بۆمان باس بکەن گیروگرفتەکانتان چـی بوون بۆ نووسینی ئەم ڕۆمانە. بە چیوە زۆرتر ترۆقاونەتەوە؟

من تازە دوو ساڵ ئەبوو پێم نابووە نێو ئاڵمان کە دەستمکرد بە نووسینی ئەم ڕۆمانە بە زمانی ئاڵمانی. ڕێزمانی ئاڵمانی زۆر بە خێرایی فێری  بووم. ڕەگەزی سەڵتی ناوەکان (die abstrakten Geschlechtsartikeln) لە گەڵ شێوەزاری زگماگی من لە زمانی کوریدا و هەروەها  زمانی فارسی نەدەهاتنەوە. لە زاراوەکانیتری زمانی کوردی بۆ وێنە کرمانجیدا دوو ناسێنەری ڕەگەزی سەڵتی نێر و مێ بوونی هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشا هێندێ نەریتی زمانی دیاریش پەیڕەو دەکەن. بۆ دوێنە هەر هەموو ئەندامانی جەستە و جۆرەکانی جلووبەرگ بە نێر دێنە ئەژمار. هەروەها شێوەی کۆاندنی ناوەکان نەریتێکی زمانیتریان هەیە جودا لە کوردی و فارسی. لێرەدا ناچار ئەبووم ئەم شێوە کۆاندنانە لە گەڵ زمانی عەرەبی، کۆاندنی شکاو>جمع مرخم<  بەراورد بکەم و هەر لە سەرەتاوە و هاوکات لە گەڵ ناو و ناسێنەری ڕەگەزیدا لەبەریان بکەم، بەبێ ئەوەی بە دوای ڕێئاوەز ” Logik ” ێکی زمانیدا بگەڕێم. پاشان گرفتی  پێگەپیتەکان (Präpositionen ) سەریـهەڵدا. ئەو هەموو پێگەپیتانە وا زۆربەیان نەریتی زمانیی دیاریکراو پەیڕەو ناکەن. بۆ ئەبێ مرۆڤ ئەستەرەم بێژی “Du machst dich lustig ÜBER mich” پێم ڕائەبوێری, وە ناتوانێ بێژێ” Du machst dich lustig AUF mich ”  بە من ڕائەبوێری ؟ بۆ ئەڵێن” Ich frage DICH” تۆ ئەپرسنم /بەرکاری ڕاستەوخۆ یان Akkusative / بەڵام Ich antworte DIR وڵامت پێ ئەدەمەوە/ بەرکاری ناڕاستەوخۆ یان Dative /؟ گەورەترین گرفتم لەم پێوەندییەدا چاوەڕوانیی زمناسانەم بوو. بڕێ لە نەریتە ڕێزمانییەکانی زمانی ئاڵمانی لە دژوازیدان لە گەڵ واتاناسی/ “Semantik” و ڕستەبەندی (Syntax ) زمانی دایکی من و هەروەها نەریتە گشتییەکانی زمان.

بۆ ئەبێ هەموو ناو و ڕاناوی پاش پێگەپیتەی FÜR ببێتە بەرکاری ڕاستەوخۆ، تەنانەت ئەگەر لە ڕووی واتاناسی و ڕستەبەندییەوە بەرکاری ناڕاستەوخۆ بن  “Dieser Apfel für DICH” .تۆم ئەم سێوە. بۆ لێرەدا دووهەم کەسی تاک وەک بەرکاری ڕاستەوخۆ دەسنیشان ئەکرێت؟ مانای ئەم ڕستەیە ئەبێتە          “Ich gebe DIR einen Apfel ” من سێوێک ئەدەم بە تۆ. من پێموایە زمانی ئاڵمانی لەم پێوەندیەدا تووشی یەکاندن بووگە. ئەوە ڕاستە کە زۆرێک لە پێگەپیتەکان دۆخی کارگێڕی دیاریکراویان ئەوێت. کە مرۆڤ گوتی “Ich kann ohne meine Tablette(Akkusative) nicht schlafen ” من بە بێ قورسەکانم /بەرکاری ڕاستەوخۆ/خەوم لێ ناکەوێ، بە واتای ئەوەیە کە> Ich brauche meine Tablette( Akkusative), um zu (schlafen) من قورسەکانمم/ بەرکاری ڕاستەوخۆ/  پێویستە بۆ ئەوەی خەوم لێبکەوێ. بەڵام ئەم ڕێسایە بە تەواوەتی لەگەڵ Für دا ناگونجـێ. سەرەنجڕاکێش ئەوەیە کە لە زمانی ئاڵمانیدا لادان لەم یاسا پتەوە زمانییە بەرچاویش ئەکەوێت”Was für ein Baum(Nominative) “ist das? ” ئەوە چ درەختێکە؟ فرۆید بە جوانی گوتوویە> ئەو کەسگەلەی وا لە پاڵ دەریادا ئەژین، دەنگی شەپۆلەکان نابیستن” . دژواری دیکەی من تێگەییشتن لە مانای مەتەڵ و زاراڤۆکەکان بوو. من وای بۆ ئەچم کە مانای زۆرێ لەو مەتەڵ و زاراڤۆکانە نەک لە ڕێگەی شیکردنەوەی واتاناسانە یان دیاردەناسانەوە بەڵکوو بە پێ مەبەستی کردەوەخوازانە پەرژێن ئەکرێن. نموونەیێکتان بۆ دێنمەوە”لە گەڵ گورگەکاندا لووراندنەوە”  لێرەدا مەبەست سەرکۆنەکردن، تیتاڵی کردنە یان ئامۆژگاری کردنە؟ هاوواتای ئەم مەتەڵە لە ئینگلیزیدا ئەرێنیە “go with flow “. لە زمانی فارسیشدا هەروایە” خواهی نشوی رسوا همرنگ جماعت شو” لە زمانی کوردیدا واتایێکی تەواو نەرێنی هەیە و مەعنا دووڕوویەتی ئەدات> بە هەر بارێکا با بێت شەن ئەکا “بەڵام وەک من بۆم دەرکەوتووە، مانای ئەم مەتەڵە لە زمانی ئاڵمانیدا گرێدراوی دۆخی بەکارهێنانیەتی، تەنانەت ئەگەر وەک ئەمرپێکردنیش بە کار بهێنرێت” لە گەڵ گورگەکاندا بلوورێنە. بۆ مەتەڵە بەناوبانگەکە> زەمەن پارەیە< شیکردنەوەی واتایی لەوەش دژوارترە، بە تایبەت ئەگەر ئەوەش ڕچاو بکەین کە کتێبی “زەمەن و بوون” نەوەد ساڵ بەر لە ئێستا بە زمانی ئاڵمانی نووسراوە و ئاڵمانییەکان ئەبوایا باشتر بیانزانیبایا کە زەمەن یەک لە ڕەهەندە سەرەکییەکانی بوونە.

نێودانان هەمیشە دەوریکی سەرەکی گێڕاوە لە ئەدەبدا. ئەتوانن بۆ خوێنەران باس بکەن چ دەور و واتایێک ئەنوێنن ناوی کەسێتییەکانی نێو ئەم ڕۆمانەتان.

ناوی عیسا بە مانای یێزووز کریستووسە و کیرستێن یش وێرژنی سکاندیناویانەی ئەو ناوەیە. مانای زۆراو لە کوردیدا هێزی ئاوە. ئەو کوڕی بە ناوبانگترین پاڵەوانی ڕۆژهەڵاتییە کە بە دەستی باوکی و لە شەڕێکی دووقۆڵیدا بە فێڵ بریندار ئەکرێت. تازە پاش ئەوەی کێرد ئەکاتە سکی شۆفارەکی خۆی  و ناکاری ئەکات، تێئەگات لە کوڕەکەی  خۆی داوە و غار ئەدات بەرەو کۆشکی پاشا بە نیازی وەرگرتنی شادەرمان. بەڵام لەوێ ئەوەندە چاوەڕوان ئەیهێڵنەوە هەتا کاتێ بگاتە لای کوڕەکەی کە ئیتر درەنگ بووگە و مردووە. لەم حیکایەتەوە، زۆراو لە لایێکەوە هێمای جۆڕێ لە جۆرەکانی ڕۆڵەکوژی”Infantizid ” واتا کوڕکوژی و لە لایێکیترەوە سەرچاوکەی مەتەڵێکی بەناوبانگی خۆرهەڵاتیی> نوشداروی بعد از مرگ سهراب< ە . مارگرێت لە کوردیدا مرواری پێ ئەوترێت و لە دوو وشە پێک هاتووە. مری/ تیشک/+ واری/ باران/. بەپێ ئۆستوورەیێکی خۆرهەڵاتی، مرواری کاتێک چـێ ئەبێت کە ئەو دڵۆپە بارانەی بەر تیشکی مانگەشەو کەوتووە، داکەوێتە نێو سەدەفێک. مر، هێمای میترا، خۆدا ی تیشک و واریش هێمای ئاناهیتا، خۆدا ی بارانە. ئەم دووانە، خۆدا( من خۆدا بە مانای مێخودا و خودێ بە مانای نێرخودا بەکار دێنم*) سەرەکییەکانی تیشکپەرەستین کە لە سەدەکانی سێی زائیندا لە ڕێگەی فلۆتین و دیکەی نوێ ئەفلاتوونییەکانەوە ئایینی کریستیانی لێ سازدرا. ناوی کوردی ئەوین یش بە واتای لیبـێ ی ئاڵمانییە.

مناڵێتی و سێکس تابۆن؟ سێکس چۆناوچۆن بۆ مێرمنداڵان شیئەکرێتەوە؟ بۆخۆتان چۆن لە سێکس ئەڕوانن؟ من بیر لە دیمەنەکانی نێو ڕۆمانەکەتان ئەکەمەوە، بەڵام لە سەرووی ئەمەش ( لە کوردستان لە ئێران و لە ڕۆژهەڵاتی ناوین) ؟

پەیغمەبەری موسوڵمانان تەمەنی شووکردنی ژنانی دابەزاند بۆ نۆ ساڵان، بۆ ئەوەی بتوانێ کچـی دۆستەکەی خۆی، یەکەمین خەڵیفەی موسوڵمانگەل مارە بکات. لەو کاتەوە نۆ ساڵان، تەمەنی شەرعیی شووکردنی کچانە لە جیهانی ئیسلامدا. هەتا چل ساڵی لەمەوبەر، تەمەنی ڕەوای شووکردنی کچان لە نێو کۆمەڵگای کوردیدا بەپێ قەڵافەت و گەشەی جەستەیی لە دەوری چواردە ساڵاندا بوو. دایکی من بۆ وێنە، شەست ساڵی لەوەووپێش لە ١٣ ساڵاندا بەشوودرابوو. ئەمڕۆکە ئەم تەمەنی شووکردنە بەپێ زاکۆنێکی نەنووسراوی کۆمەڵایەتی لە دەوری بیست ساڵدایە. کۆمەڵگای کوردی بە تایبەت لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان، کوردستانی ئێران و سووریە، کۆمەڵگایێکی سکۆلارە. ىەڵام لەبەر هۆکارە پراگماتیستییەکان و لای ڕووناکبیران بە هۆی تێگەیشتنی ژینناسانە و دەروونناسانەوە، سێکسی نێوان کەسە پێگەیشتووەکان لەگەڵ منداڵان بە توندی ڕەتئەکرێتەوە. بەڵام سێکسی نێوان مناڵان بۆخۆیان، باشترە بێژین گەمەسێکس، وەکهەسێکی ئاسایی نێو کۆمەڵگایە، چونکە بە پێچەوانەی بەشەکانیتری جیهانی ئیسلام، لە کوردستاندا بە کراوەیی باسی تەوەرەکانی پێوەندیدار بە سێکسەوە ئەکرێت. لە زەماوەندەکانی کوردستاندا شیعری گۆرانی وا ئەخوێندرێت، لە بەشەکانیتری جیهانی ئیسلامدا بۆ گوێگرتن و خوێندن نابن. بۆ وێنە ئەم شیعرە فولکلۆرە” جفتە مەمکەکەت وەک هەنار تورشە   دەسیان بۆ ئەوەم، بۆم ئەکەن پرشە”. لە ئەنجامی ئەم کراوەبوونەدا، مناڵان پێشوەخت ئاگاداری واتاکانی پێوەندیدار بە سێکسەوە ئەبن. کە مناڵ بووم لە گەڕەکەکەماندا ژنێک هەبوو کە بە سەر شووەکەیدا دۆستی هەبوو. بۆیە خەڵکی گەڕەکەکەمان وەک لەشفرۆش سەیریان ئەکرد. من لەوکاتە شەش ساڵم تەمەن بوو کەچـی لەگەڵ کوڕەدۆستەکانم دەستمانکەد بە پارەمان کۆ کردنەوە بۆ ئەوەی بتوانین سێکسی لەگەڵ بکەین. پرۆژەی ئەو کاتەمان فەشەلی هێنا،چۆنکە پاش چەند ڕۆژ دەممان بۆ جۆرە نوقڵێکی تازە زیاتر ئاوی تێزا.

ژنەکانی نێو ئەم ڕۆمانەی ئێوە زۆر ورووژێنەر و بوێرن. لە ناوەنددان و بەشی پەراوێزیشن، هەتا ئەوپەری خۆی نەترس و پڕ لە خۆباوەڕین، بەڵام لە هەندێ شویندا وەها دەیاننواند وەک بڵێی دەوری پڵتۆکوەشێن (Stichwortgeber) بۆ پیاوان ئەگێڕن. ئەتوانن لەگەڵ من هاوڕا بن؟ ڕای ئیوە لەسەر ژنانی مودێڕنی ئەمڕۆی  ئورووپا چیە؟ چۆن سەیری ژنانی نیشتمانی خۆتان ئەکەن و هەر لەم پێوەندییەدا بۆمان باس بکەن زەواجـی کاتی چیە؟

لەگەڵ ڕووداوەکانی کۆبانێ و بەشداری بەربڵاوی ژنان لە شەڕی دژ بە داعش، سەرەنجـی ڕای گشتی خەڵک بەرەو تایبەتمەندییێکی کوردگەل بووەوە کە هەمیشە بەشێک بووگە لە فەرهەنگی کوردی. لەبەر هۆکارە جوغرافیایی، ئابووری، دیرۆکی و هەروەها جیهانبینی کەونی هێشتا نەمردووی تیشکپەرەستی، ژنان لە نێو جڤاکی کوردیدا دەورێکی سەرەکی ئەگێڕن. لە کوردستاندا دایک بە کەیوانوو بانگ ئەکرێت و ئەم وشەیە بە مانای خودایماڵ ە. ئەوان دەست لە ناو دەستی پیاوان هەڵئەپەڕن و لەگەڵیان لە کاری مەزرا و باخەکاندا بەشدار ئەبن. ئەگەر پیاوێک لە گوندێکی کوردەواریدا لە دەرگا بدات و پیاو لە ماڵ نەبێت، ئەگەری زۆرەوە لە لایەن ژنێکەوە پێشوازی لێ بکرێت، بە بێئەوەی ئەم کارەی لەو جڤاکە بچووکەدا لای خەڵک گوماناوی دەرکەوێت.

لە کوردەواریدا پیاوان بە ناوی دایکیشیانەوە بانگیان لێئەکرێت، شتێک کە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا باو نییە. لە دیرۆکی کورددا زۆرێک سەرکەردەی ژنمان بەرچاو ئەکەوێت. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیێنێت کە لە هەموو شوێنێکی کوردستاندا پێگەی ژنان ئاوەهایە. شوێنی واش هەیە، کە تیایدا توندوتیژی کردنە سەر ژنان، بە شوودانی زۆرەملی و کوشتن لە سەر نامووس دەگمەن نین. بە تایبەت لەو بەشانەی کوردستاندا وا دەشتی بەرینی تێدایە و هەر بۆیە دەرەبەگایەتی و ئایدۆلۆژیای دژەژنی ئایینی واتا ئیسلام، لە ڕووی مێژووییەوە باڵادەست بووگە.

بەڵام بۆ ژنانی کورد ئەوەندە نەترسن. من پێموایە لە پاڵ هۆکارەکانیتر، خواستی پیاوان و بنەماڵەش دەور ئەبینن. من ئەتوانم باسی سنەتان بۆ بکەم. لەوێ چاوم بە مناڵەکوڕ کەوتووە کچۆڵە لێیداوە، چونکە لە لایەن باوک و دایکەوە هاندراوە بۆ بەڕەڤانی کردن لە خۆی . لەوێ بۆ پیاوانی جیلی نوێ، شاکچ ئەو کچە نییە وا لە قالۆنجە ئەترسێت و قیزوبیز ئەکاتەوە، بەڵکوو ئەو کچانەن وا سەرەڕۆن و ئارەقی تاڵ وەک ئاوی خواردنەوە هەڵئەقوڕێنن.

دڵنیا نیم دەستەواژەی ژنی مودێڕن زاراوەیێکی گونجاو بێت بۆ ژنانی ئەمڕۆکەی ئورووپا. بزاڤی ڕزگاریخوازانەی ژنان لە ئورووپا مێژوویێکی دوور و درێژی هەیە و بووگە بە سونەتی سەرەکی ئاواتی یەکسانی و دادپەروەری، بە زۆر کەسێتی گرنگی وەک رۆزا لاگزامبوورگ، هانا ئارێنت، سیمون دێبوار، ویرجینیا ڤۆلف… ئەوان دەرەنجامی مێژوویێکی خەباتی دژ بە نادادگەری لە وڵاتە پێشکەوتووەکانن لە ڕووی پیشەسازییەوە و کاریگەری زۆریان هەبووە لە سەر ڕەوتی بیر و هزری مرۆڤ لە هەر هەموو جیهاندا. ئەم چالاکە ڕزگاریخوازانە بوون بە دەستپێکەری چەرخێکی زێڕینی شەڕی کۆمەڵایەتی لە دژی هەڵاواردن و نابەرابەری، کە  تیایدا جەماوەر کەوتنە شەڕی وەرگرتنی مافە مرۆڤییەکانی خۆیان.

ئەوەی ئێستا لە ئورووپادا لە پێوەندی لەگەڵ ژنان لە یەکەم نیگادا بەرچاو ئەکەوێ، جۆرێکە لە سیاسەتپەرێزی (Politikverdrossenheit) نەک هەر لای لاوان، بەڵکوو لای ژنە بەساڵاچووەکانیش. ئەو ژنە سەرسووڕهێنەرە کاریگەرانە بەس لە دیرۆکی ئورووپادا بەرچاو ئەکەون، بەڵام بەوەشەوە خۆپیشاندانە پڕئەژمار و گەڵالە بۆ داڕێژراوەکانی دژ بە ڕێکەوتننامە بازرگانیە جیهانیەکانی TTIP و CETA سێبەری تۆخی ئەو ژنە مەزنانەی لە سەر کۆمەڵگای ئەرووپی نواندەوە. بە داخەوە هەتا ئەمڕۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین و نێـزیک لەم کەڵەژنانەی بە خۆوە نەبینیوە.

مارەبڕینی کاتی شێوە لەشفرۆشیێکە کە لە ئایینزای شیعەدا ڕەوایەتی پێبەخشراوە. مەلایێکی شیعە بۆی هەیە هەم مارەی هەمیشەیی و هەمیش مارەی کاتی، بۆ ماوەی ساڵێ، حەوتەیێک و تەنانەت چەند ساعەتی ژن و پیاوێک ببڕێت. دامودەزگا ئایینیەکانی شیعە و دینکارانی، پشکی خۆیان و جووتە کاتیەکانیش ڕێپێدانێکی یاسایی و ڕەوایەتیێکی ئایینی وەرئەگرن. ئەم شێوە سێکسفرۆشییە لای من بە هەمان ئەندازەی گانفرۆشی یاسایی نێو وڵاتی ئاڵمان دزێوە، وا لە ڕیگەیەوە نەک ژنە زۆربە لە ڕۆژهەڵاتی ئورووپاوە هێنراوەکان، بەڵکوو پشکدارە زەبەلاحەکانی بازرگانی سێکس سوودمەند ئەبن.

بۆ ئەوەندە بە وردی باسی دیمەنە بێڕەحمانەکانی ئەشکەنجەگاکان ئەکەن؟

 باشتر نەبوو بپرسن بۆ ئێمە ئەبێ لە جیهانێکی ئەمەندە بێڕەحمدا بژین؟ کەچـی ئێوە ئەپرسن بۆ بە تێروتەسەلی باسی ئەشکەنجەدرانی ئینسانەکانم کردووە. داڕشتنی پاژنواڕانە پێویستی ڕۆمانە. ئێوە ئەتوانن ئیدعای ئەوە بکەن کە مرۆڤ ڕۆژانە لە هەواڵەکاندا زیاتر لە پێویست لەم دیمەنە تۆقێنەرانەیە ئەبینیت، ئەخوێنێتەوە و بەرگوێی ئەکەوێت. بەڵام من لە سەر ئەو باوەڕەم کە زلـمیدیاکان، بەردەوام هەوڵئەدەن هەواڵە پینەوپەڕۆ کراو و ئاراستە بۆ دیاریکراوەکانمان پێشکەش بکەن. ئەوەی ڕۆژانە لە ڕێگەی زلـمیدیاکانەوە ئاراستەمان ئەکرێت، زۆربە بەرهەمی دەرەنجامخوازانەن. هەواڵی تێروتەسەل سەبارەت بەو کارەساتانەی جیهان ئاراستەمان ئەکرێت وا لە گەڵ بەرژەوەندییەکانی سیستەمی پیشەسازی ماڵی جیهاندا دێنەوە. سەبارەت بە کارەساتە سەرەکییەکانی جیهان، یان هەواڵی دەسچن و هەستاژینکراومان پێشکەش ئەکرێت یان ئەژماری پەتی. هەموو کەس ئەتوانێ ئاگادار بێتەوە کە ساڵانە زێدەتر لە حەڤدە میلیۆن کەس لە جیهاندا لە برسا دەمرن. زانیارییەکان لە بەر دەستن و ئەژمارەکانیش لەوانەیە ڕاست بن، بەڵام بەس وەک ئەژمار بوونیان هەیە. ئێمە ڕۆژانە لە ڕێگەی میدیاکانە بە ژمارەکان بوردمان ئەکرین و پیان ڕادێین و لە هەمبەریدا بەرگردار ئەبینەوە و ئەمە مەترسیدارترە لە بەرگرداری ” Immunität ” لە هەمبەر ئانتی بیۆتیکەکان. ئێمە ئەبێ لە ناخی دەروونمانەوە تێبگەین کە ئەم ئەژمارانە لە مرۆڤگەلێکی وەکوو ئێمە پێکهاتوون، بە هەمان هەست و شوناسی مرۆڤانەوە. هەموو ئەو تاکانەی وا لە ئەشکەنجەگاکاندا ئەشکەنجە ئەدرێن، هەر هەمان پێکهاتەی عەسەبی ئێمەیان هەیە. هەموو مرۆڤێکی برسی و لە ژێر هەڕەشەی مردن، هەر هەمان مافـی ئێمەیان هەیە  بۆ ژیان، چونکە هیچ چین و نەتەوەیێک ئەم ئەرزەی ئێمەی نەخوڵقاندووە و زەوی هەر لێرە بوو، ٨/٤ میلیارد ساڵ بەرلەوەی ئەم ئاژەڵە خۆبەزلزانە لە سەری قوت بێتەوە. ئەز باوەڕم ئەوە ئەرکی وێژە و ڕۆمانە شوناسی دووبارە ببەخشێتەوە بەو  ئەژمارانەی وا  جێی مرۆڤەکانیان گرتۆتەوە.

ئەکرێ  بەسەر ئەو شتانەی  لە ڕۆمانەکەدا هاتووە، باسی واتای تەواب و ئەو سونەتەی لێی دەرکەوتووە بکەی بۆمان. تەواب ئەتوانێ  بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا، یان  بۆ هەمیشە تەواب ئەمێنێتەوە؟ چ شتێک مرۆڤ ئەکات بە تەواب؟

ئەگەر  پێداگریمان تەنێ  لە سەر وشەی تەواب بوایا، ئەوە بەس چەمکێکی تایبەت بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمایەوە. وشەیێک کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە مەبەستی دیاریکراو و لە واتایێکی بیرلێکراو و لە سەردەمێکی تایبەتدا بە کاری ئەهێنا. بە هۆی گۆڕانکارییە جڤاکییەکان، چالاکییە ئاوەزمەندانە و ئاشتیخوازانەکان و دابەزینی دەسەڵاتی  ڕۆحی حیزبە کوردییەکان، واتای ڕووخێنەری ئەم چەمکە کاڵ بووەتەوە. لەوانەیە ڕێژەیێکی زۆری جیلی نوێ لە کوردستانی ئێراندا ئەم وشەیەیان هەر بەر گوێ نەکەووتبێت. لە باشووری کوردستاندا ئەم وشەیە بەکارنەهێنراوە، کەچـی وەک دیاردە هەتا ٢٥ ساڵی لەوەوپێش بە شێوەیێکی تۆقینەرتر بوونی هەبووە. بەڵام کە ٢٥ ساڵی لەوەوپێش لەم بەشەی کوردستاندا حیزبە کوردییەکان دەسەڵاتیان گرتە دەست، چوارچێوەی بەهاکانی خەڵک بە خێرایی  تووشی لێکترازان و داڕمان بوو. خەڵك بە چاوی خۆیان بینیان کە چۆن پێشمەرگە و ڕۆڵاکانی گەڵ، لیان بوون بە دوژمن، چۆن گەندەڵیان کرد بە ڕێسا و دەسەڵاتی   بنەماڵەیی  خۆیان  پەرەپێدا و هەموو بەهاکانی خۆیانیان نایە ژێر پێ.

لەوانەیە چەمکی تەواب لە داهاتویێکی نێزیکدا لە دوو پارچەکەیتری کوردستانیشدا لە بیر بکرێت، بەڵام شوێنی ئەو  زامانەی ئەم چەمکە لە ڕۆحی تووشبووەکاندا بە جێیهێڵاوە قەت ناسڕێتەوە.

دووپاتکردنەوەی چەنەها جارەی وشەی ئێران لە ڕۆمانەکەتاندا دەورێکی واتایی ئەبینێت یان خوێنەر ئەتوانێ چاوپۆشی لە ناوی وڵاتەکان بکات، چونکە بارودۆخی کوردگەل لە هەموو ئەو وڵاتانەی تیایاندا ئەژین لە ڕووی ژێردەستی و ستەم و ڕاوەدوونانەوە وەکوو یەک وان؟

ئێران لێرەدا شوێنەجـێ “Lokation ”  یێکە وەکوو کوردستان یان ئاڵمان. سنووری وڵاتەکان هیچ گرنگیێکیان بۆ من نییە. سنووری هەموو وڵاتێ لە ئەنجامی تێکەڵچوونە ناوخۆیی و دەرەکییەکانەوە دروست ئەبێت. ئێرانیش لە چەشنی دیکەی وڵاتانیتر وەک کالای نایاب و دانسقە ئەفرۆشرێتەوە بە دانیشتووانی و سنوورەکانی بە پیرۆز دائەنرێت. لە سەد ساڵی لەوەوپێشەوە ئەم ناوە بۆ دیاریکردنی وڵاتێ بەکارئەهێنرێت. بەرلەوە، وشەی ئێران ئاماژە بوو بۆ ناوی فەلاتێک. من لە ڕۆمانەکانی پێشترمدا شوێنەجێـی جۆراوجۆرم بەکارهێناوە. شوێنەجێی سەرەکی ڕۆمانی یەکەمم شاری سنەیە، لە ڕۆمانی دووهەممدا شاری بەغداد ئەو دەورەی گێڕاوە. ڕووداوەکانی ڕۆمانی سێهەمم لە شوێنەجێیێکی سەڵت و گریمانەییدا ئەگێڕدرێنەوە.

لە بەشێک لە ڕۆمانەکەتاندا دیمەنگەلێ لە کۆشکی پاشایێکی سەردەمی کۆنی یۆنان پیشان ئەدرێت کە تیایدا فەیلەسووفە بە ناوبانگەکانی ئەو سەردەمە دەرئەکەون. مرۆڤ چییە و کەی ئەبێتە  کویلە؟ ئەوەی وەک دابڕانێک لە دەقەکەدا ئەنوێنێت، پێوەندی هەیە لەگەڵ ڕووداوەکانی پێش و پاش خۆیدا. دەور و کاریگەری ئەم بەشە لە ڕۆمانەکەتاندا چۆن ئەخەمڵێنن؟ یان بە داڕشتنەوەیێکیتر، بۆ ئەبێ من کوڵە لە فیلسووفە عەنتیکەکان بگرم لە سەردەمی دەسەڵاتدارە خۆسەپێنەکاندا؟ ئەمڕۆ وا نییە؟ / دوو ڕستەی دوایی لەوانەیە تەشەرئامێز بنوێنن./

ئەم بەشە باس لە ڕەوتی سازبوونی دادگایێک ئەکات. ئەوەی لێرەدا پیشان دراوە دادگایێکی سیاسیە، بەڵام بە ڕای من ڕەوتی دروستبوونی هەر هەموو دادگاکان هەتا ڕادەیێکی زۆرهەر ئاوەهایە. لە پشت هەموو دانیشتنێکی دادگاییکردنەوە دەسەڵاتێک بوونی هەیە کە هەوڵئەدات ڕەوایەتی ببەخشێتە مەبەست و بەرژەوەندییەکانی خۆی. ئەم دەسەڵاتدارگەلە لە دوورەوە ڕائەوەستن و ئەهێڵن لە ڕێگەی کەسانیتر و یان خوداوە پلانەکانیان جێبەجێ بکرێن. مەبەستم لە دادگا بە تەنیا داموودەزگا بڕیاردەرەکانی داد نییە، بەڵکوو هەروەها بڕیارگە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و تەنانەت هۆنەریەکانیشم مەبەستە کە تیایاندا لە سەر مژارە مرۆڤیە جۆربەجۆرەکان، مەبەستمەندانە دەمەتەقێ ئەکرێت و لە دژی کۆڵنەدەران و ڕخنەگران بڕیار ئەدرێت. ئەم دانیشتنانە لە شەوە تەلەفیزیۆنییەکانی ئێستا و لە زەماوەندەکانی کوردستاندا کە تیایدا تەوابێک دائەبەزایە ئاستی گۆڤەک و پوخڵەوات، هاوچەشن بەڕێوە ئەچن. مرۆڤ بە پێچەوانەی ئاژەڵەکان لە فەرهەنگی بڕیار و پێشبڕیاردا گەورە ئەبێت. مێژووی دەسەڵات هاوکات مێژووی خاوەندارێتی هزر و ئەندێشەشە. لەم سیستەمەدا پارە، ئاسمان، ئایدولۆژیا، ئاژاوەگێڕی و تەنانەت کەمتەرخەمی وەک مۆڤی سڕکەر بەکار دەهێنرێن. پەیغەمبەران و  بیرکاران قوت ئەکرێنەوە و ئەوانیش زەقەباوەڕ بەرهەم دێنن و لە ڕێگەی مزگەوت و کەلێسە و قوتابخانە و زانکۆکانەوە لەگەڵ بنج و بناوانی کۆمەڵگا شەتەک ئەدرێن.

ئەم بڕیارگەلە ئەخزێنە ژێر پێستی کۆمەڵگا و ئەبن بە بڕیاری خۆدراو و تاکەکەسی ئێمە و بە نەستی مێژوویی زمانمان. ئەوەی بۆ من وەک نووسەرێ ئەگەڕێتەوە، خراپترین دۆخ ئەو کاتە رووئەدات کە هۆنەریش لەم گەمەی دەسەڵاتەدا دەور بگێڕێت. ڕۆژانە بێئەژمار دادگایی ئەدەبی لە گۆڤار و بەرنامە تەلەفیزیۆنییەکاندا بەڕێوە ئەچێت کە تیایاندا هۆنەرە پینەوپەڕۆ کراوەکانی پەسەندکراوی دەسەڵاتداران وەک بەرهەمی دانسقە ئەفرۆشرێن و ئەو بەرهەمانەی وا لە گەڵ بەرژەوەندی زلـهێزەکاندا نایێنەوە ترۆ ئەکرێن و لەوەش خراپتر یەکسەر نکۆڵیان لێئەکرێت.

ئەکرێ بڵێن کەی لە نووسینی ئەم ڕۆمانە بوونەوە، یان پرسیاری وا بۆ ڕۆمانی پردی دیلان نەگونجاوە. ئەگەر ناچار ببن ئەم ڕۆمانەتان لە چوارچێوەیێکدا بگونجێنن، ئەیخەنە خانەی کامە جۆری ئەدەبییەوە؟

کاتی تەواوکردنی ئەم ڕۆمانەم باش لەبیرە. ئێوارەی سێشەمەی ڕۆژی سێی مانگی حەوتی ٢٠١٣ بوو. پاشان سەرم بە ناو دارستانا کرد و ٣ کاژێر بەو ناوەدا خولامەوە. بۆخوم ڕۆمانەکەم ناوزەد بکەم؟ ئەوە بۆ من ئاسان نییە…  ئەکرێ ئەم ڕۆمانە وەک ڕۆمانێکی ڕیاڵئێکسپێرسیۆنیستی بخوێندرێتەوە. هەموو زناگەکانی ناو ئەم دەقە ئەکرێ هەم وەک زناگ و هەم وەک هێما سەیر بکرێن. هەر هەموویان، مەرگ، ژیان، تەنانەت بیرە و ئارەقیش.

هیچ بڕوایێکتان بە فەلسەفە هەیە؟ ئەگەر ئەرێ، چ لایەنێکی فەلسەفە بۆ ئێوە سەرەنجڕاکێشە و کامە لایەنی بێزارتان ئەکات؟ ئەکرێ مرۆڤ باس لە سیستەمی فەلسەفی ڕۆژهەڵاتی ناوینیی بکات؟

مەبەستی من لە ڕۆامنەکەمدا ڕەتکردنەوەی فەلسەفە نەبووە. فەلسەفە بوونی هەبووە و ئەیبێت، بە تایبەت ئەگەر مرۆڤ پێداگری لە سەر مانای دێرینی فەلسەفە، واتا> سرۆشتویستی< بکات. هەم لە خۆراوادا هەمیش لە خۆرهەڵات، لە سەردەمی کۆن و لە داهاتوویشدا. لەبەر ئەوەی من لەم کتێبەمدا زیاتر فەلسەفەی خۆرئاواییم خستۆتە بەر باس و وشەی فەلسەفەش لە زمانی یۆنانیەوە هەڵقوڵاوە، تەرکیز ئەکەمە سەر ڕوونبینی

(Weisheit). ئەم فەلسەفەیە بە ئەوینداری بەرامبەر بە سروشت دەستیپێکردووە. یەکەمین کەسێ کە وەکوو فیلسووف ئەیناسین، لێکۆڵەرێکی سروشت بۆو ئەچووە نێو بیری وشک بۆ ئەوەی باشتر شێوەبزاڤی ئەستێرەکان چاوەبین بکات. فیلسووفەکانی پاش ئەویش هەر هەمان ڕەوتیان لە ڕێگەی وردبوونەوە لە سروشت و دیاردە دیارەکانی درێژە پێدا. ئەم ڕێگا مەیلەو سروشتویستییە لە هێراکلیتدا گەییشتە تەشقەجێـی خۆی. هێراکلیت ڕێبازێکی لە جیهانڕوانینی داهێنا کە هەتا ئەمڕۆش پێی سەرسامین. لە سەردەمی کوانتۆم و بیگبانگیشدا ڕستەکانی هێراکلیت هێشتاکە هەر ئەزرنگێنەوە> مرۆڤ ناتوانێ دووجار قاچ ڕۆکاتە نێو یەک چۆم<. پاش ئەو هەموو ساڵە ئێمە هێشتاکە ئەتوانین لەو دەلاقەیەی فەلسەفەی هێراکلیتەوە لە جیهانی بێسنوور، تەڤگۆڕ و دیار، بەڵام دەستەمۆ نەکراو بڕوانین. بەڵام تەریب لەگەڵ ئەم جۆرە جیهانبینییە، جۆرە ڕوانینێکیتر لە جیهان، سەریـهەڵدا و ئەویش لە لایەن فیلسووفێکی هاوچەرخی خۆیەوە. ئەو ئەیگوت جیهان و هەموو دیاردەکانی نێو جیهان نەگۆڕن و ئەو تایبەتمەندییانەی وا ئێمە وەکوو گۆڕان بەرچاومان ئەکەون، بەس ڕێڕەوێکن لە بوون یان نەبوون. مناڵبوونی من مانای ئەوە ئەدات کە من پێگەییشتوو نیم، کە گەورە بووم ئێتر مناڵ نیم. ئەو هەوڵیداوە بیسەلمێنێ کە بوون بریتییە لە هەموو ئەو تایبەتمەندییانەی وا بوون ساز ئەدەن و پاش ئەم بوونە یەکجارییە، نەبوون دەست پێئەکات. قوتابیەکەی پارمنیدێس، زێنۆن، هەوڵیدا ئەم دانراوەیەی مامۆستاکەی لە ڕێی چیرۆکی دژوازی ئاشیل و کیسەڵەوە بچەسپێنێت. شتێ کە لە ڕێگای بیرکاری مودێڕنەوە هەڵە بوونی سەلمێندرا. ئەم ڕەوتی بیرکردنەوە دژەسروشتییە لە ئەفلاتوون و ئەرەستوودا بوو بە ڕەهاخوازی. لای یەکیان لە ڕێی بەرواتا (Idee) کۆن و نەگۆڕەکانەوە بوو بە پێناسەی جیهانێکی کۆن، داخراو و نەگۆڕ و لای ئەوەیتریان بۆ هەر هەمان جیهانی داخراو بەڵام بە ناوێکیترەوە پێناسە کراو، جیهانی ناخواتا (Substanz)کان. ئەم جیهانبینییە مەیلەو ڕامیاری و دەسەڵاتە بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ سێبەری تۆخی نەزانینی خستە سەر مرۆڤایەتی. هەتا ڕۆژی ئەمڕۆش کاریگەری کوشەندەی ئەم جۆرە جیهانبینییە لە سەر فەلسەفە ئەبینین. بە باوەڕی من سەردەمی ڕووناکگەری بە کەشفەکەی کۆپێرنیکەوە دەستیپێنەکرد. مرۆڤ لانیکەم دوو هەزار ساڵ بەر لە کۆپێرنیک بەو ڕاستیەی زانیبوو، لێرەدا ئاماژە ئەدەمە فیلۆلائۆس. من ئیدیعای ئەوە ئەکەم کە فیلسووف و زاناکانی سەدەکانی ڕووناکگەری تەقریبەن هیچیان نەکردووە جگە لە ڕاستکردنەوەی گریمانە هەڵەکان و بیرۆکە وەک ئایەت بینراوەکانی ئەرەستوو. ئەرەستوو و ئەفلاتوون ئەمڕۆکەش نەک هەر وەک گەورەترین بیرمەندانی مێژووی ئەندێشە ئەبینرێن بەڵکوو ڕێئاوەزەکانیان، Deduktion  و Induktion لە ڕێکەوتنگەری نوێ ( moderner Kontraktualismus) لای John Harsanyi و John Rawls و بەو پەڕی سەرسووڕمانەوە لە بونیادنانەوەی گوتاری ئاکارمەند لە وتاری پاساودەری نێوان ئاوەزیدا لە لایەن Karl-Otto-Apel ەوە وەک ڕێباز و بەڵگەی سەلمێنەر بەکار دێن، سەرەڕای ئەوەی کە ئێمە پاش شیکردنەوەکانی David Hume و Karl Popper ئەبوایا ئەم دوو ڕێبازی سەلماندنە لانیکەم بخەینە بەر گومانی قووڵەوە. مرۆڤ ئەکرێ زۆر ڕوون و ئاشکرا بێژێت کە Induktion  و Deduktion لە بەکارئانینی فەلسەفیدا نەک ڕێبازی توێژینەوە بەڵکوو دوو ڕێگەی جیاوازی سەلماندنی دەرەنجامە لە پێشەوە گەڵاڵە بۆ داڕێژراوەکانن.

مرۆڤ ئەکرێ لە مانا ئورووپییەکەیدا چەن فیلسووفێک لە مێژووی خۆراوادا بدۆزێتەوە، بۆ وێنە ئەبوو عەلی سینا و ئێبنێ ڕوشد. بەڵام بە ڕای من ئەم کەسانە تەنیا شیکارانی سیستەمی فیکری کلاسیکی یۆنان بووگن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە  خۆرهەڵات خاوەن جیهانبینی نەبووە. کە مرۆڤ ئاوڕ لە بنچینەی فەلسەفەی ڕۆژاوایی واتە ئەویندارێـتی سروشت بداتەوە، لە تالێسەوە هەتا پیتاگۆراس، تێئەگات کە ئەم فەلسەفەیە لە خۆرهەڵاتەوە سەرچاوکەی گرتووە. بەڵام بەمەشەوە ناتوانین مێژووی ئەندێشەی خۆرهەڵاتی پۆلێنبەندی بکەین. بە پێچەوانەی فەلسەفەی ڕۆژاوایی فەلسەفەی خۆرهەڵاتی لەگەڵ وێژە و بە تایبەت شیعردا تێکەڵە. کۆمەڵێکی زۆر لە کەڵەشاعیرانی وەک خەیام، ئەحمەدی خانی و مەولەی بەلخـی و … بوونیان هەبووە کە ڕوانینی قووڵیان بەروەو کۆجیـهان  (Weltall)، مێژوویێکی سەرەنجڕاکێشی ڕوونبینی یان ساز داوە کە مرۆڤ لە ڕووی مێژووییەوە ناتوانێ بیانخاتە نێو سیستەمێکی فەلسەفی. لەم بەرهەمە شیعریگەلە، نەک هەر بۆچوونە کلاسیکەکانی فەلسەفەی خۆراوایی، لەوانە چێژخوازی و ئێشپەرێزی(Epikureismus)  یان چارەنووسگەری  (Fatalismus)بەڵکوو کرۆکەبیری زەینخوازی (Subjektivismus)و بوونگەری (Existenzialismus)و هتد زۆر پێش لە دەرکەوتنیان لە خۆراوادا بدۆزێتەوە. سەرڕای ئەمانەش لەبەر نەبوونی پاژنواڕی و شیکردنەوەی بابەتییانە لەم بەرهەمە هۆنەرییانەدا بۆ پۆلێنبەندی کردن لە مێژووی فەلسەفە نابن. مرۆڤ ئەکرێ وەک تێگەییشتنی فەلسەفی یان سامانێکی ڕوونبینی سەیریان بکات.

فەلسەفەیێکی جیهانی بوونی هەیە؟ ئەبێ هەڵگری چ تایبەتمەندیگەلێکی بنەمایی بێت؟ فیلسووفی وا هەبووە کە کاریگەری زۆر تایبەتی لە سەر ئێوە بووبێت؟

سەرسامی من بەرامبەر بە هزری هیچ فیلسووفـێ وەک هێراکلیت نەبووە. سەرەڕای ئەوەی ئەزانین کە هیچ نووسراوەیێکی لێ نەماوەتەوە. هەموو ئەو شتانەی ئێمە لە هێراکلیت لە بەر دەستماندایە، هەموو ئەو شتانەی لێی ئەزانین،تەنیا بڕێ ڕستەن کە لە لایەن کەسانیتر و لەوانە نەیارانی ئەو و بە مەبەستی تایبەتەوە گێڕدرانەتەوە. سەرباری ئەمەش ئەم ڕستەگەلە وەها قووڵن و پێوەندیێکی وەها پتەو لە نێوانیاندایە کە پێکهاتەهزرێکی زۆر شکۆداریان ئافراندووە. لە سەرەوە یەک لە ڕستە بەناوباگەکانیم لەسەر چەمی جیهان بە نموونە هێنایەوە. لێرەدا چەن ڕستەیتری ئەوتان بیرئەخەمەوە.

  > ڕێی سەرەوژێر و سەرەوژوور هەر یەک ڕێگان < ئەم ڕستەیە زۆر ساکار ئەنوێنێ، بەڵام ئێجگار کاریگەرە. مانای ئەم ڕستەیە بۆ من ئەوەیە کە هیچ ڕێگایێکی سەرەوژوور یان سەرەوژێر بوونی نییە. ئەوە گرێدراوی گۆشەنیگای ئێمە و ئەو ئاراستەیەیە وا پیایدا ئەڕۆین. ئەم ڕستەیە زۆر ئاریکاری منی داوە وەک نووسەرێ. من لەم ڕستەیە ئەخوێنمەوە کەخێرخواز و تاوانبار، شەهید و مرۆڤکوژ ئەکرێ یەک بن و بڕیارەکانی ئێمە گرێدراوی گۆشەنیگا و خواستەکانی ئێمەن. هێراکلیت هەروەها وتوویە>سنوورەکانی بوونەزا (Geist) قەت نایێنە تێپەڕ کردن، هەر چەندەش پیایدا بڕۆین.< واتای ئەمە بۆمن ئەوەیە کە قەت ناتوانم بووگێکی خاوەن بوونەزا بە تەواوەتی بناسم و بیناسێنم، تەنانەت ئەگەر هەموو تەمەنی خۆم بۆ تاکە مرۆڤێک و تەنانەت بوونەوەرێکی نەدوێش تەرخان بکەم. واتا ڕۆمانێکی بەنرخ بەس بڕووسکەیێکە لە ئاسمانی هەبوون کە تەنیا بۆ چەن چرکەیێک ڕوونی ئەکاتەوە و ئەمەش دیسان ڕستەیێکیتری هێراکلیتە>بڕووسکە هەموو شتێ دەئاژوێ.< پێش و پاش بڕووسکە تاریکی باڵادەستە. ئێمە هیچ لەو ڕابردووەی خۆمان نازانین وا هێشتا توخمەژینمان لە سرووشتدا نەهاتبووە ئافراندن و هەروەها لە داهاتووی نەهاتوومان. ژیانی ئێمە وەک بڕووسکەیێکە کە تەنێ چەن چرکە ئەخایێنێ، بەڵام نیگارکێشێ ئەتوانێ ئەم برووسکەیە بکێشێت و ڕۆماننووسێ وێنای بکات، بۆ ئەوەی ژیانی کورت و ناوازەی ئێمە دەمێکی درێژتر خۆی بنوێنێت و مرۆڤەکانی پاش ئێمە بتوانن هەستی ناهەرمانیـی خۆیانی پێ سارێژ بکەن.

یان ڕستە بەناوبانگەکەیتری> شەڕ باوکی هەموو شتێکە.< مانای ئەم ڕستەیە زۆرجار بە لارێدا براوە. کە مرۆڤ بە وردی لە کۆی ڕستە بەجێماوەکانی هێراکلیت بڕوانێت تێدەگات کە لێرەدا مەبەست لە شەڕ، ململانێ، دژوازی و دیالکتیکە. جیهان و هەموو ئەو شت و بوونەوەرگەلەی وا لە جیهاندا بوونیان هەیە و هەموو ئەو هەست و هزرەی لەوانەوە هەڵدەقوڵێت، لە مەیدانی شەڕی دژوازییەکاندا دێنە ئاژووتن، یان جیهان هەڵقوڵاوی دژوازییە. لە ململانێ نێوان تاریکی و ڕووناکی، قین و ئەوین، نەخۆشی و لەشساغی و هتد. ئەگەر من قەت نەخۆش نەبوومایا نەمدەتوانی لە واتای لەشساغی تێبگەم. لەم ڕستەیەوە ئەگوازمەوە کە ئەگەر ئێمە ئەمانەوێ ئەم جیهانە پڕ لە بێرۆحمییەی خۆمان بگۆڕین، ئەبێ بە دلۆڤانی شەڕی لەگەڵ کەین. ئێمە ئەبێ جیهان جوانتر بکەین ئەگەر بە نیازین شەڕی قڕێژی بکەین. من فەلسەفەی هێراکلێت هەرە جوان ئەبینم و تێدەگەم لەبەرچـی نیتسشە ئەوەندە بە حەماسەتەوە پیایدا هەڵئەدات. ئەوەی لێی تێناگەم ئەوەیە کە چۆن ئەکرێ مرۆڤ بڕوای بە بەرزەپیاو  (Übermensch) بێت، ئەگەر ئەویش هاوڕا بێت لەگەڵ هێراکلیت کە سنوورەکانی بوونەزا قەت نایێنە بەزاندن، هەرچەندەش پیایدا بڕۆین.

چۆن ئەکرێ مرۆڤ حەقێقەتە هەتاهەتاییەکان بدۆزێتەوە؟

گەلێک گرفتی مرۆڤی لە شیکردنەوەی ئەم وشەیەدا دێتە گۆڕێ. من هیچ وشەیێکیتر ناناسم کە ئەوەندە پۆی پێوەدرابێت و شیکرابێتەوە. نەک هەر لە زمانی ئاڵمانیدا بەڵکوو لە هەموو ئەو زمانانەی ئەیناسم جگە لە زمانی کوردی. واتای ئەم وشەیە دەبوایە پێچەوانەی وشەی درۆ بێت. من حەقێقەتت پێ ئەڵێم> درۆت لەگەڵ ناکەم. < کە مرۆڤ بیهەوێ ئەم دوو وشەیە بگێڕێتەوە سەر زمانی کوردی لە هەموو بارودۆخە زمانییەکاندا هەر دوو وشەی / درۆ-ڕاستی/ پێویست ئەبێت. بەڵام لە زمانەکانیتری وەک فارسی یان عەرەبی وەها سووک و ئاسان نییە. ئەگەر ئێمە هەر کامە لەم دوو وشەیە بە تەنێ بەکاربێنین، هاوواتایان دیارە. لە عەرەبیدا / حقیقت-کذب/ و لە فارسیدا / حقیقت-دروغ/ بەڵام کە بمانەوێ ئەم دوو وشەیە بە پیتی پێوەندی “یا ” پێکەوە گرێبدەین، وشەگەلێکیترمان پێویست ئەبێت. لە عەرەبیدا / حقیقت او باطل/ و لە فارسیدا یەک لەم چەشنە ئاوێتەگەلە / درستی یا نادرستی- حقیقت یا کذب/ . لە کوردیدا ئەکرێ هەمیشە و لە هەموو دۆخەکاندا لەباتی وشەی حەقیقەت وشەی ڕاستی دابنرێت، بەڵام ئەم وشەیە لە دەقێکی فەلسەفیدا تیژێتی واتاکەی بە توندی دائەبەزێنێ. ئەگەر مەبەستتان لەو وشە تیژواتایە بێت، بڕوام پێ نییە. باشتر ئەبینم بڕوا بکەم بە کۆڕستە بەناوبانگە سووفیستییەکەی پرۆتاگوراس> مرۆڤ پێوەری هەموو شتەکانە، ببووگەکان، ئەوانەی وا هەن، نەبووگەکان، ئەوانەی وا نین. < منیش لە سەر ئەو باوەڕەم کە هەر تاکەمرۆڤێ پێوەری هەموو شتێکە. ئێمە چـی تێدەگەین لە ڕاستـی شتەکان؟ ئێمە لەو تایبەتمەندیگەلەی شتەکان تێئەگەین وا خۆیان بۆ ئێمە ئەنوێنن. لە ڕێگەی پێنج هەست، ئەزموون و بیرکردنەوەمان و هەروەها ئامێرەکانەوە. ىەڵام هیچـی ئەم کەرەسە و ئامێری نواندنانە تەواو نیـن و هەموویان تەڤگۆڕن. ئێمە تەنێ ئەتوانین لە شتەکان تێبگەین. بۆیە پێموایە تێگەییشتن (Wahrnehmung) برواتا (alternative Bedeutung )یێکی باشترە بۆ وشەی حەقێقەت لە مانا فەلسەفییەکەیدا. ئەکرێ مرۆڤ ئەو تێگەییشتنەی خۆی لەبەر هۆکار و مەبەستی جۆراوجۆر ئاڵشت بکات. کە مرۆڤ بیـهەوێ ئەم تێگەییشتنەی خۆی لەگەڵ دیتران بگۆڕێتەوە، فەلسەفە دەستپێئەکات. چالاکی فەلسەفی لە دوو شێوازی زمانی خۆدوان و مشتوومڕدا دەرئەکەوێت. ئەم چالاکییە ناکرێ لە تاکبێـژیدا رووبدات. مەبەستی من ئەوە نییە کە تاکبێژی ناتوانێ بیری فەلسەفی بگوازێتەوە. ئەوە زۆرجار ڕوو ئەدات، بەڵام ڕەوتی بیرکردنەوە پێشتر روویداوە، لە شێوەزمانییەکانی خۆدوان و مشتوومڕ لە گەڵ ئەویتردا. لەگەڵ تاکبێـژیدا چالاکی فەلسەفی ڕائەوەستێ، حەقیقەت سەرهەڵئەدات و ڕەهاخوازی دەستپێدەکات. ڕێک ئەو شتە بۆ یەکەم دەقە تاکدەنگە بەناوبانگەکەی مێژووی فەلسەفە ڕوویدا،کاتێ کە ئەفلاتوون مشتوومڕە فەلسەفییەکانی مامۆستاکەی خۆی لە دەقێکی تاکدەنگدا چەقبەستە کرد. خوێندکارەکەشی هیچ مشتوومڕێکی لەگەڵ ئەو دەستپێنەکرد، بەڵکوو چەنەها دەقی تاکدەنگی تری نووسی و بەم چەشنە سەدەکانی تاکدەنگی دەستیپێکرد کە بە سەدەکانی ناوەڕاست ئەناسرێن.

تازە لە سەدەی شازدەیەم و لە پاش ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئابوورییانەی دەرکەوتەی دوو ڕووداوی مێژوویی گرنگی شکەستی قوستەنتەنیە و دۆزرانەوەی پارزەوی ئامریکا بوون، توانامەندیێکی کۆمەڵایەتی وەها پتەو چـێ بوو کە ڕێژەیێکی زۆر لەبیرمەندان بتوانن ئەو دەسەڵاتی تاکدەنگییە تێکبشکێنن و سەدەکانی مشتوومڕ بخەنە گەڕ. لەم قوناخەدا فۆیەباخ مەرگی حەقێقەتی ئەو سەردەمە واتە خودای ڕاگەیاند. ئەم قۆناخە مێژووییە بە کتێبی ئانتی دۆرینگی فریدریش ئێنگێلز گەییشتە تەشقی خۆی. لە سەدەی بیستەمدا جیهانبینییەکان زۆربە لە دوو شێوەی تاکدەنگی مارکیست لێنینیستی و لیبرالیزمی سەرمایەدارانە دەرئەکەوتن. پاش ڕووخانی یەکیەتی سۆڤیەت دەسبەجـێ بیرکارانی سەرمایەداری دایان لە دەهٶڵ بۆ سەرکەوتنی مێژوویی خۆیان و کۆتایی مێژوویان ڕاگەیاند و هەوڵیان دا بە یاریە زمانییە تاکدەنگەکەی خۆیان بیسەلـمێنن. بەڵام لەگەڵ دەسپێکی قەیرانی ئابووری ئەم دواییەدا ئەم وتارە تاکدەنگە دیسانەوە کەوتە بەر هێرشی گومان. تەنانەت بەر لە دەسپێکی ئەو قەیرانەش هەندێ لە بیرمەندانی قوتابخانەی لیبرالیستی بەرەی سەرمایە ناچار ببوون دیان بە ئامادەیی مێردزمەی مارکس لە کۆمەڵگادا بنن. سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ناوەندەکانی بیرسازی سەرمایە، چیدی کاپیتالیزم وەک حەقێقەت نابینرێت. سەردەمێکی نوێ دەستی پێکردۆتەوە بۆ ئاگادار بوونەوەی بیروڕای گشتی لە کویلەداریێتی جیهانی سەرمایە. ئەمڕۆکە تەنانەت لە ئامریکاشدا نەک هەر باسی هزراندنی مەبەستخوازانە، بەڵکوو باسی هزراندنی هەلپەرەستانە ئەکرێت و سیستەمێکی داپڵۆسێنەری بەرهەمهاتووی سیستەمی ماڵی جیهانی  کە چیدی بە هزراندنی پێوەندیگر نایەتە تێکشکان بەڵکوو بە بەشداربوونی هەمەلایەنەی جەماوەر و بیری پێشڕەو.

دەور و نەخشی نووسەران لەم ڕۆمانەی ئێوەدا ڕخنەگرانە ئەکەوێتە بەر باس. ئەبوایا چ دەور و نەخشێک بگێڕن لە ئێستای ئورووپا و لە ڕۆژهەڵاتـی ناویندا؟

من نامهەوێ دەور و نەخشی نووسەران قەبە یان گچکە کەمەوە. نووسین ئەکرێ چالاکی یان کسم بێت. بە ڕای من کاری نووسەران وەک کاری جووتیارێ وایە بیهەوێ ئەردیلە بەرهەم بێنێت. بەڵام وەک جووتیارێکی بەرزەفڕ کە ئەیهەوێ جۆرە ئەردیلەیێک بەرهەم بێنێت کە تامی گۆشت بدات، بۆ ئەوەی خەڵکی ئاژەڵی کەمتر سەرببڕن.

پرسیارەکان لە لەیەن زیکفرید نووکە وە ئاراستە کراون.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت