وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی: نابێت ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌ت به‌ كورد هه‌بێت

0
49

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران، له‌ كانبێرای پایته‌ختی ئوسترالیاوه‌ رایگه‌یاند، دووباره‌ داڕشتنه‌وه‌ی سنووره‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ره‌نگه‌ ببێته‌ هۆی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی كۆتایی جیهان.
محه‌مه‌د جه‌واد زه‌ریف، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، له‌ گوتارێكدا له‌ زانكۆی نیشتمانی ئوسترالیا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، پێویسته‌ له‌سه‌ر وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، به‌ ئێرانیشه‌وه‌، واز له‌ ململانێی تایه‌فی و سه‌ربازی بهێنن.
رۆژنامه‌ی “Wall Street Journal” بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌ڵێت: “ئه‌مه‌ واتای ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت ده‌ستكاری سنووره‌كان بكرێت، وا باشتره‌ بیر له‌وه‌ نه‌كرێته‌وه‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌سه‌ر بنه‌مای تایه‌فی دیاریبكرێت، نابێت ده‌وڵه‌تێكی تایبه‌ت به‌ كوردان هه‌بێت، یاخود سووننه‌ و عه‌له‌وییه‌كان، به‌تایبه‌تیش ئه‌و سنوورانه‌ی دوای جه‌نگی جیهانیی دووه‌م دیاریكراون”.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی: پێویسته‌ گۆڕانكاری له‌ شێوازی بیركردنه‌وه‌ و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانمان بكه‌ین له‌گه‌ڵ یه‌ك، نه‌ك گۆڕانكاری له‌ سنووره‌كاندا بكرێت، چونكه‌ به‌ ده‌ستكاریكردنی سنووره‌كان، شه‌ڕی ئه‌رمجدۆن ده‌ستپێده‌كات”.
به‌ گوێره‌ی بیروباوه‌ڕی كریستیان و جووه‌كان، شه‌ڕی ئه‌رمجدۆن، شه‌ڕی كۆتایی جیهانه‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناوچه‌یه‌ك كه‌ به‌ زمانی عیبری پێیده‌گوترێت “مه‌جیدۆ”، به‌ عه‌ره‌بیش پێیده‌گوترێت “ته‌ل موسته‌لم” و ده‌كه‌وێته‌ باكووری فه‌له‌ستین.
ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدایه‌ که‌، ڕاوێژکاری ڕێبه‌ری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی عه‌لی ئه‌کبه‌ری ویلایه‌تی له‌ لێدوانێکی دیکه‌دا ڕایگه‌یاندبوو که‌ هه‌رگیز ئیزنی ئیسرائیلێکی دیکه‌ ناده‌ین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت