وشیار بە خوای ئاشقان نەتگرێ/ کورتە چیرۆک

0
479

نووسینی: کەژاڵ. ش

مرۆت، هەرچەند ژنێکی نەخوێندەوار بوو و قەتیشی بیر لە ژیان لەگەڵ کەسی خوێندەوار نەکردبۆوە، دوای ئەوەی لەگەڵ کەژاڵ بوو بە هاوڕێ و کەمێک دونیای ناسی، ئیدی جارجار لە خەیاڵی خۆیدا دەبوو بە ژنی پیاوێکی نێوبەدەرەوە و خۆی لە ناو کۆڕوکۆمەڵاندا دەدیتەوە، جارجاریش دەهاتە بەرچاوی هەندێک کەس بە قامکە شادەیان بە یەکتریان نیشان دەدا، “ئەوە ژنی فڵان کەسە”، هەر بۆیەش لە یەکەم ڕۆژەکانەوە کە لە ڕێگای کەژێوە هەژاری ناسی، لە دڵی خۆیدا تەماحی ڕێکەوتبوو، هەژاریش قسە خۆش و گاڵتەچی بوو بۆیە مرۆت دڵنیا بوو هەژار خۆشی دەوێ تا ئەوەی کە ڕۆژێکی پەردە لەسەر نەهێنیی نێوان کەژاڵ و هەژار لادرا، مرۆت وەخت بوو لە دڵی خۆیدا فجە بکا، باشە بۆ هەژار ئەوی نەویستبوو و ئاشقی کەژاڵ ببوو، خۆ ئەو زۆر لە کەژاڵ بە ماڵ و ماڵداریترە و بگرە لەشێکی گۆشتن و خرپنیشی هەیە کە دڵی زۆر پیاوی بردووە. ئەو داخە هەر لەسەر دڵی بوو، مێردیشی کردەوە بەڵام مێردەکەی ئەو لە کوێ و هەژار لە کوێ؟ مێردەکەی خراپ نەبوو، جوانکیلەش بوو بەڵام ڕاستیت بوێ کەمێک گێژەکە بوو، سەری لە دونیا دەرنەدەچوو، بە لەشی نابەخێری زانکۆشی بینیبوو، بەڵام قەت قسەکانی وەک هەژاری نەبوون، خەڵکیش نەیاندەناسی، دوو قسەی وای نەدەنووسی و نەدەزانی، خەڵک بڵێ “ئای دەست خۆش بۆ ئەو کوڕە زانایە”، بۆیەش دڵی مرۆت جارجار لە داخی ئاواتی وەدینەهاتووی، خورپەیەکی دەکەوتێ و پیلانێکی بۆ کەژێ و هەژار لە مێشکی ژەنگاویی خۆیدا دێنا و دەبرد.

ڕۆژەکان بەو خەون و خەیاڵەوە دەهاتن و دەچوون کەچی هەژار بوو و دڵێک و کەژێیەک و دونیایەک خەون و ئاوات، پێی خۆش بوو دونیا هەموو بکاتە لەتە فەڕشێک و بیخاتە ژێر لاقی کەژێ، کەژێش بە هەڵەداوان هەواڵی شتە نوێ و دیاریە جوانکیلەکانی دەگەیاندەوە مرۆتی دەستەخوشکی و پێیوابوو تاقانە دەستەخوشکەکەی لە خۆشیان خەنی دەبێ و شوکری خودا دەکا کەژێ حەساوەتەوە.

“مرۆت”ـیش بزەیەکی دەهاتێ و هەر لە جێوە ڕووی لە مێردەکەی دەکرد و دەیکوت فێربە ئەوەتا ئەوان هێشتا ژن و مێردیش نین ئاوا خەنی کردووە، جا ئەتۆش پیاوی ماڵتە؟

کەژێ پێدەکەنی و دەیکوت کچێ هیچ نیە خوشکۆڵێ ئێوەش کەمێک دۆختان باش بێ هەموو شت باشتر دەبێ، ئەو شتانەش خۆشن بەڵام ماڵتە هیچی نابێتە ئەوەی کە ئێوە لەلای یەکن و دڵخۆشن و ڕێزی یەکتری دەگرن.

ڕۆژەکان هاتن و چوون، خەمی غوربەت و تەنیایی و چارەنووس ناڕوونی، تەنگی بە کەژێ هەڵچنی، ئەوێ شەوێش هەژار لە تاسەی دووریان کەمێک وردەگلەیی لە کەژێ کردبوون، کەژێش بێ ئەوەی بیهەوێ هەڵایەکی نایەوە و دووری وەک سنووری نێوان دوو پارچەی کوردستان کەوتە نێوانیان و هەرچی هەژار هێنای و بردی و لاڵاوە و پاڕاوە، نەبوو و نەبوو.

مرۆت هەر زانی چ باسە، لە خۆشیی وەدیهاتنی خەونەکەی شاگەشکە بوو، دەستی کرد بە تەونی ناکۆکی نانەوە ڕستن و ئەوەی بۆی کرا کردی، گورگ چۆ کەوڵی مەڕەوە و ئەوەی خەرمانی ئەوینی هەژار و کەژێ بوو ئاگری دا. ئەوەی باشی بوو باسی نەکرد و ئەوەی کەمێک بۆنی دڵ ئێشی لێوەدەهات سێ قات گەورەی کرد و تا توانی و بۆی کرا، پردی ئەوینی کەژێ و هەژاری ڕماند.

ساڵ هاتن و چوون، سیامەند، کوڕە بچکۆڵانەکەی مرۆت گەورە ببوو، کەژێ و هەژارـیش هەروا لە تەنیاییدا دەتلانەوە، ئەوێ ڕۆژێ سیامەند بە زیزی لە ماڵێ چووبۆ دەرێ، لەسەر شتێکی بچکۆڵانە دڵی لە زڕباوکی ئێشابوو، نیوەڕۆیان بەرەو ماڵ دەهاتەوە، لە سەر کۆڵانی ماڵ، ماشێنێک هات، هیچ ئاسایی نەبوو، هەر جارە و بۆ لایەک دەڕۆی تا لە پڕێک سیامەندی گرتە ژێر خۆی و وەک گڵۆڵە خڕی کردەوە سەریەک و هەر ئەوە بوو ئیتر هەناسەی نەهاتەوە بەر، کابرای شۆفیریش بە هۆی سەرخۆش بوون، پێنج ساڵێک چۆ بەندیخانە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت