وتووێژ و دانوستان بە نهێنی و دوور لە چاوی خەڵک لە بەرژەوەندیی کێ دایە؟

0
435

لە سیاسەت دا وتووێژ و دانوستان کەم جار ڕەت دەکریتەوە و زۆر جار لایەنێکی سیاسی ناکرێ بڵێ ناچمە سەر مێزی وتووێژ و دانوستان .
بەڵام وتووێژو و دانیشتن و دانوستان لە گەڵ کێ ؟
لە سەر چ ئەساس و بنەما و بەرژەوەندییەک؟
لە سەر چ پێوەر و پرەنسیپ و پێناسە و هێزێک؟
لە کوێ و چۆن و بە دەستپێشخەریی کێ و بە چ مەبەستێک؟
ئایا لایەنی بەرامبەریشت بڕوای بە وتووێژ و دانوستان و دانی ماف و دێموکراسی بە مانا ڕاستەقینەکەی هەیە و لە زمانی دیالۆگ تێدەگا؟
لە بنەرەتدا شەڕ لە گەڵ داگیرکەر و ڕژیمە سەرکوتکەر و دیکتاتۆرەکان بۆ گەیشتنە بە ئازادی و ئاشتی و دەستەبەربوونی مافەکان.
ئاکامی هەموو خەباتەکان و شەڕی گەڵ دوژمنان، هێنانە سەر ئەو قەناعەتەیە کە یا دەبێ بە زەبری چەک و شۆڕش کۆتایی بە دەسەڵاتیان بێ یا بە ڕێگەی وتووێژ و دانوستان بگاتە قەناعەتێک کە دەبێ مافی نەتەوەی ژێردەست بدا و لە ڕێگەی مێزی وتووێژەوە ڕازی بێ کە دان بە مافی ئەو نەتەوەیە دابنێ و بە کردەوەش بیسەلمێنێ.
ئایا ڕژیمی ئێران بە درێژایی مێژووی نزیک بە سەد سالەی خۆی ، جارێک لە جاران توانیویەتی متمانەی لایەنی بەرانبەر بە تایبەتی کورد بە دەست بینێ و وتووێژی راستەقینەی بە مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی کورد لە گەڵدا بکا؟
ئایا هەر لە سەردەمی شەهید سمایل ئاغای سمکۆوە تا دەگاتە شەهید د. قاسملوو ، ڕژیمە داگیرکەرەکانی کوردستان هەر بە بیانوو و بە ناوی وتووێژ و دانوستانەوە لە سەر مێزی بە ناو وتووێژ زەبری کاریگە و جەرگبڕیان لە گەلی کورد نەداوە؟
کام داگیرکەری کوردستان ئامادە بووە بە زمانێک جیا لە زمانی شەڕ و گوللە و خوێن و ئاگر لە گەڵ گەلی کورد بدوێ؟
بۆ سەرکەوتن لە وتووێژ و دانوستان دا لانی کەم چەند تایبەتمەندی پێویستن و ڕژیم کاتێک داوای وتووێژ دەکا کە یا تۆ وەک کورد دەبێ خاوەنی هیزێکی وەها کۆک و پۆشتەی نیزامی بی کە دوژمن بە تەواوی لە بەرانبەرت دا توانای خۆڕاگری نەمابێ و وەها بە چۆک دا هاتبێ کە لە ترسان داوای وتووێژ و چارەسەری بکا، یا ئەوەی وڵات بەرەو دێموکراسییەکی راستەقینە هەنگاو باوێ و لەو ناوەش دا ڕژیم بیهەوێ مافی گەلانی بندەست بدا.
ئێرانی ئێستا کە خاکی کوردستانی داگیر کردووە، تووشی قەیرانێکی جیهانی و ناوچەیی هاتووە و قەیران بە دوای قەیران دا دێ.
تەحریمەکانی ئەمریکا و جیهان و هاوپەیمانان ، ڕەوشی ژیانی خەڵک، گەندەڵی، بێکاری و گرانی و زۆر بابەتی دیکە ، خەریکن ڕژیمی لاوازی ئێران بە تەواوی بە چۆک دادێنن، سەرەڕای هەموو ئەوانەش و بەو حاڵەشەوە تا ئێستا ئامادە نەبووە لە گەڵ زلهێزێکی وەک ئامریکا دا بچێتە سەر مێزی وتووێژ و دانوستانەوە.
ڕژیمی ئێران دەیهەوێ بە هێنانە بەر باسی وتووێژ لە گەڵ گەلی کورد و باقی نەتەوەکانی دیکە خۆی لەو قەیرانانە بە شێوەیەکی کاتی دەرباز بکا و لە ڕاستیدا بە دوای کڕینی کاتە بۆ خۆ ڕێکخستنەوە.
لە وەها هەلومەرج و حاڵەتێکی ئاوەها دا کە ڕژیم بەرەو داڕمان و تێکڕووخان دەچێ، دانیشتن و وتووێژ تەنیا خزمەتە بە مانەوەی ئەو ڕژیمە و ئەو لایەنانەی دەچنە سەر مێزی وتووێژ و بە بێ ئاگاداری گەلی کورد و بە شێوەی نهێنی خەریکی دانوستانن و لە گەڵ ڕژیمی ئیسلامیی ئێران ئامادەی دانیشتنن لە سەر یەک مێز دیارە هەم رازین بە وەزعی مەوجوود و هەم مانەوەی ئەو ڕژیمە لە سەر دەسەڵات، هەر بۆیە تەنانەت هەر ئەو لایەنانەش واژۆ کۆ دەکەنەوە کە نابێ ئەمریکا هێرشی نیزامی بکاتە سەر ئێران و بە شێوەیەک لە شێوەکان خەریکی لۆبیگەرین بۆ رژیمی ئیسلامیی ئێران.
بە داخەوە بەشێک لە گەلی کورد و بە تایبەتی هەندێک لە ئەحزابی کوردستانی ڕۆژهەڵات ، بیرو حافزەی تاریخی و مێژووییان لە مەڕ جینایەت و شێوەی وتووێژەکانی ڕژیمی ئێران یا لاوازە و یا نایانهەوێ لە بیریان بمێنێ ، ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەرژەوەندیی حیزبی و تاکە کەسییان وەپێش بەرژەوەندیی گشتیی نەتەوەیی و نیشتمانی داوە و قازانجی خۆیان پێ لە قازانجی گەل پێ لە پێشتر و گرینگترە.
لە وەها هەلومەرجێک دا دانیشتن لە گەڵ چەند کۆنە پاسداڕێکی تیرۆریست و جەند بەرپرسێکی تیرۆریست پەروەر کە تەنانەت لە لیستی تیرۆری ئەمریکاش دان، خزمەت و هەوڵدانە بۆ مانەوەی زیاتری ئەو ڕژیمە و تووش بوونە بە تەوەهوم و سیاسەتکردنە لە خەیاڵات و ئیحساسات دا.
ئەو ئەگەرەش بەهێزە کە ئەگەر ئەمریکا و هاوپەیمانان هێرش بکەنە سەر ئێران ، ئەوە ڕژیم بیهەوێ لە هەمان سیناریۆ کە لە کوردستانی ڕۆژئاوا بە دەستی پەکەکە پیادەیان کرد و ئەو بەشەیان بۆ بەشار ئەسەد پاراست، ڕژیمی ئێرانیش کوردستانی ڕۆژهەڵات بە ئەحزابی ئێرانیچی بسپێرێ تا کاتێ دێتەوە سەر خۆ و پشووی دێتەوە بەر.
ڕژیمی ئێران ئێستا پەلەقاژەی مەرگییەتی و بۆ مانەوەی خۆی بەردەوام خەریکی داڕشتن و نووسینەوەی سیناریۆ و شانۆگەرییە ، لە لایەک پرسی وتووێژی بە نهێنی و بە دوور لە چاوی گەلی کورد لە گەڵ هەندێک لە ئەحزابی قاڵبوو لە ئێرانیچێتی دا دەخاتە بەرباس و لە لایەکی دیکەوە کۆنگرەی بە ناو ناودارانی کورد دەبەستێ و لە هەر دووکیان دا ئامانجی یەکەمی تێکدانی ناو ماڵی کورد و لە باربردنی یەکڕیزیی گەلی کوردە و دەخوازێ بەو شێوەیە دۆخێکی بێ متمانەیی لە ناو حیزب و تاک بە تاکی کۆمەڵگای کوردستان دروست بکا.

شلێر دەروێشی، ئەندامی ڕێبەریی بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانی کوردستان

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌