وتووێژ : نافەرمانی مەدەنی و پێشینە و پەرچەکرداری خەڵکی رۆژهەڵات

0
696

لە ساڵانی رابردو بە هۆی خراپی جادە و رێگاکانی نێوان شار و پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان چەندین روداوی دڵتەزینی هاتووچوو روی داوە کە گیانی گەلێک کەسی کردوەتە قوربانی، کە بە هۆی بێ بایەخی و گوێ نەدانی بەرپرسانی پەیوەندی دار رۆژ بە رۆژ ئاستی ئەم کارەساتانە بەرزتر دەبێتەوە، هەر لەم پێوەندییە و لە ماوەی رابردو خەڵکی شاری مەریوان کەمپەینێکیان لە ژێر ناونیشانی “نا بۆ تانکەرەکانی مەرگ” وەڕێ خست کە هاتنە سەرشەقامەکان و دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان بە شێوەی خۆپیشاندانی هێمنانە دەربڕی و لە پاش ئەمەش بە شێوەی جیاواز لە چەندین شوێن و دەڤەری دیکە رۆژهەڵات ناڕەزایەتی دەربڕدرا، هەر لە پێوەندی بەم باسە رێباز کەریمی چالاکی سیاسی و میدیاکاری کورد وەڵامی چەند پرسیاری پەیوەندیدار بە نافەرمانی مەدەنی و پێشینە و پەرچەکرداری خەڵکی رۆژهەڵات دەداتەوە.

سازدانی: هاشم عەلی وەیسی
سازدانی: هاشم عەلی وەیسی

دەکرێت لە سەرەتاوە کورتەیەک لەسەر مێژووی نافەرمانی مەدەنی و پێناسە و پێشینەی ئەم چەمکە لە کوردستانی رۆژهەڵات بدوێن و خوێندنەوەی خۆتان بەرجەستە بکەنەوە؟

کەریمی: لە وەڵامی ئەم پرسیارەتاندا سەرەتا دەبێت خوێنەر بە ئاگا بێنین کە مەبەستی ئیمە لە نافەرمانی مەدەنی چییە و چ جۆرە چالاکیەک دەتوانرێت لە خانەی نافەرمانی مەدەنیدا جێگای بێتەوە. نافەرمانی مەدەنی واتە ناڕەزایەتی دەربڕینی هێمنانە و بە دوور لە توندوتیژی دژ بە سیاسەتە نەخوازراوەکانی دەسەڵات یان سیستەمی باڵادەست کە بە چاوخشانێک بە مێژووی گەلانی دونیادا دەتوانین شۆڕشی گەلانی هند بە رێنیشاندەری مهاتما گاندی بە دژی داگیرکاری بریتانیا یان شۆڕش بە دژی حکوومەتی ئاپارتاید لە ئافریقای باشوور بە پێشەنگایەتی نێلسون ماندێلا وەکوو باشترین نموونەی ئەم شێوازە لە خەبات و هەڵسانەوە ناو ببەین کە تێیاندا بەشداربووان بە سەرپێچی کردن لە یاساکانی دەسەڵات، یاسا وەکوو گرنگترین کۆڵەکەی دەسەڵات تووشی قەیرانی ڕەوابوون دەکەن.

لە کوردستانی بندەستی ئێرانیش و بە تایبەتی پاش شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی ١٣٥٧ی هەتاوی و  پاش خەوتنی گروگاڵی تایبەتی سەرەتای شۆڕش بەشێکی زۆر لە کۆمەڵگای ئێران و بە تایبەتی کوردستانی رۆژهەڵات کە ئەو کات وەکوو مەکۆی ئازادیخوازان ناوبانگی دەرکرد بوو بە خۆدا هاتنەوە و دژ بە سیستمی نوێی مەلاکان دەنگیان دەربڕی کە دیارە دواترەکان بەهایەکی هێجگار گەورە و خوێناویشیان بۆیدا. یەک لە مەزنترینی ئەو نافەرمانیە مەدەنیانەی کە دەتوانرێت نە تەنیا لە مێژوی کوردستانی رۆژهەڵات، بەڵکوو لە مێژووی گەلانی ئیرانیشدا وەکوو پێشکەوتووترین دیاردەی نافەرمانی مەدەنی پێناسە بکرێت کۆچی مێژوویی مەریوانە کە تێیدا بە کۆمەڵ خەڵکی شارێک ماڵ و حاڵی خۆیان بە جێ دەهێڵن و روو لە پێدەشتەکانی ئاوایی کانی میران دەکەن هەروەها پاشان خۆپیشاندان و بە هاناوە هاتنی هەزاران کەسی جەماوەری شارەکانی سنە، سەقز، بانە، بۆکان و ماباقی شارەکانی کوردستان بەرە و مەریوان دەتوانرێت وەکوو دەستپێکی نافەرمانی مەدەنی لە کوردستانی رۆژهەڵات پێناسە بکرێت. ئەم کۆڵەکە بەهێزەیە کە وەها دەکات لە ساڵەکانی دواتریشدا کۆمەڵگای کوردستان بە دەیان نموونەی گەورەی نافەرمانی مەدەنی بە خۆیەوە ببینێت و تۆی نافەرمانی و ناڕەزایەتی مەدەنی لە هزری تاکی کوردی رۆژهەڵاتدا بنە دابکوتێت و دەیان نموونەی سەرکەوتووی ئەم جۆرە ناڕەزایەتییانە لە پانتایی کوردستاندا بخولقێنێت کە وەکوو دوایین نموونە دەتوانین ئاماژە بەم رووداوانەی ئەم دواییانەی مەریوان بکەین.

لە واقعی ئیستای رۆژهەڵاتی کوردستان بە سەدان کێشە و گرفتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و … بوونی هەیە کە دەسەڵات دەستی سەرەکی و راستەوخۆی تێدا هەیە. پێتان وایە هەڵوێست و پەرچەکرداری خەڵکی رۆژهەڵات چۆن بووە و چۆن دەکرێت بەرەوڕووی ئەم پیلانانە بوەستینەوە؟

کەریمی: بۆ لێکدانەوەی پەرچەکرداری خەڵکی رۆژهەڵات بە دژی توتالیتاریزمی زاڵ دەگەڕێمەوە بۆ دەنگی (نا)یەکی مێژوویی کە خەڵکی کورد لە سەرەتاکانی هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی بە رفراندۆمی (جمهوری اسلامی آری یان نە؟) دایانەوە. بەربەرەکانێی خەڵکی کورد بەرانبەر دەسەڵات لەم دەنگدانەیەوە دەچێتە قۆناغی ئاشکرابوون و بە خێرا بەرەی نەیاران و دۆستانی دەسەڵات لێک جیا دەبێتەوە. لێرەوەیە کە چیدیکە کورد دەبێتە مەترسیەکی هێجگار گەورە بۆ دەسەڵاتی مەلاکان و روانینەکان بۆ سەر کوردستان دەبێتە روانینێکی ئەمنیەتی و خەڵکی کورد دەبنە هێمای گەورەترین پاشنەی ئاشیل بۆ کۆماری ئیسلامی.

هەر لەو کاتەوە تا وەکوو ئیستا و بە درێژایی ٣٨ ساڵ لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئەم دوو بەرە دژ بە یەکە واتە دەسەڵات و خەڵکی کورد بۆ زاڵبوون بەسەر ئەوی دیکەدا هەوڵیان داوە. لە لایەک دەسەڵات بە ئەمنیەتی کردنی هەرچی زیاتری کوردستان، بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان، گرتن و ئەشکەنجە و لێدان، سێدارە و تیرۆر و تۆقاندن، بە هەژاری هێشتنەوەی ناوچە کوردنشینەکان و درووس کردنی دەیان لق و پۆی ئەمنیەتی و سیخوڕی هەوڵی داوە جموجوڵی خەڵک سەرکوت بکات و چالاکانی مەدەنی و سیاسی بخاتە ژێر گوشار و بە شێوەیەک لە مەیدانی راستەقینەی ناڕەزایەتی بە دووریان بخاتەوە. لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی رۆژهەڵات نەتەنیا لە خواستە سەرەتاییەکانی خۆیان کە گەیشتن بە ئازادی و دەستەبەرکردنی مافە مەدەنی و سیاسی و کۆمەڵایەتیەکانیانە پاشگەز نەبوونەتەوە بەڵکوو لەم ساڵانەی دواییدا بە گەشەسەندنی زیاتری شارنشینی و هەروەها چوونە سەرەوەی ئاستی خوێندنی گشتی لە کوردستان و بە تایبەتی پەرەسەندن و زۆرتر بوونەوەی توێژێکی خوێندەوار کە خوێندنی زانستگاییان تەواو کردووە و ئیستا بە بڕوانامە زانستیەکانیانەوە گەورەترین توێژی بێکاری نێو کۆمەڵگا پێک دەهێنن ئەم بەربەرەکانێ و مافخوازییە گەشەی سەندووە و پێی ناوەتە نێو قۆناغێکی دیکەوە. بە دەیان رێکخراوە و ئن جی ئۆ و کۆڕ و کۆمەڵی زانستی و هونەری و ئەدەبی لە شارەکانی کوردستان پێک هاتووە و بە بڕوای من خەڵکی رۆژهەڵات پێی ناوەتە قۆناغێک لە خەبات کە تا دێت رێبەرایەتی شار دەخاتەوە دەستی خۆی و ئەوەی لە فارسیدا پێی دەڵێن ئیبتکاری عەمەل لە دەسەڵاتەوە گواستراوەتەوە بۆ خەڵک و ئەوەش بە کار و ماندوو بوونی دەیان چالاکی نێو شارەکان بە دەست هاتووە. کۆمەڵگای کوردی بە درووستی بەو ئاستە لە لۆژیکی سیاسی گەیشتووە کە دەزانێت بۆ رووبەڕوو بوونەوەی پیلانە یەک لە دوای یەکەکانی کۆماری ئیسلامی لە سەردەمی زەبروزەنگ و لە فەزای ئەمنیەتی شاردا تەنیا دەلاقەی چالاکی لە نێو شار پاڵپشتی رێکخراو و ئن جی ئۆکانی نێو شارە کە بە بڕوای منیش ئەمە کردەوەیی ترین رێکارە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی پیلانەکانی لایەنی بەرامبەر.

یەکێک لەو هەوڵانەی ئەم دواییانە ناڕەزایەتی خەڵکی شاری مەریوان و ساز کردنی کەمپەینێک لە ژێر ناونیشانی (نا بۆ تانکەری مەرگ) بوو کە کاردانەوەیەکی گەورە و کاریگەری لێکەوتەوە و کەسانێکیش لەو پەیوەندییە دەست بەسەر کران بەڵام ئەوە لە کاتێک دایە دیسانەوە هەر لەم پەیوەندییە کەمپەینێکی دیکە لە سەر سازکردنی پاڵاوگەی نەوت لە زرێبار بەڕێوە دەچێت، ئەم هەوڵانە چۆن هەڵدەسەنگێنن و خوێندنەوەتان چییە؟

کەریمی: شاری مەریوان یەک لەو شارانەی کوردستانی رۆژهەڵاتە کە بە هۆی هاوسنووری لەگەل کوردستانی باشوور بووەتە یەکێک لە شاڕێگاکانی پەیوەندی نێوان ئەم دوو بەشە لە کوردستان و بە هۆی بازارچەی سنووری باشماخ یەکێکە لە قەرەباڵغترین سنوورگەلی پەیوەندی ئابووری نێوان دوو وڵاتی عێراق و ئێران. هەر ئەم بابەتە بووەتە هۆکارێک بۆ ئەوەی رۆژانە سەدان تانکەری هەڵگری سووتەمەنی لەم سنوورەوە تێپەڕی دیوی ئێران ببن و شاری مەریوان و رێگا سەرەکییەکانی ساڵانێکە بوونەتە مڵک و ماڵی ئەم ماشینە زەبەلاحانە، ئەمەش لە گەڵ ئەوەی کە لە خۆیدا رێگاکانی پەیوەندی شاری مەریوان بۆ شاری سنە، سەقز و یان لەملاوە مەودای نێوان مەریوان تا سنووری باشماخ لە باری رێگاسازیەوە لە ئیستانداردە جیهانیەکان زۆر دوورن و بە ساڵانە سەدان هاووڵاتی خەڵکی مەریوان بە تایبەت لە وەرزە ساردەکانی ساڵدا دەبنە قوربانی ئەم رێگاوبانانە و ئیستاش قەیرانی هاتوچۆی لە رادەبەدەری تانکەرەکان کە زۆربەیان بە زۆری پابەندی یاساکانی رێگاوبانیش نابن ئەم کوشت و بڕەی خەڵکی زیاتر کردووە و قەیرانی چەند قات زیاتر کردووە.

لە بواری بەڕێوەبەرایەتی و پێداویستی دەرمانیەوە شاری مەریوان بە تەواوەتی شارێکی هەژار و گرێدراو بە شاری سنەیە بە شێوەیەک کە خەڵکی مەریوان بۆ جێبەجێ کردنی چکۆلەترین کاروباری بەڕێوەبەرێتی و یان لە ئەگەری پێشهاتێکی نەخوازراوی تەندرووستی دەبێت مەودای ٢ کاتژمێری نێوان سنە و مەریوان ببڕن و خۆیان بگەیەننە شاری سنە. ئەمەش سەرەڕای نائیستاندارد بوونی رێگا و هاتوچۆی لە رادەبەدەر و بێ خێر و بێری تانکرەکانی هەڵگری سووتەمەنی وەهای کردووە ئەم رێگایە ببێتە مۆتەکەیەکی گەورە لە باکگراوندی زەینی مەریوانیەکاندا.

سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێدا شاری مەریوان بە هۆی سرووشتی جوان و بوونی گۆلی زرێبار کە ئیستاکەش وەکوو گەورەترین گۆلی ئاوی شیرین لە دونیادا ناسراوە ساڵانە بووەتە مەکۆی کۆمەڵێکی هێجگار زۆری خەڵکانێک کە بۆ سەیران و گەشت و گوزار روو لە کوردستان دەکەن و ئەمەش هەرچەند بە شێوازێکی کاتی و وەرزانە بووەتە هۆی هەناسەکێشانێکی ئابووری هەندێک لە خەڵکی ئەو شارە. لە ساڵانی رابردوودا مەترسییەکان لە سەر کەمبوونەوەی ئاو و رۆژ لە دوای رۆژ چکۆلە بوونەوە و فەوتانی زەریاچەی زرێبار بووەتە مۆتەکەیەکی گەورەی دیکە بۆ خەڵکی ئەم شارە و بە تایبەتی ژینگەوانانی مەریوانی. سەرەڕای هەموو هەوڵ و بەدواداچوونەکانی چالاکانی ئەم شارە بەڵام تاکوو ئیستا ناوەندە پەیوەندیدارەکان هیچ چەشنە هەوڵێکیان بۆ رزگار کردنی  ئەم سامانە سروشتیە نەداوە. لە رۆژانی رابردووشدا دەنگۆی درووس کردنی پاڵاوگەی نەوت لە نزیک ئەم زەریاچەیە کە دیارە وەشانی یەکەمین قوڵنگی دەتوانێت وەکوو دەستپێکی لەناوچوونی ژینگەی جوانی ئەو ناوچەیە و بە تایبەتی فەوتانی زرێبار بێت خەڵکی دیسانەوە کێشاوەتەوە سەر شەقام.

کۆی ئەم باسانەی کە کرا و هەروەها خوێندنەوەیەکی کورتی مێژوویی بۆ سایکۆلۆژی خەڵکی ئەم شارە بەو ئاکامەمان دەگەیەنێت کە بێ دەنگ بوون بەرانبەر بەم ناحەقیە گەورانەی کە دەسەڵات دەیکات چاوەڕوانیەکی دوور لە واقێعە و هەروەها هەڵسانەوە و دەنگ بەرز کردنەوەی خەڵکی مەریوان بەو باکگراوندە مێژووییەوە کە هەیانە زۆر ئاسایی و چاوەڕوان کراو بوو.

دەور و کاریگەری رێکخراو و ناوەندە راگەیاندنییەکانی دەرەوە و چالاکانی سیاسی و مەدەنی دەرەوە چۆن هەڵدەسەنگێنن، پێتان وایە ئەرک و رۆڵی ناوەند و کەسایەتییە جیاوازەکانی دەرەوە چییە و چۆن دەکرێت دەنگی ئەم گوتار و گوفتمانە ناڕەزاییانە هەرچی زیاتر بە جیهانی بکرێت و رەنگ و دەنگی لە میدیا جیهانییەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ و یەکسانی خواز ببینین و ببیستینەوە؟

کەریمی: گەر چاوێک لە رەوتی رووداوەکانی ئەم چەند ساڵەی رابردووی ناوچەکە و جیهان بکەین پڕ ئاشکرا دەور و رۆڵی میدیا و ماس میدیا لە گۆڕانکاریە یەک لە دوای یەکەکاندا بۆمان روون دەبێتەوە. میدیا و ماس میدیا لە سەدەی ٢١ ئەو هێزە لە بن نەهاتووەیە کە خۆکوژی محەممەد بوعەزیزی توونسی دەکاتە بنچینەی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی وڵاتێکی بەهێزی وەک توونس و راپەڕینی گەورە دەخولقێنێت. دەیان نموونەی هاوشێوە کە هێزی میدیا و راگەیاندنمان بۆ دەردەخات دەتوانین باس بکەین.

ئەمە لە کاتێکدایە کە رۆژانە بە دەیان محەممەد بوعەزیزی لە گوشە و کەناری وڵاتی ئێران لە سێدارە دەدرێن، ئاگر لە جەستەی خۆیان بەر دەدەن و لەشی خۆیان دەسوتێنن، لەشی خۆیان بۆ نانی شەو دەفرۆشن…هتد، بەڵام پرسیار ئەوەیە خوێنی ئەم گەنج و لاوانە بۆ تا ئیستا نەبووەتە داینەمۆی گۆڕانکارییەکی بەهێز؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەتوانین ئاماژە بە چەندین هۆکاری گەورە بکەین کە دیارە مەبەستی پرسیاری بەڕێزتان نییە بەڵام بێ گومان نەبوونی میدیای بەهێز و کەمکاری و بێ هێزی ئۆپۆزیسیۆنی دەرەوەی وڵات یەکێک لەو هۆکارانەن کە دەکرێت بە وردی لە سەری قسە بکرێت.

سەرەڕای ئەمانە بارودۆخی کوردستانی رۆژهەڵات جیاوازی گەورەی لەگەل ناوچەکانی دیکەی ئیراندا هەیە. لە کوردستانی رۆژهەڵات میدیا و گۆڤارە حیزبییەکان سەرەڕای هەموو کەم و کوڕیەکانیان کار دەکەن، بە دەیان گۆڤار لە ناوخۆی کوردستان سەرەڕای گوشارەکانی حکومەت چالاکن، رێکخراوە مەدەنییەکان متمانەی خەڵکیان بۆ لای خۆیان راکێشاوە و کەڵک وەرگرتن لە ماس میدیاش بە نیسبەت ناوچەکانی دیکەی ئیران زیاترە، بۆ نموونە هەر لە شاری مەریوان کاتێک چەند ساڵ پێش ئیستا حکومەت بێ ڕێزی بە جلوبەرگی ژنانە دەکات دەبینین کەمپەینێک سەر هەڵدەدەا کە درۆ نییە ئەگەر بڵێین دەبێتە کەمپەینێکی جیهانی یان لەم رووداوانەی ئەم چەند رۆژەی رابردووی مەریوان درووس کردنی کەمپەین و کەڵک وەرگرتنی ئامانجدار لە ماس میدیا باس لە گرنگی رۆڵی میدیا لە ژیانی رۆژانەی خەڵکدا دەکات.

سەرەڕای هەموو ئەو کۆسپ و تەگەرە و مەترسییانەی کە لە سەر رێگای چالاکانی مەدەنیدا هەیە دەبینین کە ئەوان دیسانەوەش لە چکۆلەترین دەرفەت بۆ گەیاندنی دەنگی خۆیان بە ناوەندە جیهانییەکان کەڵک وەردەگرن. دەی هەر ئەم بابەتە دەبێت وەها بکات کە ئیمەمانان کە لە وڵاتگەلێکی ئازاد و دیمۆکرات دەژین و مەترسی گیران و ئەشکەنجەمان لە سەر نییە ببین بە دەنگی خەڵکی خۆمان، پەیوەندی لە گەل سیاسەتوانانی وڵاتانی ئەورووپی بگرین، پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، خەسارە ژینگەییەکان، هەوڵی سیستماتیکی دەسەڵات بۆ لە ناو بردنی هەست و نەستی خەڵک و وڵاتەکەمان و کۆی گشتی ئەو پێشهاتانەی لە کوردستان روو دەدات بیخەینە پێش چاوی دونیا، ئەمە ئەرکی رۆژنامەوانان ، کەسایەتییە سیاسییەکان، ئەحزاب و لایەنە سیاسییەکان و کۆی گشتی بزاوتی ئازادیخوازی دانیشتووی تاراوگە بە بێ جیاوازیی.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت