وتووێژ لە گەڵ چیرۆکنووس خەبات رەسووڵی

0
168

لە میدیاکانەوە

 ئامادەکردنی سایتی قەڵەم

 چۆن بوو بەرەو دنیای چیرۆکنووسین هاندرای و، یەکەم چیرۆکت کەی و چۆن نووسی؟

ـ  من لە بنەمالەیەکی مەزهەبیدا پەروەردە بووم و لەماڵی ئێمەدا ئەوەندەی گرینگی بە ئایین دەدرا، گرینگی بە هیچ شتێکی دیکە نەدەدرا. دەتوانم بڵێم یەکەم کەس بووم کە کتێبی جیا لە کتێبی ئایینیم هێنا نێو ماڵێوە. یەکەم کتێبش کە کڕیم، ژیاننامەی چەنگیزخان بوو کە بە شێوەی ڕۆمان داڕشترابوو. پاش ئەو ئەمیرئەرسەلان و ئەمیرهەمزەم کڕی. دوایەش گالیوێر و کتێبەکانی ژول وێرن. یەکەم کتێبێکی جدی (بابا لنگ درازی جین وبستێر) بوو کە باوکم لە سەفەرێکدا بە دیاری بۆی هێنام. لە بیرمە پۆلی سێی ناوەندی بووم رۆمانێکی ئێرانیم وەدەست کەوتبوو بە نێوی (هفت سردار نامی)، باسی ژیاننامەی داریوشی هەخامنشی دەکرد. ئەو کات بە پێی تەمەنم و ئاستی زانیاریم لە ڕادەبەدەر نووقمی دنیای ئەو رۆمانە ببووم، بە چەشنێک پێم خۆش بوو لاسای بکەمەوە و، منیش شتیكی وا بنووسم. لە ژێر کارتێکەری ئەو رۆمانەدا چیرۆکێکم بەزمانی فارسی نووسی. ئەو جار مابوومەوە پیشان کێی بدەم. ئاخری پیشان مامۆستای ئەدەبیاتەکەمانم دا. زۆری هاندام و لە سەر کلاس بۆ قوتابییەکانی گێڕاوە کە من چیرۆکێکم نووسیوە. من وامدەزانی لە سەر هەورانم و باڵم گرتووە و دەفڕم. دڵنیام ئێستا گەورترین خەڵاتیشم پێ بدەن قەت بە قەت ئەو کات خۆشحاڵ نابم کە قوتابییەکان بە سەرسووڕمانەوە گۆێیان دابووە ئەو و باسی منی بۆ دەکردن. ئەوە یەکەم ئەزموونی نووسینم بوو. ساڵێک پاش ئەوە پۆلی یەکی دوا ناوەندی بووم کە چیرۆکێکی دیکەی فارسیم نووسی. چیرۆکێک بوو باسی سەد ساڵی داهاتووی بۆکانی دەکرد کە ببووە خاوەن ئوتوبان و ئەو شتانە. ئیدی هیچی دیکەم نەنووسی تا یەک دوو ساڵ دواتر بە رێکەوت لە گەڵ ئەنجوومەنی ئەدەبی بۆکان ئاشنا بووم و خۆم لە ودنیایە دا دیتەوە. ئەنجوومەن کاریگەرییەکی زۆری بە باش و خراپەوە لە سەر من دانا. پاش ئەوەی بە یارمەتی گۆڤاری سروە خۆم فێری کوردی نووسین و خوێندنەوە کرد، یەکەم چیرۆکم بە نێوی (نەبوون) ساڵی1379لە حەتوونامەی سیروان چاپ کرد. لەوکاتەوە تا ئێستا بەردەوام بووم.

لە تایبەتمەندییەکانی ژانری چیرۆک چی سەرسامت دەکا؟

ـ گشتگیربوون .چیرۆک بە تەنیا مێژوو نییە، سیاسەت نییە، کلتوور نییە، زمان نییە، ئابووری نییە…، زۆرن ئەو شتانەی کە چیرۆک بە تەنیا هیچ کامە لەوانە نییە، بەڵام باسی هەمووشیان دەکات و هەمووشیانە. ئەدەبیات بە شێوەی گشتی بوارێکی گشتگیرە، بەڵام چیرۆک بۆ من تایبەتمەندی خۆی هەیە. لەوانەیە کەسێکی دیکە ئەو تایبەتمەندیانە لە شیعردا ببینێتەوە، بەڵام بۆ من چیرۆک بناغەی هەموو ئەوانەیە باسیم کرد. بیجگە لە شانۆ و سینەماش کە هەر قەرزداری چیرۆک و رۆمانن.

چیرۆکەکانت کورتن، بەڵام لە قەبارەی بچوکی خۆیاندا خۆیان وەک بوونەوەرێکی تەواو نیشان دەدەن. بۆچی هەوڵت نەداوە نەفەسی چیرۆکەکانت درێژتر بکەیەوە؟

ـ چیرۆکەکانم منی راستەقینەن، بێ هیچ درۆ و پێچ و پەنایەک. تا ئێستا نەمتوانیوە زیاتر لەوەی هەستم پێ کردووە بنووسم. هەوڵم داوە، بەڵام هەوڵەکەم سەرکەوتوو نەبووە، کە دەست دەکەم بە نووسین، ئەگەر گەیشتمە ئەو جێگایەی کە هەستم کرد خەریکە درێژدادڕی دەکەم، رادەوەستم و هیچی دیکە نانووسم. تەنانەت جارێکیان بە قەستی چیرۆکێکم درێژ کردەوە. ئێستا ئەو چیرۆکە وەک زڕ منداڵی لێهاتووە. زۆرم خۆش ناوێ.

 هەست دەکرێ چیرۆکەکانت زۆرتر لە فەزای ماڵ دا دەخوڵقێن. یاخود پاڵەوانەکانیان کەسە نزیکەکانی دەوورووبەرتن. ئەمە نۆستالۆژیایە، خۆشەویستی یە، یان تەنیا بیانوویەکە بۆ شوێنێک لێیەوە لە جیهان بڕوانیت؟

ـ هەموویان دەگرێتەوە، بەڵام نۆستالۆژیا زاڵترە. بەداخەوە منیش وەک زۆر کەسی دیکە بە ژیانێکی نۆرماڵدا تێنەپەڕیوم و، زۆر زوو لە بنەماڵەکەم دابڕام. ئەوە بووە هۆی ئەوەی لە نێو چیرۆکدا بە شوێن بنەماڵەکەمەوە بم و هەوڵ بدەم دیسان لە دەوری یەکتر کۆیان بکەمەوە. ئەوە بێجگە لەوەیکە چیرۆک بۆ من وەک ئێوە گوتەنی شوێنێکە لێیەوە لە جیهان بڕوانم.

 مرۆڤە سادەکانی ژیان، قارەمانی چیرۆکەکانتن، ئەمە کارێکی کردووە فەزا زۆر جاران سادە و ریالیستی بێت، سادە بە مانای ئەوەی چیرۆکەکە ئاسان خۆی بە دەستەوە بدات و سەمیمی بێت لە گەڵ خوێنەر. بۆ ئەوەندە تێکەڵ بە وەها شێوازێکی؟

ـ من بە خۆم کەسێکی ئاڵۆز نیم. سڕوتڕێکم بۆ شاردنەوە نییە. هەرچەند زەرەرم کردووە و بەو هۆیەوە زەربەشم دیتووە، بەڵام لە گەڵ ئەوە ڕاهاتووم. پێم ئاساییە پاڵەوانی چیرۆکەکانم لە نیو خەڵکی سادە هەڵبژێرم. بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆجیهانبینی و شیواز و ستایلی نووسینەکانم.

پێت وایە تا چەندە ریالیزم دەتوانێ دەربڕی ئەدەبیانەی مرۆڤی کوردی بێت؟

ـ لە نێو هیچ نەتەوەیەکدا تایبەتمەندییەکی گشتگیرمان نییە ببێتە پێناسەی هەموو تاکەکانی نەتەوەیەک. بڵێین ئەوە تیپی مرۆڤی تورکە، یان ئەوە کوردە، ئەوە عەرەبە و من چیرۆک بۆ ئەو کەسە دەنووسم. مەبەستم ئەوەیە تیپی کەسەکان کەمتر پێوەندی بە نەتەوەیانەوە هەیە. بۆ نموونە من زۆر کەس دەناسم لە نێو نەتەوەی خۆمدا ژیانێکی شاهانە دەژی. تورکیش دەبینم لە قوربەسەریدا دەژی، ئەگەر بە حەسێبی دوژمنایەتی دەسەلاتداران و سیاسەت نەبێ لەوانەیە لەباری روحیەوە من لەو تورکە نزیکتربم تا ئەو کوردە، بەڵام بە شیوەیەکی گشتی بەشیکی زۆر لە نەتەوەی کورد دەرفەتی گەیشتن بە خەیاڵەکانی نییە و لە ریالیزم دا خۆی چاکتر دەبینێتەوە.

 لە ژیانی چیرۆک نووسین دا بە چ نووسەرگەلێ سەرسام بوویت و، کەوتوویتە ژێر کاریگەرییانەوە؟

ـ وەک پێشتر باسی یەکەم چیرۆکی ژیانم کرد. ئەوکات هەوڵم دا لاسای فەزای رۆمانێکی حیماسی – تاریخی بکەمەوە. دیارە تەمەنم چاردە ساڵ بوو. نەشمدەزانی چی دەکەم، ئەگەر ئەوە وەلابنێین کە جدیتر چاوم لە نووسین کرد و برێک گەورەتر بووم، سەردەمێک جەلالی ئالی ئەحمەد و ناسری وەحیدی و فەتاحی ئەمیری و عەتا نەهاییم بەدڵ بوو. سەردەمێکیش گابریل گارسیا مارکیز و سەردەمێکیش هوشەنگی گولشیری وجیمس جۆیس و داستایۆڤسکی. حەزم لە شیوازی نووسینەکانیان دەکرد، جا لەوانەیە تێکەڵ نەستم بووبن و ناڕاستەوخۆ شتیشم لێ وەرگرتبێتن، بەڵام عەمدی ئەو کارەم نەکردووە و هەوڵم داوە ئەزموونی خۆم بنووسمەوە. ئێستاش نووسینی زۆر کەسم بە دڵە و بێ گومان بە خوێندنەوەی کتێبێک ناڕاستەوخۆ شتێک هەر تێکەڵ بە من دەبێ، بەڵام قەت هەوڵم نەداوە لاسای کەسێک بکەمەوە و قەتیش کەس نەهاتووە پێم بڵێ تۆ لەو چیرۆکەدا کەوتوویەتیە ژێر کاریگەری فلانە کەسەوە.

وەک دوا قسە، چ بە جێ ماوە لات لەم وتووێژە کورتەدا؟

ـ سپاس بۆ ئێوە و دەستتان خۆش بێ.

سەرچاوە :

سایتی ئەنجوومەنی قەڵەم

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌