وتووێژ /عەبباس زەندی وەزشوانێک لە ناخی کوردایەتییەوە

0
291

بیستنی بەسەرهاتی پڕ لە کەند و کۆسپ و کڵۆ لە ناو کورددا، لەوانەیە بابەتێکی زۆر نامۆ نەبێ، زۆر شاعیر و نووسەر و چالاک و سیاسیمان بوونو هەن و وادیارە هەر دەشبن، کە لە گەرمێن غەرقی ئارەق بوون و چاویان هەر لە سامڕەندە و بە دەربەدەری و لە بەندخانان و زەنجیر لە مل و لە هەندەران هەر کوردن و لە ڕێگای کورد و کوردستان، ڕوح لە پێناون و گیان لەسەر دەستان، بەڵام ژیاننامەی عەباس زەندی، لاوی پڕ لە هێز و وزە و ناخ کوردستانی و پڕ لە بڵێسەی کوردایەتی و خاکەڕا و خۆمانە، تا ڕادەیەک جیاوازە و لەم عەسرەدا هێشتا وادەردەکەوێ کە کوردستان لەیلێکە و مەجنوونێکی بە ناوی عەبباس زەندی بەدوای ئازادییەکەیدا وێڵە.

خوێندنەوەی ئەو بەسەرهاتە پڕ لە بەش مەینەتی بەڵام زاخاودراو بە هیوا و چاو بڕیو لە ئاسۆیەکی ڕوون و گەش، هێندە پڕ لە تاڵی و ئازار و لە هەمان کاتدا هەوڵ و تێکۆشان و هەستانەوە و نەبەزین و دانەبەزینە، کە مچووڕک بە لەشدا دێنێت، هەر بۆیە ڕۆژی کورد لەگەڵ ئەو چالاکوانە وەرزشکار و نووسەر و نیگار کێشە، وتووێژێکی پێکهێناوە کە لێرەدا پێشکەشتان دەکرێت.

ڕۆژی کورد: ئەگەر بکرێ بەکورتی خۆتان بۆ خوێنەرانی رۆژی کورد بناسێنن

زەندی:  سەرەتا سڵاو و ڕێزم هەیە بو ئێوەو خوێنەرانی رۆژی کورد. من عەباس زەندی، لەدایک بووی 23ی سەرماوەزی 1356ی هەتاوی لە شاری سنە. هەڵگری بڕوانامەی موهەندسی میعماری(ئەندازیار)و خوێندکاری ماستەر(کارناسی باڵا)ی شارسازی بووم کە بە هۆی قاچاغ بوونەوە نەمتوانی تەواوی بکەم و هەروەها ئەندامی پێشووی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان و کارمەندی پێشووی سازمانی بێهزیستی کوردستان بووم.

ڕۆژی کورد: جەنابت لە کەنگێوە دەستتان کردووە بە وەرزش و تا ئێستا چیتان کردووە و بەگشتی باسی خەباتتان لە بواری وەرزشیدا بکەن؟

زەندی: من لەساڵی 1367ی هەتاوی، وەرزشی کونگ فووم لە هۆڵی کرێکارانی سنە(باشگاەکارگران سنندج) لەخزمەت مامۆستای بەرێز، بورهان موحەممەدی دەست پێ کردووە. پێم خۆشە پێش لە باسەکانم یادێک لەهاوڕێیانی پێشووم بکەم کە لەم هۆڵەوە پێکەو وەرزشمان کردووەو دواتر بوونە پێشمەرگەو ڕوویان لە شاخ کرد و چوونە رێزی هێزە سیاسیەکانی کوردستان وەکوو شەهید جەماڵ چراغی، شەهیدجەلال حەمەڕەزایی، شەهید غەریب و کاوە زارعی کە یادیان بەخێر.

ساڵی 1372 ی هەتاوی نزیک  22کەس بووین کە بۆ تاقی کردنەوەی کۆتایی هاتنی شاڵی سەوزی کۆنگ فۆ ڕوێشتین بو تاران، هەموو پارێزگاکان بەشداربوون تەنانەت چەند وڵاتی دەراوسێش بەشدار بوون، من و سێ هاوێێی ترم بەناوی فەرەیدوون وەیسیان، کوورش قادری و نەسرەدین مەنبەری لەم تاقی کردنەوەدا سەرکەوتین و بووم بە ئەندامی کۆنگ فۆتوای ئێران. ساڵی 1375 ی هەتاوی هۆڵی وەرزشی نەبەز م لە سێ شوێنی شاری سنە دامەزراند و وەکوو ڕاهێنەر چالاکیم دەست پێکرد. هۆڵی نەبەز چەند تایبەتمەندی هەبوو کە ئەم تایبەت مەندیانە ئەوی لە هۆڵەکانی تر جیا کردبووەوە و بریتی بوون لە:

٭ یەکەم هۆڵی وەرزشی بوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لەو کاتەوە تا ئێستا هەموو بەڵگەنامەو پێداویستیەکانی بەزمانی کوردی بوو بۆ نموونە؛ تابلۆ و لۆگۆی پێناسەی هۆڵەکە کە هێمایەک لە کوردایەتی و کوردستان بوو.

کارتی وەرزشی وەرزشوانەکان، حوکمی کۆتایی هاتنی خولە وەرزشیەکان و ڕێزلێنان، ئاگاداری و ڕوون کردنەوەکان و چەند بەڵگەی دیکە بەزمانی کوردی بوو، لە هۆڵەکە جگە لە وەرزش، خولی خوێندنی زمانی کوردی و هەڵپەرکێ کوردیشمان هەبوو.

پاش ماوەیەکی کورت خەڵکێکی زۆر بەشداریان لە خولەکان کرد، ئەمە لە حاڵێکدابوو کە ئەو وەرزشە چەند ساڵیک بوو کە ئازاد کرابوو، ئاخر پاش هاتنە سەرکاری کوماری ئیسلامی بەماوەی دە ساڵ قەدەغە کرا و لەو دۆخەدا و بارودۆخی کوردستان وەها چالاکییەک زۆر زەحمەت بوو، دوای ماوەیەکی کەم زیاتر لە 400 قوتابی وەرزشیم هەبوو و ڕێژەکەش هەر دەهات زیاتر دەبوو. ئەمە بووە سەرەتایەک بو گیرو گرفتەکانم لەلایەن دەست و پێوەندیدارەکانی کۆماری بەناو ئیسلامییەوە و زۆر جار بە هەڕەشەو تەنانەت دەست بەسەرکرانی من ئازارێکی زۆریان دەدام. بەشانازییەوە دەڵێم تەنیا هۆڵی وەرزشی بوویین کە لە هیچ بەرنامەیەکی دەسەڵاتدا کە بۆنی تەبلێغی پێو دیاربووێت بەشداریمان نەکرد، بویە دەڵێم تەنیا چون تەنانەت لەوحی رێزلێنانی ئەوانیشمان قبوول نەدەکرد.

دۆخی زاڵ بەسەر هۆڵەکە و نزیکی وەرزشکارەکان وابوو کە سیخوڕانیش نەیاندەتوانی بێنە ناوی یانەکەوە، وەرزشوانەکان بەجل و بەرگی کوردییەوە دەهاتنەو بۆ هۆڵەکە، جگە لە ڕژیم نەیارانی تریشمان هەبوو ئەویش دەست و پێوەندەکان و باندەکانی مادە هوشبەرەکان بوون. ئەمن ماوەیەکی زۆر بوو کە لە ڕێکخراوی خەڵکیی بەرگری لە ماددە هۆشبەرەکانی سنە (انجمن مردمی پیشگیری ازاعتیاد شاخەسنندج) یەکێ لە ئەندامە بەرێوبەرەکانی بووم، بویە باشگا شوێنێکی باش بوو بو تەبلیغ و دژایەتی لەگەڵ مادە هۆشبەرەکان، وەرزش دژی خووگرتنە بە ماددە هۆشبەرەکان و تووشبوونی و زۆریش لەم بوارەدا سەرکەوتوو بووم، زۆرجار گوشار دەخرا سەرمان کە هۆڵەکە دابخەین، تەنانەت شووشەکانیان دەشکاند، دەرگایان دادەخست یان بەهەڕەشە بەشێوازی جوراو جور کێشەیان بۆ درووست دەکردین. زۆر جار لەلایەن ڕژیمەوە بەهۆی چالاکیەکانمەوە تووشی ئازار دەبووم کە بۆ نموونە باس لە چەند نموونەیان دەکەم؛

٭  ساڵی 1376 لە ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەست بەسەرکرانی چەند کرێکاری شاری سنە لە ناوەندی شار لەلایەن هێزەکانی رژیمەوە دەست بەسەر کرام و زیاتر لە یەک حەوتوو لە حیفازەت ئتلاعاتی هێزی ئینتزامی شاری سنە دەست بەسەر کرام.

٭٭ ساڵی1377 ، لە کاتی گەڕانەوەم لە باشگا، لەلایەن ئیدارەی ئتلاعاتەوە دەست بەسەر کرام و ماوەی زیاتر لە یەک مانگ لە ژوورە تاکەکەسییەکانی ئیتلاعاتی سنە لەژێر ئازارو ئەشکەنجە دابووم، پاشان لە دادگایەکی ناعادڵانە و بێ ئەوەی مەحکووم ببم، لقی یەکی دادگا ئینقلاب بە تاوانی جووڵانەوە بە دژی ئەمنییەتی وڵات، ماوەی دوو ساڵ زیندانو  شەست قامچی  و یەک ساڵ حەبس بەماوەی چوار ساڵی بۆ بڕیمەوە. ماوەی زیندانەکەمم لە زیندانی ناوەندی شاری سنە بەسەر برد، کاتێ لەزیندان بووم توانیم خولێکی وەرزشی بۆ زندانیان رێک بخەم کە زۆریش زیندانیان حەزیان لێ بوو و ئەمە شتێکی بێ وێنە بوو کە کیومەرس ئووەیسی کە ئێستە لە دانمارکە شایەتی کارەکەمە. لەماوەی زیندانی بوونمدا شاگردەکانم نەیانهێشت هۆڵی نەبەز دابخرێت و هەرچەند حەوتوویەک، یەکیان بە نوێنەرایەتی لە وەرزشوانەکانەوە دەهاتن بۆ لام و سەبارەت بە چۆنیەتی بەرێوە بردنی لەگەڵ مندا ڕاوێژیان دەکرد.

پاش دوو ساڵ لە زیندان ئازاد بووم، یەکەم کارێک کە کردم سەردانی باشگام کرد و بۆ رێزگرتن لەو هاورێیانەی کە لە ماوەی نەبوونی من نەیانهێشت هۆڵەکە دابخرێت لە ڕێ و رەسمێکدا ڕێزم لێگرتن.

پاشان لە 3ی ڕەشەمەی ساڵی 1381ی هەتاوی، شاری سنە دیسان لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە  دەستبەسەر کرام و دوای چەند ڕۆژ دەست بەسەری و ئەشکەنجە… بۆماوەی یەک مانگ درامە زیندانی ناوەندی سنە و پاشان بە بارمتە ئازاد کرام.

من هەمیشە بڕوام وابووە و هەیە کە وەرزشوانێکی باش کە گرینگی بە دەروون و پەروەردەی باشی هەبێت  مروڤێکی باشەو مرۆڤی باشیش  دڵسوزی خەڵکەکەیەتی.

ڕۆژی کورد: داستانی قاچاخ بوونتان لە ئێران و هۆکارەکەی چیە؟ بەگشتی بۆمان باس بکەن؟
 زەندی:  ئەمن لە چەند بواری جۆراو جۆر چالاکیم هەبوو و لە چالاکیەکانیشمدا بۆنی کوردایەتی پێوە دیاربوو کە لە پرسیاری پێشوودا باسی هێندێک لە چالاکیەکانم کردووە، بۆ نموونە تەنانەت ڕاگەیێندراوی کوردیمان بە جل و بەرگی کوردیەوە چاپ دەکرد و بڵاومان دەکردەوە یان لۆگۆ (هێما)ی باشگاکە و مۆرەکەی سەمبوڵێک بوو لە کورد و کوردستان یان کتێبەکانم کە وێنەکانی و نووسراوەکانی باسی لە کوردەواری دەکرد و هەروەها وەکوو یەکێ لە بەڕێوبەرانی رێکخراوی مەردمی بەرگری لە ئیعتیادی شاری سنە بووم و کارمەندی سازمانی بێهزیستی کوردستان. بەبۆنەی چالاکیەکانم و پێوەندی زۆرم لەگەڵ خەڵکدا  لەلایەن رژیمەوە دەیان جارگیرام و ئازارو ئەشکەنجە درام و زندانی کرام و تەنانەت لە کاری دەوڵەتی و تایبەتیش بێبەش کرام و ئیزنی چوونە دەرەوەم لەشار نەبوو و دەبوا هەر قەدەرەو جارێک خۆم بە ئیتڵاعاتی سنە بناسێنم و ماوەی دوو ساڵیش لە سنە بۆ سەقز دوور خرامەوە. ئازار هەڕەشەکان هەر بۆ خۆم نەبوو بنەماڵەشمی گرتەوە، تەنانەت چەند کەس لە بنەماڵەکەش دەست بەسەر کران و هەوڵی ئەوەیاندا من بە منداڵەکەم بترسێنن و هەڕەشەی کوشتنی منداڵەکەمیان لێ کردم، بۆیە ئیتر لەوە زیاتر، مانم لە وڵات مەترسی بوو و بەناچار وڵاتم بەجێ هێشت.

ڕۆژی کورد: بەڕێزتان جیا لە وەرزش، نووسەریشن. دەکرێ باسی بکەنلە چ بوارێکدا دەنووسن و چ بەرهەمێکتان چاپ کردووە؟

زەندی: ناتوانم بڵێم نووسەر بەڵام لە بواری ئەدەبی منداڵاندا چەن بەرهەمێکم هەیە بۆ نموونە: خوا لە کوێیە – گەنم- نەقاشی منداڵان کە فێری ڕەنگ کردنیانی دەکرد- و چەند وەرگێڕان لە نووسراوەکانی سەمەد بێهرەنگی وەکوو جووجەڵە زەردە و قۆخ و هەروەها “معتاد کچولو” – مشک و پشی – سەگە ڕەش و کاکە شوان کە نیگارەکانی ناو پەرتووکەکە، کاری خۆمن و دوو کتێبی ترم بەناوەکانی چوار وەرزی ساڵ و کوردستان کە شیعرە بۆ منداڵان و نووسینی خۆمەو و وێنەکانیشی خۆم کێشاومنەتەوە کە ئیزنی چاپیان پێ نەدام و هەروەها رووبەرگی چەند کتێبیشم بەناوەکانی یادی بەخێر ئەو رۆژانە – داد و بیداد داڕشتووە و چەند پۆستریش لە بواری کومەڵایەتی لە کارەکانی من بووە کە چاپ کراون و وێنەی کتێبێکیشم بۆ منداڵان کێشاوە کە چاپەمەنی جەماڵ عیرفان لە باشوور دەیهەوێت چاپی بکات.

ڕۆژی کورد: ئەوەندەی ئێمە بزانین جیا لە وەرزش و نووسەری لە بواری نیگارکێشیشەوە مامۆستان، دەکرێ باسی نیگارەکانتانمان بۆ بکەن؟ لە کەیەوە کار دەکەن و تا ئێستا چ بەرهەمێکتان هەبووە؟
زەندی: من ماوەیەکی زۆرە کاری نیگار کێشی دەکەم و زیاتر حەزم لە سرووشتە کە ئەمیش ئەگەرێتەوە بۆ سرووشتی جوانی کوردستان و چەندین تابڵوم کار کردووە چەند پۆستێریش لە بەرهەمەکانم چاپ کراون. زیاتر لە 10 ساڵ لە کێبەرکێ نیگارکێشیدا پلەی یەکەمم لە پارێزگای سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەروەها ئێراندا بەدەست هێناوە.

ڕۆژی کورد: لە بواری نیگارکێشییەوە، تا ئێستا پێشانگاتان بووە؟

زەندی: بەڵی، کاتێ قوتابی بووم بەشێوەی هاوبەش لە سنە و لە تاران پێشانگاییان لە کارەکانی من و چەند کەسی تر داناوە و کاتێ کە خۆێندکار بووم سێ جار لە بواری نیگار کێشی و میعماری لە زانکوی ئازادی سەقز و سنە پێشانگام کردۆتەوە و لە کۆتایشدا خەڵات کراوم و یەک ساڵیش وەکوو دەستەی بەرێوەبەری زانستیی خوێندکارانی میعماری زانکوی سەقز دیاری کرام.

ڕۆژی کورد: ژیان لە تورکیە و غەریبی بۆ عەباس زەندی وەرزشکار، نووسەر و نیگارکێش چۆنە؟

زەندی:  زۆر سەختە بەڕاستی ناتوانم بە نووسین بیدرکێنم، وڵاتی خۆمم زۆر خۆش دەوێت و زۆر حەزدەکەم لەگەڵ هاورێیانم وەرزش بکەم، بنووسم و وێنە بکێشم و …تاد، زۆرجار لە تەنیایدا دڵم تەنگ دەبێت. لێرە بۆ ئەوە غەریبی بێ هێزم نەکات و تەنگەم پێ هەڵنەچنێت و بێ هوام نەکات وێنە دەکێشمەوە بەڵام هەستی غوربەت بەوانیشەوە دیارە و بۆ نووسینیش دەستم کردووە بە نووسینی ڕابردوو و بیرەوەرییەکان و ژیانی خۆم چون زۆر ئازارو سەختیم بینیوە، و وەرزشیشم لەگەڵ چەند لاوی کوردی تورکیە و چەند پەنابەری خەڵکی ئێران دەست پێکردووە و دەمهەوێت بەم زووانە خولێکی وەرزشی بکەمەوە هەرچەند ئەو ڕەنگ و بۆنەی هۆڵی نەبەزی قەت نیە و نابێ. بە خۆشحالیەوە لەم ڕۆژانەی دواییدا و دوای هەوڵێکی زۆر، یەکەم پرۆژەی میعماریم پەسەند کرا. دەمهەوێت بڵێم ژیان هەر بەردەوامەو بەرخودان ژیانە،

ڕۆژی کورد: ئێوە خەباتتان بۆ کورد کردووەم ئەویش لە سنە کە ئێستا تایبەتی ترە، پەشیمان نین؟ داهاتووی کورد چۆن دەبینن؟

زەندی:  بۆ هەر کوردیک کە نیشتمان و نەتەوەکەی خۆش بوێت دەبێ بەپێی توانایی خۆی لەخزمەت خەڵک و نیشتمانەکەیدا بێت، تەنانەت ئەوانەی بۆیان نەکرا با خیانەت نەکەن، من قەت پەشیمان نیم و شانازیشی پێوە دەکەم. ژیانم بەو شانازییەوە واتای هەیە.

داهاتوویێکی ڕوون بۆ نەتەوەکەم و نیشتمانەکەم دەبینم و دڵم زۆر ڕوونە کە دەوڵەتی کوردی ببینم و داگیرکەران و دیکتاتۆرەکان هەر بەدەستی خۆیان خۆیان بۆ نەمان دەبەن. ئەو کات من و هۆڵی نەبەز و نەبەزییەکان لە کوردستانی ئازاد پێک شاد دەبینەوە

ڕۆژی کورد: مامۆستا عەباس، کچە جوانەکەتان “خاتوو کوردستان”، داستانی لە دایک بوونی کەمێک جیاوازە، دەکرێ باسی بکەن جیاوازییەکەی چیە؟

زەندی:  نێوی کوردستان هەموو کاتێک دڵمی دەلەرزاند و پێموابێت خۆشترین وشەیە، لەگەڵ خێزانم، خاتوو فەریدە لە 26ی سەرماوەزی ، 1384دەزگیرانیمان کرد، چون شانازی بوو بۆ کوردستان کە هێزی پێشمەرگەی تێدا ناودێر کراوە، بەیادی کۆماری کوردستانەوە لە 2ی ڕێبەندانی 1384  بە ئاڵای بەشکۆی کوردستان و دروشمی کوردانە، شاییمان کرد و ژیانی هاوبەشمان پێکهێنا کە بەرهەمی لەدایک بوونی کچێک بوو لە 26ی سەرماوەزی 1387ی هەتاوی، چ هەستێکی خۆش بوو لەو ڕۆژە پیرۆزە و لە داییک بوونی کچێک، نەیارانی کوردستان ئەو رۆژە و منیان باش دەناسی، بۆیە هەر لە یەکەم ڕۆژی لەدایک بوونی نە ئیزنی سەبتیان دا نە ناوی دڵخوازی من داندرا، ئێمەش بەحورمەتی خاکی پیرۆزی کوردستان و یادی شەهیدانی کوردستان و شانازی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شادی دڵی هاووڵاتیانم لەگەڵ خێزانم بڕیارماندا نێوی کوردستان بێت.

بەڵام ئیزنیان پێمان نەدا و زیاتر لە دووساڵ هاتوو چوون و دادگاو پارێزەر گرتن و زەحمەتی زۆر و دوای سێ جار روێشتنی داواکاریم لە دادگاوە بۆ دادگای پێداچوونەوە توانیم ئیزن لە دادگا وەربگرم کە نێوی کچەکەم بنێم کوردستان بەڵام بەم تێبینیەوە کە ڕوژی لەدایک بوونی من (خۆم) کە 23ی سەرماوەزە بۆی دابنێن و سەبتی 26ی سەرماوەز بێت بە ناچار قبوولم کرد و ئەمن لە 25ی گەلاوێژی 1389 پێناسەیم بۆی دەرهێنا کە ئەویش چیروکی خۆی هەبوو.

لەبیرمە یەکێ لە پرسیارەکانیان ئەوە بوو کە بۆ سووری لەسەر ئەوە کە نێوی کوردستان بێت ئایا دەکرێت نێوی شارێکی تری هەبێت یان ئەو منداڵە گەورە بێت لە قوتابخانەدا منداڵان گەمە بەناوی دەکەن و شایەت خۆی حەزی لە نێوی نەبێت؟ لە وڵامدا گوتم کوردستان خۆشترین وشەی دنیایە و هەزاران کەس لە رێگەیدا قوربانی بوون ئەگەر کچەکەم شایانی هەڵگرتنی ئەو ناوە بێت کە پیرۆزی بێت بەڵام ئەگەر شایانی نێوی پیرۆزی کوردستان نەبێت بەدڵنیاییەوە بۆخوتان ئەو کات زوو دەیگۆڕن، و دڵنیایانم کرد کە ئەگەر قبووڵی نەکەن پێناسەی بۆ وەرناگرم.  ئەو ناوە پیرۆزە ژیانمانی زیاتر گۆڕی و رێزی زیاترمان لێدەگرن و هیوادارم پاش ماوەیەکی کورت کچەکەم کوردستان، بگەڕێنمەو بۆ کوردستانی ئازیز و خۆشەویست.

ڕۆژی کورد: بە گشتی بواری وەرزشی کورد لە ئێستادا چۆن دەبینن؟

 زەندی:  لە ئێستادا زۆر کێشە لە کوردستاندا بوونی هەیە کە کاریگەریشی لە سەر وەرزش داناوە، بەڵام هیچ کات وەرزش و کورد لەیەک جیانین، کوردستان لە بواری جوغرافی و هێزی مرۆڤییەوە پتانسێلێکی باشی هەیە و پێویستی بە گرنگی پێدانە، خەڵکی کوردیش کە لەمێژە لەلایەن دەسەڵاتە داگیر کەرەکانەوە دەچەوسێندرێنەوە بۆیە زۆر کەس وەرزش وەکوو ئامرازێکی دەربازبوون لەو کێشەو قەیرانانە دەزانێ، بۆیە وەرزش لە کوردستان جیاوازە و لەچاو پارێزگاکانی تر، ئاستی وەرزشی کوردستان لە سەرەوەیە  کە بەردەوام شایەتی سەرکەوتنی لاوانمانین لە ئاستە جوراو جۆرەکانی وەرزشیدا تەنانەت لە ئاستی نێو نەتەوەییشدا.

ڕۆژی کورد: کۆسپەکانی وەرزشوانێک بە هەستی نەتەوەیی و هەروەها وەرزش لە کوردستانی خۆرهەڵات، چین؟
لە کۆتاییدا ئەگەر قسەیەکتان هەبێ خۆشحاڵ دەبین بیبیستین.

زەندی:  بەگشتی وەرزش لە کوردستان کە تاریکی کۆماری ئیسلامی زاڵە لە سەری چەند کێشەی سەرەکی هەیە وەکوو نەبوونی ئیسپانسری بەتوان، کێشەی ئابووری، نەبوونی پێشە سازی و کارگە، نەبوونی ساڵون و پێداویستی و هەوڵی رژیم بۆ ئەوە کە لە وەرزش کەڵکی تەبلیغ بو سیاسەتەکانی خۆی وەر گرێت،. ئەمانە بووتە هوی ئەوە کە کوردستان کەمتر ببێتە خانەخۆی. کەمی بووجەی وەرزشی کوردستان کە هەمبەر ئەو پارێزگاکانی تر، نەبوونی بیمەی گوزەرانی کومەڵایەتی بۆ راهێنانی وەرزش، نەبوونی رێکخراوێەکی سەربەخۆ و بەتوان بۆ چاوەدێری کار و کردەوەی بەرپرسانی وەرزشی، هاتنە خوارەوەی دەرئامەدی خەڵک، کێشەی زۆری وەرزشی ژنان و کێشەی نەتەوەیی و چەند هۆکاری تر کومەڵگای وەرزشی تووشی کێشەی زۆری کردووە، ئەم کوسپانە بەمانە تەواو ناون و زۆر زیاترن. بۆ وەرزشکارێکی بەهەستی نەتەوەیی، جگەلەمانە کێشەگەلێکی تریش هەیە کە تەنیا چەند خاڵی ناودەبەم ؛ کۆماری بەناو ئیسلامی وەرزش بە ئامرازێک بۆ بەرێوەچوونی سیاسەتە نامرۆڤانەکانی خۆی دەزانێت یان ئەتوانین بڵین ئەوەی کە خۆی خۆشی ئەوێت دەبێ وابێت بویە زۆر زەحمەتە لە وەها وەزعێکدا پەرەدان بە وەرزش و دەبێ زۆر خۆراگر بێت کە بتوانێت چالاکی وەرزشی خۆی بەرێوە ببات بەمانایکی تر موبارێزەیەکە کە هەم دەبێ بەباشی بو پەرەسەندنی وەرزش کاربکات و لە لایەکی دیکەوە پێش بەتاریکی وچەوساندنەوە بگرێت. لەم رێگایشە تووشی زۆر زەحمەت و ئازاردەبێت کە تەنانەت ژیانیشی لە مەترسی دەکەوێت .

هەروەها داواکارم لە لایەنە پێوەندیدارەکان بە پێ ئیمکان بۆ ئەوەی زووتر بارودۆخمان روون بێتەوە هاوکاری پێویستمان بکەن.

کۆتایی

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت