وتووێژی گەورەژووری ڕاوێژ لەگەڵ هەڵمەت مەعرووفی، لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئێران

0
287

 خوێنەری هێژا:

وتوویژی بەردەستت، یەکێک لە وتووێژەکانی گەورەژووری ڕاوێژە لە ڕایەڵەی کۆمەڵایەتیی تلێگرام کە لە ڕێکەوتی ١٥ی بانەمەڕی ١٣٩٦ ی هەتاوی لەگەڵ “هەڵمەت مەعرووفی”، بەرپرسی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان-  ڕۆژهەڵات، لەمەڕ هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری لە ئێران، بە پێشکەشکاریی ئاژوان قادری، ئەنجام دراوە.

ڕاسانی شاخ و شار: سەڕەتا بفەرمون  پێناسەیەی ئێوە لە نەوعی دەسەڵات داری کۆماری ئیسڵامی ئێران و بەربژێرەکانی(کاندیداکان)ئەم قۆناغە لە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئێران چیە؟

هەڵمەت مەعرووفی

مەعرووفی: کۆماری ئیسلامی کە بە پێی ئەو شیکارییانەی کە لە تووتالیتێر و گشت خوازەکان دەکرێ، جۆرێکە لە حکومەت و سیستەمی توتالیتێر کە بە جۆری توتالیتێری فاشیستی مەزهەنی دەناسرێن. واتا لەواندا ئایین یان ئایینزایەک، بنەمای هەموو کار و ڕێساکانە و بەوپێیە دەسەڵاتداری دەکرێ و ئەوە لەو سیستەمەدا نەبێ و بەپێی ئەو نەجووڵیتەوە ئەوا بە بەرهەڵستکار و خائین دەناسرێ و سزا دەدرێ.

کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە دوو شێوە لە دەسەڵات کە بریتین لە کۆمارییەت و حکومەتی ئیسلامی تێکەڵ کردووە کە لە جۆری خۆیدا لە جیهاندا کەم وێنەیە بەڵام ئەوە جێگای سرنجە ئەوەیە کە بەشی کۆمارییەتی ئەو سیستەمە هەمیشە لە خزمەت بەشی حکومەتییەکەی دابووە و بە مەبەستی داپۆشینی گەڵندەڵی، گەندەکار و …تاد، کەڵکی لێوەرگیراوە و هەروەها کۆمارییەت ڕێگایەک بووە بۆ رەوایی دان و مەشرووعییەت دان بە بەشی حکومەتییەکەی.

بەشی حکومەتیش لە ئێرانی ئێستادا لەسەر چوار بنەما داڕێژراوە کە بریتین لە:

– کۆماری ئیسلامی

– هەناردەکردنی شۆڕش

– دروشمی نەمان بۆ ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات کە ئێستا ڕۆژهەڵاتەکەی کە سۆڤیەت و ڕووسیە بێ سڕدراوەتەوە

– شیعەی دوازدە ئیمامی و دانانی میحوەر و جەمسەری شیعە (ویلایەتی موتڵەقەی فەقێ)

بەو پێیە لەو سیستەمەدا هەڵبژاردن، ڕێگایەک نیە بۆ ئەوەی کە خەڵک بێن و دەنگ بدەن و لەو ڕێگایەوە جۆری سیستەمی خۆیان یان بەرنامە و پەیڕەوێک دەست نیشان بکەن، بەڵکوو لێرەدا خەڵک دێننە ناو مەیدان کە ڕەوایەتی بۆ خۆیان پێ وەربگرن. بەو پێیە دەنگ دان لەو سیستەمەدا تەنیا دووپات کردنەوەی بەڵێنیی خەڵکە بە دەوڵەت هەر بۆیەش خامنەیی بەردەوام دەڵی نابێ بکرێتە دووجەمسەری و دەشڵی دەبێ خەڵک بە بەربڵاوی بەشدار بن و لێرەشدایە کە هیچ بنکەیەکی ناودەوڵەتی بۆی نیە چاوەدێری بەسەر هەڵبژاردنەکاندا بکات

لە ڕاستیدا خودی هەڵبژاردن چەمکێکە کە لە وڵاتانی دێموکراتیک و نیمچە دێموکراتیکدا جێگا دەگرێ و خەڵک دەنگ دەدەن بە بەرنامە و ڕێڕەو و یاساگەلێک کە کاندید و بەربژێرەکان بانگەشەی بۆ دەکەن.

ڕاوێژ: ئێوە وەک قەڵەم بەدەستان و ڕۆژنامە نووسانی ڕۆژهەڵاتی ڕا و بۆچونتان لەسەر بایکۆدی هەڵبژاردنەکانی ئێران لە لایان خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چیه؟

مەعرووفی: من ناتوانم وەک گشت نووسەران و قەڵەم بەدەستان و ڕۆژنامەنووسان و لەبری ئەوان وڵام بدەمەوە بەڵام وەک ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان- ڕۆژهەڵات و وەک ناوەندی ڕۆژی کورد، ئێمە بە تێبینیگەلێک کە داومانە بەر لە هەموو حیزبەکانیش، ڕاگەیێندراومان داوە و بایکۆتمان کردووە.

من ئەگەر وەک چالاکێکی مافی مرۆڤ سەیری ئەو باسە بکەم، ئەوا ڕێژەی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە سەردەمی سەرۆک کۆمارەکان و زیاتر بوونی لە سەردەمی ڕوحانی، بۆ من هۆکارێکە کە بڵێم هیچ لەو سیستەمەدا ناگۆڕێ و هەروەها ئەگەر چاویش لێبکەن لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە ئاشکرا بەشی نیزامی دەڵێ بەربژێرەکان بۆیان نیە باس لەو بەشە بکەن وئەو بەشە سەربەخۆیە و هەروەها مەجلیسیش دەڵی بۆتان نیە باسی یارانە بکەن کە ئەوە لە توانایی ئێوە دانیە، لەلایەکی تریشەوە هەم ڕوحانی و هەم خاتەمی نیشانیان دا کە ئەوان هیچ کارەن و وەلی فەقێ هەمە کارەیە، چاوێکیش لە بەسەرهاتی ئەحمەدی نەژاد و مووسەوی و کەڕووبی بکەین ئیتر بە تەواوی ڕوونە کە لێرەدا خەڵک وەک ئامرازێکی ناچارەکی کەڵکیان لێوەردەگیردرێ، کەواتە بەو پێوەرانە، ئێمە هاوڕاین و سوورین لەسەر بایکۆت بەڵام لێرەشدا هەندێک گازندە لە حیزبەکان هەیە کە ئەگە رپرسیاری لەسەر بێ دواتر باسی دەکەین.

ئیزن بدەن ئاماژە بە ڕێژەی لەسێدارەدان لە سەردەمی ڕووحانی دابکەم. لە ماوەی نزیک بە  ٤ ساڵی ڕابردوودازیاتر لە  ٢٧١٠ کەس لە سێدارە دراون، ئەو ڕێژەیە لە دەوری یەکەمی ئەحمەدی نەژاددا ١٠٩٥ کەس و لە خولی دووهەمی ئەحمەدی نەژاددا ٢٢٣٢ کەس بووە

ئەگەر چاو لێبکەین دەبینین کە ڕێژەکە یەکجار زیادی کردووە ئەوەش سەرەڕای ئەوەیە کە ئەو کەسانەی کە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپاوە لەو ناوەدا نین و ئەو کەسانەی کە سزاکەیان جێ بە جێ کراوە نووسراون جیا لەوەش کە بەشێکی زۆر لە سێدارەدانەکان هیچ کات تۆمار ناکرێن و بە دزییەوە ئەنجام دەدرێن. ئەگەر باس  لە ئیبراهیم ڕەئیسیش بکەین کە کارنامەی دیارە و بە رادەیەک لەسەر لە سیدارەدان سوور بووە کە خودی خومەینی هۆشداری پێداوە. لەسێدارەدانەکانی ساڵی ١٣٦٧ بەشێک لە کارنامەی ئیبراهیم ڕەئیسیە و هەروەها بەهۆی کوشتار و گرت و بڕینی ساڵی ١٣٨٨یش ناوی لە ناو لیستەی گەمارۆکانی یەکیەتیی ئوروپا دایە.

ئیتر لەو حاڵەتەدا هیچ ڕێگایەک نەماوە جیا لە گەمارۆ دان، هەرچەند پیویستیشە باس لە یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامیش بکرێ بەڵام من لێرەدا زیاتر وەک بەشی مافی مرۆڤی ئاوڕم لێدایەوە

ڕاوێژ: بایکۆت و نا بۆ هەڵبژاردن دەتوانێ چ کاریگەریەکی  هەبێ؟ ئایا دەتوانین بلێین کاریگەری ئەرێنی هەیە؟

مەعرووفی: بایکۆت بەتەنیا ناتوانێ هێچ کاریگەرییەکی هەبێ، بایکۆت دەبێ چالاکانە بکرێ و وشیارکردنەوەی خەڵکی لەگەڵ بێ ئەویش لە حاڵ و کاتێکدا کە حیزبەکان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو دەیە لە خەڵک دوورکەوتوونەوە و نەوەیەک لە ئارا دایە و ئێستا دەنگ دەدا کە هیچ ناسیاوییەکی ئەوتۆی لەگەڵ حیزبەکان نیە.

لە لایەکی تریشەوە تۆ لەگەڵ ڕژیمێک ڕووبەڕووی کە ئامرازی سزادان و هان دانی لەبەر دەستە. گرتن، بڕین، کوشتن و سێدارە و دەربەدەرکردن و ….تاد، و لەلایەکی تریشەوە یارانە و دامەزراندن و ….تاد

لێرەدایە ئەگە رحیزبەکان لایان وابێ بە دانی یەک بەیاننامە دەتوانن ببنە پێشەنگ، ئەوا تەواو لە هەڵەدان، مخابن ئێستا نە ڕێبەرییەکی کاریزماتیک وەک سەردەمی دوکتور قاسملوو هەیە و نە حیزبەکانیش بە شێوەی بەرین وەک سەردەمی ساڵانی ٦٠ لە مەیدان دان، کەواتە بایکۆتی خاڵی نابێتە هیچ. بەڵام خودی بایکۆت کردن ئەگەر وڵامی بدرێتەوە و خەڵک بە زۆرینە نەچنە سەر سەندووقی دەنگدان ئەوا وەک پێشتر ئاماژەم پێدا، ئەستاندنەوەی متمانەیە لە دەوڵەت و ڕژیمی ئاخوندی.

پێشتر باسم کرد کە ڕژیم، هەڵبژاردن وەک ئامرازێک بۆ وەرگرتنی ڕەوایی و مەشرووعیەت بەکار دێنێ و بەو جۆرە بە نەیارانی ناوخۆ و دەرەوە دەڵێ کە خەڵکی لەگەڵە و خەڵک بۆ ٤ ساڵی تر دەنگیان پێداوەتەوە کە نوێنەریان بێ و چی حەز لێیە بیکات، ئەوەش جۆرێک توانایی ناودەوڵەتی بۆ رژیم بەدوای خۆیدا دێنێت کە ئەگەر بایکۆت بکرێت ئەو متمانە و تواناییەی لێ دەستێندرێتەوە.

ئەحمەدی نەژاد سەردەمی خۆی کە لە کۆبوونەوەی نەتەو ەیەکگرتووەکان بەشداربوو لە وتووێژێکدا کە لێیان پرسی لە ئێران دەسەڵاتی سەرەکی بە دەست کێیە گوتی “دەسەڵات بە خەڵکە و خەڵکیش ئێمەین” کەواتە لێرەدا خەڵک کە بایکۆت دەکات، ئەو مەشرووعییەت و تواناییەیان لێ دەستێنێتەوە.

بایکۆت، هاوارە، هاوارێک بە واتای بێزاری، بە واتای ناڕەزایەتی و لێرەدایە هەڵبژاردن باشترین دەرفەتە بۆ دەربڕینی ئەو ناڕەزایەتییە و خەڵک هاواری خۆی بەرز دەکاتەوە کە چیتر بەو سیستەمە ڕازی نین و دەیانهەوێ بیگۆڕن. ئەوە بەرزترین جۆری خەباتی مەدەنییە کە لە ئێران دا دەبێ بکرێ و پێویستە بکرێت.

ڕاوێژ: بەپێی ئامارەکانی خودی ڕژیم کەسانێکی زۆر لە ئاستی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خولی ڕابردو بەشداری هەڵبژاردنیان نەکردبوو ئەوە لە حالێکدابوو کە له کوردستان دا یەک هەڵوێستی و هاو دەنگی لەنێو حیزبەکان دا نەبوو . ئایا لەم خولە دا کە یەک هەلوێستی حاکمە ،دەتوانین بلێین خەڵک کەمتر بەڕاو سندوقەکانی دەنگدان دەچن؟

مەعرووفی: من بە پێوەندی لەگەڵ ناوخۆ، لام وایە ئەو کۆدەنگییە هێستا نیە، لەوانەشە زوو بێ بۆ بڕیار دان بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگە ئەوەیە کە بۆ نموونە رێژەی دەنگدان لە ٧٠% بێتە ٤٠%. با لەبیرمان بێ ئامارەکان بە تەنیا ناکرێ وەک عەدەد و ژومارە چاو لێبکەین، ئامارەکان دەدوێن و قسە دەکەن. ئەگەر ڕێژەی دەنگدان، جا بە هەر شێوەیەک و هۆکارێک بێتە خوار و ڕێژەی دەنگدان کەم بێتەوە، ئەوا سەرکەوتنێکە بۆ خەڵک و نەیارانی ئەو ڕژیمە و شکستێکە بۆ ڕژیم.

هەڵبەت بەپێی ئەو ناڕەزایەتییانەی کە دەبیندرێن، جا هەم لە کوردستان و هەم ئەلئەحواز و هەم لە بەلوچستان، من لام وایە رێژەکە زۆر دادەبەزێ بەڵام ناشکرێ بە دانەبەزینی بەرچاوی رێژەی دەنگدان ئێمە خۆمان بە دۆراو بزانین و لە خەبات بۆ جارێکی تر بەردەوام نەبین. کەواتە بایکۆت کردن وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و سیاسی هەم لەسەر شانی حیزب ولایەنەکانە و هەم خەڵک.

 ڕاوێژ: ڕۆل وکاریگەرێکانی یەک هەڵوێستی و هاودەنگی شەش حیزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر پرسی هەڵبژاردنەکانی ئێران چۆن دەبینن؟ ئایا دەتوانین بە نزیک بوونەوەی ئەم حیزبانە گەشبین بین بە داهاتویەکی روون؟

مەعرووفی: ئەوە یەکەم جارە کە حیزبەکان یەکدەنگ دەبن، لە میدیا فارسی و جیهانییەکانیشدا دەنگدانەوەی باشی هەبوو، هەر ئەوە خۆی نێشاندەری هێزی کوردە لە باڵانسی هێز لە ئێران دا و نیشاندەری جێگە و پێگە و کاریگەریی کوردە کە مخابن تەنیا ئۆپۆزیسیۆنی زیندوویە هەرچەند لە ماوەی ٢ ساڵی ڕابردوودا بەلووچ و عەرەبەکانیش باش کاریان کردووە، بەلووچەکان خەباتی نیزامی و ئەلئەحوازییەکان خەباتی مەدەنیبەڵام من لام وایە کەمێک کەموکوری لەو یەکگرتووییەشدا دەبیندرێ کە لێرەدا باسی دەکەم. حدکا، ئامادە نەبوو ناوی حدکا بێنێ کە ئەوە خۆی باسی خۆی هەڵدەگرێ و من لێرە باسی ناکەم. حدک، بەو بیانوویە هاتووە ناڕاستەوخۆ دەڵێ دەنگ بدەن بە شۆراکان بەڵام بە سەرۆک کۆار نا کە ئەوە خۆی شکاندنی بەشێکە لە بایکۆتە شەش قؤلییەکە، بەڵام بەشی سەرەکی ئەوەیە کە ئەو شەش حیزبە وەک ئەوەی ئەرکیکی شەرعییان لەسەربێ تەنیا یەک بەیاننامەیان دا دەر و کۆتاییان پێ هێنائەوە، بە هیچ جۆر ناتوانێ بەشێک بێ لە بایکۆتی چالاک

کەواتە پێویست بوو کاری هاوبەشی تری لەسەر بێ و ئەوەی ئێستا هەیە کەمە و ناکرێ چاوەروان بن بەوەندە وڵامی ئەرێنی و باش وەربگرنەوە. مخابن حیزبەکان بە گشتی، ئێستا ڕاگەیاندنیان یان نیە یان زۆر زۆر زۆر لاوازە، تا ئێستا نەمبینیوە حیزبەکان کار لەسەر بایکۆت بکەن و کاری ڕاگەیاندنیان تەنیا لە ئاستی هەواڵی ڕۆژانەدا قەتیس ماوەتەوە. هیوادارم لە ماوەی ١٢ ڕۆژی داهاتوودا، ئەو کەموکووڕییەش جاک بکرێ و بیری لێ بکرێتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت