هەڵبژاردنەکانی ئێران/دەرفەتێک بۆ دۆڕان !!!!!

0
431

شوعەیب دانش پەژوو

نووسینی: شوعەیب دانش پەژوو

کاتێک باس لە هەڵبژاردن لە کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکرێت سەرەتا پێویستە دوو لایەنی ئەو ڕووداوە سیاسییە، هەڵبژاردن وەکوو فاکتێکی سەرەکیی جیهانی مۆدێڕنی سیاسەت و سیستەمی حوکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەکوو بەڕێوەبەری ئەو کردەوە سیاسییە، بە جیاواز لێکبدرێتەوە و پاشان چۆنییەتیی پێوەندی نێوان ئەو دوو لایەنە لە خاڵی پێکگەیشتنەوەدا شرۆڤە بکرێت. سەرەڕای ئەوەیش پێویستە ئاوڕ لە هەڵوێست و پێگەی کورد وەکوو یەکێک لە نەتەوە بندەستەکانی جوگرافیای سیاسیی ئێران لە پێوەندی دەگەڵ هەڵبژاردنەکان، بدرێتەوە. بەم شێوازە دەتوانین وەڵامێکی لۆژیکی و زانستیانە لەمەڕ بەشداریکرن یان بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لە لایەن نەتەوەی کوردەوە بدەینەوە.

پڕۆسەی دەنگدان و هەڵبژاردن لە سەردەمی پاڕلمان(سەنا)ی یۆنانییەکانەوە تا بە ئەمڕۆ ڕەوتێکی پڕ هەوراز و نشێوی بڕیوە و هەندێکجار ئەم ڕەوتە پێشڤەچوونی بەخۆیەوە دیتووە و هەندێکجاریش پێچەوانەکەی، بەڵام ئەوەی کە ئەڵقە زنجیرەکانی ئەم ملوانکەیە پێکدەبەستێتەوە هەوڵێکی بەردەوامی مرۆڤ بۆ دەستنیشانکردنی خواستی تاکە لەمەڕ بەدەستهێنانی کۆدەنگییەکی کۆمەڵانی دانیشتووی یەک جوگرافیای هاوبەش و ئەم خواستە مێژووییەی لە سووڕێکی هەتاییدا هێشتۆتەوە. کەوایە بێگومان دەتوانین پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان(بەگشتی) وەکوو فاکتێکی سەرەکیی ژێنی سیاسیی(بەواتا ئاگامبێنییەکەی) مرۆڤ ئەژمار بکەین و هاوکات پێوەرێکی بنەڕەتییە بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی عەداڵەتی کۆمەڵایەتی و دێموکراتیکبوونی بازنەی سیاسەت لە قەوارەی وڵاتەکاندا. لەپاش شەڕی جیهانیی دووەم و ڕووخانی یەک لەدوای یەکی حکوومەتە سەڵتەنەتییەکانی ئەورووپا و سەرهەڵدانی دەوڵەتانی نوێ، وەرچەرخانێکی گەورە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و دەنگدان دەبینین. بەجۆرێک کە زۆربەی خاوەنڕایان و سیاسەتوانان پێوانوابوو کە ئەو سەردەمە دەبێتە خاڵی دەسپێکێکی نوێ لە بەرابەریی تاکەکانی کۆمەڵگا لە هەموو چین و توێژەکاندا، بەڵام ئێستا پێچەوانەکەی دەبینین. یەکێک لەو ڕەخنە بنەڕەتی و جیددییانەی کە سەبارەت بە هەڵبژاردن دەگیردرێت ئاوڕ لە بەستێنی هەڵبژاردن دەداتەوە نەک خودی هەڵبژاردن. بەبڕوای زۆربەی بیرمەندانی زانستگەلی سیاسی سەرهەڵدانی سەرمایەداری (لێرەدا سەرمایەداری بەواتای دەسەڵاتی خاوەن سەرچاوە ئابوورییەکان بەکار هاتووە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆر و سەرەڕۆکانیش دەگرێتەوە)، وەکوو هۆکاری سەرەکیی ڕەوتی پێشنەکەوتنی ئامانجەکانی دیمۆکراسی ناو دەبەن. سەرمایەدارییەک کە بەڕواڵەت هەموو مافەکانی مرۆڤ(لە هەموو جۆرەکانیدا) دەپارێزێت بەڵام لەڕاستیدا وەها نییە، سرووشتی ئەم بازنەیە لە سیاسەتدا بەجۆرێکە کە دەرفەتی یەکسان بۆ هەموو تاکەکان ناڕەخسێنێت. بە کورتی دەتوانین وەها بڵێین: یەکسان لە دەنگدان بەڵام نایەکسان لە دەرفەتەکان و سەرچاوەکان. ڕێژەی توانستی ڕیکلامکردن و خۆناساندنی حیزبەکان یان تاکەکان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە پاشخانی ئابووری و سەرچاوە بەرهەمهێنەرەکان هەیە، ئەم سەرچاوەگەلە خۆی لە قەوارەی کەناڵی ئاسمانی و ڕادیۆ و ڕۆژنامە و گۆڤار و …دا دەبینێتەوە. بەواتایەکی تر هەر لایەنێکی سیاسی توانای ڕیکلامی زیاتری هەبێت، ئەگەری بەدەستهێنانی دەنگی زۆرتریشی هەیە، کەوایە لێرەدایە کە دەڵێن: یەک دەنگ هەمان یەک دەنگ نییە.  ئەم بابەتە لەلایەن سیاسەتوانانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و بەتایبەت کوردەوە ڕەچاو نەکراوە و بەڵکوو فەرامۆش کراوە. بەنیسبەت کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پێویستە ئاماژە بە دوو نوکتە بکەین. یەکەم ئەوەی کە بنەما و بنچینەی حوکوومەتی دینی/ئیسلامی هەڵگری یاسا و ڕێسای تایبەتی خۆیە کە ڕاستەوخۆ هەموو گۆڕانکارییەک لە هەمووئاستێکدا دەتارێنێتە دەرەوەی بازنەی خۆی. کاتێک کتێبێکی ئاسمانی (قورئان) و دەقە پاشهاتووەکانی ئەو کتێبە و سەرچاوەگەلی دیسکۆرسی دینی/مەزهەبی (شێعی) دەبێتە بڕیاردەر و نیشاندەر و دەستنیشانکەری  چوارچێوەی سیستەمێکی سیاسی بۆ بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی ژینێکی کۆمەڵایەتی، یەکەمین و دووایەمین دەرهاویشتە و بەرهەمی دەبێتە دەسەڵاتی نەگۆڕ. هەر گۆڕانێک لەو سیستەمەدا بەمانای ڕەتکردنەوەی ڕێسایەکی دینییە، کەوایە خۆی لە خۆیدا ڕوون و ئاشکرایە کە ئەمە پارادۆکسێکی نەچارەیە و هەر لەدەستپێکەوە ئیمکانی هەموو ئاڵوگۆڕێک دەبێتە دەورێکی باتڵ و پووچ. ئەم شێوازە حوکوومەتییە لە خاڵی دەستپێکەوە بەرەو بلۆکەکردنی دەسەڵات بە دەستی چینێکی تایبەت هەنگاو دەنێت و بەخێرایی دەگاتە لووتکەی پاوانخوازیی گرووپی. دووەم ئەوەیە کە دەسەڵاتێکی وەها و لەو ڕێڕەوەدا پێویستی بە دەمبەستکردنی لایەنە دژبەرەکانی خۆیەتی، بەجۆرێک کە وزەی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا دامرکێنێت و هاوکات تەمەنی خۆی درێژە بدات. یەکێک لەو ڕێکارە ڕواڵەتییانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران دیاریی کردووە، وەگەڕ خستنی چەمکی ڕیفۆرمخوازییە، چەمکێک کە لەهەمبەر توێژی دەسەڵاتدار واتە بناژۆخوازان بۆتە ڕەوتێکی سیاسی لە ئێران.

ئەم ڕەوتە لە ئێراندا دوو تایبەتمەندیی هەیە: یەکەم، ڕیفۆرم لە ئەدەبیاتی سیاسیدا لایەنیکەم پێنج واتای جیاوازی هەیە (لەم نووسراوە کورتەدا دەرفەتی ناساندنی ئەو جیاوازییانە نییە) و هەریەک لەو پێناسەگەلە پێڕستێکی تایبەت بەخۆی لە گۆڕەپانی واقیعی سیاسەتدا بەرهەم دێنێت بەڵام ڕەوتی ڕیفۆرمخوازیی وڵاتی ئێران لەخۆیدا خاوەنی شوناسێکی سەربەخۆ نییە و هیچ جوگرافییاکی تیۆریکی بۆ دانەڕێژراوە، بەڵکوو تەنها ڕەوتێکی دەستکردی خودی دەسەڵاتی زاڵە لە هەمبەر ڕەوتی خودی دەسەڵات واتە بناژۆخوازان. خاڵی دووەم، لە نەبوونی ئەو جوگرافیا تیۆریکە لە ڕەوتی ڕیفۆرمخوازیدا زۆرکەس یان لایەن خۆیان بە خاوەندارێتی ئەو ڕەوتە ناساندووە، دەستپێکی لە ڕەفسەنجانییەوە بووە و پاشان خاتەمی و ئێستایش ڕۆحانی. لەحاڵێکدا ئەم سێ قۆناغە بەهیچ شێوەیەکی بنەڕەتی و لۆژیکی ناکەونە نێو یەک بازنەی چەمک یان ڕەوتێکەوە. کەوایە دەسەڵات لەو سێ قۆناغەدا بەجوانی توانیویەتی وزەی شۆڕێشگرانە یان لانیکەم دەنگی دژبەری کۆمەڵگا کاناڵیزە بکات و گیرۆدەی دەورێکی باتڵیان بکات. ئەمە هەمان دەرفەتی دۆڕانە. حوکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە دوو بواری سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەکیدا وەکوو دوو هێڵی هاوتەریب بەڵام دژبەیەک کەڵکی وەرگرتووە. باشترین ڕێکار بۆ ئەم ئامانجە بەهێزکردنی لایەنی ڕیفۆرمخواز بووە، گەر سەرنج بدەینە قۆناغی سەرۆککۆماری خاتەمی و ڕۆحانی، دەتوانین یەک خاڵی هاوبەش و زەق ببینینەوە. دیالۆگ لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لە ئاستی سیاسەتی دەرەکی و سەرکوتکردنی دەنگە دژبەرەکان لە نێوخۆی وڵات. ئەمە هەڵکەوتێکی مێژوویی نەبووە و نییە بەڵکوو پلانداڕێژییەکی وردبینانەی لە پشتەوەیە. بەواتایەکی تر دەتوانین وەها بڵێین کە دەسەڵاتی زاڵ ڕەوتێک بە ناوی ڕیفۆرمخوازیی دروستکردووە کە هاوکات دوو ئامانجی پێ جێبەجێ دەکات، ئامانجێک لە ناوخۆ (ڕاکێشانی خەڵک بۆ سندووقی دەنگدان و پاشان کپکردن و سەرکوتکردنی هەمان خەڵک) و ئامانجی دیکە لە ئاستی دەرەوە(دیالۆگ و دانووستان لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە مەبەستی کەمکردنەوەی گوشارەکان). خاڵکێک کە پێویستە ئاماژەی پێبدەین، ماوەی نزیکبوونەوە بە هەڵبژاردنەکانە. لەم ماوە کورتەیەدا تریبوونەکان بە شێوەیەکی ساویلکانە بەڵام خڵەتێنەر دەکرێنەوە. هەمووان ڕەخنەی توند و درووشمی بریقەدار دەڵێنەوە کە تەنانەت بازنەی ڕێبەرایەتیی کۆماری ئیسلامیش وەکوو سەرووترین هێڵی سوور لە دەسەڵاتی ئێران دەناسرێت، دەگرێتەوە. درووشمی پشتیوانی لە زیندانیانی سیاسی و چاپەمەنییە داخراوەکان و … ئەمە لە حاڵێکدایە کە لەپاش و پێش هەڵبژاردنەکان دەبینین نووسەری وتارێکی یەک لاپەڕەیی لە ڕۆژنامەیەکی نەناسراودا حوکمی چەندین ساڵەی بەندیخانەی بەسەردا دەسەپێت. پارادۆکسێک لەو ئاستە بەرزەدا ڕوونترین و ساکارترین بەڵگەی دەستکردبوونی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازییە. لێرەدا گرنگترین پرسیار ئەوەیە کە کۆمەڵانی خەڵک بۆچی لە هەموو قۆناغێکی هەڵبژاردنەکاندا گیرۆدەی ئەم داوە دەبن؟ وەڵامی ئەم پرسیارە بەکورتی دوو لایەن دەگرێتەوە. یەکەم، زانستی سیاسیی کۆمەڵانی خەڵک بەتایبەت توێژی نێونجی و خوارەوەی کۆمەڵگا لە ڕادەی پێویستدا گەشەی نەکردووە. دووەم، لایەنی دژبەری وشیاری کۆمەڵگا نەیتوانیوە ئەم ڕاستییە بگوازێتەوە بۆ نێو خەڵک. ئەم دوو لایەنەیش هۆکارگەلی جۆراوجۆریان هەیە کە پێویستە لە وتارێکی تایبەتدا شرۆڤە بکرێت. ئەم بەشە کورتە نیشاندەری بێواتابوون و شانۆیی بوونی هەڵبژاردنەکان لە حوکوومەتی ئیسلامیی ئێرانە. سەرەڕای بارودۆخی گشتیی دانیشتووانی جۆگرافیای ئێران، نەتەوەی کورد پێگەیەکی جیاوازتر و تایبەتتری هەیە کە پێویستە هەموو لایەنەکانی ئەو جیاوازییە بە وردی لێکبدرێتەوە کە نەک لەم نووسراوەیەدا بەڵکوو بە چەندەها کتێبی زانستی جێبەجێ نابێت(ئەو کارەی کە تا ئێستا نەکراوە)، بەڵام بەکورتی چەند لایەنێک باس دەکەین. تاکی کورد لەژێر مێژوویەکی خەبات بەدژی ناعەداڵەتی و ئازادیدا، بەردەوام خاوەنی ڕۆحێکی(بە واتا هێگلییەکەی) شۆڕشگێڕانە و وشیار بووە، ڕۆحێک کە بەرهەمی دیسکۆرسێکی مافخوازانە لە بەستێنێکی نابەرابەر بووە. ئەم ڕۆحە گشتییە بەردەوام پێشەنگی وشیاریی سیاسی لە ئاستی جوگرافیای نەتەوەکانی ئێراندا بووە. بەجۆرێک کە بە دەگمەن گیرۆدەی شانۆ دەستکردەکانی دەوڵەتانی دەسەڵاتداری ناوچە و یەک لەوان کۆماری ئیسلامی ئێران بووبێت. ئەم وشیارییە لە سەدەی هاوچەرخەوە لە ڕێگای حیزبە سیاسییەکانەوە گوازراوەتەوە بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵک و خودی خەڵک لە پلەی دووەمدا بوونەتە بەرهەمهێنەری هەمان وشیاری. بەڵام بۆشاییەک لەم نێوەدا هەست دەکرێت. لەپاش نیشتەجێبوونی حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان لە باشووری کوردستان، ئەو زنجیرە وشیارییە بەرەو لاوازبوون ڕۆیشت و ئەمە هاوکات بوو لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای مۆدێڕنیزاسیۆن لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین و ئێران. ئەم مۆدێڕنیزاسیۆنە بووە کۆریدۆرێکی نەرم بۆ دەسەڵاتی ناوەند و بەهەموو توانایەوە هەوڵی تێکدانی ئەو ڕۆحە مێژووییەی درێژە دا،و بەداخەوە لایەنی بەرانبەر واتە حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان نەیانتوانی لەو دەرفەتە ڕەخساوەی سەردەمی مۆدێڕنیزاسیۆنە کەڵک وەربگرن بەڵکوو بوونە پاشکۆیەک لە ڕەوتەکە. ئەم سەردەمە هاوکات بوو لەگەڵ سەرهەڵدانی توێژێکی خوێندکاری تاکی کورد لە زانکۆگەلی ئێران کە بەشێکی زۆر لەوان لەژێر سیستەمی پەروەردەی ئێراندا توانەوە و ئەوانیش بوون بە پاشکۆیەک لە گوتاری هەڵخڵەتێنەر و دەستکردی ڕیفۆرمخوازی کە خودی دەسەڵات تریبوونگەلێکی بەرچاوی بۆ کردنەوە. ئەم سێ خاڵە ئاماژەپێکراوە گرنگترین و کاریگەرترین هۆکارگەلێک بوون کە بەستێنی سەرهەڵدانی ڕیفۆرمخوازی لە قەوارەی کوردیی هەموار کرد. هەرچەند ناتوانین ئەم گۆڕانکارییە وەکوو ڕەوت ناوزەد بکەین بەڵام توانییان لەو بۆشاییەدا دەنگی بەشێکی خەڵک بەرەو سندووقەکان ڕابکێشن. (پێویستە بگوترێت هەم خودی ئەو کەسانەی کە نوێنەرایەتیی ڕیفۆرمیان دەکرد لە کوردستان و هەمیش ئەو خەڵکەی بەرەو سندووقەکان ڕاکێشران زۆرتر لە توێژی خوێندکارەکان بوون کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد). لەلایەکەوە بەهۆی زاڵبوونی گوتاری زریق و بریقەداری دەسەڵاتی فارسی و هەروەها بەستێنی یەکجار بەرتەسک و ئەمنییەتیی کوردستان، ڕیفۆرمخوازە کوردستانییەکان لەڕاستیدا ڕواڵەتی ڕووکەشیانە و مۆبتەزەل بوون لە خودی ڕەوتی ڕیفۆرمخوازیی ناوەند، بەجۆرێک کە هەر ئەو گوتارە سیاسییە دەستکردەی ڕەوتی ڕیفۆرمی ناوەندیان تا ئاستی بچووکترین پرسگەلی کۆمەڵایەتی و ژینگەییدا هێنایە خوارەوە. بازدان و تەقلیلی گوتاری سیاسی بۆ بازنەی بورۆکراتیکی ئیداری لە قەوارەی شۆرای شارەکان، سەلمێنەری دوو ڕاستییە. یەکەم، خودی ڕیفۆرمخوازە کوردەکان لە بنچینەی شێوەی کارکردی سیستەمی سیاسیی ئێران تێنەگەیشتوون و دووەم، خودی دەسەڵاتی ناوەندیش ئیجازەی هاوسەنگیی ڕیفۆرمی کوردستانی لەگەڵ ڕیفۆرمی ناوەندی نەداوە. چونکوو گشتێتیی ڕیفۆرم دەستکردە و دەسەڵاتی ناوەند وەکوو ڕێکارێکی بێدەنگکردنی وزەی دژبەر بەکاری هێناوە. کەوایە زۆر ئاسایی و چاوەڕوانکراو بوو کە ئەو هاوسەنگییە لە بەشە کوردییەکەیدا لەلایەن دەسەڵاتەوە ڕێگەپێدراو نەبێت. باشترین ئیستدلال و کۆتاوەڵامی ڕیفۆرمیستە کوردەکان لەهەمبەر ڕەخنەکاندا ئەوەیە کە دەیانەوێت لە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو لای ژوورووی دەسەڵات هەنگاو هەڵبگرن، واتە ڕیفۆرم لە خوارەوە بۆ ئاستی کەلان و گشتی. ئەم بەڵگەهێنانەوە دوو پێشمەرجی لەخۆی حەشار داوە. یەکەم، سیستەمی بەڕێوەبەریی کۆماری ئیسلامی ئێران قەوارەیەکی هێرەمی هەیە و لەسەرەوە بۆ حوارەوەی هێرەم دێت کەوایە ئێمە دەتوانین پێچەوانەی ئەو ئاسۆیە هەنگاو بنێین. ئەمە گەورەترین هەڵەی تیۆریکی ڕیفۆرمیستە کوردەکانە چونکوو سیستەمی حوکوومەتیی ئێران لە ئاستی تیۆریکدا ڕاستە لەسەرەوە بۆ خوارەوە پۆلێنبەندی کراوە بەڵام سیستەمی پڕاکسیسی حوکوومەت یان باشتر بڵێین ڕێڕەوی دەوڵەت لە خوارەوە بۆ سەرەوە دەسووڕێتەوە. دیارە هێشتا ڕێفۆرمیستە کوردەکان لەو ستراتێژە تێنەگەیشتوون. دووەم، لەو سیستەمە هێرەمییە ئیمکانی گۆڕانکاری و ڕیفۆرم هەیە، ئەمەیش هەڵەی دووەمیی ئەو کەسانەیە. پێشتر ئەو لایەنەمان لێکدایەوە کە لەبنەڕەتدا ئیمکانی هیچ گۆڕانکارییەک لە هیچ ئاستێکی حوکوومەتی دینی بوونی نییە، جا چ لە خوارەوە و چ لە سەرەوە. سیستەمی دینی بەجۆرێکە کە لێبوونەوەی یەک ئەڵقە لە زنجیرەکەی، واتای خۆی لەدەست دەدات. کەوایە لەهەردوو حاڵەتدا دیسان دەگەینەوە بە بونبەستی تیۆریکی ڕەوت یان چەمکی ڕیفۆرم لەو سیستەمەدا. بەڵام ئەم نوکتەیە پێویستە بەکورتی ئاماژە بکەین کە لەم خولە نوێیەی هەڵبژاردنەکانی ئێراندا، بە دەستپێکی وەرزێکی نوێ لە خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و بەشداریی لایەنە ڕۆژهەڵاتییەکانی دیکە لەژێر ناوی ڕاسانی ڕۆژهەڵات هەموو هاوکێشەکانی ڕۆژهەڵاتی گۆڕیوە و بەتایبەت کە ئێستا هەموو لایەنەکان بەشێوەی هەماهەنگ و هاوبەش هەڵبژاردنەکانی ئێرانیان بایکۆت کردووە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمجارە کورد لە جوگرافیای ئێراندا لە نزمترین ئاستی خۆیدا بەشداری ئەو شانۆیە بکات. وەکوو خاڵی کۆتایی و بۆ مانەوە لەمێژوودا دەبێت بڵێین ئەو حیزب و لایەن و کەسایەتیانەی کە بە هەر شێوەیەک لایەنگری بەشداریکردنی تاکی کورد لە هەڵبژاردنەکان بن، بێگومان دوچاری هەڵەیەکی کوشندە دەبن و بەرەو داکشان (اضمحلال)ی تەمەنی سیاسیی خۆیاندا هەنگاو هەڵدەگرن و گیرۆدەی دووبارەی دەرفەتێک بۆ دۆڕان دەبن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت