هەوڵی پارلمانتارانی عێراق، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کۆ کردەوە

0
561

هەوڵی ژمارەیەک پارلمانتاری عێراق بۆ پەسند کردنی پرۆژە یاسایەک لەمەڕ دەرکردنی ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق، حیزبەکانی رۆژهەڵاتی لەدەوری یەکتر کۆ کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە دوو لایه‌نی كۆمه‌ڵه‌ واته‌ کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، کۆمەڵە-رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و دوو لایه‌نی دێموكرات واته‌ حیزبی دیموکراتی کوردستان، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و هەروەها سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە مقەڕی سەرەکیی کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ پەرچەکردار بە دژی پرۆژە یاسای دەرکردنی ئۆپۆزیسیۆنی رژیمی ئێران کۆبوونەوە.

حیزبەکانی رۆژهەڵات لەو باوەڕەدان، کە هەوڵی پارلمانتارانی شیعەی عێراقی بۆ پەسند کردنی پرۆژە یاسای دەرکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات، بە بڕیار و پلانی رژیمی ئێرانە.

دژایەتی کردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات بۆ پرۆژە یاسای پارلمانی عێراق لە کاتێکدایە، کە ژمارەیەک لە حیزبەکانی رۆژهەڵات باس لە جێگربوون لە چیاکانی سەرسنوور دەست پێکردنەوەی خەباتی چەکداری دەکەن.

ژمارەیەک پارلمانتاری دەوڵەتی یاسا سەربە نووری مالیکی، لە هەوڵی پەسندکردنی پرۆژە یاسایەکدان کە بەو پێیە هێزە ئۆپۆزیسیۆنەکانی دژبەری وڵاتانی دراوسێی عێڕاق، لە خاکی ئەو وڵاتە دەر دەکرێن.

حیزبەکانی رۆژهەڵات نزیک به ٢٠ ساڵ پێش ئێستا بەرەو قووڵایی خاکی هەرێمی کوردستان پاشەکشەیان کردو لەو ماوەیەدا بە دەیان جار بەهۆی مانەوە لە خاکی باشووری کوردستان، لەلایەن چالاکانەوە بەرەوڕووی رەخنە بوونەتەوە.

هەتا ئێستا ئەو پرۆژە یاساییە کە هەوڵی پارلمانتارانی عێراق بۆ پەسند کردنی کەوتۆتە گەڕ، پەسند نەکراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هیچ هەڵوێستێکی نەنواندووە، بەڵام پێدەچێ لە ئەگەری پەسند کرانی ئەو پرۆژە یاسایە، بە کردەوە حیزبەکان لە خاکی باشوور دەربکرێن.

عەبدوڵلا موهتەدی، سکرتێری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە کە لە ماوەی مانەوەیان دا لە خاکی باشوور هیچ خراپەیەکیان بۆ عێراق نەبووە.

سکرتیری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران باسی لەوەش کردووە کە لێژنەیەکی هاوبەشیان پێکهێناوە کە لە رۆژانی رابردوودا بە مەبەستی بەدەست هێنانی پشتیوانی لایەنە کوردییەکانی هەرێمی باشووری کوردستان لە ناو پارلمانی عێراق، کارەکانیان دەست پێدەکەن.

بە سەرنجدان بەوەیکە لە ماوەی زیاتر لە ٢ ساڵی رابردوودا نزیک بە تێکڕای ئەو پرۆژە یاسایانەی کە پارلمانتارانی دەوڵەتی یاسای سەربە نووری مالیکی لە پارلمانی عێراقدا پێشنیار و پەسند کراون، پێدەچێت پرۆژە یاسای دەرکردنی حیزبەکانی رۆژهەڵات لە ماوەی داهاتوودا پەسند بکرێ.

چالاکان لەو باوەرەدان کە لە ئەگەری پەسندکرانی ئەو پرژە یاسایە و مانەوەی حیزبەکان لە قووڵایی خاکی هەرێمی باشووری کوردستان، بەرەوڕووی هێرش و چارەنووسی هاوشێوەی موجاهیدینی خەڵق دەبنەوە.

هاوکات رژیمی ئیران بە مەبەستی پەرە پێدانی کردەوەی تیرۆریستی لە ناو خاکی ئێراق، کەسی دووەمی سوپای قودس و فەرماندەی پێشووی قەرارگای رەمەزانی وەکوو باڵوێزی نوێ بۆ عێراق دیاری کردووە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت