هێزەکانی سووریای دیموکراتیک، شەڕ بە دژی داعشی ڕاگەیاندەوە

0
827

لە حاڵێکدا کە شاری عەفرین بە ساناترین شێوە کەوتە دەست ڕژیمی داگیرکەری تورک و ئێستا تورکەکان لەو شارە قوتابخانەی تورکیان دامەزراندووە و ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی شارەکانیشیان دانوە، هێزەکانى سوریاى دیموکرات جارێکى دیکە دەستپێکردنەوەى ئۆپراسیۆنى دژ بە داعشیان ڕاگەیاند.

ڕۆژی کورد: پۆڵات جان فەرماندەى گشتىی هەرێمى باشوورى دێرەزور لە کوردستانی ڕۆژاوا، بە ئاژانسى فورات نیوزى سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانی باکووڕی ڕاگەیاندووە: لە هەندێک گوندى ڕۆژهەڵاتى دێرەزور و ڕەقە و منبج چەکدارانى داعش هەن، بۆیە ئۆپراسیۆنی دژ بە داعشمان دەست پێکردووەتەوە”

زیاتر لە سەدا ٨٠ی شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک، لاوانی کوردن و ئەوەی تریش عەڕەب، ئاشووری و نەتەوەکانی تری سووریەن.

جان، هەروەها ڕاشیگەیاندووە کە “پاش ئەوەى بەهۆى هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئۆپراسیۆنەکانیان دژ بە داعش وەستاندبوو لە ئێستادا جارێکى دیکە دەستیان پێکردووەتەوە.”

پۆڵات جانم بێ ئەوەی ئاماژە بە هۆکاری نەبوونی پلان و گەڵاڵە بۆ دەرکردنی تورکیە و سەلەفیەکانی سەر بە تورکیە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیک لە ئەفرین بکات، گوتی: “بەهاوکاریى هاوپەیمانىی نێودەوڵەتى دژ بە داعش کە پێشەنگیان ئەمریکایە بڕیارى دەستپێکردنەوەى ئۆپراسیۆنى دژ بە داعشیان داوە.”

فەرماندەى گشتىی هەرێمى باشوورى دێرەزوری هێزەکانی سوریای دێموکراتیک، نەیگوتووە کە بۆچی ئەمریکا ئیزنی بەوان نەداوە کە بەرگری لە عەفرین لە هەمبەر داگیرکاریی تورک بکەن.

ئەو هەروەها گوتیشی: “تەواوى سوریا لە داعش و لایەنگرەکانى ئەو هێزە پاکدەکەنەوە” بەڵام نەیگوت کە ئایا سەلەفیەکانی سەر بە تورکیە بە داعش دەزانن یان نا کە بەپێی بەڵگەکان، داعشیەکانی هەڵاتووی ڕەقە و موسڵن کە تورکیە ڕاهێنانی بۆ کردوون و پۆشتەی کردوونەوە و لە گژی کوردی بەرداون.

بەشێک لە چاکانی سیاسیی کورد، لایان وایە کە بەشێک لە حیزبە کوردیەکان، لاوانی کوردیان کردووە بە چەکدار و لەگەڵ هێزە ناودەوڵەتیەکان مامەڵەیان پێدەکەن و خوێنی لاوانی کورد لە هەمبەر بەرژەوەندیی حیزبی و مامەڵەی نێوان حیزبەکان و وڵاتان، بە فیڕۆ دەچێ.

شرۆڤەکاری سیاسیی ناوەندی ڕۆژی کورد، لای وایە کە: “یەکێک لە هۆکارەکانی گۆڕینی ناوی پێشمەرگە بۆ شەڕڤان دەتوانێ هەر ئەوە بێ کە پێشمەرگە هێزێکی تایبەت بە کوردستان و خاکی کوردستانە و ناکرێ بخرێتە خزمەت مامەڵەی وڵاتانی تر و لە شوێنی تر شەڕی پێ بکرێ بەڵام شەڕڤان ناوێکی ئازادە و دەکرێ لە هەر شوێنیک بخرێتە خزمەت دان و ستان و ئایدیۆلۆژیەکەوە، هەرچەند لە کوردستانی باشوور، پێشمەرگەش لە شەڕی دژ بە داعش، بەو ئاقارەدا ڕۆیشتووە یان شێوەی دامەزراندنی کەسەکان، وایکردووە کە پێشمەرگە ئەو ڕێزەی کە وەک هێزێکی نیشتمانی هەیبووە، نەیمێنێ”

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.