هۆشداری له‌ پێوه‌ندی به‌ مه‌ترسیی دامه‌زراندنی حكوومه‌تی ئیسلامی له‌ فه‌ڕانسه‌ 

0
146

دوو یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو واته‌ ٦ و ١٣ی دێسمابر هه‌ڵبژاردنی ناوچه‌یی و ئوستانی له‌ فه‌ڕانسه‌ به‌ڕه‌وه‌ ده‌چێ تاكوو ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی ئوستانه‌كان هه‌ڵبژێردرێن ، هه‌ڵكشانی ده‌نگی ڕاستی توندئاژۆ له‌ ڕاپرسیه‌كاندا ، سه‌رجه‌م هێزه‌ سیاسیه‌كانی تووشی دڵه‌ڕاوكێ كردووه‌ . ڕێبه‌ری ڕاستی توندڕه‌و به‌رده‌وام  به‌ دژی بیانی و په‌نابه‌ران هه‌ڵوێستی نه‌رێنی هه‌بووه‌ و ئێستاش رایگه‌یاندووه‌ كه‌ مه‌ترسیی ئه‌وه‌ له‌ ئارا دایه‌ ، شه‌ریعه‌تی ئیسلامی ده‌سه‌ڵات و حكوومه‌ت له‌ فه‌ڕانسه‌ به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێ.

رۆژی پێنج شه‌ممه‌ ٣ی دێسامبر مارین لۆپێن ، ڕێبه‌ری به‌ره‌ی نه‌ته‌وه‌یی یان حیزبی ڕاستی توندئاژۆی فه‌ڕانسه‌ وتارێكی پێشكه‌ش كرد كه‌ به‌ سه‌رسوڕهێنه‌ر و دوور له‌ باوه‌ڕ له‌ قه‌ڵه‌م دراوه‌ ، لۆپێن له‌ باره‌ی مه‌ترسیی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرتنی ده‌سه‌ڵات له‌ لایه‌ن ئیسلامیه‌كانه‌وه‌ هۆشداریی توندی دا و گوتی : ئه‌گه‌ر له‌ خه‌باته‌كه‌مان دا سه‌رنه‌كه‌وین ، ئیستبدادی ئیسلامی به‌ سه‌ر وڵاته‌كه‌مان دا  زاڵ ده‌بێ .

مارین لۆپێن هه‌روه‌ها گوتی : ئه‌گه‌ر سه‌رنه‌كه‌وین ، حیجاب بۆ هه‌موو ژنان ده‌بێته‌ زۆره‌ملی ، شه‌رعی ئیسلامیش جێگه‌ی یاسای بنه‌ڕه‌تی ده‌گرێته‌وه‌ و دواكه‌وتوویی و به‌ربه‌ڕیه‌ت داده‌مه‌زرێ .

له‌ كاردانه‌وه‌ به‌و وتانه‌ی لۆپێن ، ڕێبه‌ری حیزبی سه‌وزه‌كان گوتی : له‌ وتاره‌كه‌ی لۆپێن دا  ئه‌وه‌نده‌ ئیغڕاق هه‌بوو كه‌ هه‌ستم كرد به‌ گاڵته‌ قسه‌ ده‌كا.

 

ژان كریستۆف كامبادلیس ، سكرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیستیش وته‌كانی لۆپێنی وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی ویشی كه‌ له‌ سه‌رده‌می نازیه‌كان دا به‌ سه‌ر فه‌ڕانسه‌ دا حكوومه‌تی ده‌كرد شوبهاند .

هاوكات ، به‌رپرسانی كۆڕ و ڕێكخراوه‌ جووڵه‌كه‌كانی فه‌ڕانسه‌ش هۆشداریان دا و ڕایانگه‌یاند : نابێ یه‌ك جووله‌كه‌ش له‌ به‌رژه‌وه‌ندی و قازانجی حیزبی نه‌ته‌وه‌یی ده‌نگی خۆی بخاته‌ ناو سندووقه‌وه‌.

سه‌رۆكی شووڕای دامه‌زراوه‌كانی جوو له‌ فه‌ڕانسه‌   (CRIF)  گوتی : خانمی مارشاڵ لۆپێن گوفتمانی خۆی له‌ سه‌ر گه‌وره‌ كردنه‌وه‌ی مه‌سیحیه‌ت بنیات ناوه‌ و جووله‌كه‌كان له‌ باوه‌ڕی ئه‌و دا ناگونجێن و جێگه‌یان نابێته‌وه‌ ، بۆیه‌ ئێمه‌ هه‌ڵناخه‌ڵه‌تێین ، ئه‌گه‌ر ئه‌وڕۆ مسوڵمانه‌كان لێره‌ نه‌بایه‌ن ، ئه‌و جیاوازی دانانه‌ بۆ جووله‌كه‌كان ده‌بوو .

ماریۆن ماڕشاڵ لۆپێن ، خوشكه‌زای مارین لۆپێن كه‌ له‌ ناوچه‌ی باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی فه‌ڕانسه‌ چالاكی بۆ هه‌ڵبژاردن ده‌كا . له‌و ماوه‌یه‌ دا هه‌ڵوێستی توندڕه‌وانه‌ی خۆی زیاتر ده‌رخستووه‌ .

به‌ پێی ڕاپرسیه‌كان هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌و ساڵ  له‌ زۆربه‌ی ئوستانه‌كان ، ده‌كه‌وێته‌ ڕكابه‌رێتیی سێ گۆشه‌یی له‌ خولی دووهه‌م دا و له‌و دا ڕاستی سونه‌تی ، سوسیالیسته‌كان و ڕاستی توند ڕه‌و له‌ پێشبڕكێی هه‌ڵبژاردن دا ده‌مێننه‌وه‌ .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت