هه‌ڵوێستی حیزبه‌كانی كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات له‌ پێوه‌ندی به‌ مردنی عه‌لی ئه‌كبه‌ری هاشمیی ڕه‌فسه‌نجانی

0
781

ڕۆژی كورد: به‌شێك له‌ حیزبه‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌كانی كوردی دژبه‌ری كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ ده‌ركردنی به‌یاننامه‌ و ڕاگه‌یه‌ندراو به‌ شێوه‌ی جیا جیا له‌ پێوه‌ندی به‌ مردنی هاشمیی ڕه‌فسه‌نجانی هه‌ڵوێستی خۆیان ده‌ربڕێ.

دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستان رۆژی ١٩ی به‌فرانبار به‌ ده‌ركردنی به‌یاننه‌مه‌یه‌ك به‌م چه‌شنه‌ هه‌ڵوێستی گرت :

بەیاننامە لە پێوەندی لەگەڵ مردنی هاشمیی رەفسەنجانی‌دا

عەلی ئەکبەری هاشمیی رەفسەنجانی، شەوی ١٩ی بەفرانبار(٨ی ژانویە) سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندی رێژیم لە تەمەنی ٨٢ ساڵی‌دا مرد.

هاشمیی رەفسەنجانی، یەک لە بە نفووزترین و بە دەسەڵاتترین کەسایەتی‌یەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە زۆربەی تەمەنی ئەو ڕێژیمەدا بوو. ئەو، لە هێنانە سەرکار ‌و جێگیرکردنی رێژیمی کۆماری ئیسلامی‌دا، هەروەها لە دەیەی یەکەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامی‌دا کە ئەو رێژیمە لە لایەکەوە خەریکی سەرکوت و لە مەیدان وەدەرنانی هێزە سیاسی‌یەکان بوو‌ و لە لایەکی دیکە لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە شەڕێکی گەورە‌و ماڵوێرانکەر‌دا بوو، وەک دووهەم کەسایەتیی کۆماری ئیسلامی، رۆڵی بنەڕەتیی لە رێبەری کردنی رێژیمەکەیان‌دا گێڕا. رەفسەنجانی وەک ئەندامی “شورای انقلاب”، دواتر وەک سەرۆکی دوو دەورەی مەجلیسی شوورای ئیسلامی، رۆڵێکی کلیدیی هەبوو لە داڕشتنی سیاسەتی کەلانی نیزام و بەڕێوەبەریی وڵات‌دا. نزیکیی رەفسەنجانی بە خومەینی و متمانەی رێبەر‌ و دامەزرینەری کۆماری ئیسلامی بە تواناکانی رەفسەنجانی، بووە هۆی ئەوە  خومەینی لە ساڵانی کۆتایی شەڕ لەگەڵ عێراق‌دا، فەرماندەیی  گشتیی هێزە چەکدارەکانی رێژیمەکەی بە ناوبراو بسپێرێ.

رەفسەنجانی، دوای مردنی خومەینی رێخۆشکەر بوو بۆ ئەوەی خامەنەیی ببێتە رێبەری کۆماری ئیسلامی‌و، بۆ خۆشی بۆ ماوەی دوو دەورە بوو بە سەرکۆماری ئەو رێژیمە. کارنامەی رەشی دوو دەیە دەسەڵاتدارێتیی هاشمی رەفسەنجانی لە بەرزترین پۆستەکان‌ بە تایبەتی لە پۆستی سەرکۆماری‌دا لە لایەک ‌و لە لایەکی دیکە، لە ئاکامی گەشەی بزووتنەوەی ئازادیخوازی‌و ریفۆرمخوازی‌دا داسەپانی جۆرێک کرانەوەی سیاسی بەسەر ئەو رێژیمە، بووە هۆی ئەوە رۆژنامەنووسە بوێرەکان و چالاکانی سیاسیی ئازای ئەو کات، کارنامەی پڕ لە تاوان و گەندەڵیی دامودەزگای دەوڵەتی بە تایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات و بنیاتە سەرکوتکەرەکان لە سەردەمی سەرکۆماریی رەفسەنجانی‌دا بخەنە ژیر تیشکی رەخنە‌ و لەقاودان. قەتڵە زنجیرەییەکان لە نێوخۆی وڵات و تێرۆری رێبەران و تێکۆشەرانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات، بە تایبەتی تێرۆری دوو سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکرات‌و هاوڕێیانیان: د.قاسملوو و د.شەرەفکەندی، بەشێکی کەم لە کارنامەی رەفسەنجانی لەم دەورەیە دان. بە پێی لێکۆڵینەوەکانی دەزگای قەزایی ئەڵمان و بڕیاری دادگای میکۆنووس لە سەر پەروەندەی تێرۆری د.سادق شەرەفکەندی و هاوڕێیانی، رەفسەنجانی لە بڕیاردەرانی سەرەکیی ئەو تیرۆرە‌ و تێرۆری د.قاسملوو ‌و زۆربەی تیرۆرەکانی دیکەی ئەو رێژیمە بووە. ئەو بڕە لەقاودان و دەرکەوتنی ماهییەتی راستەقینە و دژی خەڵکیی ئەو بە ناو سەردارەی سازەندەگی، بەس بوو بۆ ئەوەی لە نێوخۆی وڵاتیش، گڵۆڵەی بکەوێتە لێژی و جارێکی دیکە نە بەدەنگی دەنگدەران و نە بە هەر فێڵ و تەڵەکەیەکی دیکە، نەتوانێ بچێتەوە مەجلیس یا پۆستی سەرکۆماری بگرێتەوە دەست. دیارە دژایەتیی قۆلەکانی نێو دەسەلات لەگەڵ رەفسەنجانی لە دەیەی سێهەم و چوارەمی تەمەنی کۆماری ئیسلامییش‌دا، بە نۆرەی خۆیان رۆڵیان هەبوو لە پەراوێزخران و کورتکرانەوەی رێژەیی دەستی ناوبراو لە جومگە گرنگەکانی دەسەڵات.

ئەگەر میراتگران و بەڕێوەبەرانی ئیستای رێژیمی کۆماری ئیسلامی، کەسایەتی و ژیان و مردنی رەفسەنجانی، بە پێوەری ئەو خزمەتانەی بە مانەوەی رێژیمەکەیانی کردووە، هەڵ دەسەنگێنن و بۆی بە داخن، لە بەرامبەردا خەڵکی ئێران بە گشتی و خەڵکی کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستان بەتایبەتی، ئێعدام و لە ژێر ئەشکەنجەداکوژرانی رۆڵەکانیان، بەسەرداسەپانی شەڕ‌ و سەرکوت و دەمکوت و دەستدرێژی، تێرۆری رێبەران و تێکۆشەرانیان، پێشێلکرانی سەرەتاییترین ماف و ئازادییەکانیان، تاڵان و بە فیڕۆدرانی سامانی وڵاتەکەیان و بەڕێوەچوونی سەدان و هەزاران سیاسەت و بەرنامەی دژ بە بەرژەوەندی سیاسی، ئابووری فەرهەنگی و کۆمەڵایەتیی خەڵکی ئێران کە شەخسی رەفسەنجانی لە پۆست و سەردەمی جۆراوجۆردا، رۆڵی تێیان‌دا هەبووە، دەکەنە پیوەر بۆ هەڵسەنگاندنی کارنامەی سیاسی‌و دەسەڵاتدارێتیی ناوبراو.

مێژوو بە ویژدانەوە لە بارەی کەسایەتی‌یەکان و دەسەڵاتدارانەوە حوکمی خۆی دەدا. ئەگەر کەسایەتییەکی وەک ئایەتوڵلا مونتەزیری، سەرئەنجام نەیتوانی لە ئاست تاوانەکانی بڕیاربەدەستانی ئەو رێژیمە لە کوشتاری رۆڵە بەندکراوەکانی خەڵکی ئێران بێدەنگ بێ و پۆستی ویلایەتعەهدی(جێگریی خومەینی)و هەموو بەرژەوەندێکی شەخسیی ئەوکات و دواتری خۆی لە سۆنگەی هەڵوێستێکی بوێرانە و شەرافەتمەندانەدا، کردە قوربانی و هەتا کاتی مردن، بەم بۆنەیەوە لەگەڵ دەسبەسەری و گوشار‌ و بێڕێزی بەرەوڕوو بوو، رەفسەنجانی هیچ کات، تەنانەت لەو کاتانەش‌دا کە بۆ قوژبن و پەسیوی دەسەڵاتیان تووڕهەڵدابوو، ئامادە نەبوو پشت بکاتە بەرژەوەندی رێژیمە جینایەتکارەکەیان. ئامادە نەبوو رەخنە لە سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی و تاوان و سەرکوتی دڵرەقانەی رێژیمەکەی بەرامبەر خەڵکی ئێران بگرێ. کارنامەی دەسەڵاتدارێتیی ئەو، ئەگەر هەنگاونان لە راستای چارەسەرکردنی زۆر کێشه‌ و پرس و داوای رەوای نەتەوەکانی ئیران و چین و توێژەکانی خەڵکی وڵاتی تێدا نیە، لە بەرامبەر‌دا پڕە لە پیلانگێڕی و سیاسەتبازی بە مەبەستی سەرکوتکردن و سەرپۆش لە سەردانانیان.

حیزبی دێموکراتی کوردستان، بە سەرنجدان بەو راستیانە، مەرگی رەفسەنجانی- هەر کاریگەرییەکی لەسەر ململانێی قۆڵەکانی نیو ئەو رێژیمە و داهاتووی کۆماری ئیسلامی هەبێ ـ بە خەسارێک بۆ ئەو ڕێژیمە، نەک خەسارێک بۆ خەڵک و وڵاتی ئێران دەزانێ. لە روانگەی ئێمە‌ و هەموو ئازادیخوازانی ئێران، ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە رەفسەنجانی و سەرانی دیکەی ئەو رێژیمە، بێ ئەوەی لە دادگایەکی خەڵکی و دادپەروەر‌دا موحاکەمە بکرێن و ناچار بە وڵامدانەوە لە ئاست تاوانەکانی سەردەمی دەسەلاتدارەتیی خۆیان بکرێن، دەمرن.

 هه‌روه‌ها دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران رۆژی ٢١ی به‌فرانبار سەبارەت بە مەرگی ڕەفسەنجانی یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی تێرۆریزمی ڕێژیمی ئێران بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە.

حیزبی دێموکرات: مێژووی مرۆڤایەتی ژیانی ڕەفسەنجانی بە پەڵەیەکی ڕەش تۆمار دەکا

مردنی هاشمیی ڕەفسەنجانی ڕووخانی یەکێک لە کۆڵەکە گرینگەکانی کۆماری ئیسلامی

هەواڵی مردنی لەناکاوی ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەلایەکەوە جێگای دڵخۆشی بۆ هەموو ئازادیخوازانی ڕاستەقینە لە ئێران و هەموو خەڵکی ستەم لێکراوە و لە لایەکی دیکەوە جێگای داخە کە ئەو هۆکارانەی داپڵۆسین و ئەشکەنجە، لە سێدارەدانی خەڵک و تاوان دژی مرۆڤایەتیانە، ناکەونە بەردەم دادگایەکی خەڵکی و هەموو کون و قوژبنەکانی تاریکی و دژەمرۆیی ئەم ڕێژیمە ئیفشا بکرێ و تاوانباران بە سزای ڕاستەقینەی تاوانەکانیان بگەن.ڕۆژی ١٩ی بەفرانبار، لە نەخۆشخانەیەک لە تاران دوکتورکان نەیانتوانی فریای عەلی ئەکبەری ڕەفسەنجانی، سەرۆکی کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندیەکانی ڕێژیم و سەرۆکی پێشووی مەجلیسی خیبرەگان و سەرۆک کۆماری پێشووتر و سەرۆکی پێشووتری مەجلیس و خاوەنی دەیان بەرپرسایەتیی دیکە لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا بکەون و بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە، لە دەستی دادگای دادپەروەرانەی خەڵک هەڵهات، بەڵام مێژووی مرۆڤایەتی بە پەڵەیەکی ڕەشی تۆمار دەکا.

عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی کە یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکیەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو، لە سەردەمی فریوکاریەکانی خومەینی و شاردنەوەی دیوی ڕاستەقینەی ئەو سەرچاوەی ستەمکاری و سەرەڕۆیی و پاوانخوازیەدا دەستی ڕاستی خومەینی و لە کەسە هەرە نزیکەکانی بوو، لە بەتاڵانبردنی دەسکەوتەکانی شۆڕشی گەلانی ئێراندا ڕۆڵی ژمارە ٢ی هەبوو و ئەندامی شووڕای بەناو ئینقلاب بوو کە خومەینی بۆ بەلاڕیدابردنی شۆڕشی گەلان دیاریی کردبوو و دوای کوژرانی باهونەر و بێهێشتی، لە ڕاستیدا یەکەم بڕیاردەری ئەو شووڕایە بوو. هەروەها دارێژەری سڕینەوە و لەنێوبردنی هەموو گرووپەکانی بەشدار لە شۆڕشدا بوو کە بەداخەوە هەندێک لەو گرووپانەش یارمەتیدەری کۆماری ئیسلامی بۆ سڕینەوە و لەنێوبردنی ئەوانیتر بوون، هەتاکوو دوایی نۆرەی خۆشیان گەیشت!

ڕەفسەنجانی ، لە کاتی داڕشتنی یاسای بنەڕەتیدا ڕۆڵی سەرەکیی لە چەواشەکاری لەو یاسایەدا گێڕا و بە دزینی دەسکەوتەکانی شۆڕش بەرگی یاسایی دواکەوتووانە و سەرەڕۆیانەی بە بەردا کرد.

لە کاتی دامەزراندن و پێکهێنانی مەجلیسێکی لە نێوەڕۆک بەتاڵکراودا، بە ناوی مەجلیسی شووڕای ئیسلامی، سەرۆکی دەورەکانی یەکەم و دووهەمی بوو.

ڕەفسەنجانی دارێژەری بەرنامەی جێگرەوەی خومەینی بوو و خامنەیی تاوانباری کرد بە ڕێبەری ڕێژیم. هاوکات خۆشی بوو بە سەرۆک کۆماری ڕێژیم و پێکەوە وڵاتی ئێران و گەلانی نێو ئەم وڵاتەیان بە چارەنووسی ڕەشی کوشتار و ماڵوێرانی و سەرکوت و زیندانیکردن و ئێعدام و ئاوارەیی و … گەیاند.

ڕەفسەنجانی لە بەرپرسایەتیەکانی دیکەی لە کاتی خومەینیدا، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بوو کە بە واتایەکی دیکە خومەینی هەموو دەسەڵاتی نیزامیی بەو دابوو تاکوو شەڕ لەگەڵ عێراق ئیدارە بکا؛ شەڕێک کە بەدەیان هەزار کوژراو و بریندار و بێسەروشوێن و دیل و کەمئەندامی بە دیاری بۆ گەلانی ئێران هێنا. هەر لەو کاتەدا بە هێزەکانی سپا و بەسیج و ئەرتەش و کۆمیتەکانی بەناو ئیقلاب و ئیتلاعات و ئۆرگانە نیزامی و شبه نیزامیەکانی دیکەی ڕێژیمەوە کە خومەینی هەموو پێ ئەسپاردبوو، هەرچی ڕۆڵەی ئازا و ئازادیخوازی نەتەوەکانی ئێران بوون وەدوایان دەکەوت و کارنامەیەکی پڕ لە تاوان و دڕندەیی لەو بوارەشدا هەیە. ناوی ڕەفسەنجانی لە لای زۆرێک لە خەڵکی ئازادایخواز و خەڵکی ئاساییش واتای بێروحمی و کوشتار و بێباوککردنی منداڵ و بێوەژن کردنی ژنان و جەرگسووتانی دایکان دەدا.

ڕەفسەنجانی کە دوای شەڕ و دوای مردنی خومەینی هەشت ساڵ سەرۆک کۆماری ڕێژیم بوو، وێڕای کوشتار و ئێعدام و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی ئازادیخواز و مافویست لە نێوخۆ، کارنامەیەکی ڕەش و ئەستووری لە بواری تێرۆر لە دەرەوەی وڵاتیش هەیە کە لە سەردەمی ئەودا یەکەکانی تایبەت بە تێرۆر لە نێو سپای پاسداران و سوپای قودس دروست کران و لە تێرۆرە هەرە بەناوبانگەکان، تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی لە ئۆتریش لە سەر مێزی بەناو وتووێژ بوو کە ڕەفسەنجانی بۆخۆی بەرپرسی پیلانەکە بوو. هەروەها تێرۆری دوکتور شەرەفکەندی و هاوڕێیانی لە بێرلینی ئاڵمان کە دوایە دادگای ئاڵمانیش ڕەفسەنجانیی بە یەکێک لە بڕیاردەرانیی تێرۆرەکە ناساند. تێرۆری ناوەندی یەهوودیەکان لە ئارژانتین، پەروەندەیەکی دیکەی ڕەفسەنجانیە کە هێشتاش بە ئاکام نەگەیشتوە و فەرمانی دەسگیرکردنی لەوبارەشەوە بۆ دەرچوو.

لاپەرەیەکی دیکەی کارنامەی ڕەشی ڕەفسەنجانی بریتیە لە بەتاڵانبردنی سامانی وڵات لەژێر ناوی ئاوەدانکردنەوە لە دوای شەڕی ئێران و عێراقدا کە باندێکی مافیایی مەترسیداری دامەزراند و هەرچی سامانی وڵات بوو چ ئەوکات و چ ئێستاش هەڵی دەلووشن و ڕەنج و ماڵوێرانیی خەڵک ئاکامی ئەو بەتاڵان بردنانەیە کە ڕەفسەنجانی و خامنەیی و کەسانی دیکەی سەرانی ڕێژیم بەڕێوەی دەبەن. ڕۆڵی ڕەفسەنجانی ڕۆڵی ڕێپێشاندەربوو کە فێری تاڵانی کردن. هەر لە سەردەمی سەرۆک کۆماریی ئەودا بوو کە سپای پاسداران و ئیتلاعات بەناو کاری ئابووری و لەو ڕێگەوە هەم سامانی وڵات بەتاڵان ببەن و هەم لەژێر ناوی کۆمپانیاکانی ئابووریدا کاری تێرۆریستی بکەن.

ڕەفسەنجانی کۆڵەکەیەکی گرینگی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە بڕگە هەستیارەکانی وەکوو دوای بڕیاری دادگای میکۆنووسدا و یان لە دوای گەمارۆی توندی جییهانی بە دژی ڕێژیم سەبارەت بە پەروەندە ناوکیەکەی، ڕێگای چەواشەکاریی پێشانی سەرانی ڕێژیم دەدا تاکوو بە ناوو دەمامکی دیالۆگی شارستانیەتەکان و یان دەوڵەتی تەدبیر، بە جیهان بڵێ کە ئەوە خەتی پراگماتیکیی و میانەڕەو لە ڕێژیمدا هەیە و بەم شێوەیە دەلاقەیەک بۆ دەربازبوونی ڕێژیم لە تەنگانە بدۆزێتەوە و لە ڕاستیدا سوکانداری دەربازکردنی ڕێژیم لە تەنگاکان بووە کە تەمەنی ڕێژیمی تاوانباری ئیسلامی درێژتر بکاتەوە.

بێگومان لەم ڕاگەیەندراوەدا ناکرێ هەموو کارنامەی تاوان و ڕیاکاری وفریوکاری و دژە مرۆیی ڕەفسەنجانی باس بکەین، بەڵام ئاماژەیەکی خێرا بە ڕۆڵی ڕەفسەنجانی لە دروستکردنی دادگاکانی بەناو شۆڕشدا کە بە دەیان هەزار کەسیان ئێعدام کرد، ڕۆڵی ڕەفسەنجانی لە شووڕای پێنج کەسی کە دوای شەڕی ئێران وعێراق وڵاتیان بەناو بەڕێوە برد، بەڵام یەکەم کاریان کوشتاری زیندانیانی سیاسی لە هاوینی ٦٧ بوو، ڕۆڵی ڕەفسەنجانی لە پەرەدان بە مادە سڕکەرەکان لە نێو نەتەوە ستەملێکراوەکان و بەتایبەت کوردستان، لە بەتاڵانبردنی هەموو ئاسەوارە مێژوویی و ژێرخاکیەکان، لە دروستکردنی ئۆرگانە نیزامی و ئیتلاعاتییە موازییەکان کە سەرەڕۆیانە خەڵکیان دەگرت و لە نیویان دەبردن، لە قەتڵە زنجیرەییەکان و دەیان ڕۆڵی دیکەی ڕەفسەنجانی بکەین کە لە هەموویاندا مێشکی ژەنگاویی دارشتنی تاوان بووە.

ئەوەی کە لە کۆتاییدا جێگای ئاماژەیە، ئەو ڕۆڵەیە کە ڕەفسەنجانی لە پاراستنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا هەیبووە؛ هەرچەند دژایەتیی قووڵ و لە سەر ئەساسی بەتاڵانبردنی سامانی وڵات و دەست بەسەر سەرچاوەکانی هێزداگرتن لە نێوان ڕەفسنەجانی و خامنەییدا پەیدا بوو و لە ئۆرگانە جۆربە جۆرەکاندا ڕەنگی دەدایەوە، بەڵام هەموو کات مانەوەی ڕێژیم بۆ ئەوان خاڵی یەکلاکەرەوە بووە و هەر ئەوەش بوو کە ڕەفسەنجانیی وا لێ دەکرد کە هەرچەند هێشتا دەسەڵاتی ئابووری و ئیتلاعاتیی زۆری مابوو و هێزی شبە نیزامیی تایبەتی خۆیی هەر هەبوو، بەڵام خامنەیی زۆر دەسەڵاتی لێ ئەستاندبوو و تەنانەت کوڕ و کچەکەشی کە هاودەستی باوکیان بۆ تاڵانکردنی سەرمایەی وڵات بوون، لە زیندان خستبوو، بەڵام سەرەڕای ئەوانە، ڕەفسەنجانی لەپێناوی مانەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دووبارە هەروەک خامنەیی لە پەیامەکەیدا بۆ مردنی ڕەفسەنجانی باسی کرد، ئۆگریەکی تایبەتی بەو هەبووە. لە ڕاستیدا ڕەفسەنجانی کۆڵەکەیەک بوو کە توندڕەوی و سەرەڕۆیی خامنەیی بە شێوەیەک پاساوی دەهێنایەوە کە دونیا پیی وابێ دەکرێ لەگەڵ کۆماری ئیسلامیدا تەعامول بکرێ! مردنی ڕەفسەنجانی ڕەنگە ئەو ئامرازە گرینگەی چەواشەکاری و فریوکاریە لە دەستی کۆماری ئیسلامیدا نەهێڵێتەوە و کۆماری ئیسلامیی ڕاستەقینە دووبارە بە هەموو جیهان نیشان بدرێتەوە.

بەم چەشنە، ئەگەر ژیانی ڕەفسەنجانی کۆڵەکەیەک بوو بۆ ڕاگرتن و درێژەی تاوانەکانی ئەو ڕێژیمە، نەمانی ئەو کۆڵەکەیەش لە داهاتوودا شوێندانەری خۆی لە سەر ڕێژیم دەبێ. هیوادارین کە سەرانی دیکەی ئەم ڕێژیمە بکەونە دەست دادگایەکی دادپەروەرانەی خەڵکی و هەموو پەروەندەی تاوانەکانیان بۆ خەڵک بخرێتە روو و بە سزای کردارە دژە مرۆییەکانیان بگەن.

هه‌روه‌ها رۆژی ٢٠ی به‌فرانبار كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ڕێکخراوی خەبات،ی شۆڕشگێڕی کوردستان لە پێوەندیی لەگەڵ مردنی عەلی ئەکبەر ڕەفسەنجانییدا له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌م چه‌شنه‌ هه‌ڵوێستی گرت: 

بە نێوی خودای بەخشندەی مێهرەبان

دەزگا هەواڵنێرییەکانی ڕژیم بڵاویانکردەوە کە شەوی یەکشەممە ١٩ی بەفرانباری ١٣٩٥ی هەتاویی (٨/١/٢٠١٧ی زاینیی) عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانیی، سەرۆکی “کۆڕی دیارییکردنی بەرژەوەندیی”ی ڕژیمی تاران لە تەمەنی ٨٢ ساڵییدا بە سەکتەی دڵ مردووە.

 

هەر کەس ئاگاداری دامەزرانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی خومەینیی بێ ئەو ڕاستییە بە ڕوونیی دەبینێ کە ڕەفسەنجانیی لەو کەسە کەم و دیارانە بووە کە لە نووسینی قانوونی بنەڕەتیی و بڕیاردان لەسەر بڕیارە گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازەکانی ئەو ڕژیمە و جێبەجێکردنیان ڕۆڵی ئەسڵیی و یەکلاکەرەوەی دیتووە. ئەو یەکێک لە دامەزرێنەرانی پایەکانی ڕژیمی کۆماری بەنێو ئیسلامیی ئێران و تا کاتی مردنیشی لە کۆڵەکە قایمەکان و کەسە هەرە کاریگەرەکانی ئەو دەسەڵاتە بوو. ئەوەی بە ئاشکرا دیار بووە ناوبراو لەو ماوە دوورودرێژەدا، تەنانەت لە سەردەمی دەسەڵاتی خودی خومەینییشدا، هەمیشە یەك، یا هێندێک جار هاوکات چەند پۆستی گەورە و گرنگی بەدەستەوە بوون و قسەی کۆتایی کردووە، لەوانەش پۆستەکانی وەک ئەندامەتیی “شوڕای شۆڕش”، سەرۆکایەتیی “مەجلیسی شوڕا”، نوێنەرایەتیی و جێگرێتیی خومەینیی وەک فەرماندەی گشتیی هەموو هێزە چەکدارەکان لە شەڕی کوردستان و شەڕی ئێران- عێراق، سەرۆکایەتیی “شوڕای بەرزی بەرگریی”، دوو خول سەرۆککۆماریی، سەرۆکایەتیی “کۆڕی پسپۆڕانی ڕێبەریی” و دوایین پۆستیشی سەرۆکایەتیی ” کۆڕی دیارییکردنی بەرژەوەندیی نیزام”.

دوای مردنی خومەینیی و زەقبوونەوەی زیاتری ملبەملە و شەڕەدندووکەی دەستە و قۆڵەکانی ڕژیم، هەڵبەت لەسەر قۆرغکردنی زیاتری دەسەڵات نەک لەسەر دابینکردنی ماف و ئازادییەکان و ویست و داواکانی کۆمەڵ، بۆ خۆڵکردنە چاوی خەڵك دوو باڵ و بەرەی “توندڕەو” و “چاکساز” زەق و قوت کرانەوە. لەو نێوەدا زۆر کەس و لایەن ڕەفسەنجانییان بە لایەنگری چاکسازیی و ڕێبەری پشتی پەردەی بەرەی چاکسازان چاولێدەکرد و دەناساند. بە بڕوای ئێمە ئەو قسەیە ئەگەر لە ڕوانگەی بەرژەوەندییەکانی ڕژیم و چاکسازیی بۆ چاکتر قایمکردنی پایەکانی ئەو دەسەڵاتە و درێژترکردنەوەی تەمەنی پڕ لە تیرۆر و تاوانی ئەو ڕژیمە لێکبدرێتەوە تەواو ڕاستە، بەڵام ئەگەر لە ڕوانگەی خەڵك و بە پێوەری چل ساڵ کار و ڕەفتاری ڕژیم و ڕۆڵی بنەڕەتیی ڕەفسەنجانیی لە تەواوی ئەو ماوەدا، ئەویش لە هەر دوو دەسەڵاتی گرنگیی بڕیاردان و جێبەجێکردندا، تەماشا بکەین دەبینین ناوبراو نەك هەر ئیسڵاحخواز و ئاشتییخواز و مافپارێز نەبووە، بگرە لە ڕیزی هەرە پێشەوەی تاوانبارانی چنگبەخوێنی ئەو ڕژیمەیە و دەبێ لە ڕیزی دامەزرێنەرانی وەك خومەینی و خامنەیی بژمێردرێ. جێگیرکردن و پاراستن و خزمەتکردنی ڕژیمێک کە ئەوە بەرهەمی ٣٨ ساڵ دەسەڵاتی بێ و، هەروەها بەدەستەوەگرتنی گرنگترین و بەرزترین پلە و پۆستەکان لەو دەسەڵاتەدا، بۆ خۆی بەسە بۆوەی بزانین ڕەفسەنجانیی و هاوکارەکانی چ کەسانێك بوون و کارنامەکەیان چەند پاک و خاوێنە! خۆ ئەگەر زیاتر لێی وردوەبین و دەفتەری کردەوەکانی ناوبراو هەڵدەینەوە دەبینین کە ئەو لە شەڕی ئێران – عێراق و، هێرش بۆ سەر کوردستان و، هەوڵدان بۆ سەرکوتی ئازادییخوازان و، کوشتن و ئیعدامی بە کۆمەڵی مافخواز و تێکۆشەرانی کوردستان و ئێران و، بڕیاردان و جێبەجێکردنی کردەوەی تیرۆریستیی لە دەرەوە و ناوەوە و، بڵاوکردنەوەی تۆڕە جاسووسیی و تیرۆریستییەکان و، دزین و بەتاڵانبردنی ماڵ و سامانی خەڵک و، بڵاوکردنەوەی فەسادی ئەخلاقیی و ئیداریی و ماڵیی لە کۆمەڵگەی ئێران و لە دامودەزگا و جومگە گەورە و گچکەکانی دەوڵەتدا دەست و ڕۆڵی گەورەی هەبووە. ڕەفسەنجانیی ئەگەر بە ڕاستیی خوازیاری دابینکردنی بەرژەوەندیی و ماف و ئازادییەکانی خەڵك و چاکسازیی لە دامودەزگاکانی دەسەڵات و کردنەوەی دەرگا و پەنجەرەکان بەڕووی ئازادییە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکاندا بوو، دەبوو ئەو کاتە نیشانی دابا کە قانوونی بنەڕەتیی ڕژیمەکەیانی دەنووسیەوە، یا ئەو کاتە کە لە ترۆپکی دەسەڵاتەکانی بڕیاردان و جێبەجێکردندا بوو، نەك کاتێك لە ئەنجامی دەبەرێکڕاچوونی بەرەکانی دەسەڵات، بە تایبەتییش لەگەڵ خامنەیی ڕێبەری ڕژیم، وردە وردە دەنگ و دەستی کەمتر و کورتتر دەبوونەوە.

ڕەفسەنجانییش وەك هەر زۆردارێکی دیکە بە خۆی و نامەی کردەوەکانییەوە دنیای جێهێشت و بەرەو دادگای پڕ دادی خودا ڕەپێچەك درا و لەوێ پاداشی ورد و درشتی کردەوەکانی وەردەگرێتەوە، بەڵام خۆشتر ئەوە بوو ئەویش وەک زۆر لە یاغیی و ملهوڕانی دیکەی مێژوو تۆڵەی تاوانە بێئەژمارەکانیان لەم دنیایە لێ ستێندرابایەوە و بە دەست و بازووی پیرۆزی لاوانی بەهەست و سۆز بە داری دادی خەڵکدا هەڵاوەسرابا.

له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ناوەندی ڕاگەیاندنی پارتی سەربەستیی کوردستان هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌ دا نووسی: 

عەلی‌ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی دامەزرێنەر و هاوبەشی گشتی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران مرد.
ئەمرۆ یەکشەممە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری ٢٧١٦ی کوردی  بەرامبەر بە ٨ / ١ / ٢٠١٧ ی زاینی ، چەندین سەرچاوەی هەواڵێ جیهانی و ئێرانی ئاماژەیان بە مردنی عەلی ئەکبەر هاشمی ڕەفسەنجانی سەرۆکی کۆڕی دیارییکردنی بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی کۆماری  ئیسلامیی ئێران لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی تاران بە هۆی ڕاوەستانی دڵەوە لە تەمەنی ٨٢ سالی کرد.

ڕەفسەنجانی  یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی ئەو ڕێژیمە دیکتاتۆرە، هەروەها یەکێک بوو لە بەرپرسانی سەرەکی چەندین کردەوەی تروریستی، کە تێێاندا چەندین سەرکردەو کەسایەتی سیاسی کوردی و ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی گیانیان بەخت کرد.

سازمانى خەباتی كوردستانی ئێران هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌ دا به‌م چه‌شنه‌ باسی مردنی ڕه‌فسه‌نجانی ده‌كا 

رەفسەنجانی یەكێك لە كۆڵەكەكانی رژێمی ئێران مرد

رەفسەنجانی لە تەمەنی 82 ساڵی داو بە هۆی سەكتەی دڵەوە لە نەخۆشخانە مرد.

رەفسەنجانی یەكێك لە كۆڵەكەكانی سەرەكی رژێمی ئێران بوو وە لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی خومەینی، یەكێك لە نزیكترین كەسەكانی ناوبراو بوو وە لە سەرجەم تاوانەكانی خومەینی دا دەوری سەرەكی هەبوو.
رەفسەنجانی لە ماوەی 8 ساڵ شەڕدا بە كردەوە جێگری خومەینی بوو و لە جۆزەردانی 67دا وەك فەرماندەی گشتی هێزەكانی رژێم لە شەری رژێمی ئێران و عێراق دیاری كراو لە بە كوشتدانی سەدان هەزار كەسی ئێرانی و ناردنی منداڵان و مێرمناڵان راستەوخۆی كاریگەری هەبوو.
ناوبراو لە كاتی خومەینی دا سەرۆكایەتی مەجلیسی رژێمی وەئەستۆ بوو. لە گەورەترین جینایەتەكانی رەفسەنجانی سەركردایەتی كوشتاری خەڵكی كوردستان، دەوری سەركی لە كوشتاری زیندانیانی سیاسی لە ساڵی 67 لەگەڵ خامنەیی و ئەحمەدی خومەینی گێڕا. رەفسەنجانی پێشتریش لە پشتیوانانی لاجوەردی جەلادی ئەوین بوو و لە بەرامبەر ناڕەزایەتیەكانی مونتەزێریدا پشتیوانی لە ناوبراو كرد و هەروەها لە وەلا نانی مونتەزێری دا دەوری كاریگەری گێڕا.
لە دوای مردنی خومەینی، ناوبراو لە پشتیوانانی خامنەیی بۆ گەیشتن بە پۆستی رێبەری و بوونە وەلی فەقیه بوو وە لە دوای ناوبراو سەرۆككۆماری رژێمی وەئەستۆ گرت و بۆ ماوەی 8 ساڵ لەو پۆستەدا مایەوە.
بەڵام یەكیەتی رەفسەنجانی و خامنەیی لەوە زیاتر درێژەی نەكێشاو بووە كێشە و شەڕی دەسەڵات لە نێوان ئەو دوو كەسەدا.
ناوبراو لە هەموو دەورەكانی مەجلیسی خوبرەگاندا ئەندامی ئەو مەجلیسە بوو وە لە دوای ئاخوند مشكینی لە ساڵی 86، سەرۆكایەتی ئەو مەجلیسەی وەئەستۆ گرت تا لە ساڵی 1390 دا ئەو پۆستەی بە خامنەیی دۆراند.
هۆی سەرهەڵدانی كێشەی نێوان خامنەیی و رەفسەنجانی ئەوە بو كە ناوبراو خازر نەبوو بە تەواوی بچێتە ژێر باری وەلی فەقیە وە زۆر جار بە شێوەی جۆراوجۆر پەنجەی دەخستە سەر ئەو خاڵە كە خامنەیی شیاوی وەلی فەقیە بوون نیە و تایبەتمەندیەكانی وەلی فەقیهی تیدا نیە و پێداگری لەسەر بەشداری خۆی لە قودرەت و دەسەڵاتدا دەكردەوە و لە چواچێوەی رێبەری شۆرایی دا و ویلایەتی شۆرایی بۆچوونەكانی دەردەبڕی.
لە دوای كێشەی دەسەڵاتداران و سەرهەڵدانەكانی ساڵی 1388 خامنەیی و تاقمەكەی، رەفسەنجانیان وەك سەركردەی فیتنە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ناودەبرد و هێرشیان دەكردە سەر.
هەر سەبارەت بە شەڕی دەسەڵات لە نێوان خامنەیی و رەفسەنجانی دا، خامنەیی ساڵی 92 توانی لە رێگەی شۆرای نیگابانەوە ناوبراو رەدی سەلاحیەت بكات و رێگە بە پاڵێوراوی ناوبراو بگرێ. بەڵام لە ژێر فشار و ترس لە دووبارە بوونەوەی راپەرینی 88، رێگەیان بە ئاخوند رۆحانی كە بە لایەنگری رەفسەنجانی دەناسرێ بێتە پێش لە چوار ساڵی رابردوودا رەفسەنجانی دوبارە بە كردەوە دەستی بەسەر دەزگای بەرێوەبەری دا گرت و هاوكات بە فەرسمی سەرۆكی كۆڕی لێكدانەوەی قازانجەكانی رژێمی بە دەستەوە بوو.
ئاخوند رەفسەنجانی لە سەرجەم تیرۆرەكانی دەرەوەی وەڵات لە كاتی و خومەینی و دوای مەرگی ناوبراو دەوری سەرەكی گێڕاوەو هەر لەو بارەوە لەلایەن دادگای ئاڵمانەوە لە كردەوەی تیرۆری میكونوسدا تاوانبار كرا. هەروەها لە كردەوەی تیرۆریستی بوینس ئایرێس و كوشتنی 86 كەس، لە لایەن دەزگای دادوەری ئارژانتین و پۆلیسی نێونەتەوەیی حوكمی گرتنی بۆ دەرچوو.
بە مەرگی ئاخوند رەفسەنجانی ویترینی بە پێشكەوتن نیشاندانی رژێم شكستی هێناو و سازشكارانی نێونەتەوەیی یەكێك لەو روخسارانەی دڵیان پێی خۆش بوو لە دەست دا. رابردووی رەفسەنجانی لەو بارەوە دەگەڕێتەوە بۆ سات و سەودای نهێنی چەك و چۆڵ لەگەڵ ئەمریكا و ئیسرائیل لە كاتی خومەینی.
وە لە كۆتایی دا مەرگی رەفسەنجانی لەم كاتەدا كە رژێم بەرەو شانۆگەریی هەڵبژاردن هەنگاو دەنێ، یەكێك لە پایەو كۆڵەكەكانی خۆی لەدەست دا و بە كردەوە رۆحانی پشتیوان و راوێژكارێكی كۆنەكاری كاركوشتەی لە دەستدا بۆیە لە بەرامبەر باندی رەقیبدا باشتر زیانی وێدەكەوێ.
هاوكات له‌ پێوه‌ندی به‌ مردنی ره‌فسه‌نجانی کۆمەڵە، ڕێكخراوی كوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران له‌ بابه‌تێك دا له‌ ژێر ناوی وته‌ی ڕۆژ له‌و باره‌وه‌ بڵاوی كردۆته‌وه‌ و نووسیویه‌تی: 

مه‌رگی ڕەفسەنجانیی، یە کێک لە جەنایەتکارانی مێژووی هاوچه‌رخی ئێران

ئەکبەری هاشێمیی ڕەفسەنجانیی، یەکێک لە دامه‌زرێنه‌رانی دژه‌ شۆڕشی ئیسلامیی، سه‌رله‌ئێوارەی دوێنێ ١٩ی مانگی بەفرانباری ١٣٩٥ مرد. ئەگەرچی هه‌ندێک سەرچاوە باس لە مەرگی گوماناویی ئەو دەکەن، بەڵام سەرچاوە دەوڵەتییەکان، هۆکاری مەرگی ناوبراویان “ڕاوەستانی دڵ” ڕاگەیاندووە. خامه‌نەیی کە لەم ساڵانەی دواییدا، بەشاراوەیی و لە جەمعی کەسانی نزیک له‌ خۆیدا، به‌رده‌وام له‌سه‌ر سەرهەڵدانی “فیتنەی ئەکبەر” هۆشداریی دەدا، لە پەیامێكی سەرەخۆشیدا، ڕیاكارانه‌ ئەوی وەک “یاری دێرین” ناوزه‌د كردووه‌ و دەوڵەتی ئێعتێدالیش بە بۆنەی مردنی ڕه‌فسه‌نجانیی كه‌ وەک یەکێک لە سەر قافڵەی جەنایەتکاران ده‌ژمێردرێت، بۆ ماوه‌ی ٣ ڕۆژ ماته‌مینیی گشتی ڕاگەیاندووە.

گومان له‌وه‌دا نییە کە ناو و ڕواڵەتی ڕەفسەنجانیی لە یاد و بیرەوەریی خەڵکی ئێراندا دەمێنێتەوە و وەبیرهێنەرەوەی گشت ئەو جەنایاتە دەبێت کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامیی لە کۆتایی سەدەی ٢٠ و سەرەتای سەدەی ٢١ لەدژی بەشەرییەت و لەدژی خەڵکی ئێران ئەنجامی داوە و ڕەفسەنجانیش یەکێک لە دامەزرێنەرانی بووه‌. دایکانی خاوەران هیچكات ڕەفسەنجانیی لەبەر ئەوەی ناو و ڕەواڵەتی لەگەڵ کوشتاری بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی دەیەی شەستدا تێکەڵە، لەبیر ناکەن.

ڕەفسەنجانیی وه‌ك یەکێک لە مێعمارانی ڕژیمی ئیسلامیی، لە لایەکەوە بەرهەمی لاوازیی و ناکامییەکانی بوورژوازیی ئێران بوو لە بارودۆخێکدا کە بڵێسەکانی شۆڕشی جەماوەریی لە ئێران لە هەموو لایەکەوە كڵپه‌ی ده‌كرد و لە لایەکی دیکەشه‌وە بەرهەمی هێزە ڕۆژئاواییەکان بۆ خەڵتانی خوێن کردنی ئەم شۆڕشە و سەنگەربەندیی لە بەرانبەر مەترسیی پەرەسەندنی نفوزی شۆڕەویی لە کۆتاییەکانی قۆناغی شەڕی سارد بوو.

ڕەفسەنجانیی وەک یەکێک لە مێعمارانی “دژه‌ شۆڕش”ی سەرمایەی ئیسلامیی، دەستەکانی هه‌تا ئه‌نیشک بە خوێنی شۆڕشی ئێڕان سوور بوو. ڕەفسەنجانیی یەکێک لە یارانی نزیکی خومەینی و یەکێک لە ئێستراتێژیستەکانی شکستپێهێنانی شۆڕشی ئێران بوو. ئەو نەوەیە لە خەڵکی ئێران کە ئه‌زموونی شۆرشی ٥٧یان هه‌یه‌ جوان لەبیریانە کە ڕەفسەنجانیی لە بازنەی ڕاوێژکارانی نزیکی خومەینیدا، چۆن ئەفکاری دواکەتووانەی مەزهەبیی و ناسیۆنالیستیی و كۆنه‌په‌ره‌ستانه‌ی دژه‌ ئامریکایی بۆ تێکشکاندنی نرخ و به‌ها ئینسانیی و پێشڕەو و شۆڕشگێڕانەکان وەجۆش ده‌هێنا و ده‌یخسته‌گەڕ.

ڕێکخستنی داگیرکردنی سه‌فاڕەتی ئامریکا لە تاران و ماجەرای بەگرەوگانگرتنی ٤٤٤ ڕۆژەی دیپلۆماتەکانی و وتنه‌وه‌ی درووشمی دژه‌ ئامریکایی کە بە مەبەستی ئامادەسازیی سەرەتایی بۆ سەرکوتی خوێناویی تێکۆشەرانی ڕاسته‌قینه‌ی دژه‌ ئیمپڕیالیستیی داڕێژرابوو، تەنها یەکێک لە نموونەکانی بوو. نمایشی “مۆستەزعەف پەناهیی” و واده‌ی هێنانی داهاتی نەوت بۆسەر سفرەی جەماوەری بێبەش، چوون بە پێشوازی شەڕ لەگەڵ عێراق و کوشتاری دزێوی سەدان هەزار ئینسان لە قەتڵگه‌کانی شەڕ بە ئامانجی هەڵکردنی ئاڵای ئیسلامیی و لەڕاستیدا بۆ هێشتنه‌وه‌ی کۆمەڵگه‌ لە حاڵەتی گرژیی و نائاسایی بەردەوام، هێرش بۆسەر زانکۆکان و داخستنیان لەژێر ناوی “ئینقلابی فەرهەنگی”، لە نموونەکانی ئەم عەوامفریوییانە بوون، كه‌ ئامانجه‌كه‌شی، خامۆشکردنی بڵێسەکانی شۆڕش بوو. ڕەفسەنجانیی لەپاڵده‌ستی خومەینیدا بۆ پاشەکشەکردن بە داخوازییەکانی ژنان و چەسپاندنی یاسای كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئیسلامیی، پڕتووکاوترین بیروبۆچوونی پیاوسالارانەی بەکار ده‌هێنا.

کاتێک کە خومەینیی لە ڕۆژی ٢٧ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ٥٨ لە درێژەی جەنایەتەکانیدا بۆ شکست پێهێنانی شۆڕش، فەرمانی جیهادی لەدژی خەڵکی کوردستان دەرکرد و ڕۆژێک دواتر لەشکری جەهل و خوڕافە بۆ سەرکوتی کوردستانی شۆڕشگێڕ بەڕێکران و شارەکانی کوردستانیان ئاگرباران کرد و ئاخوندێکی جەنایەتکاری وەک خه‌ڵخاڵیی، لاوە به‌هه‌ست و به‌گوڕوتینه‌كانی کوردستانی لە دادگای سەحرایی ٢ تا ٣ ده‌قه‌ییدا ئێعدام دەکرد، لە گشت ئەم کاتانەدا ڕەفسەنجانیی لەپاڵده‌ستی خومەینیدا بوو.

دوای ئەوەیكه‌ شکستی ڕژیمی ئیسلامیی لە بەرەکانی شەڕ لەگەڵ عێراق یەکلابۆوە، ئەوە ڕەفسەنجانیی بوو کە جامە ژەهرەکەی بە قوڕگی خومەینیدا کرد. خومەینی، ڕەفسەنجانیی و خامه‌نەیی کە بە ئەشکەنجە و کوشتاری هەزاران به‌ندكراوی سیاسیی ناو زیندانەکان، له‌ڕێگه‌ی سەرکوتی بزووتنەوەی کرێکاریی، هێرشکردنەسەر تورکەمەن سەحرا و کوردستان و زانکۆکان و بەکوشتدان و کەمئەندامکردنی زیاتر لە یەک میلیۆن کەس لە شەڕی ٨ ساڵە، حکومەتەکەیان بەسەر پێوە ڕاگرتبوو، له‌دوای شکست لە شەڕ، هەستیان بە مەترسیی کرد. دامه‌زرێنه‌رانی ڕژیمی ئیسلامیی كه‌ نیگەرانی ئه‌وه‌ بوون كه‌ ئەگەر بەندەکانی دیکتاتۆڕییە هارە مەزهەبییەکەیان شل بێتەوە و زیندانییانی سیاسیی کە ماوەی حوكمه‌كه‌یان کۆتایی هاتبوو لە لە زیندان ئازاد ببن، خەڵکی توڕە لەدژی ده‌ره‌نجامی وێرانگەری شەڕ و جەنایەتەکانی ڕژیم بێنە مەیدان و پایەکانی حکومەتی ئیسلامیی سەرمایە بخەنە لەرزە، پیلانیان بۆ کوشتاری زیندانیانی سیاسیی داڕشت. کەسانێکی وەک ڕەفسەنجانیی و خامه‌نەیی بەئامانجی ترساندنی خەڵک بۆ پیادەکردن و ئیجڕای تەرحی داڕێژراوی کوشتاری زیندانییانی سیاسیی دەست بەکار بوون. ئەگەرچی لەو کاتەوە هه‌تا ئێستا جەنایەتکارانی لە شێوەی ڕەفسەنجانیی، خامه‌نەیی و ڕوحانی هەوڵیانداوە خۆیان لەم کوشتارانە هه‌تا ئاستی مەئمورێکی مەعزور کە ناچارکرابێ فەرمانه‌كانی خومەینیی جێبه‌جێ بكات، دابه‌زێنن. بەڵام سەرەڕای ئەم هەوڵانە، کێیە کە نەزانێ ڕەفسەنجانیی یەکێک لە ده‌ستوپێوه‌نده‌كانی ڕاستەوخۆی کوشتاری هەزاران به‌ندكراوی سیاسیی لە ساڵه‌كانی دوایی دەیەی ٦٠ بووە.

ڕەفسەنجانیی لەبواری ئابووریشه‌وه‌ کارنامەیەکی جەنایەتکارانەی هەیە. ئەو دوای کۆتاییهاتنی شەڕ لەگەڵ عێراق و لە ده‌ورەی سەرۆک کۆمارییەکەیدا، دڵخوازانە ئۆلگووی ئابووریی نێئۆلیبڕاڵیی یاخود “بازاڕی ئازاد”ی گرتەبەر. ڕەفسەنجانیی لە یەکەم هەنگاویدا بە پەیڕەوی لە سیاسەتەکانی سندووقی نێونەتەوەیی پووڵ، خسوسی سازیی، بێکارسازییەکی بەرینی خستە دەستوری کاره‌وه‌ و له‌ڕێگه‌ی بڕینی یارانەی بواره‌كانی ئامووزش، بێهداشت، بیمە کۆمەڵایەتییەکان، سووخت، ئارد، دەرمان و تەنانەت شیری منداڵ و …. هیتر، ئازادکردنی نرخەکان و هه‌روه‌ها داشکاندنی هەقدەستەکانه‌وه‌، بەرینترین هێرشی بۆسەر کار و بەڕێچونی کرێکاران و خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگه‌ سازماندا. بۆ ڕەفسەنجانیی بەکرده‌ییکردنی ئەم بەرنامە ڕیازەتییه‌ ئابوورییانە و تووشی هەژاریی و فەلاکەتکردنی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتووی ئێران، پێشمەرجی ڕاکێشانی سەرمایە و تێکنۆلۆژیی بیانیی بۆ ئێران بوو. دەوڵەتی ڕەفسەنجانیی له‌ڕێگه‌ی گرتنەبه‌ری ئەم سیاسەتانەوه‌، لە یەکەم هەنگاودا کارخانەکان، مەعدەن و ناوەندەکانی کاری خستە ئیختیار بنەماڵە و کەسانی دەوربەری خۆی و ئەوانی بە کەمترین نرخ و به‌ وامی کەم بەهرەی بانکییەوە، خسته‌ژێر چنگی خۆی. ڕەفسەنجانیی هەروەها پێی سپای پاسدارانی بۆ ئابووریی ئێران کرده‌وە. لەڕاستیدا سەرمایەداریی ئێران لە دەورەی ڕەفسەنجانیدا لەسەر به‌ستێنی ڕانتخۆریی، مه‌عافییەتی گۆمرۆکیی، بەهرەمەندبوونی سەرانی سپا، بونیادەکان، ڕوحانیی و ئاغازادەکان لە ئیمتیازاتی تایبەتی دەوڵەتی و لەسەر بەستێنی گەندەڵییه‌كی بەرین و بێسەر و بەرییه‌كی زۆر و توندبوونەوەی بێمافیی و چەوساندنەوە و داسەپاندنی هەژاریی و فەلاکەتێكی بێوێنە بەسەر چینی کرێکاری ئێراندا، گەشەی کرد و پەرەیسەند.

گومان له‌وه‌دا نییە کە بوورژوازیی ئێران لە ڕەفسەنجانیی له‌به‌ر ڕۆڵێک کە ئەو لە خەڵتانی خوێن کردنی شۆڕشی ٥٧ و پاشەکشەکردن بە بزووتنەوەی کرێکاریی و داخوازیی ئازادیخوازانه‌ گێڕاویه‌تی، بەردەوام بە شانازییەوە یادی دەکاته‌وه‌. بەڵام بوورژوازیی ئێران ناتوانێ “کەیفەرخاست”ی چینی کرێکار و خەڵکی ئازارچەشتووی ئێران لەدژی ڕەفسەنجانیی و ڕژیمەکەی لە مەیدانی دادخواهیی وەدەرنێ. ڕەفسەنجانیی مرد و خەڵکی ئێرانیش دەرفەتی دادگاییکردنی ئەویان لەبەر تێكڕای ئه‌و جه‌نایه‌تانه‌ی کە ئەنجامی داون لەدەستدا، بەڵام بوورژوازیی و ڕژیمی ئیسلامیی کە ڕەفسەنجانیی یەکێک لە مێعمارەکانی بوو، لەم “کەیفەرخاست”ە ڕزگاریان نابێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت