هاوکێشەکانی ناوچە ئاڵۆزن، ئاسۆی کوردیش تەم و مژاوییە

0
202
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسەر : هەڵمەت مەعرووفی

شەڕ لە سووریە و عێراق بەردەوامە، تورکیە و کوردستانی باکوور ئاڵۆزن، ڕووسیە بەرەو گۆڕین و نەرم کردنەوەی هەڵویستەکانی دەڕوا بەو پێیە لە ئێستادا دەکرێ چوار شێوە جووڵانەوە و هەڵسووکەوت و هاوتەریبی لە ناوچەکەدا ببینی.

یەکەم: ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی کە تا ئێستاش تەنیا دەکرێ بڵێین هەموو هێزەکەیان بە دژی ڕووسیە و ئێران کۆکردۆتەوە و هیچی تر، لەو لاشەوە لە هەوڵدا نین هاوڕێ و دۆستی تر وەک کورد بۆخۆیان ببیننەوە و زیاتر وەک مۆرەی کاتی چاویان لێدەکەن کە ئەوەش دەکرێ زۆرتر بە هۆی هەڵەی کورد و ناڕوونی سیاسەتەکەیەوە و گرێدرانی تووندی کورد و ئێران و بەرەی شیعەوە بێ.

دووهەم: ئێران و ڕووسیە و شڕ و سیتاڵەکانی کە زۆربەیان کوردن و حیزبووڵا و حەشدی شەعبیشی لەگەڵ بێ، واتا هەرچەند مەیدانەکە سووریەیە بەڵام ئێران بە بێ باشووری کوردستان و قەندیل هیچی بۆ ناکرێ و بە دڵنیاییشەوە لەو دوو شوێنە ئەرخەیانە. کە ئیتر ناکرێ باس لەوە بکەی کە کام هێزی کوردی باشوور دژ بە ئێرانە و کامی هاوپەیمانی، وادیارە باس لە ڕێژەی هاوپەیمانی و خۆ بەدەستەوەدانە نەک بوون یان نەبوون.

سێیەم: تورکیە و وڵاتانی عەرەبی: هەرچەند تورکیە و وڵاتانی عەرەبی لە سەرەتای ئەو شەڕە و پێشتریش بە دژی کۆماری ئیسلامی، هاوتەریب بوون بەڵام لەو شەڕەدا هاوتەریبییەکەیان گەیشتۆتە لووتکە، عەرەبستان و قەتەر لە سەرەتاوە کارخانە و کارگە و شوێنی پێویستی وەک نانەوەخانە بۆ گەیاندنی یارمەتی و کەل و پەل بە جیبهەتوونووسرە و ئەحرار و فەیلەقیان لە تورکیە دامەزراند، تورکیەش بۆ ئەو سێ هێزە بە ئاشکرا هاوکاری کرد و بۆ داعشیش گوێی خۆی ئاخنی و ئیزنی دا چالاکییەکان لە شاری قونیە (کونیە) ئەنجام بدرێ و سنوورەکانیشی نیوە شل ڕاگرت و لە لایەکی تریشەوە بە کردنەوەی سنوورەکان کورەی ڕۆیشتنی پەناخوازەکان بۆ ئوروپای نێڵ دا و ئەەش وایکر دلە ئێستادا تورکیە زۆرترین زەخت و کەمترین یارمەتی ئوروپا و بەتایبەت ئاڵمانی لەپشت بێ.

بەڵام لە بیرمان بێ، هاوکاری تورکیە و عەرەبستان هەمیشە لە موو ناسکترە، هۆکارەکەش دەگەرێتەوە بۆ گەورەیی و مەزنایەتی دونیای ئیسلامی سووننە کە سعوودیە خۆی بە خاوەنی مەککە و مەدینە و پێتەختی ئیسلام و سەرچاوکەی دەزانێ و تورکیەش لە بیرۆکەی زیندوو کردنەوەی خەلافەتی عوسمانیدا خول دەخوا و ئەوەش سەرەتای ترازانی ئەو دوو لایەنە سووننە تورک و عەرەبەیە لە یەکتری، خاڵێک کە کۆماری ئیسلامیش بە حەزی خۆی بەکاری دێنێت.

چوارەم: بەرە سووننەکان و جیهادییەکان: وەک ئاماژە پێکرا دیارە وڵاتانی عەرەبی و تورکیە چۆن یارمەتی ئەو هێزانە دەدەن، بەڵام خۆ ناشکرێ نەبینین کە ئێران چۆن لە ڕێگای ئەنساروولئیسلامەوە خزایە ناو ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە و دواتریش کردی بە هۆکار و بیانووی چوونە ناو سووریە و لە هەمان کاتدا پێکهێنانی حەشدی شەعبی و دەیان هێزی تر. ئەمریکا و ئوروپاش هەر کام بە شێوەی خۆی بەکاریان هێنان، بەتایبەتی ئەمریکا توانی خۆی بخزێنێتە ناو بەرەی نووسرە و ئەحرارولشام و فەیلەقوششام ئەوەش بە هۆی نەبوونی پارە و دەست تەنگی ئەو ڕێکخراوانە بوو، بەتایبەت کە بەرپرسی ماڵی ئەو ڕێکخراوە هەرچی پارەیان ىوو دزی و بردی و دوو دەستی دای بە داعش.

لە ئێستادا من وای بۆ دەچم تا چەند مانگێکی تر یان لانیکەم کەمتر لە دە مانگی داهاتوو، داعش دەپێچرێتەوە و بارگە و بنەی بەرەو شوێنێکی تر کۆدەکاتەوە و لە ئەنجامدا لە شوێنیکی تر و بە ناوێکی ترەگ سەر دەردێنێتەوە. ئەوەش لە نامەکانی داعش و لە ئامادەسازی ئێران بۆ هێڕش بۆ سەر موسڵ و لە هەواڵەکانی تەقینی بەنداوی موسڵ کە داعش خۆشی پشتڕاستی کردۆتەوە و لێی دەترسێ، دیارە.

بەڵام باسی سەرەکی ئەو نووسراوەیە ئاوڕدانەوەیە لە کورد بەتایبەتی کوردی باکوور و باشوور کە کوردی باکوور خاوەندارێتی خۆرئاوا (ڕۆژئاوا)ش دەکات.

کورد لە باشوور دوو لایەنی و دەبەرەکی زۆر جار بە ڕووخسارییەوە دیارە، بۆ ئەوەی کە ئەو پێناکۆکیی و شەڕە ساردەی ناوخۆ لە باشوور ببینی، پێویست ناکا ڕۆژنامەوان یان ژێدەرێکی سیاسی بی، هێڵەکان زۆر بە ئاشکرا دیارن، دوو هێڵ کە هەر کات دەگاتە ئێران، سەرەڕای دژ بەیەکی لە گوتاردا، لە کرداردا سنوورەکانیان لێک نزیک و بەرتەسکن. لایەنی یەکێتی نیشتمانی و گۆڕان و ئیسلامییەکان بە ئاشکرا دژ بە سەربەخۆیین و قۆڵیان لە قۆڵی کۆماری ئیسلامی بەستووە و سەنتەری ڕۆشنبیری بە ناو خومەینی لە کەرکووک دەکەنەوە و نامەی خوشک و برایانە بۆ ئەسەد دەنێرن و هیوای یەکگرتوویی سووریە و مانەوەی ئەسەد دەخوازن و بە ئاشكرا سلێمانی لە هەولێر دەقەتێنن، پ ک کاش باس لە پەیوەندی گەرمان بە یەکترەوە دەکات ئەوەش لە حاڵێکدایە کە پ ک ک بۆڕی نەوتی هەرێم دەتەقێنێتەوە و هەڕەشەی تەقاندنەوەی بۆڕی گازی سرووشتی هەرێمیش دەکات، هەنگاوێک کە بەرژەوەندییەکانی ڕووسیە کە ئێستا لە دۆخێکی ئابووری باشدا نیە و هەناردە کردنی گازی سرووشتی هەرێمیش هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو وڵاتە. بەڵام پارتی دێموکراتی کوردستانیش پێدەچێ نەیهەوێ گۆی ئەو گەمەیە بدۆڕێنێ و سەرەڕای گوتاری ئاشکرای ئێران بە دژی سەربەخۆیی و هەڕەشەکانی، پارتی دێموکراتی کوردستانیش، قۆڵێک بۆ دۆستایەتی ئێران بە شێوەی فەرهەنگی کە مەترسیدارترین شێوەی تێخزانی دوژمنە لە ناو خاک و خەڵکدا، درێژ دەکات و وێنەی خامنەیی لە هۆڵی پێشەوادا دەدرەوشێتەوەو زانکۆکانی هەرێم بڕیاری کردنەوەی لقی زمانی فارسی دەدەن و وەزارەتی ڕۆشنبیری هەموو دەرگاکانی بۆ هاتنی ئێران دەکاتەوە، بڕیارێک کە دەکرێ تەنیا و تەنیا بە وەدوانەکەوتن لە زونی کەسک و نیلی مەزندە بکرێت، ڕق و ڕکەبەرییەکی لەمێژینە و نەریتی.

بەڵام پ ک ک و پەیوەندی و هەڵسووکەوتەکانی خۆی چیرۆکێکی تراژدیکی ترە لە مێژووی کورددا، پەیوەندی لەگەڵ لایەنێکیهەرێم و دژ وەستان بە لایەنێکی تر کە لە شەڕی ڕاگەیاندنێکی زۆر خەستدا خۆی دەنوێنێ و تا تەقاندنەوەی بۆڕی نەوتییەکان و گاز، خۆی دەنوێنێ.

لە لایەکی ترەوە هەواڵدەرییەکان ئاماژە بە ئامادەبوونی دوو قۆڵی ئێران و پ ک ک دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر موسڵ، هێرشێک کە بە هیچ شێوەیەک ناکرێ بە ئەرکی پارتی کرێکارانی کوردستان ئەژمار بکرێت ئەویش لە حاڵێکدا کە لە کوردستانی باکوور، هەڕەشە لەسەر خەڵک هەیە و هەوڵەکانی پ ک ک تەنیا لە خۆتەقاندنەوە و هێڕشی تاکەکەسی بۆ سەر بنکە و پازگا و پۆلیسەکاندا چڕ بوونەوە .

لە ڕۆژئاوای کوردستانیش، ئەمریکا هەڕەشە لە جۆر و شێوازی پەیوەندییەکانی ی پ گ لەگەڵ پ ک ک و هاوکارییەکانی و هێرشی هاوبەش لەگەڵ سووریە و ئێران دەکات لە هێرش کردنە سەر حەلەب و شوێنەکانی تر کە تا ئێستا وێنەی دەیان پاسداری ئێرانی کوژراو لەو شەڕەدا بڵاو بۆتەوە.

پرسیار ئەویە: لەو دۆخەدا کە هاوکێشەکان ئاوا شێواون، کورد بۆ کوێ دەڕوات؟

خۆرهەڵاتی ناوەڕاست زۆر ئاڵۆزە، چاوەدێران لایان وایە ئەو دۆخە ئەگەر بۆ هەم وووڵاتان هەڕەشە بێ، بۆ کورد دەرفەتە بەڵام پێدەچێ کورد تا ئێستاش ئەکتەر و بکەر نەبێ و تەنیا دابەزێنەری سیاسەتەکانی ئەم و ئەوە و کلاسیکی بوونی ڕێبەری لەو حیزبانەدا خۆی فاکتەرێکی گەورەیە بۆ ئەوەی کە زیاتر لەو داوە بگلێن و نەک ئەرکی خۆیان وەک پارتێکی کوردی بەڕێوە نەبەن و ستراتژی و تاکتیکیان شوێن بزر بووبێ بەڵکو خۆیان ىوونە ئامرازێک بۆ ڕاگرتن و بەرەوپاش بردنی کورد.

مەترسییەکی تر کە لێرەدا هەستی پێدەکرێت، کوردستانی خۆرهەڵاتە، کوردستانێک کە یەک هەڵبژاردن حیزبەکانی لێکرد بە دوو بەشی دژ بە یەک و پرۆسەی یەکگرتنەوە و پێکهێنانی بەرەی یەکگرتوو و نیشتمانی کردەوە بڵقی سەرئاو. لە هەمان کاتێشدا بەشێکیان گەرەکیانە بەرەو سەربەخۆیی ببزوون و نووسەران و چالاکانیش هاندەری ئەم جووڵەیەن بەڵام ئەوەی کە سیاسەتەکانی کورد لە باکوور و باشوور، چەندە ئیزنی جووڵە بەو هێزە نیوە ڕووحەی کوردستانی خۆرهەڵات دەدات، خۆی پرسیارێکە کە وڵامەکەی ناڕوونە و پەیوەستە بە هەڵوێست و شێوە جووڵانەوەی خەباتی ئەو حیزبانە لە داهاتووی نزیکدا.

پێدەچێ لە ئێستادا کورد لە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا بێ کە نە دەزانێ بۆ کی و بۆ چی خوێن دەدات و نە دەزانێ چی گەرەکە. ئایا بەو شیوازە بچینە پێش، چەندە دەکرێ پێش بە شەڕی کوردکوژی بگرین؟ ئایا سنوورێک بوونی هەیە کە کورد لە کاتێکی ئەوتۆدا پێکەوە ببەستێتەوە؟ ئایا کورد حازرە دووبارە خوێندنەوەیەک لە خۆی بکاتەوە؟ کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان بە شیوەی حیزبی، تەنانەت وزەی ئەوەی نەماوە کردنەوەی سەنتەرێک یان دانانی وێنەی خومەینی و خامنەیی و کتێبەکانی ئەو بیرۆکە دژە کوردییە لە هەرێم مەحکووم بکات و ترسی لە دەست دانی شوێنی دانیشتنی خۆی هەیە، گەلۆ بڵێی دوو ڕۆژی تر چۆن بتوانێ لە باشوورەوە، خەباتی چەکداری بخاتە گەڕ؟ ئایا باشوور چیتر دەتوانێ پشتی جەبهە بێت؟ یان ئایا قەندیل چیتر ئەو شوێنە هەیە کە کورد تێیدا تەنیا بەرەو دوژمنان بخوشێ و خۆی تەیار بکات یان مەترسی یەکتر کوژییەک بە یارمەتی دوژمنانەی کوردەوە بوونی هەیە؟ تا چەند ئەگەری دووبارە نەبوونەوەی سەیتەرەی کۆیە بوونی هەیە؟

وڵامی ئەو پرسیارە لێڵانە تەنیا داهاتوو دەیداتەوە، نووسەر هیچ گەش بین نییە بە ڕەوتی ئێستاکەی کورد و لاشی وایە لانیکەم لە باکوور و باشوور، کورد هی چنوێنەرێکی ڕاستەقینەی لە کرداردا نییە. بەڵام هەڵویستە ئاشکراکانی پ ک ک و یەکێتی نیشتمانی  و هەڵوێست و سیاسەتە نەهێنی و شاراوەکانی پارتی دێموکراتی کوردستان، گومانێکی زۆریان لەسەرە و دەبێ بە وردی تاووتوێ بکرێن

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌