هاوکاریی نێوان پەکەکە و حەشدی شەعبی بەپێی ڤیدیۆیەک_ڤیدیۆ

0
658

ڕۆژی کورد: باس لە هاوکاریی نێوان پەکەکە و کۆماری ئیسلامیی ئێران و هێز و گرووپە چەکدارەکانی وەک حیزبووڵای لوبنان و ڕژیمی ئەسەد و …تاد، باسێکی تازە و نوێ نیە و تا ئێستا هەواڵدەرییە جیهانییەکان چەند جارێک ڕاپۆرتی لەم چەشنەیان بە بەڵگەوە بڵاوکردۆتەوە کە ناوەندی ڕۆژی کوردیش بە وەرگێڕاوە کوردی و فارسییەکەی خستوویەتییە بەر دیدی خوێنەرانی خۆی.

لە دوایین بڵاوکراوە لەمبارەوە، چەند میدیا و ڕاگەیێنەیەکی کوردستانی باشوور، ڤیدیۆیەکییان بڵاو کردۆتەوە کە دەریدەخا، پارتی کرێکارانی کوردستان و هێزی دژی گەلیی حەشدی شەعبی کە بەپێی بەڵگەکان سەر بە ڕژیمی ئێرانە و لە ڕووی مادی و لۆجیستیکی و ڕێبەریشەوە، لە ژێر کارتێکەری و فەرمانی ئێران دایە، بنکە و پایەگای هاوبەشیان هەیە.

پارتی کرێکارانی کوردستان کە لە سەرەتای دروست بوونییەوە تا ئێستا چەندین دروشم و ستراتژی گۆڕیوە و لە باس لە سەربەخۆییەوە تا دژایەتیی دەوڵەتی کوردی هاتووە، بەوە تاوانبارە کە هێما نەتەوەییەکانی کورد کە دەکرێ خاڵی پێکەوە لکان و یەکگرتوویی کورد ساز بکەن، دەسرێتەوە و هێمای نوێیان لە جێگا دادەنێ و هێماکانی تر بە خێڵەکی و عەشیرەیی دەزانێ.

پێشتر ناوەندی ڕۆژی کورد بابەتێکی بڵاو کردبۆوە کە باس لە فرۆشتنی کوردستانی سوور لەلایەن پارتی کرێکارانی کوردستان و خودی عەبدووڵا ئۆجەلان، ڕێبەری بەندکراوی ئەو پارتە دەکات کە بە ٤ ملیۆن دۆلار و هەندێ چەک فرۆشتوویەتی.

هەروەها بەڵگە و زانیارییەکانی ڕاگەیێنە جیهانییەکان باس لە بەشداریی گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و لق و پۆپەکانی لە کوردستانی ڕۆژئاوا لەگەڵ هێزەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ڕاگرتنی ڕژیمی ئەسەد دەکەن و ڕژیمی ئەسەد و وەزیری دەرەوەی ئەو ڕژیمە، وەلید موعەلیم تا ئێستا لە چەندین لێدواندا باسیان لە هاوکاریی نێوان خۆیان و پارتی کرێکارانی کوردستان کردووە.

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆیی كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبووەتەوە، چەند گریلایەکی پەكەكە لەگەڵ چەكدارانی حەشدی شەعبی، لە سەنگەرەكانی نزیك شنگاڵ بەیەكەوە دەردەكەون.

لەو گرتە ڤیدیۆییەدا، گریلایەکی پارتی کرێکارانی کوردستان، چەکدارانی دژەکوردی حەشدی شەعبی بە هەڤاڵی خۆیان باس دەکا و دەڵێ “ل هەڤ دوو راست هاتینە” واتا بەیەکەوەین و گەیشتووینە یەکتری.

ئەمە لە كاتێكدا كە حەشدی شەعبی لە چەند رۆژی ڕابردوو كۆمەڵگای سیبا شێخ خرد و كۆچۆو چەند ناوچەیەكی دیكەی شنگاڵی كۆنتڕۆڵ كردۆتەوە كە زۆربەی دانیشتوانی ئەم ناوچانە كوردی ئێزیدین، بەڵام ڕێگە بە گەڕانەوەی خەڵكی ئەم ناوچانە بۆ گەڕانەوە بۆسەر ماڵ و حاڵیان نادات.

پێشتر عەلی خامنەییی، ڕێبەری ئێستای كۆماری ئیسلامیی ئێران، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ شاندی هاوپەیمانیی نیشتمانیی عێراق، حەشدی شەعبی وەک گەنجینەیەکی گەورە بۆ عێراق پێناسە کرد.

چاوەدێر و چالاکی سیاسیی کورد، جەلیل ئازادیخواز لەمەڕ بەستراوە بوونی حەشدی شەعبی بە ئێران لە دیمانەیەک لەگەڵ ناوەندی ڕۆژی کورد ئاوا پێناسەی حەشدی شەعبی دەکا: “هەموومان دەزانین کە حەشدی شەعبی کۆپییەکی دەقاودەقی بەسیج و سپای پاسدارانە و لە ڕووی فەرماندەییشەوە، سپای پاسداران بەڕێوەی دەبا، لەم ڕوویەشەوە بوونی ئەو هێزە دژایەتییە لەگەڵ سەرجەم پێکهاتەکانی تری ئێراق بە سوننە و مەسیحی و کورد و ..تاد، و بە واتای دژایەتی کردنی ئەوانە و هەوڵ دان بۆ دروست کردنی حکومەتێکی یەکدەستی شێعەیە کە گوێ لە مستی ئیمپراتووریی ئێران بێ و لەو ئاراستەدا بجووڵێتەوە”.

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت