هاتنی هێزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی عێراق بۆ یارمه‌تی لێقه‌وماوانی لافاو بۆ‌ ناو خاكی ئێران

0
9

رۆژی كورد : به‌ وته‌ی باڵوێزی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌ وڵاتی عێراق له‌ ماوه‌ی 2 رۆژی رابردوو دا زیاتر له‌ سه‌دان كه‌س له‌ ئه‌ندامانی گرووپی هاوشێوه‌ سه‌ربازی حه‌شدی شه‌عبی كه‌ گرووپێكی شێعه‌ و سه‌ر به‌ سۆپای قودس و سۆپای پاسدارانی ئێرانه‌ سه‌ردانی باڵوێزخانه‌ی ئێرانیان كردووه‌ بۆ وه‌رگرتنی ڤیزا بۆ یارمه‌تی لێقه‌وماوانی لافاوی ئه‌م دواییانه‌ی وڵاتی ئێران.

 ئیره‌ج مه‌سجێدی باڵوێزی ئێران پشتڕاستی كردۆته‌وه‌ كه‌ هێزێكی زۆری گرووپی حه‌شدی شه‌عبی له‌ وڵاتی عێراق هاتوونه‌ته‌ ناو خاكی ئیران بۆ به‌ ناو یارمه‌تی خه‌ڵكی داماو و لێقه‌وماوی لافاولێدراوی پارێزگاكانی لۆرێستان و خووزێستان له‌ باشووری وڵاتی ئیران به‌ڵام له‌ راستی دا ئه‌م هێزانه‌ به‌ هێنانی چه‌ندین یه‌كه‌ی ئه‌ندازیاری و سه‌دان سه‌یاره‌ی بچووك و بارهه‌ڵگر به‌ نیازی رێگری له‌ ته‌شه‌نه‌ كردنی لافاو بۆ ناو خاكی وڵاتی عێراق و به‌ تایبه‌ت شاری عه‌مماره‌ هاتوونه‌ته‌ ناو وڵاتی ئێران و ئه‌یانه‌وێت به‌رگری و لاڕێگرتن له‌ شه‌پۆلی لافاو بكه‌ن بۆ ناو خاكی وڵاته‌كه‌یان به‌ڵام له‌ هه‌مان كات دا له به‌ر ڕای گشتی میدیاكان و به‌ لاڕێدا بردنی بیر و زه‌ینی گشتی كۆمه‌ڵێك یارمه‌تی و خوارده‌مه‌نی و كه‌ل و په‌لی پێویستیان به‌ پاره‌ی سۆپای قودس و له‌ سه‌ر پێشنیاری قاسم سۆله‌یمانی له‌ گه‌ڵ خۆیان هێناوه‌ و له‌ ناو خه‌ڵكی لێقه‌وماو دابه‌شیان كردووه‌ و هه‌ر وه‌ها چه‌ن مزگه‌وت و مه‌كته‌بی رووخاویان چاك كردۆته‌وه‌ چه‌ن رێگا و جاده‌یه‌كی داخراویان كردۆته‌وه‌ و به‌م كارانه‌یان مێشك و زه‌ینی خه‌ڵكی هه‌ژاریان بۆ لای خۆیان ڕاكێشاوه‌.
هه‌ر وه‌ها له‌ چه‌ن رۆژی رابردوو دا ناوه‌ندی هه‌واڵنێری فارس باسی له‌ هاتنی هێزێكی هاوشێوه‌ی دیكه‌ به‌ ناوی بززوتنه‌وه‌ی ئیسلامی نۆجه‌با كردووه‌ كه‌ ئه‌وانیش هێزیكی شێعه‌ و ئه‌ندامی گرووپی حه‌شدی شه‌عبین و گوایه‌ ئه‌وانیش به‌ هێنانی زیاتر له‌ 100 سه‌یاره‌ی بچووك و بار هه‌ڵگر و سه‌یاره‌ی رێگاوبان سازكردن و یه‌كه‌ی سه‌ربازی و ئه‌ندازیاری له‌ سنووری مێهران هاتوونه‌ته‌ ناو خاكی ئێران به‌ هه‌مان مه‌به‌ستی لارێگرتن و به‌رگری له‌ چوونی لافاو به‌ره‌و وڵاته‌كه‌یان ولاتی عێراق.
به‌ وته‌ی رۆژنامه‌ی كه‌یهان چاپ و بڵاوكراوه‌ی تاران و سه‌ر به‌ سۆپای پاسداران هێزه‌كانی پارێزه‌ری حه‌ره‌م وه‌كوو حه‌شدی شه‌عبی و بزووتنه‌وی نۆجه‌با له‌ سه‌ر بانگھێشتنكرانی ره‌سمی قاسم سۆله‌یمانی بۆ یارمه‌تی خه‌ڵكی لێقه‌وماو و چاكسازی و چاره‌سه‌ر كردنی كیشه‌كان هاتوون به‌ڵام رووی راستیه‌كان بۆ هه‌مووان ئاشكرا و روونه‌ و هه‌ر وه‌ك ئاگادارین هێزی حه‌شدی شه‌عبی هێزێكی ته‌یار كراوی سۆپای قودس و سه‌ر به‌ كۆماری ئیسلامیه‌ و له‌ سه‌ر په‌یڕه‌و و پڕۆگرامه‌كانی سۆپای قودی و كۆماری ئیسلامی هه‌ڵسوكه‌وت ئه‌كات و تا ئێستا توانیویه‌تی به‌ دامه‌زرانی زیاتر له‌ 40 گرووپی ژێر ده‌سه‌ڵات و هاوشێوه‌ی خۆی ده‌سةڵاتێكی زۆر و به‌رچاو بگرێته‌ ده‌س خۆی و وه‌ك له‌ ڕابرددوش بینیمان و هه‌موو ئاگادارین به‌ یارمه‌تی چه‌ن هێزی خۆفرۆشی ناوخۆیی هه‌رێمی كوردستان و چه‌ن ئه‌ندامی ده‌ستكردی خۆیان بوونه‌ هۆی رووخانی هێزی به‌رگری خه‌لك و جه‌ماوه‌ر و كه‌ركووكی دڵی كوردستانیان له‌ چنگ كوردان ده‌رهێنا هیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی و دارده‌سته‌كانی خۆیان له‌و شاره‌ جێگر كرد و هه‌ر وه‌ها ئاكامی رێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی هه‌رێمی كۆردستان و خه‌ونی له‌ مێژینه‌ی گه‌لی كوردی باشووریان به‌ فیڕۆ دا و بوونه‌ هۆی به‌ لاڕێ دا بردنی و ئه‌و نیوچه‌ ده‌سه‌ڵاته‌شیان له‌ ده‌س كورد ده‌رهێنا كه‌ ماوه‌ی نزیك به‌ 20 ساڵ بوو به‌ خوێن رشتن و شه‌هید و بریندار و ئه‌نفال و كیمیایی و كه‌م ئه‌ندامانێكی زۆر به‌ ده‌ست هێنابوو و جارێكی دیكه‌ ده‌سه‌ڵاتیان خسته‌وه‌ ده‌س حكوومه‌تی ناوه‌ندی عێراق و به‌ ره‌سمی بوونه‌ هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئاكامی رێفراندۆم و ده‌سكه‌وته‌كانی.
و له‌ ئێستا دا لافاوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌ی وڵاتی ئێران باسی به‌ڕێوه‌به‌ری قه‌یران و قه‌یرانی به‌رێوه‌به‌ری هێناوه‌ته‌وه‌ ئاراوه‌ و به‌ربه‌ركانێی هێزه‌كانی سۆپای پاسداران و ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی زیاتر به‌رچاو خستووه‌ و هه‌ر كام له‌و هێزانه‌ لایه‌نی به‌رانبه‌ر به‌ تاوانبار و ناشاره‌زا ئه‌زانێت و تۆمه‌تی بێ ده‌سه‌لاتی له‌ یه‌كتر ئه‌ده‌ن و خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ریش هه‌موو تاوانه‌كان له‌ چاوی هه‌ر دو لایه‌ن ئه‌بینن و له‌ راستیش دا وایه‌ و شه‌ڕی ناوخۆیی و كیشه‌ی ده‌سه‌ڵات بوه‌ته‌ هۆی نه‌بوونی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تێه‌كی دروست و كارا و به‌ ئه‌زموون و له‌ ئاكام دا وه‌ك هه‌میشه‌كاول بوونی وڵات و داماوی و قوڕبه‌سه‌ری خه‌ڵكی هه‌ژار و لێقه‌وماوی لێ ئه‌كه‌وێته‌وه‌ .

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌