نە ئێران تورکیایە و نە بەربژێرەکانیش دەمیرتاش!

0
164
سیاوەش محەممەدی
سیاوەش محەممەدی

نووسەر: سیاوەش محەممەدی

لە ماوەی ڕابردوودا باکووری وڵات لە لایەن ئەرتەشی تورکەوە غەڵتانی خوێن کرا، بە پێی کۆمەڵێک ئامار، نزیکەی ٣٥٠ هاونیشتیمانی باکووری کوردستان شەهید کراون و دەیان کەسی تریش بریندار بوون.

بەشێکی زۆر لە شارەکان وێران و هەزاران کەس ئاوارە بوون. جگە لەمانەش ١٧ شارەداری باکووری کوردستان کە سەر بە پارتی دێموکراتیکی گەلان (ه.د.پ) بوون، لە کارەکانیان لادران و نزیکەی چەندین ساڵ زیندانیش بەسەر پارلمانتاران و چالاکانی سیاسی کوردی باکووردا سەپێندراوە.

ئەوەی پەکەکە لەم رۆژانەدا لە باکوور دەیکا، گەڕانەوەی پەکەکە-یە بۆ سەر ڕێچکەی سەرەکی خەباتی خۆی. بێ گومان ناکرێت هەتا هەتایە چاوەڕێ چارەسەرکردن و وەرگرتنی مافی خۆت بکەیت و لە پرۆسەیەکی دەیان ساڵەدا و لە باشترین حاڵەت، ‘مافی خوێندن بە زمانی زگماکی، یان تەنیا بەڕێوەبەرییەکی ئیداری باژارێک وەر بگری، لە حاڵێکدا ماشێنی ئاسمیلاسیۆن و سەرکوتی ڕژیمێکی فاشیستی وەک تورکیا، بەردەوام کاری خۆی دەکات.

هەرچەند لەو بارەوە بیروبۆچوونەکان زۆرن و تەنانەت جیاوازیشن و زۆریشن ئەوانەی پێیان وایە ئەوەی لە باکوور ڕوودەدا شەڕی بە وەکالەتی پەکەکە-یە، واتە پەکەکە -لە ژێر هێژمونی باڵی چەپ و عەلەوی بە سەرۆکایەتی جەمیل باییک- بە وەکالەت، شەڕی بەرەی “رووسیە-ئێران-سوریە-حزب اللە- بەغدا” لە خاکی تورکیە دەکات. هەرچەند کە ئەوە زۆر سرووشتییە کە پەکەکە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی باکووری کوردستان، شێواز و کات و جۆری خەباتی خۆی بۆ خۆی دیاری بکات و لە دۆستایەتی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریشدا، دژ بە داگیرکەری ئەو پارچە لە خاکی کوردستان کە خەباتی بۆ دەکات، کەڵک وەربگرێت، بەڵام ئەوەی ڕاستیش بێت ئاراستەکانی شەڕی پەکەکە لە نێو خاکی باکووری کوردستان و بە تایبەت “بازنەی جۆغرافیایی” ئەو ناوچانەی کە شەڕی تێدا بەردەوامە، ئاماژەیەکن بەوەی کە پەکەکە راستەوخۆ شادەماری سەرەکی ئابووری هەرێمی کوردستان، واتە سنووری ‘ئێبراهیم خەلیل’ی کردۆتە ئامانج، کە ئەمەش تەنها لە بەرژەوەندی بەغدا و ئێران و … دایە و دەیسەلمێنێ کە پەیوەندی پەکەکە لەگەڵ وڵاتانی داگیرکەری کوردستان لەسەر حسابی پارچەییەکی تری کوردستانە.

ئەوەی لەلای من زیاتر سەرەنجڕاکێش بوو و زیاتریش مەبەستی ئەم نووسراوەیە، ناکارامە بوونی “خەباتی پارلمانی” تەنانەت لە چوارچێوەی رژیمی تورکیایە، خەباتێک کە لەم رۆژانەدا کۆمەڵێک لە چالاکانی ناوخۆ و  حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەیانهەوێ بە روانینی باکووریانە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان خەباتی پارلمانی و مەدەنی “بیرۆژهەڵاتێنن”، لە حاڵێکدا کە دەبێت ئەوەمان لەبەرچاو بێت کە نە سیستمی سیاسی زاڵ بەسەر ئێراندا وەک تورکیایە و نە بەربژێرانی هەڵبژاردنیش “دەمیرتاش  و عۆسمان بایدەمیرن”ن.

جگە لەمانەش خەباتی پارلمانی و مەدەنی لە ڕوانگەی پەکەکە-وە تەنها کەرەستە و پاڵپشتێک بوو بۆ خەباتی شاخ و هەر ئەوەش بوو بە هۆکارێک کە تەنانەت لەوپەڕی بەهێزبوونی شاردا، دەستیان لە چەک و خەباتی شاخ هەڵنەگرت و شاخ-یان نەکردە قۆربانیی شار.(دیارە لێرەدا مەبەست لە “شار”، خەباتی پارلمانی و مەدەنی نێو شارەکانە).

هەرچەند ئەوەی لەو ڕۆژانەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕوودەدا، بە سەرەنجدان بە پێگەی یاسایی و رادەی دەسەڵات و ئازادی نوێنەرانی مەجلس تەنانەت لەسەر وەدەست هێنانی هێندێک دەستکەوتی زیاتری ئابووری بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان، ناتوانێت “دەرفەتێک”ی تا ئەو ئاستە گرنگ بێت کە حیزبێکی سیاسی ‘سڤیل’ی بۆ دابنێیت!

ئەزموونی ٣٧ ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی و هەڵبژاردنەکانی، نیشانیان داوە کە شانۆی هەڵبژاردن لە ئێران دارێکە کە هەردووک سەری پیسین.

لە لایەکەوە بە هۆی شێواز و جۆری دابەشکردنی نوێنەرانی مەجلس لە ناوچەکان، زۆرجار هەڵبژاردن دەبێتە کێبەرکێیەکی تاییفەیی و عەشیرەتی لە نێوان خەڵکی دەڤەرەکە و ئەم کێبەرکێ ناساخڵەمەش لە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبینرێت، کە بە کورتی دەتوانین کێبەرکێ ئازەری و کوردەکان لە ورمێ، مەهابادی و مەنگۆرەکان لە مەهاباد، سەردەشت و پیرانشار، سنەیی-هەورامی- لەیلاخیەکان لە سنە، سۆرانی و هەورامی لە مەریوان و  لەک و کەلهۆڕ و جافەکان لە کرماشان-  قەلخانی و سەنجاوی لە  … ئاماژە پێ بکەین، جگە لەمەش کۆمەڵێکی تر شێواز و کارتی گۆشار لەدەستی ڕژیمدایە کە دەتوانێت هەمووجارێک بەشێکی کۆمەڵگا بە ناچاری راکێشی سەر سندۆقەکانی دەنگدان بکات و دواتریش هەر بۆ خۆی بەدەرکردنی ئامار، ڕێژەی بەشداری خەلک دیاری بکات.

بەشداری کردن لە هەڵبژاردنێک کە هیچ پێوەرێکی دێموکراسی تێدا ڕەچاو نەکراوە، ناتوانێت دەستکەوتێکی تا ئەو ڕادە مەزنی هەبێت کە حیزبێکی شۆڕشگێڕ تێچووی بۆ بدات، بەهەمان شێوەش بە هۆی ئەو فاکتەرانەی کە ئاماژەیان پێ درا ‘بایکۆت’ کردنی هەڵبژاردنیش نە دەتوانێت شێوازێک لە خەبات بێت و نە سەرکەوتووش دەبێت، هەر بۆیە بە بڕوای نووسەری ئەم دێڕانە، باشترە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە بێ گوێدان بە بەڕێوەچوونی شانۆی هەڵبژاردن و کەوتنە نێو داوی هەڵویست گرتن یان نەگرتن لەسەر ئەو شانۆیە، درێژە بە کار و چالاکیەکانی خۆیان بدەن تا ئەو جێگایە کە ڕژیم بە پێی چالاکیەکانی ئەمان هەڵوێست بگرێت، نەک ئەمان بە پێ سیاسەتەکانی رژیم.

کەواتا ڕەچاوکردنی ڕێچکە و فۆرمولێکی هاوشیوەی باکووری کوردستان لە خۆرهەڵاتی کوردستان، نە درووستە و نە هیچ دەستکەوتێکی هەیە. نە کۆماری ئیسلامی حکومەتە نیوە دێموکراتیکەکەی تورکیایە و نە کەسانێک کە ئەو داواکارییە دەکەن لە ئاستی دەمیرتاش دان و ئامادەن وەک ئەو تێچوو بدەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت