ناوەندی ئاسایش و دژە تیرۆری سازمانی خەبات: هەوڵه‌ تیرۆریستیه‌كانی کۆماری ئیسلامیمان پووچەل کردۆته‌وه‌

0
331

ڕۆژی کورد: سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیێندراوێکدا، هەواڵی پووچەڵ کردنەوەی كاری تیرۆریستیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان لە لایەن ناوەندی ئاسایش و دژە تیرۆری ئەو سازمانە، ڕاگەیاندووە.

بابەشێخ حسێنی، بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات، لە وڵامی پەیوەندیی ڕۆژی کورددا، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە، گوتیشی: “كۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ ڕێگه‌ی جۆراوجۆر و به‌ شێوه‌ی جۆربه‌جۆری وه‌ك  هه‌وڵدان بۆ تیرۆری فیزیكی و تیرۆری شه‌خسیه‌تی و ته‌نانه‌ت ئاژاوه‌نانه‌وه‌ و ناكۆكی دروست كردن ، هەوڵی لەم چەشنەی داوه‌  بەڵام بە خۆشییەوە بە وشیاریی ناوەندی پەیوەندیداری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، سەرجەم ئەو هەوڵانە پووچەڵ کراونەتەوە وکۆماری ئیسلامی نەیتوانیوە بە ئامانجە نگریسەکانی خۆی بگات”.

ناوبراو هەروەها گوتیشی: “لەمەڕ ئەو کردەوە و هەوڵە تیرۆریستییە و هەوڵە تیرۆریستییەکانی تری کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سازمانی خەبات، بەڵگەی پێویست و تەواومان لەبەر دەست دایە کە بە هۆکاری ئەمنیەتی لە ئێستادا پێویست بە بڵاو کردنەوەی نابینین”.

دەقی ڕاگەیێندراوی سازمانی خەبات بەو شێوەی خوارەوەیە:

هاونیشتمانیانی تێكۆشەر 
هۆگرانی ڕێبازی  سازمانی خەبات
پێشمەرگە قارەمانەكان
ناوەندە ئەمنیەتیەكان وئیدارەی ئیتلاعاتی ڕژیمی ئاخوندی لە ساڵانی سەرەتای جوڵانەوەی ماف خوازانەی گەڵی كوردستان و بە دوای پێكهاتنی سازمانی خەبات، بە بەردەوامی هەوڵی زەربەت دان لە بەرپرسان و كادرو پێشمەرگەكانی سازمانی خەباتی داوە و بە تایبەتیش رێزدار كاك بابەشێخ حوسەینی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات لە سەرووی هێرشەكانی دەزگای ترۆری رژیمی ئاخوندی دابووە. بەرَیزیان تا ئێستا  لە ئاكامی پیلانگیرییە یەك لەدوای یەكەكانی ترۆریستانی ئێران…
 بە خۆشیەوە لە مەرگی حەتمی ڕزگاری بووە. تاقمە ترۆریستیەكانی رژیم دەیان كردەوەی ترۆریستیان لە بەرانبەر سازمانی خەبات بەرێوە بردوە و زیاتر لە 15 كادر و پێشمەرگەی سازمان لە ناوچە و شارە جیاجیاكانی كوردستانی عێراق ترۆر كراون و  چەندین بەرپرس و كادرو پێشمەرگەی سازمان بە هۆی كردەوە ترۆریستیەكانی بەكرێگیراوانی ئاخوندی بە سەختی بریندار بوون.
ئاشكرایە بەشێك لەو كردەوە ترۆریستیانە لە دەیەی 1990 زایینی لە بەرانبەر سازمانی خەبات و ژمارەیەكی دیكە لە هێزەكانی كوردستانی و ئێرانی جێگیر لە كوردستانی عێراق و شۆێنەكانی دیكەی عێراق بەرێوە چوون، بەڵام هەوڵ و بەرنامە ترۆریستیەكانی رژیم لە بەرانبەر سازمانی خەبات و بەرپرسان و بنكەوبارەگاكانی، بە بەردەوامی درێژەی هەبووە. وەزارەتی ئیتلاعاتی رژیم هەمووكات وبە شێوەی جودا جودا بەرنامەو پیلانی ترۆریستی بۆ بەرپرسانی سازمان داڕشتوە. تەنانەت لە ساڵی 2003 كە دەگوترێ‌ ڕێژەی كردەوە ترۆریستیەكان كەمبوونەوە بەڵام كردەوە ترۆریستیەكان و هەوڵە بەردەوامەكانی رژیم بۆ زەربەتدان لە رێبەرایەتی سازمان درێژەی هەبوە.
هەر لەماوەی سالانی رابردوو و بە تایبەتی یەكساڵی رابردوو تۆری سیخۆری و چەندین خۆفرۆشی ژن و پیاو كە بە ناوی پێشمەرگایەتی بەڵام بە مەبەستی كردەوەی خەیانەتكارانەی مەترسیدار خۆیان خزاندبوویە ناو ریزەكانی سازمانی خەبات ئاشكرا بوون. بێگومان بەشێكی بەرچاو لە  مەئموریەتی ئەو خۆفرۆشانە، جیاواز لە كاری جاسوسی، هەوڵ بۆ ترۆری رێبەریی سازمان و لە سەرویانەوە كاك بابەشێخ حوسەینی بەرێوەبەری گشتی سازمانی خەبات بووە، كە بە خۆشیەوە بە وریایی ئەندامانی دڵسۆزی سازمان و بەشی ئەمنیەت هەوڵ و بەرنامەكانی ئەو ترۆریست و خۆفرۆشانە پووچەڵ بۆتەوە.
بە ئاگاداری تێكرای دڵسۆزانی سازمانی خەبات دەگەێنین كە لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵەكانی رژیم بۆ كاری جاسوسی و تەنانەت ترۆریستی لە بەرانبەر سازمانی خەبات زیاتر بووە، هەر بۆیە پێویستە كادرو پێشمەرگەكانی سازمان بە وریایی زیاتر هەڵسوكەوت بكەن و هەر جۆرە زانیاریەك تەنانەت زانیاریی سەرەتایی، بە ناوەندی ئاسایش و دژە تیرۆری سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران ڕاگەێنن. هەوڵەكانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ڕژیم بە شێوەی جۆراوجۆری وەك ئاژاوە نانەوە لە ریزی سازمان، دڵسارد كردنەوەی ئەندامان و پێشمەرگەكان لە ئەركی شۆڕشگێرانە و هەوڵی ترۆری رێبەرایەتی سازمان لە رێگەی پێشنهادی پووڵ و دارایی و موڵك و خانوو، هەروەها بەڵینیدان بە ژیانی باش بەرێوە دەچن.
جێگەی داخە كە تا ئێستا چەندین كەس لە ریزەكانی سازمانی خەبات و لە دەرەوەی بنكەكانی سازمانی خەبات فریوی دژمنی قین لە دڵیان خواردوە و كەوتوونە داوی خەیانەت و خۆفرۆشی. هەر چەند ئەو كردەوە قێزەونانە زیانی بۆ سازمانی خەبات بە دواوە بووە و بۆتە هۆی سەرهەڵدانی هێندێك كەموكورتیی لە ئەرك و كارەكاندا، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئەو ڕاستیە دەسەلمێنی كە سازمانی خەبات نەیارێكی سەرسەختی ڕژیمی ئاخوندیە و ئەو رژیمە سازمانی خەبات و بەرپرسانی بە مەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێ‌.
ناوەندی ئاسایش و دژە تیرۆر لە سازمانی خەبات داوا لە تێكرای دڵسۆزان و هۆگرانی رێبازی پیرۆزی سازمان دەكات بە چاوكراوەیی زیاتر لە پێناو پووچەلكردنەوەی كردەوە ترۆریستی و جاسوسیەكانیرژیم تێبكۆشن و لە پێناو پاراستی گیانی رێبەریی سازمان لە هیچ كردەوەیەكی دڵسۆزانە خۆ مەبوێرن.
هەرلەو چوارچێوەدا خائینان و خۆفرۆشان بە گەل و نیشتمان و بە سازمانی خەبات ئاگادار دەكەینەوە كە دەست لە خەیانەت هەڵگرن و كۆتایی بە خزمەت بە رژیمی نگریسی ئاخوندی بێنن، بیگومان بەردەوامیان لە خەیانەت بە شۆرش روبەروی قورسترین سزای گەلیان دەكاتەوە.
سازمانی خەبات ی كوردستانی ئێران
ناوەندی ئاسایش و دژە تیرۆر 
11ى دسامبر 2016

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت