نامەی لاوانی سنە بۆ ناسر ڕەزازی: دەلالۆ دە هەستەوە

0
428

ڕۆژی کورد: لە دوای هێرشی پیلاناویی چوار کەس لە ئەندامان و کادیرانی یەکێتیی نیشتمانی بۆ سەر بنکەی پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات کە برینداربوونی هەستی نەتەوەیی کوردی ڕۆژهەڵاتی لێ کەوتەوە، پۆلێک لە لاوانی شاری سنە، لە نامەیەکدا کە بۆ ناوەندی ڕۆژی کورد نێردراوە، ڕوو لە هونەرمەندی سروودبێژی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ناسر ڕەزازی، داوایان لێکردووە جارێکی تر لە هەمبەر ئازارەکانی ڕۆژهەڵات هەڵوێستی خۆی بنوێنێ.

دەقی ئەو نامەیە کە بەپێی لێدوانی نێنەرانی نامەکە، زیاتر لە ١٢٠ لاوی سنەیی کە ئەندامی حیزبەە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتن لێی ئاگادارن، بەوپەڕی ئەمانەتدارییەوە وەک خۆی بڵاو دەکرێتەوە.

دەقی نامەکە

مامۆستا ناسری ئازیز سڵام و ڕێز

ئێمە نووسەرانی ئەم نامەیە کە فرەمان لەدایک بووانی ساڵەکان دەیەی شەست و سەرەتای دەیەی حەفتای هەتاویین، تا ئێستە شانازیی ئەمەمان نەبووگە لە نزیکەوە پێشمەرگە ببینین، دەست بخەینە بان شانی ماندووی و ناوچاوانی پڕ لە ئارەقیان ماچ بکەین. لە بەرخۆدانی ٢٤ ڕۆژەی سنەیشا بەشدار نەبووگین، دەنگی تۆپ و تانکیشمان لە نزیکۆ نەبیسگە، سەرکردەی حیزبەکان ڕۆژهەڵاتیچمان تەنیا لە ئەم تەلەفزیۆنانەیا بینیگە کە بەداخۆ یەک لە دوای یەک، داخران و ئیتر ڕۆشن نەبوونەوە، بەڵام گشتمان بە دەنگی تۆم کوردایەتی خزایە ناو گیان و ڕووحمان.

تۆ خواوەندی “ئافەرین ئەی پێشەوای کورد ئافەرین، دەلالۆ دە هەستەوە، ڕاپەڕە کورد، تریفەی مانگە شەو” و دەیان سروودی ڕاچڵەکێنی تری کە وایانکرگە و ئیستەیچ وا ئەکەن، سەدان و هەزاران لاو بە بەرەو پیری مەرگەوە چوون و ئەچن، گیانیان قوربانی کرد و ئەیکەن.

کەچی ئێستە چەند ساڵێکە، تەنیا لە ناو هەڵپەڕکێکان و لە بۆنەی هەندێ حیزبی پارچەکان تر و وەک پێشکەشکاری تی ڤی ـیەکان ئەتانبینین و چیتر دەنگتان ئەو شاهەڵۆیەی خەباتی ڕۆژهەڵات نیە کە لە ئیلام و کرماشانەوە باڵی ئەگرت و نەک لە شنۆ و مهاباد نەئەگیرساوە، بەڵکوو بەرەو کوردستانی پارچەکان تریچ باڵی ئەگرت و ئەبووە خەمی هەڵەبجەی شەهیدیش.

مامۆستای ئازیزمان:

ئیتر نە لە ڕاسان، نە لە کێلەشین، نە لە ئێستەی هەڵکوتانە سەر حیزبەکانمان و نە لە دەیان کارەساتی تری سەر کوردستانی رۆژهەڵات، نە ئاویەر دەنگت ئەبیستێ و نە پێشمەرگەی ماندوو لە بێساران بە دەنگت ئەلاوێنەوەو نە بەنداوی گاوشان بە چڕینت شەپۆل ئەدا و نە کۆچسار بە هەستت ئەکەوێتە سەما و نە ئاواڵان ئاواڵێکی هەس و نە حەسەن ئاوا بووەتەوە مەکۆی کوڕەکان و نە سڵەوات ئاوا چاوی بە سروودێ ڕۆشن ئەبێت و نە پردی شێخ خۆی شل و  نەرم ئەکا بۆ هاتووچۆی سەوداسەرانی ئازادی.

ئێستە گەرەکمانە بزانین، ئاخۆ حاڵی چیە، شاهەڵۆی خەباتێک لە قەفەسدا؟ ئایا ژیان لە ناو تەلاری فڵانە وەزیری سەردەمی بەعس، ئەوەندە بایەخی هەس کە هەڵۆیەک بخاتە قەفەسۆ؟ ئەم بێدەنگییە کە زیاتر لە بێدەنگیی سترانبێژێکی سەر بە دیوەخانان ئەچێ تا تەیرێکی بە گوڕی ئازادیخواز، لە پێناو چیە؟ ئێستە کە ڕۆژهەڵات لە ناو ئاگری ڕقی داگیرکەر و کوردانێکی دڵ و دەروون لە داگیرکەردا نوقم بووا ئەسووتێ، کێ ئەشێ بە شەهید جەعفەرەکان بێژێ، دەلالۆ دە هەستەوە؟

بۆیە ئێمە لاوانی “خەنجەری تۆڵە” لە پشتێن کە دڵمان خۆش بوو لەگەڵ فەوتانی یەکجارەکیی نەجمە کە ئیتر ڕێبازی خۆی لە ڕۆژهەڵات جیا کردەسۆ و ئیستەش وەک گشت بەشەکان ژیانی ڕێگای خۆی بەرەو تەلارنشینان برگە، ناسر هەر دەمێنێ و هەر هەیە، داوا لە بەڕێزتان ئەکەین کە جارێکی تر ئاوڕێ لە خۆتان، ئەرکی نەتەوەییتان، ڕابردوو و ئیستەتان بدەنەوە و پێتان ئێژین، دەلالۆ دە هەستەوە، دەنگەکەت گڕی خەباتە، چیتر لە ناو تەلاری ئەم و ئەودا مەیبەستەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت