نامۆبوونی ناسنامەیی و هەستی نەتەوایەتی لە ناو کورددا/وتووێژ

0
363

خوێنەری هێژا:

عەبدووڵڵا ڕەسووڵی
عەبدووڵڵا ڕەسووڵی

وتووێژی بەردەستت، یەکێک لە زنجیرە وتووێژەکانی ژووری (ڕاوێژ)ـە لە تلێگرام کە شەوی ٢٤ی بەفرانبار لەسەر مژاری (نامۆبوونی ناسنامەیی و هەستی نەتەوایەتی لە ناو کورددا)، بە میوانداری بەڕێز (عەبدووڵڵا ڕەسووڵی)، چالاکی سیاسی و کارناسی کۆمەڵناسی و بە پێشکەشکاری (عادڵ کەریمی) کارناسی باڵای ڕاوێژکاری خێزان و چالاکی مەدەنی – فەرهەنگی، ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: نامۆیی لە شوناسی نەتەوەیی چ واتایێکی هەیە؟

ڕەسووڵی: نامۆبوون لە شوناسی نەتەوەیی بە مانایە خەڵکانی سەر بە نەتەوەیەک کولتور و زمان و دابونەریتی خۆیان ناناسن و لە بەرامبەردا هی نەتەوەیەکی دیکە دەناسن. ئەمەش هۆکاری زۆری هەیە وەک سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەڕوونی، پەروەردەیی.

ڕاوێژ: چۆن ناسینێک؟

ڕەسووڵی: هاوڕێیان کاتێک باسی نامۆبوونی نەتەوەیی دەکەین  باسکردن لە جۆری ناسین، بەو مانایەیە کە لە پرۆسەی بە کۆمەڵایەتی بوون تاکەکان بە پێی کولتوری نەتەوە و دابونەریتی خۆیان پەروەردە نابن  و ئەمەش لە هەنگاویی یەکەم تووشی دژیەکی دەبن و لە ئەنجامی ناکۆکی نێوان کولتوری خۆیان و کولتوری باڵادەست کولتوری خۆیان شکست دێنێت و کولتوری باڵادەست زاڵ دەبێت.

ڕاوێژ: ئەمە ڕەوتێکە کە لە تاکەکەس دا ڕوو دەدات یان پەتایێکی گشتگیرە؟

عادڵ کەریمی
عادڵ کەریمی

ڕەسووڵی: هەر دوو ئاست ڕوو دەدا، بۆ نمونە بۆ کەسێکی پەنابەر ئەمە وەک تاک ڕوودەدا و بۆ نەتەوەی ژێردەست بە شێوەی گشتگیربوودەدا. بۆیە کاتێک ئەم حاڵەتە دێتە ئاراوە بە شێوەی گشتگیر ئەو کات بۆ نەتەوە ژێر دەستەکان بابەتی نامۆبوونی نەتەوەیی دیتەئاراوە.

ڕاوێژ: ئەگەر بمانهەوێ خەسارناسی بکەین و ڕێگە چارەی بۆ بدۆزینەوە، پرسیارێک دێتە ئاراوە، فەرهەنگی نەتەوەی سەردەست و نەتەوەی ژێر دەست لە ئاستی تاک و کۆمەڵدا چۆن ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە؟

ڕەسووڵی: بۆ ئەم حاڵەتەی ڕووبەڕووبوونەوە دەمهەوێت بە نموونەیەک ڕوونی بکەمەوە، لای خۆمان زۆر کەس شانازی بەوەوە دەکا کە جلی کوردی لەبەر دایە و کوردایەتی دەکا، بەڵام شێوازی بیرکردنەوە ، تێڕامان و نووسینی فارسانەیە، ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە نەتەوەی باڵادەست، سیستەمی پەروەردە وەک ئامراز بە کار دێنێت، بۆیە دەبینین جۆرێک شەڕ لە نێوان ناوەڕۆکی تاک و ڕواڵەتیدا هەیە، ئەگەر هەستەکە بە  سیما و فۆرم و بیری نەتەوەیی بە ناوەڕۆک سەیر بکەین، ئاوایە، هەست هەیە و بیر بوونی نییە.

ڕاوێژ: واتە هەستی نەتەوەیی هەیە و بیری نەتەوەیی نییە و خۆی لەم ڕەوشە نائاگایە. لێرەدا پرسیار ێک دێتە گۆڕێ، شوناسی کوردی و نەتەوەی سەردەست لە چ ڕەوتێکدا ڕووبەڕووی یەکدی دەبنەوە؟ وەک ئەوەی فانۆن دەڵێ.

ڕەسووڵی: لەو ڕەوتەدا ڕووبەڕوو دەبنەوە کە تاکی کورد پێش هەموو شتێک هەست بە چەوساندنەوە دەکا، بە مانایەک لە قوۆناعی دووهەمی هەستی نەتەوەییدایە کە تاکی کورد هەست بە زوڵم دەکا. بۆ نموونە لەو کاتەی تاکێکی کورد سەردانی دەرەوەی کوردستان دەکا و شوێنی تر بە ئاوەدان و کوردستان بە دواکەوتوو دەبینێت.

ڕاوێژ: بینینی یەو هەڵاواردنە تاک تووشی خۆ بەکەم زانین دەکا یان بەرەنگاری ئەو دۆخە دەبێتەوە؟

 ڕەسووڵی: هەر دوو ئەنجامی هەیە، کاتێک بەشێک لە نەتەوەی ژێر دەست تەسلیم دەبێت، ئەوا تووشی خۆ بە کەم زانین دەبێت ئەو بەشەش کە تەسلیم نابێت بەرەنگاری دەبێتەوە. لێرەدا نەتەوە باڵادەست ئامرازەکانی بەردەستی بەپێی ڕێژەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە لە ساڵەکانی شەستی هەتاویدا لەبەر ئەوەی کە ڕێژەی بەرەنگاری زۆر بوو، سەرکوتی نیزامی بوو، دواتر لە ساڵەکانی هەشتا کرایە فکر و پەروەردە.

ڕاوێژ: سەرکوتی نیزامی کە زۆریش کاریگەر بووە. لە یەکەم قۆناغدادا ئەگەری توانەوە هەیە، بۆ ئێمە کە سیستەممان نییە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پەروەردەی سەردەست، ڕێگەچارە چیە؟

ڕەسووڵی: رێگا چارە ئەوەیە کە هەستی نەتەوەیی لە یەکەم هەنگاو لە ئاستی ڕۆشنبیری بکەینە بیر و دواتر بە جمگەکانی کۆمەڵگا شۆڕی بکەینەوە، هەتا ئەو ئاستە کە سیستەمی نەتەوەی باڵادەست دەبیتە ئامرازێک تەنها بۆ فێربوون نەک بیرکردنەوە و سیاسەت کردن.

 ڕاوێژ: لەڕاستیدا جۆرێ لە سیستەم. ڕاستە، ئەمە بەرنامەی پێویستە، بەرهەم هێنان و درێژ کردنەوەی بۆ جمگەکانی کۆمەڵگا، مێتۆدی پێویستە ئەگەر بکرێ ئەوە زۆرتر شی بکەنەوە.

ڕەسووڵی: ئێمە پێویستمان بەوەیە کە هەماهەنگییەک لە نێوان ڕۆشنبیران و سیاسییەکاندا دروست بکەین، لەم هەماهەنگییەدا پێویستە زۆر شت پێناسە بکەین، وەک بەرژەوەندی نەتەوەیی. لێرەوە کاتێک فکر و سیاسەت هەماهەنگ بوون، ئەو کات هەست شوێنکەوتوو دەبێت، لە حاڵەتەدا دەتوانین بە جمگەکاندا رۆبچین.

ڕاوێژ: هەست دواهاتی بیر و کردەوەیە. پێم وابێ پێش ئەو یەکخستنە، لە سەر بیری نەتەوەیی قسە بکەین، خۆ دەبێ لەسەر ناوەڕۆکێ یەکیان بخەین. باسی جمگەکانمان بکەن ، وەکوو چی ؟؟

 ڕەسووڵی: وەک بەرژەوەندی نەتەوەیی و ئاسایش نەتەوەیی.

 ڕاوێژ: بیری نەتەوەیی لاوازە، بۆیە تاک لە شوناسی خۆی نامۆ دەبێ، چۆن ئەم دوو زاراوە بۆ خوارووی کۆمەڵگا بەرهەست دەکرێ؟ ئەمە لە کاتێک دایە دەستەبژێری کوردیش پێویستیان بە بەرهەست کردنی شوناسی نەتەوەییە.

 ڕەسووڵی: کاک عادل تیۆریزە کردنی بیری نەتەوەیی کاری کۆمەڵناس و سیاسی کارەکان نییە، بەڵکوو کاریی ڕۆشنبیرانە، بەڵام بە داخەوە رۆشنبیری ئێمە تووشی نامۆبوونی فکرییە، بۆ نموونە زۆربەی ئەدیبەکانمان ئەوەندەی حافز و سەعدی دەناسن مەحوی و نالی ناناسن، ئەوەندەی مێژووی ئێران دەزانن مێژووی کورد نازانن ، بۆیە پێویستە ڕۆشنبیرانی کورد بەرهەم هێنەری فکر بن و مادەی فکری نەتەوەیی بەرهەم بێنن بۆ ئەوەی توێژەکانی خوارەوەش بیری نەتەوەییان هەبێت.

ڕاوێژ: دەگەڕێینەوە سەر ئەو وتەی پۆڵ بڕاس کە نەتەوەخوازی لەسەرۆ بۆ خوارە. ئەگەر گوتاری نەتەوەیی لاواز بێت، بۆشایێک لە ڕەوتی شوناس خوازی دا دڕووست دەبێ کە پەروەردەی سەر دەست بۆ ئاسیمیلەکردن دەیقۆزێتەوە، پرسیار ئەوەیە: شوناسی نەتەوەیی چ ڕەهەندگەلێکی هەیەو چۆن ڕاڤە و واتا دەکرێ و چۆن دەبێ بە بەرنامە؟

 ڕەسووڵی: ئەگەر بمهەوێت بە کورتی شوناس نەتەوەیی پێناسە بکەم، ئەتوانم بڵێم خۆناسین لە سەر بنەما و کولتوری نەتەوە، بۆیە ڕەهەندی مێژوویی، سیاسی، دەروونی، کۆمەڵایەتی و …. هەیە، لە ئاستی مێژووییدا ناسینی مێژووی خودی نەتەوەیە، لە ئاستی سیاسی فۆرمی حکوومەت و سیاسەت کەر لە ئاستی فەرهەنگی زمان و ئەدەبە.

 ڕاوێژ: چۆن خۆناسینێک؟ ئاست و کەرەستەی کەلتوور چۆن دیاری دەکرێ؟

ڕەسووڵی: لێرە ناسین بە مانای ئاگاداربوون لە هەموو ئەو شتانەیە کە پێکهێنەری نەتەوەن بۆ نموونە مێژووی ئەدەب و زمان و …تاد.

ڕاوێژ: بە چ گێڕانەویێک، خوێندنەوەی سەردەست یا پاڵەوانی خۆماڵی یان بژاردەیێکی تر؟ دەبێ هۆکارە سیاسیەکان دیاری بکرێ.

ڕەسووڵی: بە مانا زانستیەکەی کە هەر دوویان دەسڕیتەوە، لە ئاستی مێژوو، لێرە من پێم خۆشە چەن شتێک بڵێم، ئەگەر بمانەوێت باسی مێژوو بکەین پێویستە ڕووداوەکان وەک خۆیان سەیر بکەین بۆ نموونە کاریگەری کۆمار لەسەر کۆمەڵگای کوردی تا ئێستاش نەبڕاوەتەوە و بەردەوامە، لە کاتێکدا نەتەوەی باڵادەست وەک دەست نیشاندە سەیری دەکا.

ڕاوێژ: با پرسیارە بوڕووژێنم کە بۆ پڕ کردنەوەی ئەم بۆشاییە، دەبێ چی بناسین؟

ڕەسووڵی: لە ڕاستیدا ئەم پەتایە تەنها چارەسەرێک کە بتوانێت ڕیشەکێشی بکا، گەیشتن بە یەکێک لە فۆرمەکانی مافی چارەنووسە، بەڵام لەم قوناغەی کە ئێمەی تێداین و لە ئەمڕۆدا پێش هەمووشتێک هەوڵدانە بۆ ئەوەی هەستی نەتەوەیی بکەینە بیری نەتەوەیی.

ڕاوێژ: چۆن؟

ڕەسووڵی: بەو مانایە کە ئێمە لە هەموو جمگەکان، کار لە سەر کوردبوون بکەین. بۆ نموونە ئێمە پێویستمان بەوەیە کە وشیاریمان لە بارەی ئەوە هەبێت کە ئێمە کوردین نەک ئێرانی، ئەمە دوو ڕەهەندی کارکردنی هەیە، یەکێک وەک ڕۆشنبیران لە بواری مێژووییەوە بیسەلمێنین. دووەم بکرێتە هەستی جەماوەری.

ڕاوێژ: واتای کوردبوون، ڕەهەندەکانی کوردبوون و کێشەی هەر کامیان چۆن ڕاڤە دەکرێ؟

ڕەسووڵی: کوردبوون لەم ڕوانگەیەوە ڕەگێکی جیاواز پەیدا دەکات لەوەی کە تا ئێستا ئێمە لە کتێبەکانی نەتەوەی باڵادەست دەیبینین.

ڕاوێژ: واتە خوێندنەوەیێکی کوردانە؟

ڕەسووڵی: لێرەدا شوناسی کوردبوون بە هەموو رەهەندە زمانی و مێژوویی و جوگرافیاییەوە فۆرم پەیدا دەکا و بە تەواوی لە نەتەوەی باڵادەست دادەبڕێت. بەڵێ خوێندنەوەیەکی کوردانە بۆ بوونی کورد، بۆ بوونێک کە شوناس سازە. بۆ نموونە یەکەم پرسیار ئەمەیە من کوردم یا ئێرانی ئەگەر ئێرانیم بە چ مانایەک؟ مێژوویی یا دەوڵەت نەتەوەی ئێرانی. ڕەنگە لە مانای مێژوویی ئێمە هاوبەشی زۆرمان هەبێت بەڵام لە دەوڵەت – نەتەوە نیمانە. بۆ نموونە لە بواری مێژووییەوە ڕێچکەی مێژوویی کورد و گەشەکردنی کۆمەڵایەتییەکەی جیاوازە. بۆ نموونە، ئەو فۆرمە سیاسیانەی ئێمەلە سەد ساڵی رابردوودا کارمان پێکردووە، زۆر پێشکەوتووتر بوون لە فۆرمە سیاسییەکانی ئێران، بۆیە بۆ دەبێت ئێمە خۆمان نەبینین و تەسلیمی فۆرمی دواکەوتووتر بین.

ڕاوێژ: مێژوو لە زمانی سەردەست و مێژوو لە ڕوانگەی ئێمەوە، ڕوانگەی ئێمە چ تایبەتمەندی گەلێکی هەیە؟

ڕەسووڵی: پێم خۆشە ئەو پرسیار بە نموونەیەک وەڵام بدەمەوە. ئێمە شۆڕشی ساڵەکانی چل و شەشی حدکامان هەیە و ساڵ و نیوێک دوای ئەو شەڕی چەکداریی سیاهکەلی چریکەکان، لە ڕوانگەی سەردەستەوە سیاهکەل یەکەم شۆڕشی چەکدارییە دژ بە شا، بەڵام ڕاستی ئەوەیە لەم ڕوانگەدا منی کورد پشت گوێ دەخرێم لە کاتێکدا ساڵ و نیوێک زووتر شەڕم کردووە ئەمە بەو مانایەیە کە من لە نێو مێژووی نەتەوەی باڵادەستدا پێگە و بوونم نییە.

ڕاوێژ: ئەگەر کورد بە یەکەم بزانرێ چ قازانجێکی هەیە؟

ڕەسووڵی: کێشە قازانج نییە، کێشە خوێندنەوەیە بۆ خۆمان کە ئەوان چۆن سەیری ئێمە دەکەن. ئەمەش تەنها لە مێژووی سیاسی نییە بەڵکوو سنووری مێژووی ئەدەبی ئێران لەو شوێنە کۆتایی دێت کە کورد دەست پێدەکا. بەڵێ لە مێژووی کۆنیش هەوڵی سڕینەوەهەیە.

ڕاوێژ: ماد وەکوو سەرەتای مێژوو دەزانرێ، بەڵام دەستپێکی مێژووی ئێران لە دامەزرانی هەخامەنشییەوەیە. مەبەست ئەوەیە ئەگەر دان بەو ڕاستییە دابنێن چ کاریگەریێکی دەبێ؟

ڕەسووڵی: مەبەست داننانی ئەوان نیە؛ ئامانج تێگەیشتنە لە چۆنیەتی کارکردنی ئەوان بۆ سڕینەوە و نامۆبوونی ئێمە، بەڵام ئەگەر ددان بەو ڕاستیانەدا بنێن ئەوا ئەفسانەی نسیونالیزمی ئێرانی لەبەر یەک هەڵدەوەشێتەوە.

ڕاوێژ: واتە دەیانهەوێ قووڵایی مێژوویی شوناسی نەتەوەیی بسڕنەوە؟

ڕەسووڵی: بەڵێ، سەبارەت بە زمان کە گرنگترین توخمی پێکهاتەی هەر نەتەوەیەکە.

ڕاوێژ: ئەوە هەمووی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان نکۆڵی لە شوناسی ئێمە دەکەن، خۆمان لەبەرانبەردا دەبێ چی بکەین؟

ڕەسووڵی: خۆمان بناسین و دژی نکۆڵییەکە ببینەوە و بڕیاری یەکلایی بدەین.

ڕاوێژ: ئەگەری ئەوە هەیە بە ئاقاری ئایدۆلۆژیک دا بچین، چی لەوە دەمان پارێزێ؟

ڕەسووڵی: هیچ نەتەوەیەک لە ترسی ئایدیۆلۆژیا لە ژێردەستیدا نامێنیتەوە بەڵکوو بۆ ناوخۆی دیمۆکراسی بەکار دێنێت بۆ ئەوەی ئایدێۆڵۆژیا کاریگەر نەبێت بەڵام بۆ بەرامبەر ناسیونالیستانە رەفتار دەکا.

ڕاوێژ: بۆ وێنە خوێندنەوەی ئێمە لە گێڕانەوەی مێژوو دا پڕە لە پاڵەوانەتی و داڕشتنی چریکەی خەباتی بێ کەمو کووڕی، کە ڕێگا لەخەسارناسی دەگرێ.

ڕەسووڵی: کاکی برام کام نەتەوەی بێ کەموکۆڕی هەیە؟ ئێمەش بێ کەموکۆڕی نین.

ڕاوێژ: منیش مەترسییەکە بە دیوی ناوخۆدا دەبینم، کە ئەو دێمۆکڕاسییە بوونی نەبێ.

ڕەسووڵی: ئەوە بابەتیکی دیکەیە دوایی باسی دەکەم، ئێستا دەمهەوێت باسی زمان بکەم با بابەتەکە تەواو سیاسی نەبێت. زمان توخمی گرنگی نەتەوەیە، بە سڕینەوەی زمانی نەتەوەیەک بوونی نەتەوەکە دەکەوێتە مەترسییەوە لە کاتێکدا کە زمان ئامرازی بیرکردنەوە و گرنگترین ئامرازی بە کۆمەڵایەتی بوونە.

ڕاوێژ: خوێندنەوەی پاڵەوانی لە پێشمەرگایەتی دەسکەوتەکان و خەسارەکان دەخاتە جیهانێکی مژاوییەوە، سەردەستان بەردەوام لەو هەوڵەدا بوون، ئێمە چۆن بەرپەرچمان داوەتەوە؟

ڕەسووڵی: ڕێگە گرتن لەپەروەردە بە زمانی زگماکی قەیرانی پەروەردەیی دروست دەکا. یەکەم شت دابەزینی ئاستی خوێندنە. دووهەم شت گۆڕینی شێوازی بیرکردنەوەیە. سێیەم شت گۆڕێنی ڕوانگەی فکرییە لای کورد. زمان حاڵەتی پێرۆزی پەیدا کردووە بەڵام نەبۆتەوە چەک لە دژی نامۆبوون، ئەگەر سەیر بکەن ئێمە لە ئاستی فێربوون چەند ساڵە دەرفەتمان هەیە بەڵام لە ئاستی پەروەردە تا ئێستا دەرفەتی وەهامان نییە.

ڕاوێژ: گومان لەوەدا نییە ڕژێمی حەقیقەتی سەردەست بۆ ئەوەی تاکی کورد بکاتە ئۆبژەی خۆی هەوڵ دەدات، لەم دۆخەدا ڕێگەچارە چییە؟

ڕەسووڵی: وایە دوژمن دوژمنە، ئێمە لەم دۆخە چەندین ڕێگامان لە پێشە:

یەکەم: بەجەماوەریتر کردنی فێرکردنی زمانی کوردی

دووەم: هەوڵی یاسایی لەناوخۆ و دەرەوە

سێیەم: هەوڵی سیاسی.

ڕاوێژ: زمانی کوردی خۆی کێشەی نییە؟

ڕەسووڵی: کورد دەڵێت من کوڕی خۆم ناکەمە قوربانی کچی خەڵکی ئێمەش بە هۆی کێشەی خودی زمانی کوردییەوە، خودی زمانەکە  ناکەینە قوربانی لەکاتێکدا زمانی فارسێش کێشەی هەیە.

ڕاوێژ: منیش لەگەڵ ئەوەدا هەم بەڵام مەبەست لە قوربانی بوون چییە؟

ڕەسووڵی: مەبەست ئەوەیە کە ئەگەر زمانی کوردی خۆی کێشەی ئەوەی هەیە کە یەکگرتوو نییە، خۆ نابێت لە ترسی ئەوە داوای پەروەردە بەو زمانە نەکەین، ڕوونیشە لەم چەن ساڵەی دواییدا هەوڵی زۆر دراوە و ئەنجامیش هەبووە.

ڕاوێژ: بێ گومان دەبێ داوای بکەین.

ڕەسووڵی: با باسێ لە جوگرافیا بکەین. جوگرافیا تەنها شوێنیکی خاکی نییە بۆ مڕۆڤ، بەڵکوو پێکهێنەری سنووری شوناسە، کاتێک نەتەوەیەک وەک کورد سنووری دیار نییە، هاوکات سنووری شوناسی دیار نییە، ئەمە بەو مانایەیە کە شۆناسی لاواز، خۆناسی لاواز دروست دەبێت.

ڕاوێژ: تاکی کورد چ سنوورێک بۆ کوردستان، وەکوو سنووری شوناس، وێنا بکات؟

ڕەسووڵی: نەتەوەی باڵادەست هەمیشە هەوڵ دەدات کە بە دابەشکردنی ئێداری خاکەکە بەش بەش بکا، بەڵام بۆ تاکی کورد ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە سنوری زمانی و خاکی یەکێکە، بەو مانایە هەتا ئەوشوێنە کە خەڵک بە کوردی قسە دەکەن سنووری کوردستانە.

بۆیە پێویستە ئێمە وەک کورد بەشێوەیەکی جیاوازتر لە پێشوو سەیری جوگرافیا بکەین. جوگرافیا وەک بەشێک لە شوناس سەیر بکەین، نەک وەک شوێنێکی نیشتەجێ بوون.

ڕاوێژ: سنووری فەرهەنگ و زمان لە پانتایی جوگڕافیا لە قووڵایی مێژوو دا، پەیوەست کردنی گیانی کورد بە خاکەوە. کاک عەبدوڵڵا گیان ئەو پەیامە سەرەکییەی کە دەتویست لەم وتووێژەدا بیگەیێنی بەهاوڕێیان، بە کورتی بفەرموو.

ڕەسووڵی: پەیامەکە ئەوەیە، ئێمە بە درێژایی مێژوو بە پێی پێویست خۆمان نەناسیوە و پێویستە لەمە بە دواوە جیاوازتر لە جاران سەیری کوردبوون بکەین بۆ رزگاربوون لەم دۆخە، لە دواییشدا سوپاسی کاک عادڵ و هەموو هاوڕێیان دەکەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە.

ڕاوێژ: سپاس بۆ بەرێزتان کە کاتی خۆتان دا بە ئێمە و ئەندامانی گەورەژووری “ڕاوێژ”. سپاس بۆ ئەو باسە بەپێزە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت