ناسنامه‌: سیاسه‌ت و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی

0
113

(كۆماری ئیسلامی ئێران و توركیا وه‌ك نموونه‌)

 سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی سیاسی و ستراتیژی ( CPSS )  له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین له‌ شاری هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستانی باشوور سمینارێكی بۆ په‌رویز ڕه‌حیم قادر و كامه‌ران محه‌ممه‌د مامۆستایانی كۆلێژی یاسا و زانسته‌سیاسییه‌كانی زانكۆی سه‌لاحه‌دین ڕێكخست ، له‌ به‌ر هۆكاری گرینگیی باسه‌كه‌ كه‌ باسكردن له‌ سه‌ر سیاسه‌ت و ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی بوو و تێیدا كۆماری ئیسلامیی ئێران و توركیه‌ وه‌ك نموونه‌ باسیان له‌ سه‌ر كرا ، ڕۆژی كورد به‌شێك له‌ باسه‌كانی سمیناره‌كه‌ بڵاو ده‌كاته‌وه‌

به‌شێك له‌ ناوه‌رۆكی سمینار:

کۆماری ئیسلامی ئێران وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی و بە ھۆی تایبەتمەندی سیستەمە سیاسییە ئایدولۆژیک و شۆڕشگێرانەکەی، خاوەن سیاسەتێکی دەرەوەی تایبەتە، کە ھەوڵەکان بۆ خوێندنەوە و شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، تەنیا بە تیۆر یان ڕوانگەیەک ناتوانێت ھەموو ڕەھەندەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئێران ڕوون بکاتەوە. بۆیە پێویستە بنەماکانی ھزری و ڕەگەز و ھەروەھا فاکتەرەکانی کاریگەر لە سەر ئەم بنەما ھزریانە کە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئێران دەکات لە چوارچێوەیەکی تیۆریدا بخەینە ڕوو و ھۆکاری ڕەفتاری تایبەتی ئەم وڵاتە لە سیاسەتی دەرەوەدا ڕوون بکەینەوە و ھەوڵ بدەین لە تیۆر یاخود لە ڕوانگەیەکی چەند ڕەھەندی سوود وەربگرین، تاوەکو ناسنامەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستنیشان بکەین کە ئەم ناسنامەیە فۆرمی سیاسەتی دەرەوە و ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی دەستنیشان دەکات.

کۆنستـراکتیڤیستەکان بڕوایان وایە کە مرۆڤ بە ماناپێدان بە خۆی، کردەوەکانی خۆی مانادار یان واتادار دەکات و لەم پڕۆسەیەی مانا پەیدا کردن و ماناپێداندا، خۆی و ئەوی تـر پێناسە دەکات، لێرەوە ناسنامە وەک سەرچاوەیەکی مانا و ئەزموون بۆ مرۆڤ، تایبەتمەندی پەیوەندیکەرایەتی و کۆمەڵایەتی ھەیە کە سنوورەکانی خود و ئەوی تـر نیشاندەدات، ئەم سنووربەندیە شێوەی تەعامول لە ژینگەی کۆمەڵایەتی دەستنیشان دەکات.

ناسنامە بە تەعامول لەگەڵ بکەری تـر دروستدەکرێت و ناسنامەی دەوڵەت یاخود ناسنامەی نەتەوەیی لە سەر بنەمای پەیوەندی لەگەڵ دەوڵەت و نەتەوەکانی تـر دروستدەکرێت. ھەر دەوڵەت و نەتەوەییەک ناسنامەیەکی بەکۆمەڵی ھەیە کە لەم ڕێگەیەوە ئەو تاکانە یان گروپ و نەتەوانە تێگەیشتنیان لە خۆیان بنیاتدەنێن، لێرەوە ئەگەر ئەم ناسنامەیە لە سەر جیاوازی قوولی نۆرم و بەھاکان و دژایەتی و ناکۆکی لەگەڵ ئەوی تـر بێت، ئەوە بەردەوام ھەرەشە و ململانێ و ئەگەری جەنگ ھەیە، بەڵام ئەگەر ئەم ناسنامەیە لە سەر وێکچوون و تێگەیشتنی ھاوبەش لەگەڵ ئەوی تـر بێت ئەوە تارمایی شەڕ دەرەوێتەوە .

بەم مانایە کە تیۆر و ڕوانگەیەک کە ھەم گرنگی بە پێکھاتە و بکەر دەدات و ھەم فاکتەرە ھزری و مادیەکان ڕوون دەکاتەوە. لێرەوە ھەوڵ دەدەین کە لە تیۆری کۆنستـراکتیڤیزم سوود وەربگرین تاوەکو بنەماکانی ھزری و چوارچێوەی تیۆریی ڕەفتاری کۆماری ئیسلامی ئێران، کە جۆری تێگەیشتنی ئەم دەوڵەتە لە جیھانی دەرەوە و ھەڕەشە و مەتـرسیەکان، ھەروەھا لێکدانەوەیان دیاریدەکات، کە لەسەر بنەمای جۆرە تێگەیشتن و ڕوانگەیەکی تایبەتی ئایینی، ئایدۆلۆژی، مەزھەبی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و تەنانەت جوگرافیایی و ژیۆپۆلێتیکە لە ئاستی دەرەوەدا، ڕووبەڕووی کۆمەڵێک گیروگرفت و کێشە دەبێتەوە لە پەیوەندی لەگەڵ ئەکتەرەکانی تـری ناوچەیی و نێونەتەوەیی یاخود پێکدادانێک لە نێوان بەھا و پێوەرەکانی کۆماری ئیسلامی و بەھا و پێوەرە زاڵەکانی سیستەمی نێونەتەوەیی ڕوودەدات، کە ئەمەش دیسانەوە کاریگەری لە سەر ڕەفتار و تێگەیشتنی نوخبە سیاسییەکانی کۆماری ئیسلامی بە پێی ئەو دەزگا و سیستەمە ھزریانەیان دەبێت و وادەکات کە کۆماری ئیسلامی بۆ بەدیھێنانی ھەمان ئامانج و بەرژەوەندی، ستـراتیژی جیاواز بگرێتەبەر. چونکە فاکتەرەکانی تاک، پێگە، کۆمەڵگە، حکومەت و پێکھاتەی سیستەمی نێونەتەوەیی لەم پڕۆسەیەدا بەشداران، کە لە ڕوانگەی کۆنستـراکتیڤیستەکانەوە پێکەوە دەبنە ھۆی دروستبوونی ناسنامەی تایبەت و تێگەیشتنی تایبەت و بەرژەوەندی تایبەت بۆ دەوڵەتێک.

دوو نووسەر بە ناوەکانی مایکل بارێنت و شبلی تێلھامی، بڕوایان وایە کە ناسنامەی دروستکراوی پاش شۆڕشی ئیسلامی لە سەر بنەمای ناسیونالیزمی مێژوویی ئێرانی و ئیسلامی سیاسی ـ شیعی و دژایەتی ئیمپریالیزم، سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران ئاڕاستە دەکات و ڕەوایەتی پێدەدات و دەڵێن سەردەمانێک یان لە قۆناغێک کە ڕەگەزی ناسیونالیزم زاڵ بوو، ئەوە سیاسەتی ھێرشبەرانە و بەرفراوانخوازی نفووزی ناسیونالیزمی ئێرانی لە سیاسەتی دەرەوەدا ئەولەویەتی ھەبوو بەڵام ڕەگەزی ناسنامە پێدەری ئیسلامی سیاسی بووە ھۆی ئەولەویەتی جیھانی ئیسلام لە سیاسەتی دەرەوەی ئێراندا.

بە گشتی دەوڵەت لەم ڕوانگەیەدا، سەرچاوەیەکی ئیلاھی و ئایینی ھەیە. لەم سۆنگەیەوە بنەمای پاراستنی دارولئیسلام و پاراستنی سیستەمی ئیسلامی لە سەر بنەماکانی فیقھی شیعیەوە بە (اوجب الواجبات) دادەندرێت، واتا ئەرکێکە کە لە سەرەوەی ھەموو ئەرکەکانەوەیە، کە ئەمەش دەبێتە گرنگتـرین و بنەڕەتیتـرین بنەمای سیاسەتی دەروەی کۆماری ئیسلامی ئێران کە لە تیۆرییەکانی پەیوەندی نێونەتەوەیی بە مانای پاراستن ومانەوەی دەوڵەت لە سەر بنەمای دەوڵەت ـ نەتەوەدا خراوەتە ڕوو، بەڵام لە ڕوانگەی فیقھی ئیسلامی ـ شیعی، جوگرافیای سنووری بڕوایی و ئایدۆلۆژیایی ئەم سنوورە دیاریدەکات.

لە پاڕادایمی ریالیستیدا دەوڵەتان وەک ئەکتەری ھاوشێوە و ھاوئامانج پێناسە دەکرێن کە بەدوای زیاتـرین ڕادەی قازانج و کەمکردنەوەی زیانن لە فەزای ئانارشیکی سیستەمی نێونەتەوەییدا، کە ئەمەش ھەڵقوڵاوی گریمانەکانی سەردەمی رۆشنگەری و ڕوانگەی سوودگەراییە. لەگەڵ جەختکردنەوەیان لە سەر گرنگی عەقلڕ و پەروەردە لە ھەڵبژاردنەکانی مرۆڤایەتی و کۆمەڵایەتیدا، کە ئەم مرۆڤە بە پێی ریزبەندی بەھاکانی خۆی ھەڵبژاردن دەکات، کە ڕاستی و دروستی ئەم گریمانەیە ئێستا لە ژێر پرسیاردایە.

تێڕوانینی ئابووری بۆ سروشتی مرۆڤ وایکردوە کە ڕۆڵ و کاریگەری ھەست و سۆزەکان و بەھا و سیستەمی بیروباوەڕەکانی مرۆڤ لە دروستکردنی بڕیار کە ڕۆڵی کاریگەریان ھەیە پشتگوێ بخرێت. بە گشتی ڕەخنەکان بەم شێوەیە پۆلین دەکەین:

١- ڕەخنەکانی میتۆدۆلۆژی: ئەم ڕەخنانە دەگەرێتەوە بۆ ئەو میتۆد و شێوازانەی کە مۆدێلی ئەکتەری عەقڵمەند لە بەدەستھێنانی زانیاری و لێکدانەوە و شیکردنەوەیان پەیڕەوی دەکات، دەرونناسی ناسین، گریمانەکانی مۆدێلی ئەکتەری عەقڵمەند لە کردەوەدا بە قابیلی جێبەجێ کردن نازانێت، چونکە زەین توانای ئەنجامدانی ئەو ھەموو لێکدانەوە ئاڵۆزەی نییە، ھەروەھا تێچووی مادی کۆکردنەوەی ئەو قەبارە زۆرە لە زانیاری، گوشار و دڵەڕاوکێ، ناڕوونی، کێشە لە وەبیرھێنانەوە، بە ھەڵە تێگەیشتن و پێکھاتەی ڕێکخراوەیی، کاریگەریان لە سەر بڕیاردان دەبێت.

ھەروەھا ناڕوونی ئامانجەکان لە واقعدا، نامومکین بوونی ناسینی ھەموو بەدیلە بەردەستەکان و دەستپێرانەگەیشتن بە ھەموو زانیارییەکان کە وادەکات بە ھۆی قەبارەی زانیارییەکان، ئاستی توانا تاکەکەسیەکان، سەرچاوەکانی بەردەست، کات و جیاکردنەوەی واقع لە بەھاکان، لە کردەوەدا نەتوانین ھەڵبژاردنێکی تەواو و عەقڵانیمان ھەبێت.

ھێربێرت سایمۆن، بە شێوەیەکی بنەڕەتی ڕەخنەی لە بنەماکانی میتۆدۆلۆژی مۆدێلی دروستکردنی بڕیاری عەقڵانی گرتووە، سایمۆن بڕوای بە عەقڵانییەتێکی سنووردار ھەیە و بۆیە چەمکی (ڕەفتاری باوەرپێھێنانی) لە جێگەی (ڕەفتاری زیاتـرین و باشتـرین) داناوە، بەم مانایەکە یەکەی وەرگرتنی بڕیار کاتێک بە کەمتـرین ئاست و ڕادەی باوەڕپێھێنان بە بەدیلێک یان ھەڵبژاردنێک دەگات، ئەوە بڕیار وەردەگرێت .

٢- ڕەخنەکانی بوونناسی: ڕەخنە بوونناسییەکان زیاتـر لە ھەر شتێکی تـر لە سەر ڕەخنەگرتنە لە پێناسەی مادیگەرایانە لە گەوھەر و سروشتی مرۆڤ، کە گرنگی نادات بە ڕۆڵی بیروباوەڕ و بەھاکانی مرۆڤ لە دروستکردنی بڕیاردا و زیاتـر ڕوانگەکانی ماتـریالیستی، چەندایەتیگەرا و ئابووریانەی دروستکردنی بڕیار ڕەچاو دەکرێت.

ھەروەھا لە ڕەخنەگرتن لە تێگەیشتنی مادیانە لە عەقڵانییەت دەبێت ئەوە ڕەچاو بکەین کە ناتوانین ڕەفتاری مرۆڤەکان تەنیا لە ڕووی سوود و زیان ڕاڤە بکەین، چونکە بەرپرسیارەتی تاکەکەسی و سیاسی و ئەخلاقی چەمکی عەقڵانییەت ئاڵۆزتـر دەکات، چونکە نۆرم، بەھا، بنەماکانی کولتووری، بیروباوەڕەکان و ئایین، ڕەفتاری مرۆڤ ئاراستەدەکەن و مرۆڤ کۆمەڵێک بەرژەوەندی بۆ خۆی پێناسە دەکات کە تەنیا تایبەت نییە بە سوودی مادی و تاکەکەسی.

بە گشتی دروستکردنی بڕیار بە تایبەت لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا زۆر لە مۆدێلە سادەکراوەکانی باو ئاڵۆزتـرە بە ھۆی ئەوەی کە ھۆکاری تـری ژینگەیی و سیستەمی و بیروباوەر و بەھاکانی کۆمەڵگە کاریگەریان لە سەر دەبێت« بەتایبەت کاتێک کە بازنەی بەھاکان لە بڕواکانی تاکەکەسی بڕیار وەرگر سەرووتـر بچێت و لەگەڵ سروشتی سیستەمی سیاسی گرێدرابێت.

بە شێوەیەکی گشتی ئێمە دەتوانین تیۆرییەکانی سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان بە سەر دوو ڕەوتی گشتی عەقڵگەرایی و ڕەخنەگەراییدا دابەشبکەین. تیۆرییەکانی ڕەخنەگەراییش لە چەند ڕوانگەی تـر وەکو: پۆست مۆدێرنەکان، پاش پێکھاتەگەرایی، قوتابخانەی ڕەخنەیی فرانکفۆرت و فێمێنیستەکان و کۆنستـراکتیڤیستەکان پێکدێت. جیاوازی نێوان تیۆرییەکانی ڕەخنەگەرایی و تیۆرییەکانی عەقڵگەرایی بە شێوەیەکی گشتی لەو رەخنانەدا دەردەکەوێت کە ڕەخنەگەراکان لە تیۆرییەکانی عەقڵگەرایی دەیگرن کە بە سەر سێ بواری سەرەکیدا دابەشدەبێت ا- ڕەخنەی بوونناسی. ب- ڕەخنەی مەعریفەناسی. ت- ڕەخنەی میتۆدۆلۆژی.

ا- ڕەخنەی بوونناسی:

ڕەخنەگەراکان بە گشتی و کۆنستـراکتیڤیستەکان بە تایبەت، سێ پێدراوی بوونناسی سەرەکی عەقڵگەراکان دەربارەی ژیانی کۆمەڵایەتی و دەرھاویشتە سیاسییەکانی دەخەنە ژێر پرسیار،

یەکەمیان: ڕەخنەگەراکان گرنگی بە پێکھاتە ھزرییەکان و ھەروەھا پێکھاتە بەھایی و پێوەرییەکان دەدەن لە پاڵ پێکھاتە مادییەکانی پەیوەندیدار.

دووەمیان: ڕەخنەگەراکان بڕوایان وایە کە ناسنامەکان بەرژەوەندی و ڕەفتارەکان دروستدەکەن.

سێیەمیان: بڕوایان وایە کە پێکھاتەکان و بکەرەکان بە شێوەی دوو لایەنە دروستدەکرێن، بۆ نموونە: تیۆری کۆنستـراکتیڤیزم بە جەخت کردنەوە لە سەر گرنگی نۆرم یان پێوەرە زەینییەکان لە پاڵ پێکھاتە مادیەکان، تەرکیز لە سەر ڕۆڵی ناسنامە لە دروستکردن یاخود فۆرم پێدان بە کردەوەی سیاسی و پەیوەندی دوو لایەنەی بنیاتنەر لە نێوان پێکھاتە و بکەردا دەکات.

ب- ڕەخنەی مەعریفەناسی:

لە ڕووی مەعریفە ناسییەوە، عەقڵگەراکان پابەندن بەو ڕوانگەیەوە کە بە پۆزێتیڤیزم دەناسرێت، ئەوان بڕوایان وایە کە دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کە بەھا و راستی جیاوازیان ھەیە دەتواندرێت لە سەر بنەمای ڕێبازی سروشتی شیبکرێنەوە و پێداچوونەوەی زانستی دەبێت لە سەر ڕاستی و ناڕاستی ئەزموونی بێت بۆ دۆزینەوەی ڕێساکان، بەم مانایە کە ئەکتەرەکان لە جیھانێکدا کار و چالاکی دەکەن کەپێشتـر دیاریکراوە، لە کاتێکدا ڕەخنەگەراکان و بە تایبەت کۆنستـراکتیڤیستەکان، ئەمانە دەخەنە ژێر پرسیار و جەخت لە سەر ناسنامەکان لە بنیاتنان و دروستکردنی بەرژەوەندی و ڕەفتار و کردەوەی سیاسی بکەر یان ئەکتەرەکان دەکەنەوە.

ت- ڕەخنەی میتۆدۆلۆژی:

لە ڕووی میتۆدۆلۆژیەوە، ئەگەر ئێمە ناسنامە و بەرژەوەندی بە پێشووتـر و پێشتـرپێدراو بزانین، ئەوە گرنگی فاکتەر و ڕەگەز و ھێزە مادیەکانمان بۆ دەردەخات، بۆ نموونە: نیوریالیزم بڕوای وایە کە بەرژەوەندی دەوڵەتان لە پێکھاتەی مادی ئانارشیکەوە سەرچاوە دەگرێت، لە کاتێکدا ڕەخنەگەراکان بە تایبەت کۆنستـراکتیڤیستەکان نیشاندەدەن کە بە چ شێوەیەک بارودۆخە نێوان زەینییەکان بە شێوەی سەرەتایی بەرژەوەندی و ھێزی مادی بنیاتدەنێن یاخود دروستیدەکەن .

لە ڕوانگەی تیۆری کۆنستـراکتیڤیزم، بۆ ناسین و شیکردنەوەی ڕەفتاری دەوڵەتان لە سیستەمی نێونەتەوەییدا دەبێت پێش ھەر شتێک گرنگی و سەرنج بدرێتە ناسنامەی ئەو وڵاتانە کە بۆ خۆیان پێناسەیان کردووە، کە دروستکەری عەقڵانییەتی ئەم دەوڵەتە و پێناسە کردنی واقعییەتە لە ڕوانگەی ئەو ئەکتەرەیەوە کە بەرژەوەندی و ویستەکان وداخوازیەکانی لە پەیوندی لەگەڵ جیھانی دەرەوەدا بنیات دەنێت، ھەروەھا بەرگری کردن لەم ناسنامەیە دەبێتە ئەولەویەتی سەرەکی سیاسەتی دەرەوەی ھەر دەوڵەتێک کە ئەمەش ڕەوایەتی بە ڕەفتارەکانی ئەو دەوڵەتە دەدات و لەوانەیە بە پێچەوانەکەی راست بێت بۆ دەوڵەتێکی تـر.

لە ڕوانگەی کۆنستـراکتیڤیستەکان دژایەتی ناسنامەیی فاکتەری سەرەکی جەنگ و پەشێویە و قەیران و پەشێویش بەرھەمی دروستکراوی ململانێیە ناسنامەییەکانە. بەم ھۆیەشەکە ھاوکاری وەک پڕۆسەیەکی فێربوونی کۆمەڵایەتی سەیر دەکرێت، کە دەبێتە ھۆی تێگەیشتنی یەکسان و ھاوبەش لە واقعییەت، ھەروەھا دەبێتە ھۆی دووبارە پێناسە کردنەوەی بەرژەوەندییەکان کە ئەمەش دەبێتە ھۆی پەرەسەندنی ناسنامەکانی بە کۆمەڵ، کە دەتوانێت ھاوکێشەی ئاسایشی چارەسەر بکات.

لە شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە لە ڕوانگەی کۆنستـراکتیڤیستیەوە، پاڕادایمە ھزریەکان فاکتەری دەستنیشانکەری سیاسەتی دەرەوەن و ئەم پرسە لە ڕێگەی دانانی بابەتی ناسنامەی سیستەمی سیاسی لە ناوەندی شیکردنەوەی سیاسەتی دەرەوەدا دەبێت و بەم پێیە بکەرەکان بە پێی ناسنامە و ئەو ڕۆڵانەی کە بۆ خۆیانیان پێناسە کردووە یاخود پێیان دراوە، ڕەفتار دەکەن و بڕیار وەردەگرن.

kameran mihemmed siminar1 perwiz rehim qadir siminar1

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت