ناسر ئێرانپوور وەک پێشمەرگەیەکی کوردستان

0
474
ئاگری ئیسماعیل نەژاد
ئاگری ئیسماعیل نەژاد

نووسینی: ئاگری ئیسماعیل نەژاد

١١ی سێپتامبری ٢٠٠١ لەگەڵ خۆی زۆر بابەت و باسی فکری لە ئێراندا هێنایە ئاراوە کە یەکێک لەو باسانەی کە پاش ١١ی سێپتامبر هاتە گۆرێ، باسی “فیدرالیزم “بوو.

لە گەرمەی باسەکانی پاش ١١ی سێپتامبر لە زانکۆ بووم، و ئەو کاتە دەیان گۆڤاری کوردی لە زانکۆکانی ئێران دەردەچوون کە هەر گۆڤارێک لەگەڵ خۆی کۆمەڵێک باس و بابەتی لە نێو خوێندکاراندا دەناوە و ئەو باس و بابەت و گۆڤارانە هاوکات بوو لەگەڵ هاتنە ئارای بۆشایی دابڕانێکی قووڵ  لە نێو بەرەی پێشوو و بەرەی ئێمەدا، ئێمە زۆربەمان منداڵی لەدایک بووی پاش شۆڕشی نەتەوەکانی ئێران بووین، هەموو تەمەنمان لە ژیر سێبەری نگریسی کۆماری ئیسلامیدا بەسەر بردبوو، ئەوە هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی کە بەرەی پێش ئێمە لە شۆڕشێکی گەورەو مەزندا بەشداری کردبوو، بەڵام بەداخەوە شۆڕش شکابوو و ئەو بەرەیەی شۆڕشی کردبوو هەتا سەر ئێسقان بریندار بوو و هەتا نێوقەدیشی خوێن و قرتماغە بوو.

 ئەوەی پێی دەگوترێ ئێلیت و بژاردەی بەرەی پێشووی ئێمە، یان لە خەباتی شاخدا شەهید بوو، یان لە ترسی کۆماری ئیسلامی لە سوچی ماڵەکەی خۆیدا، خۆی حاشار دابوو، ئەگەر کەسێکیش لە ماشێنی سەرکوت و تۆقاندنی ڕژیم ڕزگاری بووبێ و ئەوە ڕووی کردبووە دەرەوەی کوردستانی ڕۆژهەڵات و جا یان لە ئەرووپا یان لە نێو حیزبەکان لە کوردستانی گەرمێن دەژیا، چ ئەوانەی لە ئوروپا بوون و چ ئەوانەی لە نێو ڕیزی حیزبەکاندا بوون، هەر دووک لایان لە خەڵک و کۆمەڵگای کوردستان دابڕابوون و خوێندکارەکانی کۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتاکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان  لەو دابڕانەدا، گەورە ببوون و گەشەیان کرد، ئەوان بە دەستەکوتە و پلاری کوێری، چالاکییەکانیان دەست پێکرد و  خۆیان پەروەردە کرد و درێژەیان بە چالاکییەکانیان دا.

هاوکات لەگەڵ ئەوە، بابەتێکی تر لەسەر ئێران و ڕووناکبیری ئێران هەیە، ڕووناکبیری ئێران یەکێ لە زیتترین ڕووناکبیرەکانی جیهانە، و بڕوا ناکەم لە دنیادا ڕووناکبیر و کۆمەڵگای  ئاوا یەکدەست و کۆک لەسەر هێندێ بابەت هەبێت، فارس بە چاک و خراپیان و بە ئاقڵ و گەوجیان و بە خوێندەوار و نەخوێندەواریان و لە هەمووی گرنگتر هەموو ڕووناکبیران و سیاسییە فارسەکان  لەسەر ماف نەدان و چۆنێتیی هەڵسووکەوت لەگەڵ نەتەوە غەیرەفارسەکانی نێو سنووری ژێر دەسەڵاتی ئێران یەک هەڵوێست و یەک ڕوانگەیان هەیە و وەک کورد دەڵێ :”هەمووی لە دەمی یەک تفیوون”

 ئەو وایکردووە کە زمانی فارسی لە بابەتی چۆنێتیی ڕێگاچارەی دۆزی نەتەوەکانی ئێران، زمانێکی زۆر لاواز بێت و لە کتێبخانەی ئەو زمانەدا، زۆر بەدگمەن باسێک لەسەر چۆنێتیی ڕێگای چارەسەریی دۆزی نەتەوەی ژێردەستەکان وەچنگ دەکەوێت، نەک تەنیا لەبەر ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ڕێگای پێنادا بەڵکوو نووسەر و لێکۆلەرەکانی فارس، خۆیان سیاسەتی پەراوێزخستنی ئەو باسەیان گرتۆتەبەر، بۆ ئەوەی بتوانن نکۆڵی لێبکەن و لە چوارچێوەی ودیهێنانی خەونی دوڵەت-نەتەوەدا، چالاکییەکانیان بکەن.

جا بەو دوو پێشەکییەوە با بچینە سەر باسی کاک دوکتور ناسر ئێرانپوور لەو گەرمەی باسی فیدرالیزم و بەو دابڕانەی لە نێوان بەرەکانی ڕۆژهەڵات لە دەیەی ٧٠ تا نێوەراستی ٨٠ لە کوردستانی ڕۆژهەڵات هاتبۆوە پێش، گۆڤارە خوێندکارییەکان و چالاکە گەنجەکانی ئەو کاتە، خۆیان تیۆریسیەنی خۆیان بوون و ئەو پەڕەکەی تەنیا هێندێ هاورێ کە چەند ساڵێک لەوان بەتەمنتر بوون، لەوانەبوون دە هەتا دوازدە کتێبیان لەوان زیاتر خوێندبۆوە، یارمەتییان دەدان، ئەگینا هزر و بیر و چەمکێکی تایبەت نەبوو کە بتوانێ دۆزی کوردیان بۆ پۆلێنبەندی بکات و پرسیارەکانیان وڵام بداتەوە و هەمووی دەبوو خۆیان بیکەن و خۆیان بوون و خۆیان و هەر پرسیارێک هاتبایە گۆڕێ هەر خۆیان پشتیوانی خۆیان بوون و دەبوو وڵامی بدەنەوە و شی بکەنەوە.

وەک باسم کرد، باسی فیدرالیزم گەرم بوو و بێ ئەوە بزانین فیدرالیزم چیە؟! و چۆن؟! و بۆ چ دەبێت؟! هەموو خۆمان بە فیدرالیستێکی زۆر توند دەزانی و من ماوەیەک لەسەر فیدرالیزم بە شوێن کتێب و سەرچاوەدا بووم و کتێبخانەی فارسیم سەنگ و سوژندا، بەڵام جگە لە کتێبێکی بەرگ سووری ٢٥٠ لاپەڕەیی، هیچم دەست نەکەوت، ئەویش ناوی “نقدی بر فدرالیسم” بوو و نوسەرەکەی “محەمەد ڕەزا خوبرووی پاک” بوو، بەهەر حال بەناچاری ڕووم کردە ئینترنێت و بزانم ئەرێ لەوێ هیچ هەیە؟!

 ئەوەی ڕاست بێ نە من ئەو کات شتێکی وام لە ئینترنێت دەزانی و نە ئینترنێتیش وەک ئێستا دنیایەکی پر لە خواست و ویست بوو!! لە پەنا ئەوەش زۆر بەکەمی دەرفەتی کەڵکوەرگرتن لە ئینترنێت هەبوو، تەنیا لە زانکۆ دەمتوانی ئینترنێت وەدەست بێنم و کەڵکی لێوەرگرم، ئەوەیش حەتووی کاتژمێرێکزیاترم وەبەر نەدەکەوت و سەرباری ئەوەش ئەمن لە کۆلێژی تاقیکاری بووم و سەرۆکی کۆلێژەکە بڕیاری دەرکردبوو کە خوێندکاری ئەو کۆلێژە تەنیا مافی ئەوەیان هەیە بچنە نێو ماڵپەرە پزشکییەکان و تەنیا بۆیان  هەبوو بابەتی پزشکی دابەزێنن “هەی بە کلکی خێوی”!!!!

 لەو قەیرانەدا و بەو ژانەسەرانەوە، توانیم چەند وتارێک لەسەر فیدرالیزم بدۆزمەوە و بە دزییەوە و لەسەر سی دی دابنێم و بچم لە شوێنێکی دوور لە چاوی نەیاران ڕایکێشم، ناوی نوسەری ئەو وتارانە، “ناسر ئێرانپوور” بوو!!!

من نەمدەزانی “ناسر ئێرانپوور” کێیە؟! و چ کەسە؟! و لە کوێ دەژی؟! بەڵام دەمزانی تەنیا ئەو بەزمانی فارسی باسی لە فیدرالیزم کردووە و کەسی تر وتار و کتێبی لەسەر فیدرالیزم نییە و پێشم وانەبوو کورد بێت؟!

 بەهەر حال، ساڵ هاتن و ڕۆیشتن و ئینێرنێت بە وڵاتدا بڵاوبۆوە و ڕایەڵەی کۆمەڵایەتی، قوڵاغی پەیدا بوو، ئەو کات زانیم ناسر ئێرانپوور کوردە و لە ئەڵمان دەژی، هیچ کات نەمتوانی پەیوەندی لەگەڵ ئەو مامۆستایەدا بگرم و قسەی لەگەڵ بکەم بەڵام هەمیشە وەک پێشمەرگەیەکی دڵسۆزی کورد سەیرم کردووە و پێم وابوو و پێشم وایە، لانیکەم ئێمەمانانی لەو گەنجتر و بەرەی دوای ئەو پێی قەرزدارین.

بەداخەوە دڵە گەورەکەی شەوی ٢٤ی دێسامبری ٢٠١٦ لە وڵاتی ئاڵمان لە لێدان کەوت، ئەوەم بۆیە نووسی کە بڵێم زۆر کەس بەنەهێنی هەتا سەر پێشمەرگەن.

 ڕوحی کاک ناسری  پێشمەرگە و نووسەر  شاد بێت و ڕێگای بەردەوام و سەری کوردستان سڵامەت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت