مەترسی و هەڕەشەکانی پەرەسەندنی بیرۆکەی ئیسلاح تەڵەبی لەسەر خەباتی ڕۆژهەڵات/ بەشی دوو

0
503

ڕۆژی کورد: خەباتی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەک خەباتی هەر سێ پارچەی تر، لە ڕێگەی پڕ لە هەوراز و نشیوی خۆی، تووشی گەلێک تەنگ و چەڵەمە بووە، ئێستا ئەو تەگەر و کۆسپانە بە هۆی کشانەوە لە ناوخۆ و ڕووکردنە باشوور و دواتریش جیابوونەوە یەک لە دوای یەکەکانی حیزبەکان و هەوڵدانیان بۆ ڕاکێشانی خەڵکانی ناوخۆ و دەرەوە بۆ لایەنی خۆیان و کورد گوتەنی بۆ زۆر و بۆر بوون، وایکردووە، کەسانێکی بەناو ڕیفۆرمخواز کە ناخێکی سەر بە ڕژیم، ڕواڵەتێکی ئیسلاح تەڵەبانە و درووشمی کوردستانیانەیان بە ڕواڵەت هەڵگرتووە بە چەند شێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ پەل بهاوێژنە ناو حیزبەکان و ئەوەش وایکردووە کە لەلایەک دەرفەتی کاری هاوبەش و لەلایەکی تریش یەکگرتنەوەکان بە هۆی هەبوونی درووشم و تاکتیکی یەکجار لێک جیاواز، بکەونە مەترسیی جیدییەوە و خەبات لە ڕۆژهەڵات تووشی سەرلێشێواوی و پەرتەوازەبوون بکەن و جارجار تا لێواری ترازان و هەڵدێریشی ببەن، ئەوەش لە حاڵێکدایە کە سیاسەتی فارس و ڕژیمی شوینیستیی ئاخووندی بە دژی کورد نەتەنیا هیچ گۆرانکارییەکی بەخۆیەوە نەبینیوە بەڵکوو پەرەی سەندووە و دەست تێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لە هەموو پارچەکانی تریشدا بەدی دەکرێ. ناوەندی ڕۆژی کورد بۆ شیکاریی مەترسی و هەڕەشەکانی پەرە و گەشەسەندنی ئەو بیرۆکە نامۆیە کە خۆی هەڵقووڵاوی ژوورە هزرییەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتە (بە بەڵگەوە ئەو بانگەشەیە دەکەین)، ڕای شەش کەس لە خاوەن ڕایان و شرۆڤەکارانی سیاسیی کوردی وەرگرتووە کە لە سێ بەش ـدا دەخرێنە ڕوو.

موختار هووشمەند، شرۆڤەکار و چاوەدێری سیاسی لەمبارەوە وەها پەیڤی:

موختار هووشمەند

ئەگەرچی بیست ساڵ پێش ئێستا و بە هاتنی موحەممەدی خاتەمی، ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیی ئێرانی هەندێ چەمکی نوێی هێنایە نێو ئەدەبیاتی سیاسیی ئێرانەوە، بەڵام بینیمان کە نە ئەو ڕەوتە خاوەن ئیرادەی پێویست بوو بۆ جێبەجێکردنی درووشمە ڕێفۆرمخوازانەکانی، نە نیزامی ئیسلامیش زەرفییەتی ئاڵووگۆڕ و ڕیفۆرمی لەخۆی پیشان دا. بەپێچەوانەوە شاهێدی ئەوە بووین کە چۆناوچۆن لە ڕێگای بەکارهێنای حوکمی حکوومەتی و دەزگای دادوەری و هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەکانەوە، هەم لە قۆناغی دەسەڵاتداریی خاتەمیدا هەمیش پاش ئەو، هەوڵی سەرکوتکردنی ڕیفۆرمخوازان درا. پاشانیش بینیمان کە چۆناوچۆن بە تێکەڵکرانی هاشمی ڕەفسەنجانی و کەسانی هاوشێوەی ئەو، ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیی ئێرانی خرایە خزمەت کۆماری ئیسلامییەوە و  ڕیفۆرمخوازەکانیش خرانە پەراوێزەوە یان کرانە پاشکۆی ڕەوتەکە! بۆیە ئەگەر پێشتر بڕوامان بە بوونی ڕەوتێکی ڕێفۆرمخوازیی لە ئێراندا هەبووبێ، ئەبێ بڕوا بەوەش بکەین کە پاش سەرکوت و بەلاڕێدابرانی ئەم ڕەوتە لەلایەن دەسەڵاتەوە، لە ئێستادا شتێک بەناوی ڕەوتی ڕێفۆرمخواز لە ئێراندا بوونی نییە و ئەوەی کە هەیە تەنیا ڕووکەش و لەعابێکی درۆیین و ساختەیە لە ڕیفۆرم و ڕیفۆرمخوازیی. ئینجا ئەگەر ئەم ڕەوتە ڕووکەش و درۆیینە  دەتوانێ بۆ ئێرانییەکان، بەتایبەت بۆ نەتەوەی باڵادەست دڵخۆشکەر و شایانی پشتیوانیکردن بێ، ئەوا دڵخۆشکردنی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێران پێی و پشتیوانیکیردنی ئەوان لێی، تەنیا بەمانای خزمەت کردنە بە کۆماری ئیسلامی.

کاتێک ڕیفۆرمخوازی نەتەوەیەکی وەکوو کورد، لەوپەڕی بێ شوناسی و بەستراوەیی و لە پۆزسیۆنی پاشکۆیەکی موخلیس و خزمەتگوزردا دەبێتە بڵیندگۆی ڕەوتی ساختەی ڕێفۆرمخوازیی ئێرانی و بە بێ کەمترین داخوازی،ی دەنگی “بەڵێ” بە ویلایەتی فەقێ دەدات و دەبێتە ئۆپۆزسیۆنی حیزبە شۆڕشگێڕەکان. لێرەدا مەترسیداربوونی پرسەکەمان زیاتر بۆ دەردەکەوێت و لەوە دەگەین کە چۆناوچۆن جیلێکی دۆڕاو و بەرژەوەندیخواز خەریکن ئاستی داخوازییەکانی کوردی ڕۆژهەڵات نزم دەکەنەوە و هەرزانفرۆشی دەکەن. دیارە ڕەوتی ڕێفۆرمخوازیی کوردی، ڕەوتێکی فرەچەشن و ناتەبایە و سەرباری ئەوەی خاوەن خاڵی هاوبەشن، بەڵام ناکرێ هەموویان بخەینە تای تەرازوویەکەوەو وەکوو یەک دادوەرییان لەسەر بکەین. بۆیە ئەگەر ڕەوتەکە بە گشتی بە مەترسی بزانین، ئەوا مەترسیدارترین ڕەنگی ناو ئەم ڕەوتە ئەو کەسانەن کە زیاتر لەوەی داخوازییەکانی کورد بەرز بکەنەوە، دژایەتیی حیزبە کوردییەکان دەکەن و دەیانهەوێ لە ڕۆڵ و پێگەی شۆڕشگێڕانەی ئەوان کەم بکەنەوە. هەندێ لەم کەسانە سەرباری ئەوەی خاوەن پێشینەی دژایەتیکردنی کۆماری ئیسلامین، بەڵام لە ئێستادا بە فەخرەوە دەنگی بەڵێ بە کۆماری ئیسلامی دەدەن!

لە قۆناغی یەکەمی ڕێفۆرمخوازیدا لە ئێران، یەکێک لەو بابەتانەی ڕیفۆرمیستەکان تاووتوێیان دەکرد و پلانی جۆراوجۆریان بۆ دادەنا، ئەوە بوو کە چۆناوچۆن “دوژمن” بکەنە “دژبەر” و پاشان بیکەنە “هاوڕا” و لەم پێوەندیەشدا دروشمی “بژی دژبەری من”ـیان بەرزکردەوە. بۆیە ئەوان لە ڕێگای جۆراوجۆرەوە دەستبەکار بوون و توانییان کاریگەری لەسەر خەڵکانێکی زۆر دابنێن. هەندێ لە پرۆژەکانی ئەوان ئەوەندە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی بوو کە تەنانەت پاش کۆتایی هاتنی قۆناغی سەرکۆماریی موحەمەدی خاتەمیش، بەردەوام کران. بانگەشەی جۆرێکی تایبەت لە بیروبڕوای لیبراڵیستی لە ڕێگای چاپی کتێب و گۆڤارەوە یەکێک لەو شێوازانە بووە کە کۆماری ئیسلامی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا بە هۆیەوە ئاستی داخوازیی کەمایەتییە نەتەوەییەکانی ئێرانی پێ هێناوەتە خوارەوەو توانیویەتی هەندێ خەڵک لە پۆزسیۆنی دژایەتیکردنەوە بکاتە دژبەرێکی نەرم یان هاوڕایەکی دڵسۆز و خزمەتگوزار! بە واتایەکی تر ئەو بیروبڕوا لیبراڵیستییە، ڕەتی هەموو ئەو شێوازانە لە کار و چالاکی و بیرکردنەوە دەداتەوە کە تێیاندا گرنگی بە چەمکی “شۆڕش” دەدرێت و بەم هۆیەشەوەیە کە ئەوانەی کە کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئەم بیروبڕوایە، لە باتی تاوانبارکردنی کۆماری ئیسلامی، ڕەخنەکانیان ڕووبەڕوی حیزبە شۆرشگێڕەکان دەکەنەوە. ئەگەر بەوجۆرەش نەکەن ئەوا کۆماری ئیسلامی و حیزبە کوردییەکان وەک یەک بە تاوانبار دەزانن و لەم حالەتەشدا پەراوێزخرانی حیزبە کوردییەکان و هەندێ ڕیفۆرمی سەرەتایی لە کۆماری ئیسلامیدا، بە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکان دەزانن!.

 بەو پێیە کە ئەو کەسانە نیازپاکیی خۆیان بە کۆماری ئیسلامی پیشان داوە و بوونەتە  “هاوڕای”ی ئەو دەسەڵاتە، ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا تریبوونی جۆراوجۆریان پێبدرێ تاکوو لەو ڕێگایەوە هەوڵی دژایەتیکردنی کەلتوور و نەریتی شۆڕشگێرانەی باو لە کوردستان بدەن. بۆیە دەخوازێت حیزبی کوردی، تاکی کورد و کۆمەڵگای کوردستان، زۆر ئاگایانە لەگەڵ ئەم دیاردەیە هەڵسووکەوت بکات و بەشێوازی جۆراوجۆر لە بەرانبەریدا بوەستێتەوە و هەوڵی لاوازکردن و نەهێشتنی بدات.

ڕەزا ئەمینی، چالاک و شرۆڤەکاری سیاسی لەمبارەوە وەها دەهزرێ:

ڕەزا ئەمینی

بە گشتی بۆ لابردنی هەر هەڵاواردنێکی نەتەوەیی، ئەتنیکی، سیاسی، ڕەگەزی و هتد… بەربەرەکانی و شێوازی ڕووبەڕووبوونەوەی دەسەڵاتی سەپێنەری دیاردە ناپسەندەکانی مرۆڤایەتی، دەکرێ وەک بایەخ و فاکتەری ئەرێنی لێی بڕوانین.

بزاڤی بەرگری لە شوناس و مافی نەتەوەیی کورد لە کوردستانی بندەستی ئێران، لە سەرەتاوە تا هەنووکە بە دوو شێوازی: نافەرمانیی مەدەنی یان خەباتی سەرشەقام و بەرگریی چەکداری خۆی دەرخستووە.

 بوار و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دیکتاتۆریی دەسەڵاتی ئێران، بە مەیل و ئیرادەی کاراکتێکەرە خەباتکارەکانی مەدەنی و سیاسی یکورد نەبووە و لە بنەڕەتدا هەر داوایەکی گەلی کورد بە توندترین میتۆدی داپڵۆسێنەر لەلایەن دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییەوە وڵام دراوەتەوە .

سەرکوتی ناڕەزاییەتییەکانی سەرشەقام، تا 2ی جۆزەردانی ساڵی 1376ـی هەتاوی لە لایەک و بەربەرەکانیی خەڵکی کوردستان لە لایەکی دیکەوە، سێ فاکتەری هێنایە ناو هاوکێشە سیاسییەکانی کورد و دەسەڵات:

یەکەم: کۆماری ئیسلامی و خەڵکی کوردستان لە بەرەی دژبەری یەکتر دابوون.

دووهەم: کۆماری ئیسلامی خاوەن هیچ پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە نێو خەڵکی کوردستاندا نەبوو.

 سێهەم : ویست و داخوازییەکانی کورد وەک ستراکتۆری نەتەوەیی گەڵاڵە کرابووە و بابەتێک بە ناویڕێفۆڕم و چاکسازی لە دەسەڵات بۆ کورد بابەتییانە نەبوو .

بە دوای ئەو قۆناغەدا و لە ژێر کارتێکەریی بزووتنەوەی ڕێفۆرمخوازیی سەراسەری لە ئێراندا کە مەبەستیان گەیشتن بە مکانیزمەکانی هێز و دەسەڵات لە تاران ـدا بوو و ئامانجیان چاکسازییەک لە پێکهاتەی کۆمەڵگا و دەسەڵاتدا نەبوو، لە کوردستان  بەشێک لە چینێکی مامناوەندی ناو شارەکان، بە کەڵک وەرگرتن لە ناڕەزایەتییەکانی سەرشەقامی کوردی کە هەڵگری تایبەتمەندیی سێ فاكتەری ئاماژە بۆکراوی سەرێ بوو، هاتن و ویستیان سواری شەپۆلەکانی ئەو دەسکەوتە لە نافەرمانیی مەدەنی بن، ئەوان لەبەر ئەوەی کە نەیانتوانی ویست و داخوازییەکانی کورد وەک نەتەوە درک پێبکەن، کەوتنە ناو باس و دیسکۆرسێکی ڕێفۆرمخوازیی چەواشەیان ئاراستە کرد و نەیانتوانی ببنە پاڵنەری جووڵە و داخوازییەکانی سەرشەقام، چونکە لە بنەڕەتدا ئامانجەکەیان گەیشتن بە هیندێک خاڵ و ساتوسەودای تۆێژی خۆیان  بوو.

لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا و لەگەڵ پەرەئەستاندنی خەباتی نەتەوەیی و بزووتنەوە دێمۆکراتیکەکانی ناوچەدا، بەشێک لە بەناو ڕێفۆرمخوازانی کورد ویستویانە لەنگەرێک بۆ دەسەڵاتی تاران ڕابگرن و بە هێنانی هیندێک چەمک و دەستەواژەی سواوی مافی شارومەندی، ویستویانە کارتێکەرییان بەسەر ڕووداوەکانی ناوخۆیی کوردستاندا هەبێ و لە پەراوێزی نەبوونی حیزبە سیاسییەکانی تاراوگە، بە ئامانجی هەرزانفرۆشکردنی شۆڕش و دەسکەوتەکانی، کەوتوونە خۆ و لە سەر هیندێک هەڵوێستی بابەتییانەی بەرگریی چەکداری، ڕەخنەیان ئاراستەی بزووتنەوەی کورد کردووە، ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەرانبەر دوو سیاسەتی ئاسمیلەو  ژێنۆساییدی کورد لەلایەن دەسەڵاتی ئێران، هەڵوێستی شیاویان نەنواندووە و بەرانبەر ئەو هەموو ناڕەزایەتی و سەرکوتەی کۆماری ئیسلامی، شتێکی شیاویان نەگووتووە.

ئەو بەشە لە ڕێفۆرمخوازان، نەیانتوانیوە تێکەڵاوی خەباتی مەدەنیی خەڵک بن. هەم لەلایان خەڵکەوە متمانەیان پێنەکراوە و هەمیش لەلایان دەسەڵاتەوە وەک لایەن و هێزێکی ناوخۆیی و ئۆپۆزیسیۆن وەرنەگیراون و لە هاوکێشە سیاسیەکاندا ڕۆڵ و کارتێژکەرییان نەبووە.

هیندێک لایەنی سیاسی ویستیان بە جۆرێک ئەوان ڕێبەری بکەن تا وەک هێزێکی کارتێکەر هەڵسو کەوت بکەن و وەک فاکتەری حیزبە خەباتکارەکانی سەرشەقامی کوردی لە باکووری کوردستان بیاننرخێنن بەڵام دیسان بە هۆی ناکارامەبوونی ئەوان و ستراتێژیی هەڵەیان تا بە هەنووکەش وەک بەشێک لە پاشکۆی ڕێفۆرمخوازانی دەسەڵاتی ناوەند ناسراون.

لەڕوانگەی منەوە ئەو توێژە ناتوانن ڕێبەریی بزووتنەوە مەدەنیەکانی سەرشەقامی کوردی بکەن و نە نوێنەری خەڵکن و نە نوێنەری حکومەتی تاران و لە بارودۆخێکی لەباردا وەک هەموو ڕەوتێکی چەوتڕۆیشتوو دەکەونە پەراوێزی جووڵە نەتەوەییەکان .

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت