مشتوومڕێکی دوو کەسی لەسەر بزاڤی کوردستانی خۆرهەڵات

0
310

خوێنەری هێژا:

باسی بەردەستت مشتوومڕێکی دوو کەسییە کە ڕێکەوتی ٢٧ و ٢٨ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی لە نێوان خاتوو شەقایق ڕەحمانی[i]، کارناسی زانستە سیاسییەکان و عەبدووڵا ڕەسووڵی، چالاک و چاوەدێری سیاسی، لەسەر مژاردی (بزووتنەوەی کوردستانی خۆرهەڵات) لە گەورەژووری ڕاوێژ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تلێگرام ئەنجام دراوە.

ڕاوێژ: بابەتەکە بەم پرسیارەوە دەست پێدەکەین، ئایا لە ۆرهەڵات بزوتنەوەیەک هەیە و فۆرمی چۆنە؟

شەقایق ڕەحمانی
شەقایق ڕەحمانی

ڕەحمانی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەمڕۆ بزووتنەوە بەو شێوەی که لە پارچەکانی دیکەی کوردستان بە پێی باروودۆخ و هۆکارە جۆراوجۆرەکان بوونی هەیە زۆر لاوازە

ڕاوێژ: لاوازیەکەی لەبەر چییە؟

ڕەحمانی: پرسیارێکی زۆر هەستیارانەیە گرینگترین خاڵ بە ڕای من پۆلۆڕالیستیک بوونی کۆمەڵگای کوردی لە ڕۆژهەڵاتە هەر وەک دەزانن تەواوی زاراوە کوردیەکان لە ڕۆژهەڵات وێژەریان هەیە و خاڵی گرینگی دیکەش بوونی ئایین و ئایین زا جیاوازەکانه کە بە داخەوە ئەم پۆلۆڕالیسمه نەبووەتە هۆی دەڵەمەند بوونی پێکهاتە کوردی و بە پێچەوانە ڕێگر بووه لە هاوبیری و یەکگرتنی زۆرتری کورد لەم.بەشە لە کوردستاندا. هەروەها ڕووبەڕوو بوونەوەی ئایدەئولوژیای مارکسی و ئیسلامی سیاسی و بزووتنەوەی نەتەوەیی لە ساڵانی ڕابردوو ئەم دۆخەیە نالەبارتر کردووه که پێکهاتەو و بزووتنەوەی ماڤ خوازانەی مه بە ئاکامی چاک نەگەیشتووه.

ڕاوێژ: بەرێزتان گوتتان بزوتنەوەی کورد لە خۆرهەڵات وەک پارچەکان دیکە نیە، ئایا شیوەیهک خەبات وەک چەکداریی دەتوانێت لە هەموو پارچەکان وەڵامدەر بێت؟

ڕەحمانی: بێ گومان نا شێوەی خەباتی چەکداری بە تایبەت لە دونیای ئەمڕۆدا ناتوانێ وڵامدەری کێشەکان بێت. لە دونیای سیاسەتدا گەورەترین هێز , هێزی ڕازی کردنە (اقناع) که زۆر پێوەندیەکی پتەوی لە گەڵ بیری گشتی لە دنیا هەیە. کۆمەڵناسی سیاسی سەردەمی ئەمڕۆ بەرەو هەوڵدان بۆ دێموکراسییەت دەچێت. گرینگترین مانا لە دێموکراسییەت که دیسکۆرسی زاڵی ئەمڕۆکەدا دیالۆگە.

عەبدووڵڵا ڕەسووڵی
عەبدووڵڵا ڕەسووڵی

ڕاوێژ: باشە، هەندێ لایەنی پارچەکانی دیکە لەو باوەڕەن دەبێت خۆرهەڵات ببێتە کوپی ئەوان، ئایا بە راست شتی وەها بەو جیاوازیانەوە گوتت دەلوێ؟

ڕەحمانی: پێشتریش عەرزم کردی هەر پارچەیەک لە کوردستان تایبەتمەندی و باروودۆخی جیاوازی خۆی هەیە. ئایا بۆ نموونه کوردی ڕۆژئاوا هێندەی بەڕێزت لە تایبەتمەندی پان ئێرانیسم ئاگاداره؟ یان دەزانێ بۆ نموونه ئێمە چ پێوەندیەکی چاندی و هونەری مان لە گەڵ لۆڕ و بەختیاری هەیە؟ نا بێ گومان بەڕێزت که ڕۆژهەڵاتیت باشتر ئاگاداریت.

ڕاوێژ: کە وایە چۆن پارچەکانی دیکە و حیزبەکانیان هەوڵی دەست تێوەردان لە خۆرهەڵات دەدەن ئایاسەرکەوتوو دەبن؟

ڕەحمانی: چۆن دەستێوەردانێک تکایە ڕوونتر ئاماژەی پێ بکه.

ڕاوێژ: لە دروستکردنی حیزبەوە هەتا راکیشانی خەڵک.

ڕەحمانی: هەڵبەت دروست کردنی حیزب و ڕاکێشانی خەڵک بەو واتا که کوردی ڕۆژهەڵات هاوکێشەی کوردانی دیکەن ناڵێم کارێکی خراپه یان خراپ نییه من ئەم هەوڵە به نازانستیانه دەزانم. کوردستانی ڕۆژهەڵات ئێستا برین و ئازاری تایبەت به خۆی هەیە که تەنانەت ئەحزابی سوننەتی ڕۆژهەڵاتیش زۆربەی ئاگاداری نیین، واتا دەردی مه دەردی حیزبی نییە بەڵکوو حیزبەکان ئاستەنگ و چەڵەمەیان بە داخ و کەسەرێکی زورەوە بێشتر بووه بۆ کوردی ڕۆژهەڵات.

ڕاوێژ: لە قسەکانت دەگەمە ئەو ئەنجامە خۆرهەڵات تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئایا ئەم تایبەتمەندیە نەبووەتە گرفتی بەردەم ئەوانەی وا دەست لە خۆرهەڵات وەردەدەن؟

ڕەحمانی: بەڕێز کاک عەبدۆڵڵا وڵامی ئەم پرسیارەت دەتوانی لە وڵامە پێشووەکان من ببینی. کێشەی ئەمڕۆی ڕۆژهەڵات لە ناوخۆی وڵات چارەسەر دەبێت که من بە خەباتی مەدەنی نێوی دەبەم.

ڕاوێژ: ئەگەر دەردی ئێمە حیزب نییە، ڕێگاچارە بۆ دەربازبوون لە دۆخی ژێردەستی چیێە؟ کێ دەتوانێت ڕابەریی سیاسی خەڵک بکا؟ کە وایە ئایا ئەو حیزبانە شەڕی چەککداریێان راگرتووە یارمەتیدەر نەبوون بۆ گەشەکردن خەبات مەدەنی؟

ڕەحمانی: کۆمەڵگای مەدەنی لە ئێران بە تایبەت تەحەزوب و سەندیکالیسم لە ئێران زۆر لاوازن هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی پڕ لە ئیستیبدادی ئیمپراتووریەکان و ئەو میراتەی که بە شێوازی جۆراوجۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناویین هاتووەتە گۆڕێ.

ئەوەی که فەرمووتان لە پرسیاری دووهەم بەڵێ وایە ئەو کارە زۆر شیاوە بەم بۆنه که لە کەشی ئارام و هێمن لایەنەکان چاکتر دەتوانن بیر لە چارەسەرێکی ئاشتیانە بکەن.بەڵام خاڵی گرینگ لێرەدا هێزە . بزاڤی کوردی هێشتا نەیتوانیەوەو ئەندازیاری ئەو هێزە نەهێنیە بکات واتا هێشتا پۆتانسیەلی هێزی نەرمی خۆی نەدۆزیوەتەوە.

ڕاوێژ: ئايا مه يداني سياسي ئێران هنده ئاواڵە دەبيني كه خەباتي مەدەنی بكرێت؟؟ نمونەيەكی مافويستیمان بۆ باس بكه لەو خەباتە مەدەنيانه؟ هەروەها باسی ديالۆگيشتان كرد ئێمه تاواني ديالۆگمان داوه. بەڕای جەنابت له وڵاتێکی وەك ئێراندا كه باوەڕی نه به ديالۆگه نه به مەدەنيەت چۆن ئەو ڕێچارانه بەرەو  پێش دەچن؟

ڕەحمانی: باسی دیالۆگ و بە شێوەی گشتی دێموکراتیزاسیون پرۆسەیە و لە کاتێکی دیاری کراو بە ئەنجام ناگات.  من وەکوو خوێندکارێک که لە سەر مێژووی سیاسی وڵاتانی جۆراوجۆر کۆڵیمەتەوە پێم وایە ئەم خەباته مەدەنیانه لە درێژخاێین بە ئاکامی چاک گیشتنە.

نموونەی هەرە ڕوونی شوڕشی فەڕانسایە که ژاکوبنەکان که لایەنی توندڕەوی شۆڕشگێڕەکان بوون لە ئاکامدا شکستیان هێنا و بەردەوامی پرۆسەی دیالۆگ بوو بە هۆکارێک که ئەمڕۆ فەڕانسا لانکەی ڕۆشنبیری و خۆشگوزەرانی ئوروپایە.

ڕاوێژ: باشە، خاتوون دیموکراسی کولتورە و لایەنی بەرامبەری ئێمەش سەلماندوویەتی باوەڕیان پێ نیە، ئایا لەم حاڵەتە خەبات مەدەنی ئەنجامی دەبێت یا هەرشکستی فکرێکی ساختەیە؟

ڕەحمانی: با بێ گومان پڕبایەخترین ڕێگا درێژەدان بە دیالۆگه بەن چەند هۆکار:

یەکەم: کورد لە ئەنجامی پرۆسەی دێموکراتیزاسیۆن تەنیا نییە

دووهەم: دەسەڵاتی تاران دەسەڵاتێکی تەواو توتالیتر نییە(هاوڕێیانم لێ زیز مەبن ڕای شەخسی خۆمە).

ڕاوێژ: لە سەردەمی خاتەمیەوە کەسانێک بە ناو ڕێفۆرمخواز کار دەکەن و ناویی کوردیان هەیه، دەستکەوتیان چی بووە؟

ڕەحمانی: دەستکەوتی ڕێفۆرمخوازی کورد نه تەنیا پۆزێتێڤ نەبوو بەڵکوو بە پێچەوانه نێگەتیڤ بووه  بۆ چی؟ بۆ ئەوەی که ڕێفورمخوازی کورد چاوی لە دەست تاران و حیزبی مۆشارێکەت بوو من قەت بڕوام بە ڕێفورمخوازی کورد نییە چۆن لێیان تێکچووه که کورد مێژوو و ماف و تایبەتمندی و بە گشتی زمانی تایبەت بە خۆی هەیه که کابرای تارانی قەت تێناگات. بە بڕوای من ئەرکی چارەسەری ئاشتیانه لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت لە سەر دەستی بزاڤی کوردی و ئەو ڕۆڵە ئازایانه بێت که کوردایەتیان کردووه نه ئەو ئیسلاح تەڵەبە که مەقهوور و مەبهووتی تارانه.

ڕاوێژ: خاتوون، چارەسەر، سەرکردایەتی و ڕابەری دەوێت وەک دوایین پرسیار کێ ڕابەرە بۆ ئەو چارەسەرییە، ڕێکخراو یان تاک؟

ڕەحمانی: ئەو تاکه یان ئەو پێکهاتە که بە باشی بتوانێ ئەندازیاری هێزە نەرمەکان بکات، هەڵبەت هەر بە نەوعە که عەرزم کردی تەنها لایەنێک ناتوانێ سەرکردایەتی بکات بەڵکوو دەبێت لە سەر چەمکی کورد بوون هاوکارییەکان ئاکارێکی جوان بخولقێنێ. مێژووی سیاسەتی کوردی وانەیەکی باشە بۆ دووپات نەکردنەوەی هەڵەکانی جاران. بۆ نموونه چاو لە کونگرەی چوار و هەشتی حدکا بکەن یان چاو لە شەڕی براکوژی خوێندنەوەیەکی پاتۆلۆژیانه زۆر زۆر پێویسته بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو.

ڕاوێژ: لە کوردستان دوو ڕوانگە بۆ خەبات هەیە یەکەم ئەوەیە هەر پارچەیەک خەباتی خۆی بکا بە مەرجێک خیانەت بە پارچەکانیتر نەگەینێت ئەمەش فکری دکتۆر قاسملۆیە و ڕوانگەی دووهەم خەباتێک بۆ هەر چوار پارچەیە ئەویش فکری پەکەکەیە ئێوە کام لەم دووەتان پێ باشە بۆ خۆرهەڵات؟

ڕەحمانی: پێم وایە عالەمی سیاسەت و هزر و هەڵسووکەوتی سیاسی عالەمێکی سەیالە واته بەپێی کات دۆخەکان لە ئاڵ و گۆڕ دان دەبێت بزانیین دۆخی زەمانه چ دەڵێ؟ سازانی زۆربەی چالاکان و هەڵسووڕاوان و بەرایەندی ئەو هزرانە چلۆنن و چۆن دەتوانیین بۆ گەلەکەمان ئاشتی و ئازادی و خۆشگوزەرانی دەستەبەر بکەین؟ جارێکان پرسیارێکیان لە مەهاتیر مەحەممەدی سەرۆک وەزیرانی مالێزیا کرد که چۆن توانیتان لە ماوەیەکی کۆرت دەستکەوتی باشتان بۆ وڵاتتان بە دەست بێنن؟  -: مهاتیر لە وڵامدا کوتی ئێمه پێکەوە توانیمان باش کار بکەین.

ڕاێژ: بە راست لەم سات و کاتە ئەو دوو رایە کامیان باشترە و بۆ؟

ڕەحمانی: لە وڵامی پرسیارەکانی پێشوودا وڵامم دانەوە کە   کوردستان نەتەوەیەکە بێ دەوڵەت که دابەش کراوە به سەر 4 وڵات که هەر کام لەم وڵاتانه میراتخۆری ئایدئولۆژیا و ئیمپراتوریەتی تایبەت بە خۆیانن بۆ نموونه فانێکشێنەکانی پان تۆرکیسم لە گەڵ بیری  خەلافەتی ئیسلامی زۆر جیاوازه .

یان میراتی شاهەنشاهی که ئێستا پێی دەکووترێ ئێران دە گەڵ ئاست و دۆخی عوسمانیەکان جیاوازە . بۆیە هەر پارچەیەک لە کوردستان لە باری سیاسیەوە جیاوازن هەرچەند هاوکات میللەتێکین که خۆشی و ئازارمان تێکەڵاوه.

ڕاوێژ: پێشت باسی خەباتی مەدەنیتان کرد و تا ڕادەیەک شەڕی چەکداریتان ڕەتکردەوە، بە ڕای ئێوە ئێران لە بوار سیستەم سیاسیەوە بەستێنی خەبات مەدەنی هەیە؟

ڕەحمانی: ئەم پرسیارەم وڵام دایەوە، تا ئەو جێگا که من دەزانم دەتوانیین هەنگاوهایەک بۆ خەباتی مەدەنیانە هەڵگرین. سیستەمی سیاسی لە ئێرانیش وەکوو زۆربەی سیستەمەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناویین لە بۆشایی نەبوونی دێموکراسی ئازار دەبینێ بەڵام لایەنهایەک لە حکوومەتیش بوونیان هەیە که بڕوایان بە ووتوێژ و سازان هەیە هەرچەند ئێستاکه زۆر کەم دەسەڵاتن.

ڕاوێژ: ئەو لایەنانە کە باوەڕیان بە سازان هەیە، باوەڕیان بە سازان لە ناو خۆیان هەیە یان  باوەڕیان بە مافی نەتەوەکانیش هەیە؟

ڕەحمانی: نه، بهداخەوە هەرچەند دروشمی دێموکراسیەت دەدەن بەڵام هێشتا ئەوانیش لە گەڵ ماڤی نەتەوایەتی کورد و پێکهاتەکانی دیکه نیین و زۆرتر چاو و دڵیان بە ناوەند واتە تاران هەیە. هۆکاری سەرەکیشی بێ دەنگ بوونی کۆمەڵگای مەدەنی غەیری فارسە که نەیتوانیوە داخوازییەکانی خۆی بێنەتە گۆڕەپانی سیاسی لە ئێران. پێم وایە ئەگەر لایەنە پەراوێزکەوتووەکان بتوانن چالاکیان بەرز بکەن لایەنی دێموکراسی خوازیش هاو دەنگ دەکەن.

ڕاوێژ: بۆ هەموو تاوانەکان دەخەیتە ئەستۆی کورد ئایا ئەوانیش گوێ دەگرن؟ ئایا تا ئێستا گوێیان بۆ بچوکترین شت گرتووە؟ ئایا ئەوانیش وەک تورکیا تەنیا دیموکراسیان بۆ خۆیان ناوێت و کورد ڕەت ناکەنەوە؟

ڕەحمانی: بێ گومان ئێمه تاوانبارین، هەم لە باری هەڵسووکەوت لەگەڵ دەسەڵاتی ناوەندی و متمانه و تاکتیک و ستراتێژی ، هەم چارەسەر نەکردنی کێشەی نێوان لایەنه کوردییەکان. عەقڵیەتی ئێمه زۆر لە ڕاسیونالیزمی سیاسی دوورە، ئەلف و بێی سەرەتاییمان لەبەر نەکردووە که واتا دەبێت شمشیری ڕەخنه هەوەڵ جار بەرەو لای خۆمان هەڵکێشین. خەبات تەنیا فیداکاری و گیان بەخت کردن نییە بەڵکوو لەوە گرینگتر عەقڵیەت و کەمتر تێچوو دانه که بەداخەوە لە ئاستی سیاسی ئێمه ئەم شته بەر چاو نەبووه.

ڕاوێژ: پێم سەیرە بەڕێزت هەموو شۆڕشگێرانی کورد دەبەیته ژێر پرسیار و دوژمن بە بێ تاوان دەردەکەی، ئەگەر وایە بەڕێزتان بۆ سەرکردایەتی ئەو ڕوانگە و عەقڵە ناکەن؟ چۆن کەسانی دیکە لێ تێنەگیشتوون؟

ڕەحمانی: ئەرکی من وەکوو قوتابی تەنیا پێناسە کردنی دۆخەکان و بەربەستەکانه لە هەمبەر سیاسەتی کوردی. من و کەسانێک وەکوو من سیاسەتوان نیین بەڵکوو بە پێچەوانە کاری ئێمه دەبێت ڕەخنەی بێ وچان بێت لە چالاکی سەرکردایەتی سیاسی. ڕەخنە گرتن تایبەت مەندی خۆی هەیە نابێت دڵەڕاوکیمان لە ڕەخنه هەبێت لە هەر شوێنێ که هەوڵدان بۆ هێز هەبێت چ مەشرووع و چ نامەشرووع دەبێت ڕەخنە و ڕەخنەگریش ئامادە بێت.

ڕاوێژ: ئەوەی بەڕێزت گوتت ڕەخنەگرتن نەبوو، هەموو شتی کوردت سڕییەوە و دوژمنت بێ تاوان کرد، ئەم جۆرە وتانە مانادارن یان سەرچاوە لە ترس وەردەگرن خاتوون؟

ڕەحمانی: بی گومان ترس نیە. عەرزم کردی ئاستی ڕەخنه تەحلیە (شیکارییە) نه تەجلیل (پێداهەڵگوتن).

ڕاوێژ: کەوایە ئامانجدارە، سەد ساڵ مێژووی نەتەوەیەک زەربی نەزانین بکەی و دوژمن بێتاوان؟ یا ئێمە گەمژەین یا ئەوە تەحلیڵ علمی نییە، ئەوە ئامانجدارە خاتوون.

ڕەحمانی: بەڕێز کاک عەبدۆڵڵا بە ڕای من ئەو لا خەریکه سیاسەتی خۆی دەکا. تو چاوەڕوانی ئەوەت هەیە دان بە ئێمه بنێ؟

ڕاوێژ: ئێمەش نەخەوتووین و سیاسەت خۆمان کردووە، ئەوە خەوتووە کە نایبینیت و باسی ناکا. دانی پێدا نانێت و گوێ ناگریت و منیش تاوانبار بم بە راستی سەیرە. من لە بڕێزت تێناگەم خاتوون، شیکارییەکەتان بێ سەر و بنە.

ڕەحمانی: بۆ لێکوڵینەوە لە سەر هەر مژار یا سیستەمێک دەبێت لە بارێکەوە بزانیین کەم و کورتی ئەو سیتەمە چییە؟ که بە باشی کاری خۆی ناکات (پاتۆلۆژی).

ڕاێژ: وەک دوایین پرسیار سیستەمی سیاسی ئێران چ پێناسەیەکی سیاس؛هەیە، دیکتاتورە، دیموکراسییە و ئایا لەو سیستەمە دەرفەت کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافی کورد هەیە؟

ڕەحمانی: سیستەمی سیاسی لە ئێران نیوە تۆتالیترە واتا بە ڕای من ڕێگا بۆ خەباتی مەدەنی هەیە هەرچەند گرفت و چەڵەمەی خۆی هەیە .

نابێت تەنیا چاو لە دەسەڵاتی تاران بکەین بەڵکوو زۆرترین هێز و توانای خۆمان بخەینە گڕ بۆ یەکڕیزی و پلانڕێژان بۆ خەباتی پەرەسەندن چ ئابووری و چ کۆمەڵایەتی

چالاکانی مەدەنی کورد لە ناوخۆی وڵات لە زۆر ئاست وەکوو ژینگە و شتانی دیکه ئازادن ئیشی خۆیان بکەن و بەربەستێکی کەمتریان بۆ ساز بکرێت

[i] . کارناسی زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی تەباتەبایی. توێژیتنەری بواری فەلسەفەی سیاسی. لە دایکبووی ١٣٦٤ی هەتاوی.

Related Post

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌