مستەفا هیجری: هەتا کۆماری ئیسلامی مابێ، ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ڕووی سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت

0
1176

ڕۆژی کورد: بەپێی هەواڵی هەواڵنیری ناوەندی ڕۆژی کورد لە کوردستانی باشوور، ئەمڕۆ دووشەممە ی خەرمانانی ۱۳۹٥ی هەتاوی، ئەنیستیتۆی مێری (MERI) لە باژێڕی هەولێر، سێمینارێکی لەمەڕ پرسە پێوەندیدارەکان بە کوردستانی ڕۆژهەڵات بۆ مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران  لەژێر ناوی “دەرفەت و ئاستەنگەگان” پێکهێنا.

ئەو سێمیناره بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی حیزب و لایەن و کەسایەتییە سیاسییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و باشوور، ڕۆژنامەوان و هەواڵنێر بەڕێوە چوو.

لە سەرەتای سێمینارەکەدا، سەرۆکی ئەنیستیتۆ، دوکتور دلاوەر عەلائەدین باسێکی لە سەر بارودۆخی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، پێشکەش کرد.

پاشان مستەفا هیجری، باسێکی لە سەر کوردستانی ڕۆژهەڵات پێشکەش بە بەشداربووان کرد. ناوبراو هەروەها ئاستەنگ و کێشەکانی بەردەم خەبات و دەرفەتەکانی خەباتی شی کردەوە.

هیجری لە قسەکانیدا باسی هۆکاری ڕاگیرانی خەباتی چەکداری لە 20 ساڵی ڕابردوودا کرد و هۆکاری پێویستیی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری خستە بەر باس و گوتی: “بە هۆی بەرژەوەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، شێوەی خەباتی چەکداریمان ڕاگرتووە، بەڵام ئێستا چوونکه ڕێژیمی ئێران هیچ ژینگەیەکی ئەمنیەتی بۆ خەڵکی کوردستان نەهێشتووەتەوە، ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە دوای خوێندنەوەیەکی قووڵ، بەو ئاکامە گەیشت کە هێزی پێشمەرگە بنێرێتەوە نێوخۆی وڵات”.

سکرتێری گشتیی حدکا، ئامادەیی حیزبەکەی بۆ هاوکاریی هەمە لایەنە لەگەڵ سەرجەم حیزب و لایەنەکان ڕاگەیاند و گوتی: “حیزبی دێمۆکرات ئامادەیە هاوکاری سیاسی و سەربازی دە گەل سەرجەم حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بکات”.

هیجری لە بەشێکی دیکە لە قسەکانیدا باسی لە پێوسیتیی کوردەکانی بەشەکانی تری کوردستان لە خەباتی ڕۆژهەڵات کرد و گوتی: “ڕژیمی ئێران مافی کورد نادات و باوەڕی پێی نیه. بۆیه دەبێ گوشار بۆ ئەو ڕێژیمە بهێنرێت کە دان بە مافی کورددا بنیێت، و لەو پێوەندییەش‌دا دەبێ هەموو خەڵکی بەشەکانی دیکەی کوردستانیش، پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات بکەن.”

سکرتێری گشتیی حدکا لە بەشێکی تری قسەکانیدا باسی لە پێشوازیی خەڵکی کوردستان لە ڕاسان کرد وگوتی: “بەشی زۆری ئەو چالاکییانە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراوە، چاڵاکیی خودی خەڵکی کوردستان بوونە و یارمەتی پێشمەرگەیان داوە.”

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.