محەمەدسدیق کەبوودوەند بۆ خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل بەربژێر کرا+وتووێژ لەگەڵ کەریم ئەڵاوەیسی بەرپرسی کۆمیتەی کار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل– کەبودوەند

0
416

ڕۆژی کورد: محەممەدسدیق کەبوودوەند، بەندکراوی سیاسی و باوکی مافی مرۆڤی کوردستان، بۆ خەڵاتی ساڵانەی ئالفرێد نۆبێل، لە وڵاتی نۆروێژ بەربژێر کراوە، بۆ تیشک خستنە سەر ئەو باسە، وتووێژێکامن لەگەڵ بەڕێز کەریم ئەللاوەیسی بەرپرسی کۆمیتەی کار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل– کەبودوەند و چالاکی سیاسی و چالاک لە حیزبی سوسیالیستی چەپی نوروێژ (ئیس ڤێ )، ئەنجام داوە.

رۆژی کورد: وەک لە هەواڵەکاندا باس کراوە، مەحەمەد سەدیق کەبودوەند، باوکی ماڤی مروڤی کوردستان، بۆ خەڵاتێکی ناودوڵەتی بەربژێر کراوە، دەکرێ لەسەر ئەوە خەڵاتە بۆمان باس بکەن؟

کەریم ئەڵاوەیسی
کەریم ئەڵاوەیسی

ئەڵاوەیسی: ئەو خەڵاتە هەموو ساڵێک  بە چالاکانی ماڤی مروڤ  و چەند بوارێکی دیکە بە  کەسانێک دەدرێ کە خزمەت  و تێکوشانیان بەرچاوە و کاریگەرییان  لەسەر کۆمەڵگا هەبووبێ ، خەڵاتەکە  لە ئۆسلۆی پێتەختی نۆروێژ و لە ڕێگای کۆمیتەیەک دەدرێ کە لەلایەن پارلەمانی نوروێژ دیاری کراوە. وابزانم  دانی خەڵاتی ئالفرێد نۆبێل لە ٢٧ نوامبری ١٨٩٥  دەستی پێکردووە و دەیان کەسایەتیی جیهانی کە کار وخزمەت وتیکوشانیان بەبایخ و شۆیندانەر بووە و بە کورتی خزمەتی گەورەیان ئەنجام دابێ، ئەو خەڵاتەیان پێشکەش کراوە.

خەڵاتی نوبێل هەم لە باری مەعنەووی و هەمیش لە ڕووی مادییەوە بایەخی زۆری هەیە. بۆ نموونە ئەو کەسانەی خواروە ئەو خەڵاتەیان وەرگرتووە.

نێلسۆن ماندیلا 1993 . ئوباما لە ساڵی 2009 . کایلاش سانتراتی و مالالا 2014 و سەرۆک کۆماری کلۆمبیا بە ناوی یان مانوئیل سانتووس  2016  .

رۆژی کورد: هۆکاری بەربژێرکرانی بەرێزیان بۆ ئەم خەڵاتە چیە؟

ئەڵاوەیسی: خەباتی مەحەمەدسەدیق  کەبوودوەند وەک سەرۆکی ماڤی مروڤی کوردستان، خەباتێکی جیهان پەسندە  و هەموو دونیا بایخ  و ڕێزی زۆری  کەبودوەند و ئەوکەسانە دەگرن کە کاری جیددی بۆ ماڤی مروڤ دەکەن و کاریگەریی بەرچاویان هەیە. ئازایەتیی کەبودوەند کە خۆراگر و زۆر بوێرە، تەنانەت لە بەندیخانەش لە تێکۆشانی خۆی سڵی نەکردۆتەوە کە ویستیان دۆسیەسازی بۆ بکەن و ماوەی بەندکرانەکەی درێژ بکەنەوە، بە مانگرتن لە خواردنی درێژماوە، ڕێگری لە کۆماری دژی گەلیی ئێسلامیی ئێران کرد. لەلایەکی دیکەوە کەبودوەند لە ئاستی جیهانیدا ناسراوە و چەند خەڵاتی جۆراخۆری وەرگرتووە، هەموو ئەوانە و زۆر هۆی دیکە، کۆمیتەی کار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتیی نۆبێل– کەبودوەند کە لە ساڵەکانی 2011 و 2012 و20113 کاندیدی کردبوو، هێنایەوە  سەر ئەو باوەڕە بە  نیشانەگەلێکی بەرچاو کە لەمەڕ ئاڵوگۆڕ لە  ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەبێندرێ  کە خەریکە  بێتە ناو فازێکی دیکەوە، تەواو بە پێویست زانرا کە کەبودوەندی ناسراو  وخۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان،  بۆ ساڵی 2017 ـی زاینی بەربژێر بکرێتەوە .

رۆژی کورد: چالاکانی کورد تاچەندە دەوریان لە بەربژێرکرانی بەرێز کەبودوەند دا هەبووە؟

ئەڵاوەیسی: لەگەڵ ڕێزمان بۆ هەموو چالاکانی کورد کە داوایان لێدەکەین بۆ ئەمساڵ  بۆ  ئەو ئەرکە گرینگ و پڕبایخە هاوکاری وپشتیوانمان بن کە  زۆریش سپاسگوزار و مەمنوونیان دەبین. بەداخەوە ئەوان دەوریان نەبووە. ئێمە بۆخۆمان بڕیارمان دابوو و بۆئەوەی حەق بە حەقدار بگا، پێویستە بگوترێ  ئەندامێکی  ڕێبەریی حیزبێکی سیاسیی  ڕۆژهەڵاتی کوردستان  پێشنیاری بە ئێمە کردبوو بەڵام خۆمان پیشتر ساغ ببوینەوەو بڕیارمان دابوو کە ئەو کارە بکەین، سپاس بۆ پیشنیاری ئەو خۆشەویستەش. ئەوەشتان عەرز بکەم  و پەنجەش بۆ ئەو ڕاستییە درێژ بکەم کە ئەگەر نووسەری ئەو دێڕانە،  چالاکی ئێس ڤی  نەبایە، جێبەجێ بوونی  کاری بەربژێری کەبوودوەند زۆر چەتوون دەبوو.

رۆژی کورد : لە کۆتاییدا ئەگەر وتەیەک هەیە کە باسی بکەن تکایە فەرموون.

ئەڵاوەیسی: بەڵێ،  داوا دەکەم هەموو حیزبە سیاسی و تاکە دڵسوزەکان و نیشتمانپەوەری کورد، بێ  لەبەرچاوگرتنی هەر شتێک بە جیددی هاوکاری بکەن کە کورد لەو دۆسیەدا سەرکەوێ. سەرکەوتنی کەبوودوەند سەرکەوتنی کوردی ڕۆژهەلاتی کوردستان بە تایبەتی و کورد بە گشتی ـیە. بە قەوڵی ناسێنەری ساڵەکانی پێشتری کەبودوەند واتا ئەندام پارلەمانی حیزبی سوسیالیستی نۆروێژ، ئاکسل هاگن، کە کاتێک لەگەڵ بی بی سی قسەی کرد گووتی: “ئێمە لە ڕێگای ناساندنی سەرۆکی مافی مروڤی کوردستان، کەبوودەند، دەمانهەوێ دەنگی زۆر میلۆن کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئازار و ئەشکەنجەی زیندانیانی سیاسی بە جیهانیان بگەیەنین  و هەروەها کاریگەری هەبێ بۆ ڕزگاریی کەبودوەند.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت