محەممەد ئەمین ئاگووشی زیندانیی سیاسیی کورد لەزیندانی زاهیدان، تەرمی کچەکەی لەپزیشکی دادوەریی شاری پیرانشار وەرده‌گرێته‌وه‌

0
1028

محەممەد ئەمین ئاگووشی زیندانیی سیاسیی کورد لەزیندانی زاهیدان، رێگەی ئەوەی پێدراوە کە تەرمی کچەکەی لەپزیشکی دادوەریی شاری پیرانشار وەربگرێتەوە.

رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٩ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، محەممەد ئەمین ئاگووشی پاش ٨ ساڵ دەستبەسەریی لەلایەن بەرپرسانی زیندان و ناوەندە قەزاییەکانەوە مەرەخەسی ئەوەی پێدراوە کە تەرمی کچەکەی وەربگرێتەوە و بەشداریی لە پرسەکەیدا بکات. هەتا ئێستا ماوەی مەرەخەسییەکە روون نەبووەتەوە.

ئەو مەرەخەسی پێدانە لەحاڵێکدایە کە دوو رۆژلەمەوبەر کانی ئاگووشی تەمەن ٢٢ ساڵ و خوێندکاری زانکۆ لەناو ماڵەکەی خۆیاندا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابوو.

محەممەد ئەمین باوکی کانی پاش ئازاد بوونی کاتی بە هەواڵدەریی “هرانا”ی وتووە:”پزیشکی دادوەریی شاری پیرانشار خۆی لەدانەوەی تەرمی کانی بواردووە و بۆ پشکنینی تەرمەکە داوای برەپارەیەکی ٥ میلیۆن تمەنیان کردووە”.

ئەو زیندانییە سیاسییە ئاشکراشی کردووە،” کانی پاش کۆچی دوایی دایکی (یەک ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد) و بە هۆی کێشە و گرفتی ماڵی تووشی خەمۆکێ هاتبوو “.

باوکی کانی ئەوەشی خستووەتەڕوو، کچەکەی پاش کۆچی دایکی جارێکی دیکەش هەوڵی خۆکووژی دابوو و لە هەوڵەکەی سەرکەوتوو نەبوو.

کانی ئاگووشی پاش مەرگی دایکی لەگەڵ برایەکی پێکەوە ژیانیان بەسەر دەبرد و خوێندکاری ساڵی کۆتایی زانکۆ بوو.

ماوەی دوو ساڵ لەمەوبەریش کچێکی دیکەی محەممەد ئەمین بەناوی “زەمان” لە شاری ئورومیە بە مەبەستی دابین کردنی خەرجی رێگەی زاهیدان و چاوپێکەوتن لەگەڵ باوکی گورچیلەکەی خۆی فرۆشتبوو.

محەممەد ئەمین ئاگووشی خەڵکی شاری پیرانشار، ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی هاوڕێ لەگەڵ ئیرەج محەممەدی و ئەحمەد پوولادخانی بە تۆمەتی ”سیخوڕی بۆ هەرێمی کوردستان و موحاربە لە رێگەی هاوکاریی حیزبە کوردییەکانی دژبەری رێژیم” دەسبەسەر کرا.

ئەو هاووڵاتییە کوردە پاش ٧ مانگ راگیران لە ژوورە تاکەکەسییەکان، بۆ زیندانی ئورمیە راگوێزرا و دواتر لە لقی دووی دادگای نیزامیی ”ریکخراوی قەزایی هێزە چەکدارەکان” سزای ئیعدامی لە رێگەی گوللـەباران کردنەوە بۆ بڕایەوە.

ئەو حوکمە لە لقی ٣١ی دادگای باڵای وڵات وەکوو خۆی پەسند کرایەوە، بەڵام دواتر دۆسیەکەی کەوتەوە گەڕ و گەڕێنرایەوە لقی یەکی دادگای نیزامی و هاوڕێ لەگەڵ ئیرەج محەممەدی و ئەحمەد پوولاد خانی، سزای ”١٠ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ زیندانی زاهیدان”ی بەسەردا سەپا.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.