ماڵپەڕی ناونەتەوەیی ئامازۆن، حیسابی بانکی بەشێک لە بەرپرسانی ئێرانی بەست

0
648

ڕۆژی کورد: ماڵپەڕی ناونەتەوەیی کڕینی لەسەر هێڵ (ئان لاین)ـی ئامازۆن، دۆینی هەینی ١٠ی بانەمەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، ڕایگەیاند کە حیسابی بانکیی بەشێک لە بەرپرسە فەرمییەکانی ئێرانی ڕاگرتووە.

ئەو کڕیارە ئێرانیانەی ماڵپەڕی ئەمازۆن، ئەو کەسانە بوون کە بەپێی گەمارۆکانی ئەمریکا لەسەر ئێران، ئیزنی هیچ چەشنە چالاکییەکی ئابوورییان پێ نەدراوە و گەمارۆیان لەسەرە.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی بزنێس ئینسایدێر، هەندێک لەو حیسابە بانکیانە کە لە لایەن ئەمازۆن ـەوە ڕاگیراون، سەر بە سەفارەتخانەکانی ڕژیمی کۆماریئیسلامیی ئێران لە وڵاتە جیاوازەکانی جیهانن کە بۆ کڕینی شت و مەک و کەل و پەل، کەڵکیان لە ماڵپەڕی ئەمازۆن وەرگرتووە. نرخی ئەو کەل و پەلانەی کە لە مانگی ژانویەی ٢٠١٣ تا مارسی ٢٠١٦ لەو ڕێگایەوە کڕدراون زیاتر لە ١١٠ هەزار دۆلار بووە.

ئەو سەفارەتخانانەی ئێران کە حیسابە بانکییەکانیان ڕاگیراوە لە ژاپۆن، ئاڵمان، فەرانسە، ئیسپانیا، ئوتریش و چین بوون. زۆربەی هەرە زۆری ئە وکەل و پەلانەی کە کڕیویانە بریتی بوون لە کتێب، موسیقی و هەندێ بابەتی میدیایی، جل و بەرگ، کەل وپەلی چێشتخانە و کەل و پەلی ئارایشی و ساخڵەمی و جوانکاری و کەل و پەلی فەرمانگەکان و کەل و پەلی کارەبایی.

هۆکاری ئەو دەست بەسەرداگرتنە، گەمارۆکان ئەمریکا بەسەر ئێراندا، ڕاگەیێندراون و گوتراویشە کە بڕیار نیە ئیتر ئیزنی کڕین بەو حیسابە بانکییانە بدرێت.

هەروەها لە ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئامازۆندا هاتووە کە کۆمپانیای ئامازۆن بەپێی یاسای کەمکردنەوەی هەڕەشە مافی مرۆڤییەکانی ئێران و سووریە ئەو هەنگاوەی ناوە کە بە پێی ئەو یاسایە، ئاڵوگۆڕیی ئابووری کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەگەڵ ئێران، یاساغە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.