لە سەر خەبات و لە پەراوێزی خەبات دا !

0
35

خالید محەمەدزادە
دوایین هەوڵی حیزبەكانی رۆژهەڵات بۆ كاری هاوبەش پەردەی لە سەر كۆسپ تاشینێكی ناپێویست و نا زەرووری هەڵماڵی كە نەك هەر كۆسپ نیە و ناكرێت ببێت بە كۆسپ، بەڵكوو بوونیشی هێندەی تر رەوایی و جوانی دەدا بە كاری هاوبەش و فرە پێكهاتەیی لە كاری هاوبەش و گشتگیردا، ئەویش قسەكردنە لە سەر بوون و نەبوونی سازمانی خەبات لەم جۆرە هەوڵانەیە ، حیزبێك كە بە بەراوەرد لەگەل حیزبەكانی تر هەڵَگری كەمترین زیانە بۆ كۆمەڵگای كوردی، نە لێكەوتەی ناكۆكییەو نە درێژكراوی حیزبی ترە بۆ رۆژهەلات. لەگەل ئەوەش ئەگەر لە نێو بلوكبەندی حیزبی، دوو حیزبی بە پرەنسیپ دەستنیشان بكرێن، بێ دوودلی یەكیان سازمانی خەباتە. حیزبێك كە نە بەشداری شەری نێوخۆی كردوەو نە لە گەرمەی كوردایەتی درۆزنانە و دوو رووی سیاسی و راكە راكە بۆ چنینەوەی دەسكەوتی حیزبی و تاكەكەسی لە پارچەكانی دیكەی كوردستان، پشتی لە رۆژهەلات كرد و وەك حیزبێكی رۆژهەڵاتی مایەوە و نەبوو بە حەمالی سیاسی شوێنی تر بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان وەك لەئێستادا باوە!
سالانێكی زۆریش مانەوەی لە زۆنی زەرد و سەوز تووشی وابەستەیی نەكرد و نەبوو بە بەشێك لە ململانێ ناشیرینەكانی رۆژهەڵاتی لە تاراوگەش وەك چۆن حیزبەكانی دیكەی رۆژهەڵات لە سەر ئاستی سكرتێر تا ئەندامە سادەكەشیان بوون بە بەشێك لە ململانێی حیزبی لە پارچەكانی دیكەی كوردستان!
بە هەموو ئەوانەشەوە حەزفی خەبات یا هەر حیزبێكی تر لە كاری هاوبەش هیچ مانایەك بۆ كاری هاوبەش ناهێلێتەوە و لە داهاتووشدا دەتوانێ‌ كۆمەڵگای كوردی بەرەو چەند قوتبی بوون ببات كە ئەمەش هیچ نیە جگە لە كۆپیكردنی ئەزمونیكی پر لە شكستی كوردیی بۆ رۆژهەڵات كە كۆمەڵگای ئێمە بەرگەی ئەم بە قوتبیكردنە ناسەركەوتوویەش ناگرێت.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌