لە زانکۆی پەیامی نووری سنە کۆڕی ڕێزگرتن لە هونەرمەند عەینەددین مەریوانی بەڕێوە دەچێ

0
1365

بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٩ی ڕەشەممە کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی کورد، مامۆستا عەینەددین مەریوانی پێک بێت.

ئەو کۆڕە کە کات ژمێر ١٤ بۆ ١٦ی ئەو ڕۆلە لە هۆڵی مەلا عەبدوولکەریم مودەڕسی زانکۆی سنە بەڕێوە دەچێ لە ژێر ناونیشانی “سمیناری پسپۆڕیی موسیقای فولکلۆری کوردی” دەبێ و لە لایەن خوێندکارانی کوردی زانکۆی پەیامی نووری سنەوە بەڕێوە دەچێ.

ئەو کورە وەک لە راگەیێندراوەکەیڕا دیارە بە سێ قۆڵی و لە لایەن زانکۆی پەیامی نوور، شۆڕای شاری مەریوان و شۆرای شاری سەرواوا بەڕێوە دەچێ.

عەینەددین یەکێک لەو هونەرمەندە کوردانەی خۆرهەڵاتی کوردستانە کە سەرەڕای نابینا بوون و بێ دەرەتانی، بە بەردەوامی درێژەی بە هونەرەکەی داوە و لە ناو خەڵکی کوردستان بە گشتی و خۆرهەڵات بە تایبەتی لایەنگران و هۆگرانی خۆی هەیە.

عەینەددین جیا لە دەنگی خۆش و ئاوازی دڵگر و ئاشقانەکانی کە تێیدا حەز و خۆشەویستییەکی بێ ئەنجام، دەبیندرێت لە ڕووی هەستی نەتەوایەتیشەوە جێ دەستی دیارە. لەو ناوە دەتوانین ئاماژە بە گۆرانی بەناوبانگی (پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکرات ) بکەین کە لە جەنگەی شۆڕشی خۆرهەڵاتدا و بەو پەڕی ساکارییەوە، تۆمار کراوە.

هونەرمەند عەینەددین مەریوانی وەک بۆخۆی دەڵێ لە مانگی بانەمەڕ (گوڵانی) ١٩٦٠ ی زایینی لە شارەدێی دزڵی سەر بە شاری مەریوانی خۆرهەڵاتی کوردستان، لەو دایک بووە و لە تەمەندی دە مانگیدا بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی مادی بە نەخۆشی مێخەرکانە (سوورێژە) بینایی لە دەست داوە. عەینەددین لە حەفتاکانی زایینی و لە تەمەنی دە ساڵی نراوەتە بەر خوێندنی ئایینی بەڵام بە هۆی ڕادیۆکانی ئەو کات وەک تڕادیۆ کرماشان و ڕادیۆ بەغدا و بیستنی دەنگی کەسانێک وەک مامۆستا زیرەک و ساڵح دیلان و …تاد، حەزی دەکشێتە سەر هونەری موزیک و بەرەو دونیای هونەری موزیک ڕادەکشێت.

هونەرمەند عەینەددین جیا لە دەنگی خۆش و گۆرانی بێژی، ئامێری دەف و دایرەشی بە باشی دەژەنی.

لە گۆرانی و ئاوازە بەناوبانگەکانی عەینەددین دەکرێ ئاماژە بەوانەی خوارەوە بکەین:

فەلەک ڕاست بڕۆ
وەی نازەنین یاری ووەفادار
سەرخەرە سەر ڕانم
بۆ دێموکرات
من کڵۆڵم
و دەیانی ئاواز و گۆرانی تر.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.