لە دوژمنایەتییەوە بۆ دۆستایەتی و، سیاسەتی هاوبەشی داگیرکەران بە دژی دەسکەوتەکانی گەلی کورد

0
208
ئایەت مورادی
ئایەت مورادی

کوردستان بە هۆی هەڵکەوتی جوغرافیاییەوە لە نێو چوار وڵاتی داگیرکەر واتە ئێران، تورکیە، عێراق و سووریەدا دابەش بووەو هەر کام لەم داگیرکەرانە بە نسبەت مافە ڕەواکانی گەلی کوردەوە سیاسەتی دوژمنایەتیان گرتۆتە پێش و، هەر لە کوشت و کوشتارەوە بگرە تا ئەنفال، دەستیان نەپاراستوەو، تا ئەمڕۆش هەمان سیاسەت بە شێوەیەکی دیکە بەڕێوە دەبەن.
لە دوای ڕووخانی ڕێژیمی بەعسی عێراق و ئازادکردنی خاکی باشووری کوردستان لە لایەن دەسەڵاتی کورد و هاوپەیمانانی گەلی کوردەوە، ئێران و تورکیە، هەر کام بە جۆرێک سیاسەتی خۆیان گۆڕی و ناچار بوون ئیرادەی ئەو بەشە بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕووی دێپلۆماسی و دووڕووگەرییەوە قبول بکەن و لە هەمان کاتیش دا سیاسەتی دووبەرەکیی لە کوردستان دا بەڕێوە ببەن.
دەسپێکی شۆڕشی بەهاری عەرەبی، گۆڕانێکی دیکەی لە جەستەی وڵاتە دیکتاتۆرەکان وەبەر داو، پاش کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی چەند دیکتاتۆر لە ناوچەکەدا، سنوورەکانی ئەو شۆڕشە شنە بایەکی دیکەی هەڵکردوو، دەسەڵاتەکەی ئەسەدی بە جۆرێک لاواز کرد کە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان دەسەڵاتێکیان دامەرزاند.
ڕێفراندوم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان و سیاسەتی هاوبەشی نێوان داگیرکەران و لە دژی دەسکەوتەکانی گەلی کورد.
مێژوو ئەوەی نیشان داوە هەر کات، هەر کام، لە بەشەکانی کوردستان گۆڕانێکی ئەرێنی یا نەرێنی بە سەر داهاتووە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری لە سەر ئەو بەشەکانی دیکەی کوردستان بووەو، نزیکبوونەوەی باشووری کوردستان بۆ ڕێفراندۆمی سەربەخۆیی دەسەڵاتی تورکیە و ئێرانی وە لەرزە خستووەو هەر کام لەم دوو وڵاتە لە ڕێگای نەیارەکانیانەوە بە جۆرێک کار بۆ ئەوە دەکەن ئەم ڕێفراندۆمە سەر نەگرێ، بەڵام سەرەڕای شەڕی داعش لە گەڵ دەسەڵاتی کوردی لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتدارانی بەرەو سەربەخۆیی لە هەرێمی کوردستان سوورن لە سەر ئەوەی ئەو سەربەخۆییە بەڕێوە بچێ.
لە دوژمنایەتییەوە بۆ دۆستایەتی.
دەسەڵاتدارانی داگیرکەری کوردستان ئەگەر چی لە ڕووی زۆر شتەوە خاڵی جیاوازیان هەیە و تەنانەت زۆر جار لە ڕاگەیەندنەکانیانەوە شەڕی تەبلیغاتی بە دژی یەک دەکەن، بەڵام کار گەیشتە بابەتی کوردستان لە بەرامبەر دەسەڵاتی ڕەوای گەلی کوردەوە هاوهەڵوێست دەبن و بۆ لەبار بردنی ئەو دۆستایەتییە یەک دەگرن.
لە ڕابردوودا و تا ئەمڕۆ ئێران و تورکیە بە شیوەی ڕاستەوخۆ ئەوەیان دووپات کردۆتەوە ئیزن بە دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی نادەن و تەنانەت سەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دەسەڵاتی کوردی وەک ئیسرائیلی دووهەم ناو دەبەن و چەند جار ئەوەیان دووپات کردۆتەوە کە ناهێڵن ئەو سەربەخۆییە سەر بگرێ.
شایانی ئاماژە پێدانە کە پاش چەند ساڵ شەڕو کوشتار لە وڵاتی سووریە سەرۆک وەزیرانی تورکیە لە وتەیەک دا لە زاری سەرچاوەیەکەوە ڕایگەیاند، پێویستە لە گەڵ دەسەڵاتی سووریە پێوەندی دۆستایەتی بەرقەرار بکەین، کە هۆکاری ئەم دۆستایەتییەش دیار و بەرچاوە تەنیا بۆ نالەبار بردنی دەسکەوتەکانی گەلی کوردەو پێویستە دەسەڵاتی ئەمڕۆی کورد تاکتیکی خۆی هەبی و لە ڕووی دێپلۆماسییەوە کار بۆ ئەوە بکا بەرپرچی دوژمنان بداتەوە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت