لە حەوتوویەکدا ٣ خۆکوژی لە مەرگەوەری ورمێ ڕوویدا/ئاماری خۆکوژییەکان

0
197

بەپێی هەواڵی هەواڵنێری ناوەندی ڕۆژی کورد لە ناوچەی مەرگەوەر، سەر بە شارستانی ورمێ لە ماوەی یەک حەوتوودا، سێ کەس خۆیان کوشتووە.

دۆینێ دووشەممە ١٦ی خاکەلیوە، عوبەدووڵلا، کوڕی جەهانگیر، تەمەن ١٥ ساڵان و خەڵکی گوندی بیبەکران بە هۆی دەست کورتی و هەژاری خۆی کوشت.

شایانی باسە کە دایک و باوکی عوبەیدووڵلا هەر دووکیان لە بەندیخانەدان و بەو هۆیەوە عوبەیدووڵلای کەم تەمەن، بە هۆی زەخت و گوشاری ژیان، خۆی کوشتووە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

تەرمی عوبەیدووڵا ئەمڕۆ لە لایەن پزشکیی یاسایی، رادەستی خزم و کەسەکانی کراوەتەوە.

هەروەها ڕۆژی شەممە، ژنێکی تەمەن ٢٥ ساڵان بە ناوی لەیلا کە خێزانی کەسێکە بە ناوی  ش.س، لە گوندی باوان لە ناوچەی مەرگەوەر سەر بە شاری ورمێ بە هۆی هەبوونی هەوێ و کێشەی بنەماڵەیی، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا.

لەیلا خۆی ل ەبنەڕەتدا خەڵکی شاری نەغەدەیە و لە گوندی باوان ـی سەر بە ناوچەی مەرگەوەر زەماوەندی کردووە و  لەیلا منداڵێکی کوڕی ٦ مانگانەی لەدوا بەجێ ماوە.

هەروەها چەند ڕۆژ بەر لە ئێستا گەنجێک بە ناوی عەبدوولکەریم، خەڵکی گووندی ئەورسی لە ناوچەی مەرگەوەر، لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی لێدوانی چەند کەسێکی گووندی ئەورسی بۆ هەواڵنیری ڕۆژی کورد لەو ناوچەیە، عەبدوولکەریم کە تەمەنی ١٨ ساڵانە و تازە خولی فێرکاری سەربازی تەواو کردووە و بە مۆڵەت (مەرەخەستی) هاتۆتەوە ماڵێ و ئەو ڕۆژەش لەگەڵ هاوڕێکانی یاری تۆپی پێی کردووە و کە گەڕاوەتەوە ماڵ، خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

هۆکاری خۆکوژی عەبدوولکەریم تا ئێستاش ناڕوونە.

بەشێک لەو خۆکوژییانەی کە لە ماوەی ٦ مانگی ڕابردوودا لە کوردستانی خۆرهەڵات ڕوویان داوە و لە ناوەندی ڕۆژی کورد تۆمار کراون، بە شێوەی خوارەوەن:

ڕۆژی دووشەممە ٩ی خاکەلێوەی ١٣٩٥ی هەتاوی، گەنجێکی پیرانشاری کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممە ١٧ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، ژنێکی دووگیانی تەمەن ٢٦ ساڵان، لە بەشی سەرشیوی سەر بە شاری مەریوان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و خۆی کوشت. بە پێی ئەو هەواڵە، ئەو ژنە کە سگ پڕ بووە، بە خۆسووتاندن، کۆتایی بە ژیانی خۆی و منداڵەکەی هێنا.

ڕۆژی پێنج شەممە ٢٤ی بەفرانبار، کچێکی تەمەن بیست ساڵان لەسەر پردی “شالمان”ی شاری سنەی خۆرهەڵاتی کوردستان، خۆی خستە خوارەوە و خۆی کوشت.

هەروەها رۆژی سێشەممە ٢٧ی رێبەندانی ١٣٩٤، كرێكارێكی جوانرۆیی بە ناوی جەبار قادری لە رێگای خۆهەڵواسینەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

هەروەها لە زستانی ساڵی ڕابردووی هەتاویدا  پیاوێکی دانیشتووی گەڕەکی کانی کووزەڵەی شاری سنە لە برسێتیان و لە بێ دەرەتانی ئەوەی کە نەیتوانیوە نان بۆ ژەمە خواردنێکی پەیدا بکا، هەوڵی داوە خۆی بداتە بەر ماشێن و کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێ. ئەو پیاوە پێش ئەوە کە هەوڵی خۆکوشتن بدا، زۆر فەقیرانە و لە ئاو هەوایەکی سارد و بەفراوی دا، بۆ کۆڵانەکان دا رۆیشتووە و لەدەرگای ماڵانی داوە تا بەڵکوو کەسێک نان یا پارەی بەشی ژەمەنانێکی پێ بدا.

لە هەوالێکی تردا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی ڕێبەندانی ١٣٩٤ی هەتاوی، لە یەکێک لە گوندەکانی بەخشی هێڵشی لە پارێزگای کرماشان، کچێک بە چەکی ڕاو، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندان، کەوسەر ئەحمەدی مامەش، ژنێکی لاوی شاری شنۆ لە ڕێگای خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.  تا ئێستاش هۆکاری خۆ هەڵواسینی ئەو ژنە کوردە لاوە ناڕوون و نادیارە.

كاتژمێر ٤ی ئێواره‌ی ڕۆژی پێنج شه‌ممه‌ ١٢ی سه‌رماوه‌زی ١٣٩٤ی هه‌تاوی شه‌ونم عه‌بدوڵڵازاده‌ كچی عه‌زیز تەمەن ٢٢ ساڵان، له‌ شه‌قامی موده‌ڕسی ورمێ له‌ لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه‌ به‌ زه‌بری چه‌قۆ كوژرا .

لە نموونەیەکیتردا،  بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی١٤ی ڕەشەممە منداڵێکی  کورد بە ناوی ئیحسان دانیشخاه کوڕی عەزیز(موسلیح) ، تەمەن ٩ ساڵان،  لە ئاوایی دێ شەمس لە شاری شنۆ، خۆی کوشتووە و لە ڕێگای خۆ هەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژی کورد، رۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٥ی ڕەشەمە، ژنێک بە ناوی “بەیان.م” خەڵکی شاری سەقزکە خێزاندارە و هەروەها منداڵێکیشی هەیە، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

ئامارەکان باس لەوە دەکەن کە  لە هەر ١٠٠٠ کەس لە ئێراندا ١٢ کەس خۆیان دەکوژن و پارێزگاکانی ئیلام، کرماشان، سنە و هەمەدان زۆرترین ڕێژەی خۆکوژییان لە نێو ژنان لە ئێراندا هەیە.

شایانی باسە کە ڕۆژنامەکانی ئێران، هۆکاری زۆربەی ئەو خۆکوژییانە بە تێکچوونی بارودۆخی دەروونی لەقەڵەم دەدەن و بەم چەشنە پەردە بەسەر هۆکارە ڕاستییەکان دادەن.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

‎وه‌ڵام بده‌وه‌