لە ئێران زیاتر لە ١٢٠ هەزار نەخۆشی ئایدز بوونی هەیە

0
345

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١ی سەرماوەز (١ی دێسامبر) ڕۆژی جیهانیی ئایدز ـە، بەو بۆنەوە ئاوڕێک لە قسەکانی سەرۆکی فەرمانگەی کۆنترۆڵ کردنی ئیدز و نەخۆشییەکانی جووت بوون دەدەینەوە کە لە وتووێژێک لەگەڵ ئیرنا باسی کردووە.

ڕۆژی کورد: بەپێی لێدوانی پەروین ئەفسەر کازروونی، لە ئێران تا ئێستا ٣٢ هەزار و 670 کەسی گیرۆدە بە نەخۆشیی ئایدز، شناسایی کراون کە 84% پیاو و 16% ژنان لە خۆ دەگرێ و لە هەمان کاتدا 75 هەزار کەسی گیرۆدەبوو بە ڤایرووسی ئێچ، ئای، وی لە ئێران شناسایی کراوە کە تەنا 30%یان دەزانن گیرۆدەی ئەو ڤایرووسە بوون.

سەرۆکی فەرمانگەی کۆنترۆڵ کردنی ئیدز و نەخۆشییەکانی جووت بوون هەروەها دەڵێ: “54%ی تۆمارکراوانی ڤایرووسی ئێچ، ئای،وی لە تەمەنی 21 تا 35 ساڵانن”

بە پێی قسەکانی ناوبراو، بە هۆی مردنی بەشێک لە نەخۆشەکانی تووش بوو بە ئایدز، تا کۆتایی مانگی جۆزەردانی ١٣٩٥ی هەتاوی، ٢٤ هەزار و ٣٦١ کەس تووشبووی زیندوو لە ئێران بوونی هەیە و ماسێندراوە”

قسەکانی ئەو بەرپرسە لە کاتێکدایە کە هەندێک کارناس و شارەزا دەڵێن ڕێژەی کەسانی تووشبوو و نەخۆش، ٣ تا ٤ بەرابەر زیاتر لەو ڕێژەیە کە تۆمار کراوە و بەو پێیە ٩٠ تا 120 هەزار گیرۆدەبووی ئایدز لە ئێران بوونی هەیە.

پەروین ئەفسەر کازروونی لەمەڕ شێواز و شێوەکانی تووشبوون و ڕێژەکانیان لە ئێران دەڵێ: “2/68 لە سەدی تووشبووان لە ڕێگای دەرزی لێدانی گیرۆدەبووانی مادەی هۆشبەر و 5/18 لە سەدیش لە ڕێگای جووت بوون و 5/1 لە سەدیش لە ڕێگای دایکانەوە بۆ منداڵان، ڕاگواستراوە و بەشێکی کەمیش لە ڕێگای ئاڵوگۆڕی خوێنەوە بووە”.

بەپێی لێدوانی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی ساخڵەمی: “لەو نموونە نوێیانە کە لە ساڵی ١٣٩٥دا شناسایی کراون، 34%ی تووش بووانی ئێچ، ئای، وی ژنان و 66% پیاوانن”.

بە سەرنجدان بە ڕێژەی تووشبووانی مادە هۆشبەرەکان و پەرەئەستاندنی بەرداومی گیرۆدەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و هەروەها کارتۆن خەوی، گریمانە دەکرێ ڕێژەی نەخۆشەکانی ئایدز لە ١٢٠ هەزار کەس زیاتر بێت.

نەخۆشیی ئایدز و نیشانەکانی:

ئایدز یان “AIDS” كە كورتكراوەیAcquired immune deficiency syndromeو وەرگێڕانی كوردییەكەی دەبێتە نەخۆشیی نوقسانی سیستمی بەرگریی لەش، لەو نەخۆشییەدا سیستمی بەرگریی لەش لاواز دەبێت و هۆكاری نەخۆشییەكەیش “ڤایرۆسی نوقستانی بەرگریی لەش”ە.

نەخۆشی ئایدز چەند نیشانەیەكی دیاری هەن، ئەو نەخۆشییە تووشی كۆئەندامی دەمار دەبێت و خانەكانی كۆئەندامی دەمار لەناو دەبات. نەخۆشییەكە سێ قۆناخی هەیە.

قۆناخی یەكەم: دوو تا شەش هەفتە دوای وەرگرتنی ڤایرۆسەكە دەستپێدەكات، لەو قۆناخەدا كۆئەندامی بەرگری لەش لەدژی ڤایرۆسەكان دەجەنگێت، نیشانەكانی ئەم قۆناخە لە نیشانەكانی پەتا و هەڵامەت جیاناكرێنەوە و بریتین لە: تا، سەرئێشە، ئازاری قوڕگ، ئازاری گشتیی لەش و هەستكردن بەماندووێتی. ئەو قۆناخە 1-2 هەفتە دەخایەنێت و دواتر نەخۆشەكە هەست بە هیچ نیشانەیەك ناكات.

قۆناخی دووەم: لەو قۆناخەدا كۆئەندامی بەرگری لەش لە جەنگی دژی ڤایرۆسەكاندا دەدۆڕێت، نەخۆشەكە هەست بە هیچ نیشانەیەكی نەخۆشی ناكات، بەڵام هاوكات نەخۆشییەكە بۆ كەسانی دیكەش دەگوازێتەوە. ماوەی ئەم قۆناخە درێژە و لەوانەیە 10 ساڵ یان زیاتریش بخایەنێت.

لەماوەی ئەم قۆناغەدا ڤایرۆسی HIV بەهێواشی دەست بە لەناوبردنی خانەكانی كۆئەندامی دەمار دەكات و بەرگری لەش بەرەو داڕمان دەبات و سەرئەنجام جەستەی كەسی تووشبوو توانای بەرگری لەدەستدەدات لە دژی میكرۆبە جیاوازەكان.

قۆناخی سێیەم: لەو قۆناخەدا كۆئەندامی بەرگری بەشێكی زۆری خانەكانی لەدەستداوە و بەرگری لەدژی نەخۆشییە جیاوازەكان لاوازبووە و لە زۆر لاوە میكرۆب و شێرپەنجە و كەڕوو پەلاماری شانە جیاوازەكانی لەشیان داوە.

دەكرێ ئەم نیشانانە لە كەسی تووشبوودا هەبن:

– هەمیشە هەست بە ماندووێتی دەكات

– گرێ لیمفاوییەكانی مل و بنڕان تووشی ئاوسان دەبن.

– تای درێژخایەن

– ئارەقكردنەوە لە شەواندا

– دەركەوتنی پەڵە لەسەر پێست

– هەناسە توندی

– سكچوونی توند و درێژ خایەن

– گەشەكردنی كەڕوو لە دەم و قوڕگ و زێ

– خوێنبەربوون و گران وەستانی

 

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت