لووتکەی شەری براکوژی لە باغڵووجه/ئەوکاتەی سپای پاسداران شیرینیی بڵاو کردەوە

0
3264

شەڕی کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکرات یەک لەو خاڵە هەر نگاتیڤانەی مێژووی هەر دووک ئەو حیزبەیە و بێگومان ئەگەر ئەم خاڵە لەو کارنامەیەدا نەبوایە، دەبوایە لە مێژووی شۆڕشگێڕیی گەلاندا بۆرزگاری، لە قوتابخانەکاندا وەک وانەیەک بوترایەتەوە.

بەرحاڵ نامهەوێ باس لەو هۆکارانە بکەم کە چی بوون، کە شەری ناوخۆیی لێکەوتەوە یان چ لایەنێک شەڕی ناخۆیی تیۆریزە کرد، بەڵام دەمهەوێ بیرەوەری دوو پیشمەرگە حیزبی دێمکرات و کۆمەڵە و هەروەها روانینی خەڵکی ئەو ناوچەیە لە چەند دێڕێکدا بنووسم.

گوندی باغڵووجە گوندێکی ٧٠_٨٠ ماڵیی ناوچەی سەقزە و لە بۆکان نزیکتر و دیمەن و زەویو  زارێکی جوانی هەیە و لەسەردەمی شۆڕشدا هەمیشە مەکۆی شۆڕشگیڕان بووە.

بەڵام ئەم گوندە مێژوویەکی شەڕی براکوژی هەیە و ئێستاش خەڵکی ئەو گوندە وەکوو ئەفسانەیەکی ترسناک بۆ یەکتری دەگێڕنەوە و لەرزی نەهامەتیی ئەو رۆژە رەشە بۆ نەوەکانیان دەگێڕنەوە.

بەڵام با لاپەڕەیەک لە زمانی دوو پێشمەرگەی کۆمەڵە و حیزبی دیمۆکراتەوە هەڵبدەیەنەوەو ئەو خاکەی خوێنی رۆڵەی شۆڕشگیڕی لەسەر رژا و دوژمنی شیرینی خۆشیی لەسەر گێڕا.

چەند ساڵ لەوە پێش بوو، لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنیدا بینیم پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە باسی شەڕی باغڵووجە و هەستی خۆی لەسەر ئەو شەڕی غەدری براکوژیە باس دەکرد، کە گێڕایەوە: “گوتی لە ناخۆشترین بییرەوەرییەکانی سەردەمی شاخ و خەباتم ئەوە بوو کە لەگەڵ حیزبی دیـموکرات لە گوندی باغڵووجە تووشی شەر بووین”.

ئەو پێشمەرگەیە کە ناوی سەباح ئەمینی بوو دەیگێڕایەوە: ” شەڕەکە زۆر قورس و سەخت بوو، ژمارەیەک لە پێشمەرگەکان تەانەنت دیواری ماڵەکانیان بۆ یەکتر دەبڕی و کون دەکرد”.

سەباح ئەمینی گوتی بەڵام من لە یەکەم تەقەی شەڕەکەوە بڕیارم دا ئەگەر بشککوژرێم فیشکەکێک ناتەقێنم، سەباح ئەمینی بوغز گەرووی گرت و گوتی دڵنیابووم لە ناو پێشمەرگەکانی حیزبی دیمۆکراتیشدا کەسی وەک منی تێدا بوو و کە ئەو شەڕە ئازاری بدا”.

ئەمڕۆ بەڕێکەوت یەک لەو پێشمەرگە هەرە خۆشەویست و لە بەردڵانەی حیزبی دیمۆکراتم بینی وینەیەکی دانابوو کە لە خەمی لەدەستچوونی هاورێی سەردەمی منداڵییدا لەو شەڕی باغڵووجە ریشێکی درێژی دانابوو. کاک عومەر غوڵامعەلی پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات دەڵی خەمی لەدەستچوونی ئەو پێشمەرگەیەی کۆمەڵە ئەو ریشە درێژەی بە من هێشتەوە.

ئەو پێشمەرگەی حیزبی دیمۆکرات بۆ لەدەستچوونی پێشمەرگەکەی کۆمەڵەو هاوڕێی سەردەمی منداڵی ئاو ادەنووسێ: “ئێرە باغڵووجەیە و زستانی ٦۳،من کە کەیفم بە ڕیش نەدەهات،شەڕی ناوخۆ پێی داهێشتبووم، پێتان خۆش نەبێ .یەکەم کەس کە لێرە لە لایەنی بەرامبەرمان شەهید بوو (واتە لە لایەنی کۆمەڵە)، نزیکترین هاوڕێی منداڵی، مەدرەسە ومەزراکانی قارەوام موحەممەدی خوسرەویی تاقانە کوڕی بنەماڵەی کاقادربوو، داخی بۆ من، کاقادر و خاتووبا و تەنیا خوشکەکەی،کاڵێ بەجێما”.

خەڵکی باغڵووجە ئێستاش دەگێرنەوە کاتێ سپای پاسداران هێرشی هێنا کە بێت بۆ سەر گوندی باغڵووجە، بەڵام کە زانی حیزب و کۆمەڵە بەشەڕ هاتوون لە سێ‌ڕێیانی مەرخوز (واتە سەر جادەی سەقز_بۆکان) ماشێنی خەڵکیان رادەگرت و شیرینیان بەسەردا بڵاو دەکردنەوە.

 دوای شەڕەکە سپای پاسداران بۆ ئەوەی زیاتر خەلکیش لەو زەرە و زیانی شەری برا کوژییە بێبەش نەبن، بە بۆڵدزێر ناو ماڵەکان کەوت و هەمووی لەگەڵ خاک یەکسان کرد.

شێرکۆ بێکەس وەکوو بیلیمەتێکی مێژووی هاوچەرخی لە زۆر شێعری‌دا تانە لە شەری براکوژی ئەدا و هەمیشە یەک لەو نەهامەتیانەی کوردی بە شەری ناوخۆیی و براکوژییەوە بەستۆتەوە و هەر بۆیە گوڵ وشەی شێعری لەم چەشنەی  لە دوایین بەرهەمی ژیانیدا هۆنیوەتەوە.

ئەم کاتەتان باش

من ئەسپێکی کوردی کوژراوی شەڕی ناوخۆم

کادانە بووم، رەسەن رەسەن

ئەو ئەسپەی تر کە منی کوشت ئامۆزام بوو

ئەویش دیسان رەسەن رەسەن، هەر وەک من کادانە بوو

ژنەکەی ئەو ماینێکی یاڵ زێڕینی کچی خۆم بوو

وەلێ ئەو کاتەی نیشتمان ئەحلیلێنێ، حیلەی ئێمە بێ دەنگ ئەبێ

شەوێک مەیتەرەکەم وتی: ئەبێ ئەو ئامۆزایەت بکوژی

وتم بۆچی

وتی ئەو ئەسپێکە لە حیلەی ئێمە لای داوەو

رەنگێکی دیکەی لەخۆی داوەو

سمکۆڵانی و چەپۆکانی هەڕەشەن بۆ ئەم هەوارە، وا بڕیارە ئیتر تازە نابێ بژی

بە لاڕێیەکی ناو فێڵدا چوومە سەرێ

بەڵام بەر لەوەی من بیکوژم، ئەو کوشتمی

مێژووی شەڕی ناوخۆیی هەرچی بوو و رابرد، تەنیا زەرەرمەند کورد و کوڕی هەژاران و شۆڕشگێڕانی ئەم وڵاتە و ئەوەی قازانجی لێ کرد، دوژمنانی ئەم وڵاتە و سەربڕی کوڕە هەژاران و شۆڕشگێڕانی ئەم نیشتمانە بوون.

کارل مارکس دەڵێ: مێژوو دووجار روو دەدات، جارێکیان تراژیک و دووهەم جار کۆمیک، بەڵام نەوەی نوێ دەبێ تانە لەو چەکانە بدەن تانە کە رۆژێک بەبێ هۆ بەرەو رووی یەک تەقێندراون هەتا مێژووی کۆمێدیا بەسەریان نەیات.

هـ _ ع

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت