لایەنگرانی مادەی ١٥ و ١٩، ڕێفۆرمیست یان کۆنسێرڤات

0
752
هەڵمەت مەعرووفی
هەڵمەت مەعرووفی

نووسینی: هەڵمەت مەعرووفی

لە ئێستادا لە ناو کوردی خۆرهەڵاتدا ئەگەر خەڵکی ئاسایی لە لایەک و خۆفرۆشە ئاشکراکان (جاش) لە کەسانی تر جیا بکەینەوە، دوو بەشی تر بوونیان هەیە، واتا دوو ڕوانگە کە هەڵبەت ئەوانیش لە ناو خۆیاندا دابەش بوونێک بەخۆوە دەبینن. ئەو دوو بەشە بریتین لە:

یەک: لایەنگرانی خەباتی چەکداری کە ئێستا لە ژێر هێما یان کۆدی “ڕاسان” دەستی پێکردووە و تا ئاستێک گوشاری بۆ حکومەت هێناوە کە لە ماوەی ٣ ڕۆژدا، پاسدار حوسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی گشتیی سپای تیرۆریستیی پاسداران، دوو جار هەڕەشەی کوشتنی لێکردن و گوتیشی لەو ڕاستایەدا هیچ سنوورێک ناناسن و هیچ هێڵێکی سوور بوونی نیە. بە هۆی ئەوەی کە باسی سەرەکیی ئەو بابەتە، ئەو بەشە نیە و هەم نووسەر و هەم فرە کەسی تر، لەسەر دواون و دەدوێن، زیاتری لێناپێچینەوە.

دوو: ئیسلاح تەڵەب، یان چاکسازیخواز و بە ئینگلیسیەکەی ڕێفۆرمیست: بەر لەوەی کە بچینە سەر داواکارییەکانیان، پێویستە شرۆڤەی ئەوە بکەین کە ئەمانە هەموویان لە یەک ڕەگەز نین و بگرە زۆریش خاڵی پێکناکۆکیان هەیە کە پێدەچێ هەندێ هەوڵی پشتی پەردە کە بەڕای هەندێ چاوەدێری سیاسی، هەوڵی سپای پاسدارانە، لانیکەم لە سەرۆکایەتیی ئەو بەشانەدا، هاودەنگی هەبێ و تریبۆن لە خزمەت یەکتری بنێن و بەتایبەتی لە دوو کاتدا یەکتری باش دەگرن و دەگرنەوە:

ئـ: لەو کاتەدا کە خەباتی چەکداری گورج و گۆڵییەکی زێدەتر بەخۆیەوە دەبینێ

بـ: لە سەردەمی هەڵبژاردنەکاندا جا لە شۆڕای شارەوە بگرە تا سەرۆک کۆماری

ئیسلاح تەڵەبان بە گشتی دەکرێ دابەش بکرێن بە دوو بەش:

  • ئیسلاح تەڵەبانی حکومەتی کە زۆربەیان لە کاتی خۆ بە کوردنیشانداندا، هێڵێکی پەکەیی دەگرن و بۆیاغێکی برایەتیا گەلان لە خۆیان دەدەن.
  • ئۆپۆزیسیۆن یان دژبەرانی کوردی ڕژیم کە پێدەچێ هاوڕایی لە نێوان سەرووی ئەو بەشە لەگەڵ پەیکەرەکەی نەک بوونی نەبێ بەڵکوو لە خودی سەر و جەمسەری ڕێبەرییەکەشیدا دڕدوونگی و ناکۆکییەکی بەربەرین بوونی هەیە.

زۆر خاڵ هەن کە ئەو دوو لایەنە لێک جیا بکەنەوە بۆ نموونە: یەکەمیان لە ناوخۆن و دووهەمیان لە دەرەوە، یەکەمیان بە ڕاشکاوانە حکومەتین و دووهەمیان دژبەرە و چەکداریشە، یەکەمیان بودجە و پارە و ڕەواییی خۆی لە حکومەت وەردەگرێ (هەرچەند ئەو ڕەواییە وەک مجەویز یان مۆڵەتی یاسایی بوونی نیە) بەڵام دووهەمیان ئەو ڕەواییەی لە مێژوودا لە خەڵک وەرگرتووە و ئێستاش تا ڕادەیەکی بەرچاو هەیەتی و زۆر خاڵی تر، بەڵام یەک خاڵ لێکیان نزیک دەکاتەوە ئەویش بریتییە لە هەبوونی پەیوەندیی لەژێرەوە لەگەڵ حکومەت، بەڵام بەشی یەکەم خۆی بەشێکە لە حکومەت و بە ئاشکرا دەزانێ فەرمانبەری بێ ئەملا و ئەولایە بەڵام بەشی دووهەم پێدەچێ گەرەکی بێ جارێکی تر مێژووی کورد لە خۆرهەڵات دووبارە بێتەوە و ڕژیم بە ناوی دانوستان، بیخەسێنێتەوە.

ئەوەی تا ئێرە گوترا، گشتی پێشەکییەک بوو بۆ ئەم باسەی ئێرە بەڵام سەرەتا با دوو وشەی ئیسلاح تەڵەب و کۆنسێرڤات، شی بکەینەوە.

ئیسلاح تەڵەب بە گشتی کەسێکە کە نایهەوێ سیستەم لە ناو بچێ و دەیهەوێ هەندێ گۆڕانکاری لەناو سیستەمی هەنووکەدا پێکبێنن و بە گشتی خودی سیستەمەکەیان قەبووڵە بەڵام هەندێ خاڵ و بڕگەی یاساییان لا نامەقبووڵ یان تووندڕەوانەیە و دەیانهەوێ کەمێک شلی بکەنەوە یان گلەییان لە چۆنیەتیی جێبەجێ کرانی هەیە بەڵام کۆنسێرڤات یان موحافزەکار وەک لە ناوەکەیەوە دیارە، کەسانێکن کە هێدی و هێمن هەنگاو دەنێن و لاشیان وایە کەسانی شۆڕشگێڕ و گۆڕانکاریخواز، کەسانێکن کە لە خەون و خەیاڵاتدان و بە گشتی پێیان وایە، پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی خەیاڵی یان ئەو شتەی ئەوان پێیان خەیاڵییە، هیچ کات سەرناگرێ و باشتر وایە لەگەڵ دۆخی ئێستادا بە تەواوی ڕابێین و بە هەموو شێوەیەک تیۆری و بیرۆکە و ڕوانگە و جووڵە شۆڕشگێڕانەکانیان پێ مایە پووچ و پووچەڵە.

بەو پێیە ئەگەر سەیر بکەین، ئیسلاح تەڵەبانی کورد، زیاتر لەوەی کە تەنانەت گۆڕانکاریخواز بن، کۆنسێرڤات یان موحافزەکارن. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو بانگەشەیە، لە خوارەوە لە چەند خاڵێکدا شیکاری بۆ دەکەین.

  • ئەوان ئەو کۆمەڵگایەی ئێستای ئێرانیان قەبووڵە و پێشیان وایە ئەوە واقعە و دەبێ قەبووڵ بکرێ و لاشیان وایە بە هیچ شێوەیەک، هیچ هێزێک و بەتایبەت هیچ هێزێکی کوردی و بگرە هەمووشیان پێکەوە، توانایی گۆڕینی ئەو سیستەمەیان نیە، کەواتە باشترە ئەوەی ئێستا لە خوانە قەبووڵی بکەن. ئەوەی جێگای سەرنج و سەرسووڕمانە ئەوەیە کە ئەوان ئەو ناشۆڕشگێڕییەی خۆیان بە ڕئالیستیک بوونی سیاسی دەزانن و لایان وایە بەرانبەرەکانیان کە باسی شۆڕش و ڕووخان دەکەن، ئارمانخوازن و لە خەیاڵاتدا دەژین.
  • ئەوان تا ئێستاش سیستەمی ئێرانیان بە باشی نەناسیوە هەرچەند لە تیۆریدا دەیان جار زیاتر و بگرە باشتر لە شۆڕشگێڕەکان باس لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دەکەن بەڵام لە کردەوەدا وا هەنگاو دەنێن کە نەیانناسیوە، لێرەشدا ئەو گومان و گریمانەیە ساز دەبێ کە ئایا نەیانناسیوە یان ئەوەی کە هەندێک پرسی پشت پەردە و هەندێ بابەتی بن بەڕە هەیە کە نەهاتۆتە سەر بەڕە؟
  • ئەوان ڕابردووی شۆڕشی کوردی و بەچۆک داهنێنای ڕژیم لە لایەن ئەو هێزانەیان لە بیر خۆیان بردۆتەوە و لە ئێستادا دەژین. بەواتایەکی تر ئەوان نەتەنیا بۆ داهاتوو، هیچ پلانێکی شٶڕشگێڕانەیان نیە بەڵکوو رابردووشیان لە بیر خۆیان بردۆتەوە و لە جیاتی باس کردن لە هەندێ هۆکار کە لە ماوەیەکی زەمەنیدا بوون بە هۆکاری شێوانی ڕابردوو، بە باس کردن لە ئێستا و ٢٠ ساڵی ڕابردوو، ١٧ ساڵی پێش ئەو و بگرە لە سەردەمی کۆمارەوە تا ئێستا جارانی سیفر دەکەن و دەیانهەوێ بڵێن مادام ئێستا لێرەین کەواتە لە داهاتوودا خراپتریشمان بەسەر دێت.
  • ئەوان ویست و داخوازییەکانی خەڵکی کورد لە خۆرهەڵاتیان گەیاندۆتە نزمترین ئاستی خۆی، ئاستێک کە لە مێژووی کوردی خۆرهەڵاتدا، هیچ کات تێیدا نەژیاوە. ئەوەش ڕێک هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانی بەربەرینی هاوکێشە ناوچەیی و جیهانی و ناوخۆییەکان، بەڵام ئەو لایەنانە، بێ هەڵسەنگاندنی ئەو هاوکێشانە، بڕیارێک بەسەر کورددا دەسەپێنن کە بە هۆی ناڕاست بوونی، خۆشیان لە باس و شرۆڤەکردنیدا ماونەتەوە.
  • ئەوان زۆر جار لە خەیاڵاتی خۆیاندا، جووڵەکانی کۆمەڵگا، واتا خەباتە مەدەنییەکانی کە ڕێک دیارە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە و لە کام قۆناغدا سەری هەڵداوە و لە کام قۆناغدا گەشەی سەندووە، دەبەستنەوە بە خۆیان و لێرەدایە تووشی بەلاڕێدابردنێک دەبن کە خۆی بەلاڕێداچوونێکی گەورە و گرانە بۆخۆیان.

ئەو باسە دەکرێ بە خاڵی زیاتر شی بکرێتەوە بەڵام لە کۆی ئەوانە بەو ئەنجامە دەگەین کە ئەوان نە تەنیا گۆڕانخواز و چاکخواز و ئیسلاح تەڵەب نین، بەڵکوو بە نکوڵی کردنیان لە هەست و کردەوەی شۆڕشگێڕانە و پلانەکانی داهاتوو کە خەون و ئاواتی کوردن و هەوڵی بۆیان داوە و لێیان نزیک بۆتەوە و لە هەندێ شوێنی کوردستان بوون بە واقع، تەواو دەبن بە کۆنسێرڤات و لێرەدایە سنووری نێوان شٶڕشگێڕبوون و دژەشۆڕشگێڕی دەردەکەوێ.

ئەنجام:

ئەوەی جێگای دڵخۆشیە سێ خاڵە:

یەک: ئەو ڕەوتە لە ناو خۆیدا ڕزیوە و بەرەبەرە مەیدان چۆڵ دەکات و بۆی هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا بەشی زۆرینە و ناقایلی ئەو لایەش کە ئۆپۆزیسیۆنە و لە ڕاستیدا بەدەنەکەی هەمان حەز و ویستی شۆڕشگێڕانەی هەیە، لەگەڵ بەشی شۆڕشگێڕ یەک بگرێتەوە و هیچ بڕێک لە گۆڕەپانی کوردایەتی لە خۆرهەڵات بە دەست ئەو لایەنە نەمێنێ و بە پێی ئەوەی کە قسە و کردەوەکانیان لەگەڵ ویست و حەز و داخوازیی زۆرینەی کورد یەک ناگرێتەوە، ببن بە بەشێک لە مێژوو. نیشانەکانی ئەو باسەش بە کردەوە دیارە و پێویست بە شرۆڤە ناکات.

دوو: خەڵکی کوردستان لە خۆرهەڵات، باش لە راستییەکان دەگات و دوکتور قاسملوو گوتەنی، شەمی سیاسییان بەهێزە، هەر بۆیەش لە کاتی پێویستدا دروست بڕیار دەدەن و لای حەز و ویست و ئاواتەکانیان دەگرن نەک گوتاری حەزپڕووکێن. بە چاوخشاندنێک بە ناو کوردی خۆرهەڵات لە دوای ڕاسان ئەو ڕاستییە بە باشی دەردەکەوێ.

سێ: تا هەنگاوی کردەوەیی خەباتی چەکداری شێلگیرتر دەبن، بەرەی ڕێفۆرمسیتی حکومەتیش کە دەکرێ بە پشت بەستن بە هەندێ پێوەر، حیسابی ناکوردیان بۆ بکرێت، زیاتر گۆڕەپانەکە بەجێ دەهێڵن، ئەوان باش دەزانن خەڵکی کوردستان لە ئەگەری هەبوونی پشتیوانیی قایم لە شاخەوە، هەڵوێستیان چیە و کام لایەن و لا و بڕیار هەڵدەبژێرن، کەواتە قسەکانی ئەوانیش کڕیاری نامێنێ و ئەگەر جاران خەڵک لە هەمبەریان بێدەنگ بوون یان لە ڕواڵەتدا لەگەڵیان یەکدەنگ بوون، ئەمجارە حیسابی خۆیان بۆ دەکەن و هەڵوێستی شیاو و پێویستیان لە هەمبەریان دەبێ.

ئاسۆی خەباتی کورد لە خۆرهەڵات، بەو مەرجە کە خەباتی چەکداری بەردەوام بێت و کورد خۆی و بڕیارەکانی ڕادەستی هیچ مامەڵە و پێکهاتن و بەرژەوەندییەکی تر نەکات، ڕوونە و لە ماوەیەکی کورتی داهاتووشدا، یەکگرتنەوە و یەکگرتوویی و یەکڕیزی لە پەرەسەندن دایە.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت