فەرماندەی بەسیجی ئێران: ئامریکا لە پشت هێڕش بۆ سەفارەتی عەرەبستانە

0
859

ڕوداوی هێڕشکردنە سەر سەفارەتی عەرەبستان لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباری ئەو ساڵدا تا ئێستاش کاردانەوە و لێدوانی جیاوازی بە دواوە بووە.

دەسەڵاتداران و یاریکەرانی گۆڕەپانی سیاسەتی کۆماری ئیسلامی ئێران تا ئێستا هەڵوێستی جیاوازی لە مەحکووم کردن تا هەڕەشە لە عەرەبستانیان گرتۆتە بەر.

یەکێک لە باسەکانی ئەو ماوەیە بریتییە لە مەحکووم کردن و تاوانبار کردنی هەندێ لایەن و وڵات بە دەست تێدابوون لەو هێڕشە و ئاگر تێبەردان لە سەفارەت و کۆنسوولگەری عەرەبستان لە ئێران.

ماوەیەک بەر لە ئێستا، سادق شیرازی، مەلای ڕەخنەگری کۆماری ئیسلامی و لایەنگرانی بە ئەنجام دانی ئەو هەوڵە، تاوانبار کران.

لە تازەترین دژکردەوەکاندا، ڕۆژی سێ شەممە ٢٢ی بەفرانبار، محەممەد ڕەزا نەقدی، فەرماندەی بەسیجی کۆماری ئیسلامی ئێنران لە لێدوانێکدا کە   هەوڵدەری “ئیسنا” بڵاوی کردۆتەوە، ئامریکای بە دەست تێدابوون لەو کردەوەیەدا تاوانبار کرد و گوتی: “پشتی پەردەی سەرجەم دوژمنایەتی و کێشەکانی ئێمە هەر وەک ئیمامیش گوتوویە، ئامریکا بووە. پشتی پەردەی شەهید کردنی شێخ نەمر و هێڕش بردنە سەر سەفارەتی عەڕەبستان لە تارانیش هەر دەستی ئامریکای تێدایە”.

قسەکانی ناوبراو لە حاڵێکدا دێتە ئاراوە کە ئاژنسەکانی دەنگ و باس، باس لە گیران و دەست بەسەر بوونی ئەژمارێک لە هێزە دەریاییەکانی ئامریکا لە لایەن ئێران و پاشان ئازاد کردنیان دەکەن و لە لایەکی تریشەوە ئامریکا دەستی کردووە بە تاووتوێی هەندێک گەمارۆی نوێ لەسەر ئێران.

سه‌رنج و كۆمێنت

كۆمێنت

Leave a Reply

ئەم ماڵپەڕە لە ئەکیسمێت بۆ کەمکردنەوەی هەرزە واڵە و سپام سوود دەگڕێ. فێربە چۆن زانیاری بۆچونەکانت ڕێکدەخرێت.